سودانى: دواى ڕێککەوتنەکە هەرێم پارەی پێویستى خۆى وەردەگرێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی نەوت، "سرووشتێکی تەکنیکی و یاساییان هەبوو و دووربوو لە کێشەی سیاسی"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێککەوتنی سێقۆڵی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، "زەوینەیەکی گرنگ بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز دەڕخسێنێت و قۆناخێکی نوێ دادەمەزرێنێت."
محەممەد شیاع سوودانی لە گوتەیەکدا بۆ چاتم هاوسی بەریتانی ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنانەت لە سەردەمی ناکۆکیشدا روون بوون و کێشەکان پەیوەندییان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی هەبووە و گوتی: "هیچ بڕیارێکی سیاسی نەبووە بۆ راگرتنی ناردنی پارە یان دروستکردنی کێشە لەگەڵ هەرێم[ی کوردستان]. بۆیە گرنگە کرۆکی کێشەکە وەک کێشەیەکی تەکنیکی-یاسایی وێنا بکەین، نەوەک کێشەیەکی سیاسی."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، ناکرێ پارێزگایەک پابەند بێت بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، بەڵام هەرێمی کوردستان چاوپۆشی لێبکرێ کاتێک هەمان پابەندبوونی نەبێ و رایگەیاند: "ئەمە کەموکوڕییەکی دەستوورییە و لە پرەنسیپی یەکسانی و دادپەروەریدا نییە لەنێوان خەڵکی عێراق."
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد کە حکومەتی ئێستای عێراق حکومەتێکی هاوپەیمانییە و هەموو پێکهاتەکانی عێراقی تێدایە و دۆسییەکان بە شێوەیەکی کراوە لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و گوتی: "برایانی وەزیرانی کورد لە ئەنجوومەنی وەزیرانن و بێگومان پێداگیرن لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و یاسا."
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە.
سوودانی ستایشی رێککەوتنی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت کرد و بە "براوە" بۆ هەمووان ناوی برد و رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە دەستوور و یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ دەکات و لە هەمان کاتدا هەرێمی کوردستان پارەی پێویست بە گوێرەی یاسای بودجە وەردەگرێت. سوودانی گوتی: "کاتێک حکومەت پابەند دەبێ بە رادەستکردنی تەواوی داهاتی نەوتی و نانەوتی، ئەمە وادەکات حکومەتی فیدراڵی ماف و پارەی پێبدات".
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، رێککەوتنەکە "زەوینەیەکی گرنگ" دەڕەخسێنێت بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کە بە پێویستییەکی سەرەکیی دانا بۆ دیاریکردنی رۆڵی حکومەتی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان لە ژێر رۆشنایی دەستووری نوێدا.
سوودانی رێککەوتنەکەی بە گرنگ دانا بۆ بەهێزکردنی وەبەرهێنان و پاراستنی مافی کۆمپانیاکان و گەشەپێدانی ئابووری نیشتمانی عێراق.
لە ئاداری 2023ەوە لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنە گرنگە، قۆناخێکی نوێ دادەمەزرێنێت، بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی رۆڵی کەرتی نەوت لە عێراق، ئینجا لە هەرێم[ی کوردستان] بێت یان لە پارێزگاکان، ئابووری نیشتمانیمان دەپارێزێ."
