ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیاردانی لەسەر داهاتی هەرێم دواخست

2 هەفتە لەمەوپێش



بەپێى زانیاریەکانى پەیامنێری هاوڵاتى لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی دەوڵەت بڕیاردرا یەکلایکردنەوەی پرسی ڕاوێژی یاسایی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ سبەی چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025 دوا بخات. 

ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی دەوڵەت لە بەغدا لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی پرسی داهاتە نانەوتییەکان کۆبویەوە.

بەپێى زانیاریەکانى پەیامنێرى هاوڵاتى و سەرچاوەیەکى ئاگادار ئەو دوو نوێنەرەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری کرابوون بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکردووە و کۆبوونەوەکەش بەکراوەی بۆ سبەی چوارشەممە هەڵگیراوە.

ئەمە لە کاتێكدایە، بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنەکە پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە و ڕای خۆی لەسەر ئەو بابەتە بە شێوەیەکی فەرمی بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بدات، هاوکات دیاری بکات، کامە لایەن لەسەر حەقە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان یان وەزارەتی دارایی عێراق. 

سێشەممەی ڕابردوو (09ـی ئەیلوولی 2025)، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا، بڕیاریدا دۆسیەی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بنێرێت، تاوەکو لە ڕووی یاساییەوە رای خۆی لەسەر بدات کامە داهاتی فیدراڵییە و کامەش داهاتی فیدراڵی نییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا.

هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردبوو 50%ـی داهاتی رسوومات و باجی دامەزراوە فیدراڵییەکان و دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات، بە پشتبەستن بە یاسای کارگێڕى دارایی عێراق، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای 100%ـی رسوومات و 50%ـی زۆرینەی داهاتەکانى دیکە دەکات.

بەپێى وتەى سەرچاوەکە لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری نەکردووە، ئەمەش لەبەرئەوەی بەشداری هەر نوێنەرێکی کورد لەو دانیشتنە. دواتر بڕیاری کۆبوونەوەکە دەبێتە بڕیارێکی پابەندکاری.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکە بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هاتووە و بەکراوەی بۆ سبەی چوارشەممە جێهێڵدراوە.

 "بانگهێشتکردنی دوو نوێنەرەکەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە ئەنجوومەنی دەوڵەت لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە بدات کە بۆچوونی ئەوانیشی لەبارەی ئەو پرسە وەرگرتووە، وەک چۆن بۆچوونی نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵی وەردەگرێت. ئەوە ئەگەرێکی دوورە کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت راپۆرتەکەی خۆی لەو بارەیەوە پێشکێش بە حکومەت بکات." ئەمە بەپێى وتەى سەرچاوەکە.
 
9ی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت وەربگرێت لەبارەی ناکۆکییەکی یاسایی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی و رێژەکەی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار