سێشەممە ئەنجومەنی دەوڵەت لەسەر ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا کۆدەبێتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیاریدا بانگهێشتی دوو راوێژكاری یاسایی لە وەزارەتی دارایی و دادی هەرێم بكات، بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو لە رۆژی سێشەممە .
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە 9-9-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت نارد، بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە بدەن.
بەپێى زانیاریەکان ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئیدارەی دەوڵەت ناکرێت، چاوەڕوان دەکرێت بکەوێتە ڕۆژی سێ شەممە.
بەپێى زانیاریەکان ئەنجومەنی دەوڵەت هەوڵدەدات رۆژی سێ شەممە بەر لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رونكردنەوەی خۆی بخاتەڕوو، ئەگەر ئەنجومەنی دەوڵەت بەر لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نەیتوانی راپۆرتی خۆی پێشكەش بكات، ئەوا رۆژی چوار شەممەی جارێكی تر كۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی یاسای ئەنجوومەنەکە ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئامادەبوونی ئەندامان نییە بۆ بەستنی کۆبوونەوە واتە؛ دەکرێت کۆبوونەوە لەبارەی دۆسیەیەک بکرێت بە ئامادەبوونی دەیان ئەندام و زیاتر هاوکات دەکرێت بە ئامادەبوونی 10 ئەندام و کەمتر کۆبوونەوە ببەسترێت، بەڵام هەندێک ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی هەن گرنگ و پێویست بگیرێنەبەر بۆ شەرعیەتیدان بە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی دەوڵەت.
مەرج نییە بابەتێک لەوانەش پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لە کارنامە هەبێت تاوەکو کۆبوونەوە و بڕیاری لەسەر بدرێت بەشێوەیەک دەکرێت بابەتێک لە کارنامە نەبێت و ئەنجوومەنەکە گفتوگۆی لەبارەوە بکات.
ئەنجومەنی دەوڵەت (مجلس الدوله) لە عێراقدا، کە یەکێکە لە دامەزراوە یاساییەکانی وڵات، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە ڕێکخستنی ژیانی گشتی و دابینکردنی دادپەروەریی کارگێڕیی. ئەم دامەزراوەیە وەک دەستەیەکی سەربەخۆ كاردهكات، سهرۆكهكهى عهرهبێكى شیعهیه و ناوى د. كهریم خهمیس خهسباكه.
هاووڵاتیان، فەرمانبەران و دامەزراوە حکومییەکان، دەتوانن پەنا ببەنە بەر ئەنجومەنی دەوڵەت کاتێک بڕیارێکی کارگێڕی بە نایاسایی دەزانن، یان کێشەیەکیان لەگەڵ فەرمانگەکەیاندا هەیە، یان پێویستیان بە ڕاوێژ و شیکردنەوەی یاسایی هەیە. هەروەها لە کاتی ناکۆکی نێوان وەزارەتەکانیشدا.
