لیستی مووچەی مانگی نۆ ڕەوانەى بەغدا دەکرێت

14 كاتژمێر لەمەوپێش
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ پارە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ گەیشتنی پارەکە خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاوبکاتەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بەئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی دارایی دەچن بۆ بەغدا و سبەی لیستی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆران دەدەن بە وەزارەتی دارایی عێراق."
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، "ئەگەر ئەمڕۆ پارەکە بگات، ڕاستەوخۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە ڕادەگەیێنرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت دەکرێت."
دوای ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جیهان و ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا، خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت و مانگەکانی دواتر هیچ گرفت و بەربەستێکی لەبەردەمدا نەماوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆش لەماوەیەکی کەمدا خەرج بکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرچاوەکان لە بەغداد و وەزارەتی دارایی عێراقەوە رایانگەیاند، تەمویلکردنی مووچەی مانگی تەمموزی هەرێمی کوردستان تا رۆژی سێشەممە دوادەکەوێت، هۆکارەکەشی بۆ سەرقاڵبوونیان بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و کێشەی نەختینە لە بانکەکاندا دەگەڕێننەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت دواکەوتنی ناردنی پارەکەوە هەن: سەرقاڵبوونی وەزارەتی دارایی عێراق: وەزارەتەکە سەرقاڵی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی خۆیەتی، کە لە 21ی مانگەوە دەستیپێکردووە.
کەمبوونەوەی پارەی کاش (نەختینە) لە بانکەکاندا، پرۆسەی تەمویلکردنی دوخستووە. سەرچاوەکان پشتڕاستیانکردووەتەوە، کە "تاوەکو رۆژی سێشەممە تەمویلی مووچەی مانگی تەمموزی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
