یەکەم بارە نەوتی هەرێم فرۆشرا

2 كاتژمێر لەمەوپێش
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرایانکرد، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکەم کەشتییەک کە بڕی 650 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانی هەڵگرتبوو، بەندەری جەیهانی بەجێهێشت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ی تشرینی یەکەمی 2025، حەیان عەبدولغەنی راگەیاند، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکەمین کەشتیی هەڵگری نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشرا و بەندەری جەیهانی بەجێهێشت."
وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "کەشتییەکە بڕی 650 هەزار بەرمیل نەوتی هەڵگرتبوو."
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو نەوتەی لەڕێگەی بۆرییەکەوە هەناردە دەکرێت، رۆژانە لە کۆگەکانی بەندەری جەیهان کۆدەکرێتەوە و قۆناخ بە قۆناخ هەناردە دەکرێت."
رۆژی 25ی ئەم مانگە، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاند.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە. دوای ئەوەى لە کۆتایی ئادارى 2023 راگیرابوو.
