سبەی مووچە لە ڕێگەی هەژماری منەوە دابەش دەکرێت

یەک مانگ لەمەوپێش



سبەی مووچەی مانگی هەشت (ئاب)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی هەژماری منەوە دابەش دەکرێت.

تیمی پرۆژەی هەژماری من لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سبەی دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مووچەی مانگی هەشت (ئاب) بە شێوەی دیجیتاڵی، لە ڕێگەی هەژماری منەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

تیمی پرۆژەکە ڕایگەیاند: 465 هەزار و 600 مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری منەوە، مووچەی مانگی هەشت (ئاب) وەردەگرن، هەروەها بۆ مانگی داهاتوو ژمارەکە بۆ 501 هەزار و 500 مووچەخۆر بەرز دەبێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی تیمی پرۆژەکە، تا ئێستا زیاتر لە 950 هەزار مووچەخۆر خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە، هەروەها زیاتر لە 610 هەزار کارتی بانکیش بەسەر مووچەخۆرانی تۆمار لە پرۆژەکە دابەش کراوە.

تیمی پرۆژەکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، زیاتر لە 580 ئامێری پارە ڕاکێشان (ATM) لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز لە سەرانسەری کوردستان دانراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، 945 ملیار و 817 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئاب (هەشت)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

هەروەها وەزارەتەکە لیستی مووچەی مانگی ئابی بڵاو کردەوە، کە سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و ڕۆژی چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار