قەرەیلان: ئۆجەلان ئازاد نەبێت و زیندانەکان پڕبن گەریلا چۆن چەک دابنێت؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



موراد قەرەیلان، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، لە پەیامێکدا بۆ فێستیڤاڵی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات لە دۆرتمۆند، رایگەیاندووە، بەبێ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئاشتیی راستەقینە نایەتەدی. هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە بڕیاری سوتاندنی چەکەکانیان "بڕیارێکی ئاسان نەبوو"، بەڵام نیشانەی پابەندبوونیانە بە پرۆسەی ئاشتییەوە.

فەرماندەی هەپەگە موراد قەرەیلان لە چیاکانی کوردستانەوە بۆ ٣٣هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی چاندی کوردی کە بە بەشداربوونی دەیان هەزار کەس لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا ڕێکخراوە، پەیامێکی ڤیدۆیی نارد.

لە پەیامەکەیدا، کە لە فێستیڤاڵى ئاشتى و کۆمەڵگەى دیموکرات لە دۆرتمۆند پێشکەشی ئامادەبووان کرا، موراد قەرەیلان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە "بەبێ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئاشتیی راستەقینە نایەتەدی." ئەمەش وەک پێشمەرجێک بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەیەکی ئاشتیی هەمەلایەنە لێکدەدرێتەوە.

قەرەیلان گوتیشی: "پێویستە تورکیا بزانێت لە بڕیارێکی بوێرانەدا لە 12ی تەممووز کاتێک چەکەکانیان سوتاند، بڕیارێکی ئاسان نەبوو."

 ئەو بە گرنگییەوە ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم هەنگاوە "دەرخەری ئەو راستییەیە، کە بە شێوەیەکی ستراتیژی چووەتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە." ئەمەیش وەکو پەیامێک بۆ تورکیا دێت بۆ ئەوەی رەخنەکانیان بە جدی وەربگرێت و هەنگاو بنێت بەرەو چارەسەری سیاسی.

تەواوى پەیامەکە..

"گەلی هێژامان، بەناوی تەڤگەر و هەموو هەڤاڵانمانەوە سڵاوتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. ئەم فێستیڤاڵە کولتووریەتان لێ پیرۆز دەکەم. لە قۆناغێکدا کە سیاسەتەکانی قڕکردن و تواندنەوە لە دژی گەلەکەمان بەڕێوەدەچێت، ئەم فێستیڤاڵە کە ماوەی ٣٣ ساڵە لە شارە جیاوازەکانی ئەورووپا ئەنجام دەدرێت، زۆر گرنگە. هەر هەبن! وڵاتپارێزان گەلە بە شکۆکەمان! وەک دەزانن، لە بانگەوازە مێژووییەکەی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەر ئاپۆ بە دواوە، تێکۆشانی ئازادی کوردستان پەڕییەوە بۆ قۆناغێکی تر. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین شەڕ هەیە و پلانی سەرلەنوێ داڕشتنەوە لە ئارادایە. ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسەیەیی وەک قۆناغێکی کارەسەتاوی بینی و بەم هۆکارە وەڵام بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی دایەوە.

ڕێبەر ئاپۆ لەم قۆناغەدا بڕیارگەلی زۆر گرنگی دا. ئێمەیش وەک تەڤگەر، لەگەڵ کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکەدا ئەم بڕیارە گرنگ و ستراتیژیانەمان قبوڵ کرد و دواتر یەک بە یەک جێبەجێمان کرد. بەڵام دەوڵەتی تورک تاوەکو ئێستا بەدەر لە هەندێک هەوڵی ئاسایی هیچ هەنگاوێکی نەناوە.

چارەسەری پێویستی بە دوو هەنگاوی سەرەکی هەیە

وڵاتپارێزانی بە شکۆ و هەڤاڵانی هێژا، لەم کاتەدا ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پەرەدان بە خوشک-برایەتی گەلان؛ کەسانێک هەن کە دەیانەوێت وەک ملازگرری ١٠٧١  وساڵانی ١٩٢٠ لە نێوان گەلی کورد و تورکدا هاوپەیمانێتی و خوشک-برایەتی پێشبخەن. 

ئێمەش بۆ ئەمە ئامادەین، بەڵام پرسی کورد، پرسێکی سەد ساڵەیە. سەرەتا پێویستی بە دڵسۆزییە، پێویستی بە متمانەیە، هەنگاوی گەورەی دەوێت، بەڵام دەوڵەتی تورک تا ئێستا پراکتیک و هەوڵێکی بەم شێوەیەی نیشان نەداوە. چاودێری دەکەین. ئایا بەڕاستی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک دەیانەوێت ئەم پرسە مەزنە چارەسەر بکەن یان نا؟

دوو هەنگاوی سەرەکی پێویستە بۆ چارەسەری. یەکەم، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد ببێت. دووەم، دەبێت چاند و زمانی کوردی ئازاد بێت، یەکسانی کەلتووریش بەدی بهێنرێت.

گەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، زیندانەکان پڕبن گەریلا چۆن چەک دابنێت؟

ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی کەسێک نییە؛ وەک هەموو گەل و هەڤاڵان، ئازادی خۆمان لە ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا دەبینین. چونکە بۆ ئێمە شوناس و تەلارسازی ئەم پرۆسەیەیە. بەردەنگ و دانوستانکاری سەرەکییە. دەبینین کۆمیسیۆنێک دامەزراوە. باشە، کۆمیسیۆن بۆ ئەم خەباتە، بۆ ئەم پرۆسەیە دامەزراوە، بەڵام هەوڵدەدەن ئەو کەسەی پەرەی بەم پرۆسەیە داوە و بیناسازی ئەم پرۆسەیە لە پرۆسەکە دوور بخەنەوە. گفتوگۆیەکی وەها دەکەن چاوپێکەوتن بکەین یا نا. ئەوکەسەی ئەم پڕۆسەی پەرەپێداوە، ئەوە. ئەگەر کۆمیسیۆنێک بۆ ئەم پرۆسەیە دامەزرابێت، دەبێت لەگەڵ بیناسازی ئەم پرۆسەیە کۆببیتەوە. چاوپێکەوتن لە لایەک، دەبێت ئازاد بێت. ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، هیچ شتێک بەدی نایەت. دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت. ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت و زیندانەکان پڕبن، گەریلا چۆن چەک دانێت؟ خوشک-برایەتی گەلانی کورد و تورک چۆن بەدی دێت؟ ئاشتی ناوخۆیی کە باسی دەکەین چۆن بەدی دێت؟ هەم ئەمە دەبێت، هەمیش بنیاتنەری ئاشتی لە زینداندا بێت و ئاشتی ڕاستەقینە بەدی دێت! ئەمە چۆن بەدی دێت! ڕوونە ئەمە بەم شێوەیە نابێت.

سەرەتا دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بێت. دەبێت قەدەغەکردنەکان هەڵبگیرێن. بەم شێوەیە دەتوانین خوشک-برایەتی ڕاستەقینە پەرە پێبدەین، ئاشتی ڕاستەقینە بەدی بهێنین. ئێمە بۆ ئەمە ئامادەین.

دەبێت هەمووکەسێک جدیەتی ئێمە ببینێت

دەبێت هەموو بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و هەمووکەسانی پەیوەندیدار بزانن تا ئێستا سوێندمان لەسەر چەک دەخوارد، بەڵام لە ١١ی تەمموزدا بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ بەسێ هۆزات هەنگاوێکی گرنگ نرا. چەکمان سووتاند! ئەمە شتێکی ئاسان نییە. گەر بە شێوەیەکی ستراتیژییەوە لەم پرۆسەیە نزیک نەبووینایەتەوە، ئەوەمان نەدەکرد. هەربۆیە هەمووکەسێک بە تایبەتی دەوڵەتی تورک دەبێت جدیەتمان ببینن.

ئێمە بێچارە نین. چارەسەرمان هەیە. وەک گەلی کورد و وەک تەڤگەر لە ناوهەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەهێزین.

پێویستە هەموو کەسێک ئەمەی زانیبێت. لەبەرئەوەی هەڕەشە و فرت و فێڵ سەرناکەون. با هەموو کەسێک لەمە تێگەیشتبێت. بەڵام گەر لە دڵەوە خواست هەبێت، ئێمەیش بە ڕاستی بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی ئامادەین. ڕێبەرێتیمان ئەم بڕیارە ستراتیژییەی داوە؛ ئێمەیش پشتگیری لێ دەکەین. بەڵام لەم  بابەتەدا دەبێت نزیکایەتی بەرپرسیارانە هەبێت. بەڕاستی دەبێت هەنگاوگەلی جددی بنرێت. بەڕاستی بۆئەوەی بزانین کەوتووینەتە پرۆسەی چارەسەرییەوە پێویستی بەمە هەیە.

مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە هەرێمەکەدا

گەلی هێژامان، دۆست و هەڤاڵانی بە شکۆ! ئەورووپایش ڕۆڵی هەیە لە دەرکەوتنی پرسی کورددا. ئێوە کە ئێستا لە ئەورووپادان، ئەم پرسە لە لۆزانەوە سەریهەڵداوە. لەم کاتەدا کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە دوای دوو رۆژی تر کۆدەبێتەوە، تاوتوێی بابەتی 'مافی هیوا' دەکات. ئێوەیش دەزانن پێشتر دەوڵەتی تورک پەیامی بۆ ناردبوون. کاتی ئەوە هاتووە هەنگاو بنێت. دەوڵەتی تورک تا ئێستا هەنگاوێکی نەناوە. گەر ئەنجوومەنی ئەورووپا دەیەوێت ئاشتی پێکبێت و کۆتای بە شەڕ و کوشتن بێت، دەبێت بە بەرپرسیارێتییەکانی هەستێت. پەیوەست بەوانەوە ئەمە داوای ئێمەیە؛ لە پێناو ئاشتییدا هەنگاوی ئەرێنی بنێنن. لەگەڵ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و دابینکردنی مافی هیوادا سەردەمێکی نوێ لە هەرێمەکەدا دەست پێدەکات. بەم هۆکارە دەبێت ئێوەیش بە بەرپرسیارێتی خۆتان هەستن. هەڤاڵانی هێژا ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئێوەیەشەوە هەیە. دەبێت ئێوە لەبەر دەرگای ئەنجوومەنی ئەورووپابن و داوایان لێ بکەن هەنگاوی ئەرێنی بنێن. بڕیارێکی درووست بدەن. مافی گەلەکەمانە لەسەر خاکی خۆی بە شێوەیەکی ئازادانە بژێت، ئەمە ماف و بابەتێکی سرووشتی گەلەکەمانە، نابێت هیچ کەسێک ببێتە ڕێگری ئەمە.

ئەم پرۆسەیە، پرۆسەی تێکۆشانە

هەڤاڵانی هێژا و وڵاتپارێزانی بەشکۆ! ئەم پرۆسەیە، پرۆسەیەکی گرنگە. پێویستە کاری زیاتر بکەین. دەبێت هاوپەیمانانمان، دۆستانمان، ڕێکخراوە دۆستەکانمان، کەسانی دۆست و وڵاتپارێزانی کوردستان لەم قۆناغەدا بە شەو و ڕۆژ کاربکەن.

کاربکەین و دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز بکەین. چارەسەری دەتوانێت بەم شێوەیە پێشبکەوێت. ئەگەرنا چارەسەری نایەتە دی. ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسەیەی، وەکو پرۆسەیەکی تێکۆشان ڕاگەیاند. لەبەرئەوە پێویستە تێکۆشان بەهێز بکەین.

وڵاتپارێزانی هێژا!

وەکو ئێوەش دەزانن وڵاتەکەمان کوردستان، وەکو بەهەشتە بەڵام دوژمنان کردوویانەتە دۆزەخ. لەبەرئەوە لە وڵاتەکەمان سیاسەتی کۆچبەرییان پەیڕەوکرد. لەبەرئەوە ئێوە بڵاوبوونەتەوە لە سەرەنسەری جیهان. ئەمەیان بۆیە کرد، تاوەکو لاوازمان بکەن. بینیتان؛ لە بەستا، جودی و گابار لە هیچ کام لە دەڤەرەکان کەسی لێ نییە. بۆئەوەی لاوازمان بکەن، ئەمەیان کرد. بەڵام دەتوانین ئەم دۆخە پێچەوانە بکەینەوە. لە ئەورووپا لە ئێستادا زیاتر لە دوو ملیۆن نفوسمان هەیە. جیهان، جیهانێکی گلۆباڵە. پرسی کورد، پرسێکی گلۆباڵە؛ پرسێکی جیهانییە.

