ئەگەر حەماس خۆبەخشانە چەك دانەنێت بەهێز ئەو كارە دەكرێت
21 كاتژمێر لەمەوپێش
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاشکرای کردووە، واشنتۆن رەشنوسی بڕیارێكی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و تێیدا داوای چەکداماڵینی حەماس دەکات ئەگەر خۆبەخشانە چەکەکانی رادەست نەکات، لە پێشنیازەکەدا داوای رەوانەكردنی هێزێکی سەقامگیریشی كردووە نەک هێزی ئاشتی پارێز بۆ غەززە بۆ ماوەی دوو ساڵ.
بەگوێرەی ئەو پێشنیازە، واشنتۆن ئامانجی ئەوەیە تا مانگی یەکی ساڵی داهاتوو یەکەم هێزی سەربازی لە غەززە بڵاوەپێبكرێت، ئەو هێزەی رەوانەش دەكرێت کار بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوری غەززە لەگەڵ میسرو پاراستنی رێڕەوە مرۆییەکان لە کەرتی و مەشقپێکردنی پۆلیسی فەلەستین دەکات.
ئەو پێشنیازی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، جارێكی تر هەڕەشەی لەناوبردنی حەماس كردەوە ئەگەر وەک پێویست رەفتار نەکات، وتیشی: هەندێک لە کارەکانی ناتانیاهۆی بەلاوە پەسەند نەبووە، ئەوەش ناچاری کردووە دەستوەردان بکات.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، ئەو هێزە نێودەوڵەتییە، ئەرکەکەی بریتی دەبێت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان، نەک هێزێکی ئاشتیپارێز.
لە رەشنووسی پرۆژە بڕیارەکەی ئەمریکادا هاتووە، ئەو هێزە، لە سەربازانی چەند وڵاتێک پێکدێت و بە راوێژ لەگەڵ "بۆردی ئاشتی" لە کەرتی غەززە دادەمەزرێندرێت.
هەروەها رەشنووسەکە داوا دەکات بۆردی ئاشتیی غەززە، لانیکەم تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027 لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت و ئەگەریش پێویست بکات، وادەی کارکردنی درێژ بکرێتەوە.
بەگوێرەی رەشنووسەکە، هێزە نێودەوڵەتییەکە، ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی غەززە لەگەڵ ئیسرائیل و میسر، پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و چاودێریکردن و پاراستنی رێڕۆی مرۆیی و مەشقپێکردنی هێزێکی نوێی پۆلیسی فەلەستینی پێ دەسپێردرێت.
