ئەم هەفتەیە رێککەوتنى سێقۆڵی لەسەر دۆسییەى نەوت واژۆ دەکرێت

2 هەفتە لەمەوپێش
دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆ و دانوستان، حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان گەیشتنە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێککەوتنى سێ قۆڵى لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان، حکومەتى عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان واژۆ بکرێت و دواتر دەست بەجێبەجێکردنى بکرێت و نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بازاڕەکانى جیهان هەناردە بکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەبیندرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، شەوى پێنجشەممە 18ى ئەیلولى 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان کۆبونەوەتەوە و رەزامەندییان لەسەر تێبینییەکانی بەغداد داوە، پاشان رەزامەندى خۆیان لەسەر رێککەوتنەکە دەربڕیوە کە بەمشێوەیە؛
پێداویستی ناوخۆیی: رۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان: حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان، کە بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک خەمڵێنراوە و لە یاسای بودجەشدا جێگیر کراوە.
حکومەتی عێراق لەرێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەموو ئامادەکاری و رێکارێکی پێویستی تەواو کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا "ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێش و سەرەتای هەفتە رێککەوتنی سێ قۆڵی واژۆ کرا، ئەوا هەناردەکردنەوەى نەوتیش راستەوخۆ دەستپێدەکات".
بڕیارە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، تیمێکی راوێژکاریی پسپۆڕ پێداچوونەوە بە هەموو بڕگەکانی کارکردنی کۆمپانیاکان و گرێبەستەکاندا بکات. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی دڵنیابوونەوەیە لە شەفافیەت و رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەموو لایەنەکان لە داهاتوودا. کۆمپانیا نەوتییەکان پێداگری دەکەن لەسەر بوونی گەرەنتییەکی یاسایی بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان، کە ئەم رێککەوتنە سێ قۆڵییە وەک وەڵامێک بۆ ئەو داواکارییە دێت.
سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوت جەختی لەوە کردەوە کە هیواخوازن ئەمجارە هیچ لایەنێک گرفت بۆ ئەم پرۆسەیە دروست نەکات، چونکە "ئەم پرۆسەیە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراقە بەگشتی و هەرێمی کوردستانە بەتایبەتی." دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و گەڕانەوەی داهاتەکەی، بەشێکی سەرەکییە لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە ئابوورییەی کە لە ئەنجامی راگرتنی هەناردەکردنەوە دروست بووە.
حکومەتی عێراق و بەتایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراق رەشنووسی رێککەوتنێکی بۆ هەرێمی کوردستان ناردبوو. ئەم رەشنووسە ماوەی سێ مانگە گفتوگۆی لەسەر کرابوو، پێی دەگوترا رێککەوتنی سێقۆڵی، واتە رێککەوتنی حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت.
لە رەشنووسەکەدا کە لەلایەن بەغداوە نێردرابوو، داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەمووی وەک خۆی جێگیر کرابوو. بەڵام کۆمپانیاکانی نەوت چەند وردە تێبینییەکیان هەبوو کە ئەویش ئێستا چارەسەرکراوە.
رێککەوتنەکە بەگوێرەى گرێبەستەکانی پێشوو کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت کراوە ئامادەکراون، بەشێوەیەک سەدا60ی نەوتی بەرهەمهێنراو بۆ هەرێمی کوردستانە و سەدا 40ی بۆ کۆمپانیاکان.
پاش رەوانەکردنى رەشنوسەکە بۆ هەرێمى کوردستان، لە کۆبونەوەى حکومەتدا بڕیاردرا وەکو نیازپاکی و بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچە دروست نەبێت و هات و نەهاتنی مووچەی مووچەخۆران ببڕێتەوە، حکومەتى کوردستان ئامادەیی خۆى دەربڕیوە کە بەشى بەرهەمهێنراوى نەوتى خۆى رادەستى سۆمۆ بکات.
واتە لەو سەدا ٦٠ی نەوتەی کە هەیەتی لە رێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیاکان، 50 هەزاری لێ گلبداتەوە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆ و پاڵاوگەکان و ئەوەى دیکە، کە باقییەکەیەتى، رادەستى وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاى سۆمۆ بکات.
