مەزڵوم عەبدی: دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە

2 هەفتە لەمەوپێش
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەختدەكات لە بەردەوامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا لە چوارچێوەی رێککەوتنی 10ی ئازار.
لە میانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات، عەبدی باسی لە گرنگی پاراستنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست كردووە لە دژی ئەو دەستدرێژییانەی هەوڵی راکێشانی ناوچەکە دەدەن بۆ شەڕێکی نوێ.
ئاژانسی "هاوار نیوز" بڵاويكردووەتەوە، ئەنجومەنی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئاماژەی بەوەشكردووە، تێکەڵبون لەگەڵ سوپای سوریا لەسەر مێزە بۆ گفتوگۆکردن و هەسەدە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات.
پێداگريشى لەسەر پرسی چارەسەری سیاسی کردووەتەوە، ئەم بژاردەیەی بە هەمیشەیی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سوریا و پاراستنی گەلەکەی ناوبردووە.
هاوکات ئەنجومەنی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامانی فەرماندەیی گشتی و فەرماندەی ئەنجومەنە سەربازییەکانی هەرێم و دامەزراوەکانی پەیوەست پێیانەوە ئەنجام دا.
کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا، تێیدا فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق بەپێی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار کردەوە، هەروەها گرنگیی پابەندبوون بە ئاگربەست دووپات کردەوە.
ئامادەبووان پرۆژەی یەکگرتن لەگەڵ "سوپای سووریا"ـیان تاوتوێ کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان دووپات کردەوە.
سەبارەت بە شەڕی دژی چەتەکانی داعش، کۆبوونەوەکە ئاماژەی بە "زیادبوونی کردەوە تیرۆریستییەکانی چەکداران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا" کرد و پابەندبوونی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوەکە و پتەوکردنی هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دووپاتکردەوە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ئەو زیندانانەی کە ئەندامانی داعش تێیدا دەستبەسەرن.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بڕیاری دەرکردنی لێبووردنێکی گشتی بۆ ئەو کەسانە درا کە پابەندی ئامادەبوون نەبوون لە شوێنە سەربازییەکانیان و دەرفەتییان پێدرا کە بارودۆخیان ئاسایی بکەنەوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی پەیوەست بە بەرزکردنەوەی توانا و ڕاهێنانی هێزەکان.
