نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق: خۆزگە زمانی کوردیم دەزانی
7 كاتژمێر لەمەوپێش
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، دوای تەوابوونی ئەرکەکانی خۆی و نێردەکەی رایگەیاند: خۆزگەم دەخواست بە کوردی قسە بکەم تا خەڵکی هەرێمی کوردستانن گوێم لێ بگرن. بەڕاستی ناوچەیەکی جوانە، ئامۆژگاری هەموو لایەک دەکەم سەردانی عێراق بکەن بە کوردستانیشەوە.
محەمەد حەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق (یۆنامی) رایگەیاند: عێراق لەوە شەرەفمەندتر و شکۆمەندترە و گەلەکەی دەسەڵاتی گۆڕینی دۆخی مافی مرۆڤیان. ژنان پێگەیەکی ناوەندیان لە کۆمەڵگای عێراقدا هەیە.
ووتیشی: "من یەکێکم لەوانەی کە بە عەرەبی وتم خۆزگەم دەخواست بە کوردی قسە بکەم تا خەڵکی عێراق و بە تایبەت ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانن گوێم لێ بگرن. بەڕاستی ناوچەیەکی جوانە، ئامۆژگاری هەموو لایەک دەکەم سەردانی عێراق بکەن بە کوردستانیشەوە. ژنان لە کوردستان بەهێزن.
دوای تەوابوونی ئەرکەکانی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، محەمەد حەسان لە لێدوانێکی فەرمیدا کە سایتی فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردوەتەوە، رایگەیاند: ئێزیدییەکان گەورەترین قوربانیین لە عێراق. کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی ئاوارە لە کامپەکان بگەڕێنەوە، بەتایبەتی منداڵانی ئێزیدی کە لەو ناوچە و کەمپانەدان کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکەیان نییە. کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەتایبەت لە شەنگال. من تەنها باسی ئێزیدیەکان ناکەم، بەڵکو باسی هەموو عێراقییەکانی دیکە دەکەم، بەبێ گوێدانە پێشینەیان.
بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە، دوای 20 ساڵ کارکردنیان لە عێراق، ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق کۆتایی پێبێت، بەوتەی محەمەد حەسان نێردەکە لەسەر داواکاریی عێراقییەکان چووەتە ئەو وڵاتە و لەسەر داواکاریی ئەوانیش کۆتایی بە ئەرکەکان دەهێنن. نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوام رێزی خواستی وڵاتان دەگرێت کە میوانداریی ئەو نێردانە دەکەن.
بەوتەی محەمەد حەسان، ئەرکەکانیان بە سەرکەوتویی کۆتایی هاتووە، سێ دۆسیە ماوەتەوە کاریان لەسەر بکرێت، ئەوانیش دۆسیەی بێسەروشوێنانی کوەیت و وڵاتانی دیکە لە سەردەمی شەڕ و داگیرکردنی کوەیت، دۆسیەی ماڵ و سامانی کوەیتییەکان و ئەرشیفی نیشتیمانی کوەیت.
ئاماژەی بەوکردووە، عێراق ماوەیەکی زۆرە لە ژێر بەندی حەوتەمی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچووە، ئێستا دۆخی هاوشێوەی سەرجەم وڵاتانی دیکەی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکانە لە رووی سیاسی و سەروەرییەوە.
سەبارەت بە فیکری تیرۆر کە عێراق و زۆرینەی وڵاتانی دیکەی وێران کرد، محەمەد حەسان رایگەیاندووە: چیتر فیکری تیرۆر لە عێراقدا نەماوە، هیچ وڵاتێکیش ناتوانێت بچێتە قۆناغێکی نوێوە ئەگەر سەقامگیری نەبێت، خۆشبەختانە عێراقیش گەیشتووەتە ئەو قۆناغە.
