مووچەى بەشێکی فەرمانبەران و خانەنشینان چەند مانگێک دوا دەکەوێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەهۆی نەناردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12، مووچەی چەند مانگێکی بەشێکی فەرمانبەران و خانەنشینان دوادەکەوێت و بەستنی مووچەیان لێ ئاڵۆز دەبێت.
بەهۆی نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە، ئێستا مووچەخۆرانی کوردستان دوو مووچە لە دوای مووچەخۆرانی عێراقن، ئەمەش کێشە بۆ بەشێک لە فەرمانبەران و خانەنشینی کوردستان دروست دەکات.
بۆ نموونە ئەو فەرمانبەرانەی بە هەر هۆکارێک مۆڵەتیان کردووە، مامۆستایەک مۆڵەتی دایکایەتی کردووە، مانگی نۆی ئەمساڵ دەستبەکاربووەتەوە، بەڵام ناوەکەی لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی 11 نێردراوە، ئەمەش بەهۆی دواکەوتنی ناردنی مووچە لە بەغدا.
ئێستا مووچەی چوار مانگ وەرناگرێت، نۆ، 10، 11 و 12، چونکە مووچەی مانگی 11 نانێردرێت، یەکەم مووچە مانگی یەک وەردەگرێت.
خانەنشینێک مانگی هەشتی ئەمساڵ خانەنشین بووە، دۆسیەکەی مانگی 11 تەواو بووە، ناوی لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی 12 دەنێردرێت، ئەم خانەنشینەش بەهەمانشێوە هیچ مووچەیەکی ئەمساڵی وەرناگرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان بە ئاڤای وت، ئەو کەسانە مووچەی مانگەکانی 11 و 12 ـیان هاوشێوەی فەرمانبەران دەبێت، ئەگەر بەغدا بینێرێ دابەش دەکرێت ئەگەرنا هیچ.
بۆ مووچەی مانگەکانی پێشتر هەشت، نۆ و 10، ئەوانەی وەریان نەگرتووە، نووسراوێک دەکەین بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە، ئەو مووچانەیان نافەوتێت، بەڵام دوادەکەوێت.
