ئەحمەد تورک: بۆ تورکیا گرنگە دراوسێتی ڕۆژئاوای کوردستان قبوڵ بکات

5 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەحمەد تورک لە کۆنفرانسێکدا لە مێردین قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ڕۆژئاوا هێڵی سوورە بۆ کورد و بۆ تورکیا باشترە کوردان بە دراوسێی خۆی پەسەند بکات نەک هەتەشە.
لە مێردین، دەستپێشخەریی یەکێتی دیموکراتیک، "کۆنفرانسی پێکەوە ژیانی گەلان، بیروباوەڕەکان و دیموکراتیکی میزۆپۆتامیا" بەرێوە برد. خەڵکێکی زۆر لە ئایین و گەلە جیاوازەکانەوە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد. لە کۆنفرانسەکەدا جەخت لەسەر داوای چارەسەری دیموکراتیک و پێکەوە ژیانی گەلان کرایەوە.
گوڵجان کاچماز سەیگیت، هاووتەبێژی دەستپێشخەری یەکێتی دیموکراتیک لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند؛ بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک مۆدێلێکی نوێی ژیانە بۆسەرجەم گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سایگیت وتی: "بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ژیانێکی نوێ بنیات دەنێین."
هەروەها محەمەد کاماچ، هاووتەبێژی دیکە، ئاماژەی بەوەدا کە گەلانی ناوچەکە بە درێژایی مێژوو بەهۆی ناسنامەیانەوە ڕووبەڕووی گوشارەکان بوونەتەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە بەرگری لە پێکەوەژیان دەکەین، ئەم دەستپێشخەرییە فراوانتر دەبێت و دەبێتە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی."
ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی شارەوانی شاری گەورەی مێردین کە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لە شوێنیدا قەیوم دانرا، ڕایگەیاند، سیاسەتی دیموکراتیک بەهێزتر دەبێت و وتی: "گەیشتن بە کۆمارێکی دیموکراتیک بە هەوڵی هاوبەشی گەلان دەکرێت."
ئەحمەد تورک جەختی لەوە شکردەوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ داهاتووی گەلی کوردستان، پێکەوە هەنگاو بنێن.
هەروەها تورک ئاماژەی بە پێشهاتەکانی سووریا کرد و وەبیری هێنایەوە کە کورد بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی خۆی پەنای بۆ چەک برد و وتی: "ئێستا داوا لە کورد دەکرێت چەکەکانیان دابنێن. بەتایبەت تورکیا. کەواتە، کێ لێرە ئاسایش و ئەمنیەت دابین دەکات؟ هەتەشە هیچ پۆلیسێکی نییە، هیچ سوپایەکی نییە. هەتەشە لەوێ هیچ دەسەڵاتێکی نییە لە ڕاستیدا. کەواتە کێ ئاسایش و ئارامی بۆ کورد دابین دەکات؟ جگە لەوە لەبری ئەوەی هەتەشە دراوسێی تورکیا بێت، با کورد بێت، ئایا جیهان کۆتایی دێت؟"
ئەحمەد تورک بە جەخت کردنەوە لەوەی کە ڕۆژئاوا هێڵی سوورە بۆ کورد وتی: "ئەمڕۆ لە سەروبەندی دەرفەتێکی مێژوویین، ئەگەر نەمانتوانی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دەرفەتە مێژووییە بکەین، ڕۆژانی تاریک بۆ داهاتووی منداڵەکانمان بەجێدەهێڵین، لەم بارەیەوە بانگەوازی لە هەموو لایەک دەکەم، پێویست ناکات کەس خۆی تووشی سەرلێشێواوی بکات، تەنها بەسە دەستی کوردان بگرن و لە گەڵیان بکەونە پەیوەندییەوە."
کۆنفرانسەکە بە پانێڵ و پێشکەشکردنەکانی نوێنەری گەلە جیاوازەکان بەردەوامە.
