ئومێد سەباح: ئامادەین ئێستا داهاتی ناوخۆ بدەینە بەغدا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئامادەیە دەستبەجێ داهاتی ناوخۆی مانگەکانی هەشت و نۆی رابردوو رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، هاوکات رەخنە لە راوێژەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق دەگرێت و بە "نادەستووری" ناوی دەبات.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە، "ئێمە ئامادەین دەستبەجێ داهاتی ناوخۆی مانگەکانی هەشت و نۆ بدەینە عێراق." ئەم لێدوانە وەک ئامادەیی حکومەتی هەرێم دێت بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی بەرامبەر بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا.
سەبارەت بەو راوێژەیەی ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق کە داهاتی نانەوتیی هەرێمی بە بڕێکی دیاریکراو خەمڵاندبوو، ئومێد سەباح رایگەیاند، "راوێژەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دژ بە دەستوور و یاساکانی عێراقە و داوامانکردووە جێبەجێنەکرێت."
ناوبراو ئاشکراشی کرد کە حکومەتی هەرێم داوای لە حکومەتی فیدراڵی کردووە کە گفتوگۆ و دانوستان ئەنجام بدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش لەسەر میکانیزمی هەژمارکردن و رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ. ئومێد سەباح گوتی: "داوامان لە عێراق کردووە دانوستان بکەین بۆ ئەوەی لەسەر داهاتی ناوخۆ بگەینە رێککەوتن."
