بە هاوکاری هەرێم دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر لەسعودیە دەستگیرکران

2 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای پێدانی زانیاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی)، وەزارەتی ناوخۆی عێراق و لایەنی ئەمنیی سعودیە توانیان "دوو گەورە بازرگانی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەر" بە 142 کیلۆگرام کریستاڵەوە لە سعودیە دەستگیربکەن. گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی ئێمە بووە."
عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیری ناوخۆ و دوای هاوکاری و هەوڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای سلێمانی، توانرا دوو گەورە بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری مەدینەی سعودیە دەستگیر بکرێن."
عەباس بەهادلی گوتی: "دوای هاوئاهەنگییەکی باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری سعودیە، توانرا دەست بەسەر 142 کیلۆگرام مادەی کریستاڵی شل لەناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکاندا بگیرێ."
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) راگەیاند: "ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئێمە بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەکان."
عەقید سەلام عەبدولخالق گوتی: "ئەو دوو کەسە خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینن، پێکەوە خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەن و نزیکەی شەش ساڵە خەریکی بازرگانیی مادەی هۆشبەرن لە نێوان عێراق، سعودیە، تورکیا و چەند وڵاتێکی کەنداو کە لە رێگەی پاسەکانی تایبەت بە حەج و عومرەوە مادەکانیان گواستووەتەوە بۆ سعودیە."
بە گوتەی عەقید سەلام، ئەو بڕە کریستاڵە شلەی دەستی بەسەردا گیراوە لە نێو یەکێک لە پاسەکاندا بووە و "بایی ملیۆنێک و 270 هەزار دۆلارە."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە وڵاتی سعودیەوە داوایان کرد نوێنەرێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگاکەمان بچێتە ئەو وڵاتە، بۆ هاوکاریکردنیان لە لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە و دۆسیەکانی دیکەی پەیوەست بەو بازرگانییانە."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایش دڵنیایی دەدات لەوەی، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەردەوامە لە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بنبڕکردنی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و دەستگیرکردنی بازرگانان.