وڵاتپارێزانی ئەورووپا، پێویستە خۆتان بەڕێکخستن بکەن و دەست بە چالاکی بکەن

و ئێوە دەتوانن تێکۆشانی گەلی کورد و کوردستان زیاتر بەڕێوەبەرن. بەم مەبەستە پێویستە خۆتان بەڕێکخستن بکەن. لە سەرەتادا پێویستە ژنان و گەنجان دەست بە جووڵە و چالاکی بکەن. کۆمون دابمەزرێنن، ئەنجوومەن دابمەزرێنن و با هەمووان خۆیان بەڕێکخستن بکەن. پێویستە هەر وڵاتپارێزێک وەکو دیپلۆماتکارێک کاربکات و کارمەندان و خەڵکی بەڕێکخستن بکات. پێویستە بەم شێوەیە بەهێزکردن ئەنجامبدرێت. بەم شێوەیە پێویستە پشتگیریی لە شۆڕش لەم سەردەمەدا بەهێز بکرێت. پێویستە بەشداربوونێکی زیاتر بۆ هەڵمەتەکە هەبێت. لە هەموو سەردەمەکان زیاتر ئەم سەردەمە پێویستی بە پشتگیری هەیە. ئەو چالاکوانانەمان کە دژی قڕکردنی ژینگە دەوەستنەوە، گەلی بۆتانمان سڵاودەکەین و چالاکییەکەیان سڵاودەکەین. پێویستە خاوەندارێتی لە هەموو شتێکی خۆمان، لە هەموو بەهایەکی خۆمان بکەین. بە خۆشەویستییەوە کوردستانیانی هێژا و گەنجانی ئینتەرناسیۆناڵمان، کە بە ڕێپێوانی درێژ هاتوونەتە لاتان سڵاودەکەین. ڕۆڵ و ئەرکی ئەوان لەم پرۆسەیەدا گرنگتر دەبێت.

گەلی هێژامان و وڵاتپارێزانی بە شکۆ!

 ئێمە بە ئاسانی نەگەیشتووینەتە ئەم ڕۆژانە. قوربانی زۆرمان دا. شەهیدی قارەمانی زۆرمان دا. دواییترینیان قارەمانانی وەکو شەڕی بەرخۆدانی زاپ، مۆردەم چەولیک و سیمبولی خوشک-برایەتی گەلانی کورد و تورک، گوڵی تەڤگەرمان هاوڕێی هێژامان ئامینە ئەرجیەسمان لێ شەهیدبوو. لە کەسایەتیی ئەم دوایین شەهیدانەماندا و لە کەسایەتیی هاوڕێیان فواد (عەلی حەیدەر قەیتان)، ڕەزا (ڕەزا ئاڵتون)، سۆفی (نوورەدین سۆفی)، کۆچەرۆ (مەتین ئەرسەلان)، سارا (ساکینە جانسز) و دەلال ئەحمەد (هوڵیا ئەرۆگڵو)دا، هەموو شەهیدانی قارەمان بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنمەوە. ئەو بەڵێنە دووبارە دەکەینەوە کە پێمان داون. خەیاڵەکانیان دەگەیەنینە حەقیقەت. ئەی شەهیدان، با دڵتان ئارام بێت؛ خوێنتان لە زەوی نامێنێتەوە!

پێویستە بۆ هەموو بارودۆخێک ئامادە بین

وڵاتپارێزانی هێژا!

کەوتووینەتە سەردەمێکی زۆر گرنگ. لە ئێستادا ڕوون نییە کە ئەم پرۆسەیە چۆن بەرەو پێش دەچێت. پێویستە بۆ هەموو بارودۆخێک ئامادە بین. بەڵام بەر لە هەر شتێک پێویستە هەنگاوی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، ڕێپێوانی سۆسیالیزمی دیموکراتیک بە بەهێزی پێشبخەین. بەم بۆنەیەوە بەناوی تەڤگەرمانەوە لە ئێستاوە سەرکەوتن بۆ هەمووتان دەخوازم. هەمووتان بە ڕێزەوە سڵاودەکەم. و دەڵێم بژی تێکۆشانی گەلەکەمان، بژی سەرۆک ئاپۆ. هەمیشە و هەمیشە سەرکەوتووبن!"

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار