وەزیرى نەوتى عێراق: نەوتى هەرێم نزیکەى 190 هەزار بەرمیل دەبێت

5 ڕۆژ لەمەوپێش



وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، بۆ یەکەم جار دواى زیاتر لە 20 ساڵ نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ دەکرێت. راشیگەیاند، وەک قۆناخى یەکەم رۆژانە لە نێوان 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت.
 
ئەو گوتانەى وەزیرى نەوتى عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا بوو، کە ئەمڕۆ هەینى 26ى ئەیلوولى 2025 لە پارێزگاى بەسرە کردی. 
 
 حەیان عەبدولغەنی رایگەیاند، رێککەوتنى سێ قۆڵى لە نێوان حکومەتى فیدراڵى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان "بە سەرکەوتوویی واژۆ کرا.
 
وەزیرى نەوتى عێراق گوتى: "بۆ یەکەمجار دواى زیاتر لە 20 ساڵ نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) دەکرێت کە باڵى فرۆشتنى نەوت و بەرهەمەکانێتى لە وەزارەتى نەوت".
 
رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە لە 22ی ئەیلوولی 2025  واژۆ کرا، بەڵا دوێنێ بە فەرمی راگەیێندرا.
 
سەرچاوەیەک لە بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەمڕۆ تیمەکانمان چوونەتە پیشابوور بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە شەشی بەیانی رۆژی شەممە."
 
 وەزیرى نەوتى عێراق گوتی: "بەگوێرەى رێککەوتنەکە نەوتى بەرهەمهێنراوى سەرجەم کێڵگەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان وەردەگیرێت و بۆ قۆناخى یەکەم رۆژانە لە نێوان 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت.
 
بەگوتەى حەیان عەبدولغەنى بەرهەمى ئێستاى رۆژانەى کێڵگەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان لە نێوان 240 بۆ 250 هەزار بەرمیلە کە 50 هەزار بەرمیلى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی دەبێت.
 
 لەساڵى 2023 ەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل .
 
حەیان عەبدولغەنى گوتى: "بۆ یەکەمجار لەدواى دوو ساڵ  لە راگرتنى، بۆریى نەوتى عێراق- تورکیا دەخرێتەوە کار بۆ هەناردەکردنى نەوت، بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە، وەزارەتى نەوت شایستەى دارایی بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان دەدات."
 
 وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، ئەو بڕە نەوتەى لە هەرێمى کوردستانەوە هەناردە دەکرێت بۆ ئەو نەوتە زیاد دەبێت، کە لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرە هەناردە دەکرێت و رۆژانە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلە. گوتیشی: "کۆی نەوتەکە داهاتى زۆر بۆ عێراق دەهێنێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار