ناوەڕۆکى گفتوگۆکانی مەزڵوم عەبدى و شەرع ئاشکراکرا

5 كاتژمێر لەمەوپێش



میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردەوە ئەو شاندەى ڕۆژئاواى کوردستان (ئیدارەى خۆسەرى) لەگەڵ ئەحمەد شەرع و حکومەتى سوریا کۆبنەوەتەوە هیچ ڕێککەوتنێکى نوسراویان واژۆ نەکردوەو تەنها بەزارەکى پێشنیارێک بۆ یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە شێوەی زارەکی پێشکەش کراوە.

بەیانیی سێشەممە، شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق،  شاندەکە، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدییە و هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و رۆژهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) یاوەریان کردو لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبونەوە.

ئەندامێکى شاندی دانوستانکاری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەمیدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستانى ڕاگەیاندووە،  تاوتوێکردنی چوار بڕگەی سەرەکی لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی کاتى کراوە.

بەوتەى ئەو ئەندامە، هیچ کاغەزێکی فەرمی لە کاتی کۆبوونەوەکەدا واژۆ نەکراوە، تەنها پێشنیارێک بۆ یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە شێوەی زارەکی پێشکەش کراوە.

هەروەها ئەوەش باسدەکات ئامانجی یەکگرتنەوەکە بریتییە لە دامەزراندنی سوپایەکی ڕێکخراو و کاریگەر کە هەموو سوورییەکان بپارێزێت.

ئەندامەکەى شاندی دانوستانکاری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەوەش دەڵێت کە  ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی تەواو و دەستبەجێ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حەلەب کراوە، دەستور لە سوریا هەموار دەکرێتەوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێت.

لەلایەکى دیکەوەـ مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا دەڵێت، لە دیمەشق لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە و بڕیار لەسەر ئاگربەستێکی سەرتاسەری دراوە. 
 
وەزیری بەرگریی سووریا ئاماژە بەوە دەدات، راگرتنی شەڕ هەموو پێگە سەربازییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە. 
 
شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست.
 
دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیاندا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار