هەسەدە: دوو شانەی داعشمان لەدێرەزوور دەستگیرکردوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
هێزەکانی کۆماندۆی سەر بەهەسەدە، بەهاوکارى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى، لەدوو ئۆپەراسیۆنی وردی ئەمنیدا توانیویانە دووشانەى گروپى داعش دەستگیربکەن و ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیشیان دەستبەسەرداگرتووە.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لە میانی ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا کە بە بەشداریی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، شانەیەکی داعشیان لە گوندی ئەلبەریحە لە ناوچەی ئەلبوسەیرە لە لادێی دێرەزۆری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر کردە ئامانج و تیرۆریستێکیان دەستگیرکردوەکە سەلمێندرا دەستی هەبووە لە ئەنجامدانی هێرشەکان دژی هێزەکانمان و خەڵکی مەدەنی ناوچەکە.
هەر لەو ئۆپرسیۆنەدا هێزەکانی بەشدار توانیویانە دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی لەو تیرۆریستە دەستگیرکراوەدا بگرن.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئۆپەراسیۆنی دووەمیش لە گوندی ئەلسەبا لە ناوچەی ئەلبوسەیرە لە لادێی دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر ئەنجامدرا، کە هێزەکانمان شانەیەکی تیرۆریستی داعشیان هەڵوەشاندەوە و دوو ئەندامیان دەستگیرکردووە.
دەشڵێن: ئەو دوو ئەندامە دەستگیرکراوە چەندین هێرشی تیرۆریستییان ئەنجامدابوو کە هێزەکانمان و کارمەندانی ئەمنی و خەڵکی مەدەنی ناوچەکەیان کردبووە ئامانج.
هێزەکانمان هەوڵە بەردەوامەکانیان و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپات دەکەنەوە بۆ بنبڕکردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە و وشککردنەوەی سەرچاوەى دارایی و ماددی و ڕێگریکردن لە هەر چالاکیەکی تیرۆریستی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری هاوڵاتیانى ناوچەکە بکات.
