سودانى: چەکداماڵینی گروپەكان چەكدارەكان بە بڕیاری حکومەت چارەسەر ناکرێت
2 مانگ لەمەوپێش
سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاشکرای دەکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لێکردووە عێراق پاڵپشتیی بکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ یەکەمجار دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت، لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی لەگەڵ کەناڵی ڕابیعە، باسی لە چەند دۆسیەیەکی گرنگ کرد، لەوانە هەڵبژاردن و ئاسایش و دۆسیەی چەک.
سوودانی ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لێکردووە عێراق پاڵپشتیی بکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. هەروەها ڕایدەگەیێنێت، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ سووریا لە بەرژەوەندیی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقدایە.
لەوەڵامی تۆمەتەکانی پشتگیریکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل پاش بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی شەرم ئەلشێخ، سوودانی ڕایدەگەیێنێت، حکومەتەکەی ڕووبەڕووی زۆرترین چەواشەکاری و درۆ بووەتەوە.
محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "الرابعە" :
🔹پرسی رۆژنامەی فەرمی عێراق و دەستنیشانکردنی حزبوڵا و حوسییەکان، بەشێکە لە بەئامانجکردن و زانیاری چەواشەكاری و بە شەیتانکردنی حکومەت.
🔹ئایا بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە؟ وەڵامەکە نەخێرە، ئایا بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە دەرچووە؟ وەڵامەکە نەخێرە، ئایا بڕیارێک راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە دەرچووە؟ وەڵامەکە نەخێرە.
🔹وەڵامەکە ئەوەیە کە لیژنەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، بە سەرۆکایەتی جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی، دەیان پەیوەندی نێودەوڵەتی لە هاوتاکانی لە وڵاتانی دیکە وەردەگرێت.
🔹ئەم پەیوەندیانە ناوی ئەو کەس و لایەنانە لەخۆدەگرن کە کەوتوونەتە ژێر بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، نە لیژنەکە و نە حکومەتی عێراق ئەو کەس و قەوارانەیان دەستنیشان نەکردووە.
🔹ئەوەی روویدا ئەوەیە کە تەواوی ئەم لیستانە بەبێ جیاكردنەوەی قەوارەكان رەوانەی ڕۆژنامەی فەرمی کران.
🔹ئێمە هەڵوێستی سیاسیمان نییە بەرامبەر حزبوڵاو حوسییەکان، بەڵکو هەڵوێستی پاڵپشتمان هەیە بەرامبەر بە هەموو بزووتنەوە رزگاریخوازەکان و خەباتەکانی دژ بە دەستدرێژی و سیاسەتی نادادپەروەری کە گەلانی عەرەبی دەکەنە ئامانج، هیچ قین لە دڵێك ناتوانێت لەوەدا لە ئێمە تێپەڕێت.
🔹ئەوەی روویدا هەڵەیەکی کارگێڕی بووە، ناتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا بە مەبەست شەرمەزارکردنی حکومەت بووە.
🔹چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەو چۆنێتی بڵاوکردنەوەیان لە رۆژنامەی فەرمیدا دەکەین و ئەنجامەکانی رادەگەیەنین.
🔹حزبوڵاو حوسییەكان هیچ حسابێکی دارایی یان بانکیان نییە لە بانکەکانی عێراقدا بۆ ئەوەی سزا بەسەریاندا بسەپێندرێت. تەنانەت ئەگەر ئەو جۆرە هەژمارانەش هەبووایە، بانکە عێراقییەکان ناتوانن حەواڵەی دارایی بۆ بکەن.
🔹هەڵمەتێکی رێکخراو و بە ئەنقەست هەیە بۆ ئیستغلالکردنی هەر هەڵەیەک و زەقكردنەوەی بەشێوەیەكی نەرێنی.
🔹کاتێک لە بەسرە گەڕامەوە، داوای وردەکاریم کرد سەبارەت بە هێرشەی دەكرێتە سەرمان سەبارەت بەو شتانەی لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراونەتەوە.
🔹راپۆرتێکی وردم پێدراوە كە ئاشكرای دەكات کێ لە پشت ئەو هەژمارو لاپەڕانەوەیە، كە بەدەرنییە لە دەستوەردانی دەرەكی و پشتیوانیکردنی ئەم هێرشە.
🔹هەموو شتێک لە کاتی خۆیدا ئاشکرا دەکرێت و رادەگەیەنرێت، چونکە ئەم پێشێلکارییانە و ئەم هێرشە بەردەوامانە، کە ئامانجیان پشێوی لەناو عێراق و کاریگەری لەسەر سەقامگیری دیارە، بە دڵنیاییەوە روبەڕوی دەبينەوە و بە توندی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
🔹گۆڕینی پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ کارێک (وەزیفە) قبوڵکراو نییە و حکومەت لاواز دەکات .
🔹حکومەتەکەم کەوتووەتە بەردەم گەورەترین هەڵمەتی ناوزڕاندن و درۆ.
🔹هێنانی بەڕێوەبەرێک دەبێتە هۆی حکومەتێکی لاواز کە بەرگە ناگرێت.
🔹پێویستە دەرفەت بدەین بە چوارچێوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەتدا، هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانیش نابێت قورسایی هەڵبژاردنەکان پشتگوێ بخات.
🔹یاخیبوون بە هیچ جۆرێک لە لایەن منەوە دژی چوارچێوەی هەماهەنگی نەبووە.
🔹من تاکە سەرۆک وەزیرانم کە پابەند بووم بە کۆبونەوەو دیدارەكان لەگەڵ چوارچێوەکە و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، چونکە باوەڕم بە هاوبەشی هەیە.
🔹کاندیدکردنی ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان من و ترەمپەوە هاتە ئاراوە، بەتایبەتی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی 12 ڕۆژە، دەستدرێژی دژی ئێران.
🔹لە پەیوەندییەکەدا، جەختم لەسەر سوپاس و پێزانینمان کرد بۆ ئەو هەوڵانەی کە دراون بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە و بۆ بەردەوامبوونی ئەم ئاگربەستە غەززە .
🔹ترەمپ بەدواداچوون و ئاراستەی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکان لە ناوچەکە و گەیشتن بە ئاشتی دووپاتکردەوەو وتى، کاندید دەکرێت بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و هیوای خواست عێراق پشتگیری لە کاندیدکردنی بکات، ئێمەش ڕازی بووین گفتوگۆکەمان لەم چوارچێوەیەدا بوو.
🔹چەکداماڵینی گروپەكان چەكدارەكان بە بڕیاری حکومەت چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بە رێککەوتنێکی سیاسی بەرپرسیارانە چارەسەر دەکرێت.
