ترەمپ هۆشداریی دەداتە حەماس

8 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هۆشداری دەداتە حەماس و دەڵێت؛ ئەگەر ڕەفتارتان باش نەکەن لەناوتان دەبەم.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس" پەخشکرا، ترەمپ هۆشداریی دایە حەماس و گوتی: "ئەگەر حەماس ڕەفتاری باش نەکات دەتوانێت دەستبەجێ بیسڕێتەوە، ئەوانیش ئەمە دەزانن." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت زۆر بەخێرایی چەک بە حەماس داماڵێت."

ترەمپ ستایشی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد و بە "پیاوێکی زۆر بەتوانا" ناوی برد، هاوکات بەڵێنی دا یارمەتی بدات بۆ دەربازبوون لە کێشە یاساییەکانی. سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "پێشتر کەس پشتگیریی نەکردووە، بەڵام من پشتگیریم لێکردووە." لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوونیکردەوە "هەندێک لە کردەوەکانی ناتانیاهۆم بەدڵ نەبووە" و ئاماژەی بە سەپاندنی ئاگربەستەکەی غەززە کرد.

مانگی ڕابردوو، ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی بۆ چارەسەری کێشەی فەڵەستین خستەڕوو، چەکداماڵینی غەززە، گواستنەوەی ئیدارەی غەززە بۆ لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کاتی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا، ئاوەدانکردنەوە و کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئیسرائیلی لەخۆگرتبوو.

ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە لە 10ـی تشرینی یەکەمەوە کاری پێدەکرێت، مەرجی ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوەکانی لەخۆگرتبوو، هەنگاوی یەکەمی جێبەجێ کراوە. تا ئێستا حەماس تەرمی 20 بارمتەی گەڕاندووەتەوە. هەروەها بڕیارە سوپای ئیسرائیل ناسنامەی ئەو سێ تەرمە ئاشکرا بکات کە ئێوارەی یەکشەممە ڕادەست کرانەوە، لە کاتێکدا هێشتا چارەنووسی هەشت بارمتەی دیکە نادیارە.

سەرۆکی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە، ڕووفاتی عومەر نیوترا، هاووڵاتیی ئەمەریکی-ئیسرائیلی کە وەک فەرماندەی کەتیبەیەکی تانک لە سوپای ئیسرائیلدا خزمەتی کردووە، لەنێو گەڕێنراوەکاندایە.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلیدا، ئیسرائیل ڕووفاتی 10 فەڵەستینی ڕادەست دەکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار