ئەمریکا بڕی (130) ملیۆن دۆلاری بۆ هەسەدە تەرخانکرد

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا تەرخانکراوی دارایی وەزارەتی جەنگ بۆ ساڵی 2026 پەسەندکرد بڕی ( 130) ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات تەرخانکردووە.
لەو ژمارەیە بڕی (65) ملیۆن دۆلاری بۆ موچەی هێزەکانی هەسەدەیە، بڕی (15) ملیۆن دۆلاری بۆ راهێنان و کڕینی چەکە، بڕی (32) ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاری لۆجستی و چاککردنەوەو وەرشەیە.
جیا لەوەش هەر ئەمڕۆ ئەمریکا لە دەروازەی وەلیدی سنوری نێوان رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان،30 بارهەڵگری پڕ لە چەک و پێداویستی لۆجیستی رەوانەی بنکەی قەسرک لە دەوروبەری حەسەکە کردوە.
پنتاگۆن، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە: ئەمریکا پابەندە بە بەدیهێنانی شکستی هەمیشەیی داعش لەڕێگەی پشتیوانیکردنی هێزە هاوبەشە متمانەپێکراوەکان، بۆ پاراستنی فشارە بەردەوامەکان لەسەر ئەو رێکخراوە.
جەختیشكردووە لە بەردەوامبونی ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموكرات، لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و سوپای سوریای ئازاد، کە لە سێگۆشەی سنوری نێوان سوریا و ئوردن و عێراق جێگیرن، ئامانجی ئەم پشتیوانییەش بەرپەرچدانەوەی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوەکە و رێگریکردنە لە سەرلەنوێ بڵاوبونەوەی.
ئەو بودجەیەی ئەمریكا بۆ ساڵی دارایی (٢٠٢٦) بۆ هاوكاریكردنی هێزە هاوپەیمانەكانی لە سوریا دیاریكردووە، نزیکەی (١٣٠) ملیۆن دۆلارە، کە بڕێك کەمترە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو.
بودجەكەی پنتاگۆن بۆ پاڵپشتیی هاوپەیمانەكانی لە سوریا بۆ شەڕی روبەڕوبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و پاراستنی كامپەكانی هۆل و رۆژ تەرخان دەكرێت.
وەزارەتی جەنگى ئەمەریكا وردەكاریی زیاتری لەبارەی بودجەی ساڵی 2026 بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، ئەو 130 ملیۆن دۆلارە بەشێكی تەرخانكراوە بۆ موچەی ئەو هێزانە كە بڕەكەی 65 ملیۆن دۆلارە، بودجەی پڕچەككردن و مەشقی سەربازییش 15 ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە و بودجەی پاڵپشتی لۆجستی 32 ملیۆن دۆلار و بودجەی فریاگوزاریش یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
راشیگەیاندووە، بودجەیەك تەرخانكراوە بۆ تێچووی دابینكردنی چەكی سوك و قورسی ئەی كەی 47 و پی كەی ئێم و دۆشكە و گوللە و ئۆتۆمبیلی سەربازیی و گواستنەوە، جلوبەرگ، ئامرازی پەیوەندیكردن بە بەهای شەش ملیۆن و 500 هەزار دۆلار.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر پیت هێگست وەزیری جەنگى ئەمریكا رایگەیاند، بەمزوانە بۆ یەكەمجار بودجەی وەزارەتی بەرگری دەگاتە یەك تریلیۆن دۆلار.
لە مانگی نیسانی رابردووش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەكاتی پێشوازیی لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بودجەی بەرگریی بۆ نزیكەی یەك ترلیۆن دۆلار بەرز دەكەنەوە و دەبێتە گەورەترین بودجە كە تائێستا بۆ كەرتی سەربازیی تەرخان كرابێت.
هەر لەچوارچێوەى ئەو هاوکاریانەى وەزارەتی جەنگی ئەمریکادا وەزارەتى بەرگری و دژەتیرۆری عێراق 114 ملیار دینارو وەزارەتی پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم 61 ملیار دینار تەرخانکراوە لەساڵى ٢٠٢٦دا.
