مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرع کۆدەبنەوە

11 كاتژمێر لەمەوپێش
شاندێکی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی گەیشتە دیمەشق. ئەم سەردانە ئامانج لێی بەشداریکردنە لە کۆبوونەوەیەکی گرنگی سێقۆڵی، کە تێیدا نوێنەرانی کورد و حکومەتی سووریا و لایەنی ئەمریکی ئامادەن، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی باکووری و رۆژهەڵاتی سووریا.
میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان دەڵێن شاندی کوردی بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، پێکهاتووە لە رۆیهات عەفرین و ئیلهام ئەحمەد. ئەم سێ کەسایەتییە باڵایە نوێنەرایەتی پێکهاتەی بەڕێوەبەریی خۆسەر و هەسەدە دەکەن بۆ تاوتوێکردنی چارەنووسی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لەگەڵ دیمەشق و واشنتن.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەدمیرال کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و تۆم باراک، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەشدارن. کە رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە پڕۆسەی گفتوگۆکان.
لایەنی حکومەتی سووریا بە نوێنەرایەتیی ئەسعەد شەیبانی و ئەحمەد شەرەع ئامادەن، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان سەبارەت بە پرسی پەیوەندیی نێوان هەسەدە و دیمەشق بێت.
ئەم هەنگاوە دوای کۆبوونەوەیەک دێت کە لە ٦ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی مەزلوم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد، ڕۆهلات عەفرین، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، غەسان ئەلیوسف و سەرۆکی پارتی سوریای داهاتوو، عەبدولحەمید ئەلمەهباش، لەگەڵ نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا، تۆم باراک و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)، عەدمیرال براد کوپەر کە سەرۆکایەتی شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد..
