هۆشیار زێباری: عێراق پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیاکان

2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: عێراق پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و لە یاسا دەرچووان.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی( ناشناڵ) ڕایگەیاند: عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، ئێستا دۆخی ئەمنی لە تەواوی عێراق باشترە و هێرشی تیرۆریستی کەمتر بووەتەوە، بۆیە دەتوانێت وەبەرهێنەری بیانی ڕابکێشێت.
زێباری ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی عێراق هاندەر بووە بۆ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بەتایبەتی لە بواری نەوت، بێنە عێراق و وەبەرهێنان بکەن.
سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش، هۆشیار زێباری دەڵێت: حکوومەتی عێراق نیازێکی پاکی هەیە و لێکۆڵینەوەی کردووە، بەڵام دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، بکەرانی هێرشە درۆنییەکانی ئاشکرا نەکردووە.
هاوکات وتیشى: حکومەتی عێراق نیازى پاکە، هەرچەندە دۆخەکە بە تەواوی سەقامگیر نەبووە، هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکان كە وەبەرهێنانەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستانی به ئامانجگرت، رەنگە زیان بە متمانەی وەبەرهێنەران بەگەیەنێت.
ئەوەشى باسکرد کە حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لەم دۆسیەیە کرد، بەڵام کاتێک لێکۆڵینەوەکە تەواو بوو، ناوی تاوانبارانی دەستنیشان نەکرد، ئەوەش بۆ وەبەرهێنەران بێهیواکەرە.
ئاشکراشیکرد، عێراق لە هەموو شتێک زیاتر، پێویستی بە ژینگەیەکی باش و ئارام هەیە بۆ وەبەرهێنەران، هەروەها پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و لە یاسا دەرچووەکان.
