میدیاى یەکێتى: بافڵ تاڵەبانی بۆ پرسی مووچە دەچێتە بەغد

4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەگوێرەى میدیاکانى یەکێتى، بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 11-10-2025، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی بەغداد بکات و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا کۆببێتەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی مووچە و جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتی.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگاتە بەغداد و راستەوخۆ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرنگی نێوان هەولێر و بەغداد.
بەپێی زانیارییەکان، ئامانجێکی سەرەکیی سەردانەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، کە بە ئەندازیاری رێککەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغداد دادەنرێت، بریتییە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لە بەردەمیدا، بە ئامانجی زیاتر لێک نزیککردنەوەی هەردوو حکومەت.
هەر بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سوودانی، داوای ناردنی بەپەلەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات. هەروەها داوا دەکات کە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە رێکبخرێتەوە، بە جۆرێک کە مووچەخۆرانی هەرێم و عێراق پێکەوە و لە یەک کاتدا مووچەکانیان وەربگرن.
جگە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارە لەم سەردانەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی چاوی بە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حیزبی و حکومیی دیکە لە بەغداد بکەوێت.
