ساڵح موسلیم: لەشەڕەکەى شەوى ڕابردوو شەهید و بریندارمان هەیە

9 كاتژمێر لەمەوپێش
بەوتەی ساڵح موسلیم، لە شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەکانی دوێنێی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دوو کەس شەهیدن و 60 کەسیش بریندارن.
ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆکی پەیەدە ڕاگەیاند، لەو هێرشەی دوێنێی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆسەر دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب، دوو کەس شەهید بوون و 60 کەسیش بریندارن.
ساڵح موسلیم دەشڵێت: ئەمڕۆ شاندێک بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و ڕۆهلات عەفرین، فەرماندەی گشتی یەپەژە لە دیمەشقن و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکە تایبەتە بە میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاداری ئەمساڵ.
لەماوەی دوو ڕۆژدا شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەی گەورە لەنێوان ئاسایشی ناوخۆیی و خەڵکی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود و هێزەکانی نزیک لە دیمەشق ڕوویداوە. لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بە چەکی قوورس هێرش کرایە سەر هەردوو گەڕەکەکە.
لەلایەکى دیکەوە پەیوەست بەگرژیەکانى شەوى رابردوو، شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە.
شاندەکە، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدییە و هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و رۆژهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) یاوەری دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندە کوردییەکە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەدان.
لە کۆبوونەوەکانی شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سەرۆکی سووریا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و ئەدمیراڵ کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئامادەن.
