ئەحمەد تورك: پێویستە توركیا لەگەڵ كوردانی سوریا گفتوگۆ بكات

7 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەحمەد تورك، سیاسەتمەداری باكوری كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سەباح)ی توركی، كە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: نابێت پرۆسەی ئاشتی  تەنها وەک رادەستبونی پەکەکە سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستە وەک پڕۆژەیەکی گەورە تەماشا بکرێت کە زەمینە بۆ دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش دەکات و برایەتی تورک-کورد تێدەپەڕێت.  

راشیدەگەیەنێت، تورکیایەک کە پرسی کورد چارەسەر بکات، بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە دامەزراندنی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە لەوێنە گەورەكەدا وا تەماشای پرۆسەی چارەسەری بكرێت، بۆچونەكانتان هەرچۆنێك بێت پێویستە بەشداری لە پرۆسەی چارەسەردا بكەن. 

ئاماژەی بەوەدا، توێژێکی نا سیاسیی لە تورکیادا هەن تا ئێستاش نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن، ئەوان تێناگەن چی روودەدات، پێویستە پرۆسەکە بۆ ئەم توێژە روونبکەینەوە، دەبێت باس لەوە بکرێت ئەم پرۆسەیە تەنها پەیوەندی بە کوردەوە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

ئەحمەد تورک جەختیش دەكات، پرۆسەکە بەهۆی پاڵپشتیی سەرۆک کۆمارەوە بەرەوپێش دەچێت، حساباتەكانی بە وردی دەکات، تەنانەت رەخنەكانیش چاوەڕوانكراوەكانیش لەبەرچاو دەگرێت، لە سەرەتای پرۆسەکەدا بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم بابەتە لەگەڵ ڕای گشتی بەش نەكرد، بەڵام لەم دواییانەدا روونی کردەوە کە تا کۆتایی پشتگیریی دەکات.

باس لەوەش دەكات، لەکاتێکدا پێشتر لەناو دەوڵەتدا گروپێک هەبوون کە تێڕوانینی زۆر جیاوازیان هەبووە، ئێستا مەیلێکی بەهێز لەناو دەوڵەتدا هەیە كە باوەڕی وایە چارەسەر پێویستە بە هۆی كارلێكە ناوخۆیی و دەرەکییەكان، کۆدەنگییەکی سیاسی بەهێز هەیەو بەڕێز ئەردۆغان وەک بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن رۆڵێکی گرنگی هەیە لەم ڕووەوە.

ئەحمەد تورك لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێت: سەرۆک لەگەڵ شاندێکی (DEM) کۆبووەوە، دەمەوێت بە دیاریكراوی لەبارەی سوریا قسەی لەگەڵ بکەم، لە ناوچەکەدا پڕۆژەیەکی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەم پڕۆژەیەش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکات، لەبری ئەوەی وڵاتانی دیکە دەستوەردان بکەن، پێویستە تورک و کورد کۆببنەوە و بڕیاربدەن چی بکرێت،  پێویستە تورکیا لەوێ لەگەڵ کوردەکان قسە بکات، با لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسە بکەین، بەڵام بە بۆچونی من، پێویستە لەگەڵ کوردەکانی ئەوێش قسە بکەین و گوێ لە بۆچونەکانیان بگرین.

لەبارەی هەوڵەكانی پێشوی ئاشتیش لە توركیا دەڵێت: بزوتنەوەی گولەن رۆڵی هەبووە لە شکستی پڕۆسەی ئاشتی پێشودا، بزوتنەوەی گولەن لەو کاتەدا دزەی کردبووە ناو زۆرێک لە ئاستەکانی حکومەتەوە، ئەمەش بە ڕوونی لە دادگاییکردنی (کەجەکە)دا دەرکەوت. 

ئاشکرا بوو کە زۆربەی ئەو دادوەر و داواکاری گشتیانەی کە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا دەکرد، پەیوەندییان بە بزوتنەوەی گولەنەوە هەیە، هەروەها حکومەت لەو کاتەدا ئامادە نەبوو، ئێستا پرۆسەکە جیاوازە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار