مارك ساڤایا: لەگەڵ ویلسۆن كۆبونەوەیەكی گرنگمان ئەنجامدا

12 كاتژمێر لەمەوپێش



مارک ساڤایا و جۆی ویڵسن، پێکەوە ئاڵای عێراق بەرزدەکەنەوە و رایدەگەیەنن: جارێکی دیکە عێراق مەزن دەکەنەوە.

ماراک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی کردەوە، چاوی بە جۆی ویڵسن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا کەوتووە و کۆبونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامداوە.

ساڤایا نوسیویەتی: "کۆبونەوەیەکی زۆرباش بوو، جارێکی دیکە عێراق مەزن دەکەینەوە."

هەر لەوبارەیەوە، جۆی ویڵسن لە تۆڕی ئێکس نوسیوویەتی: خۆشحاڵ بووە بە میوانداریکردنی مارک ساڤایا نێردی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق لە نوسینگەکەم و کۆبونەوەیەکی گرنگمان لەبارەی عێراقەوە ئەنجامداوە.

ویڵسن، کە بە لێدوانە سەرنجڕاکێشەکانی لەبارەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ناسراوە، ئاماژەی بەوەکردووە، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا کاردەکات بۆ هێنانەدی خۆشگوزەرانی بۆ عێراق و رزگارکردنی لە ژێر کاریگەریی ئێران، وتووشیەتی: "هیچ کەسێک لەخۆی شایستەتر نییە کار لەسەر ئەو بابەتە بکات بۆ سەرۆک ترەمپ". 

جۆی ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکا وێنەیەکی خۆی لەگەڵ نێردەی ترەمپ بڵاوکردەوە، هەردووکیان ئاڵای عێراقیان بەدەستەوەیە، ئاڵای ئەمەریکا و ئاڵای نوێی سوریاش لە پشتیانەوە دیارە.

جۆی ویڵسن: دەبێت عێراق رێز لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگرێت

رۆژی چوارشەممەی رابردوو (10ـی تشرینی یەکەمی 2025)، جۆی ویڵسن لە بڵاوکراوەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نویسیویەتی: "پێزانینم بۆ سەکردایەتی دۆناڵد ترەمپ و مارک ساڤایا هەیە کە دەیەوێت عێراق مەزن بکاتەوە و بە روونی ئەوەی راگەیاندووە چیتر پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران قبوڵ ناکرێت،" هەروەها نوسیویشیەتی: "کاتی ئەوە هاتووە عێراق لە دەستی ئێران ئازادبکرێت."

جۆی ویڵسن داوا دەکات هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگیرێت و نوسیویەتی: "عێراق دەبێت رێز لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگرێت و کۆتایی بە رێگەدان بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بهێنێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان."

ئاماژەی بەوەکردووە: "عێراق دەرفەتێکی هەیە بۆ گەشەسەندن ئەگەر رەفتارەکانی بگۆڕێت،" سەبارەت بە رۆڵی کۆنگرێس لە پشتیوانیکردنی ساڤایا و سنوردارکردنی ئێران نوسیویەتی: "کۆنگرێس ئامادەیە پشتیوانی لە ترەمپ بکات بە زیادکردنی بڕگەیەکی نوێ لە یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتیمانی، ئەگەر عێراق هەنگاوی پێویست نەگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارەکان، ئەوا پاڵپشتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق رابگیرێت، ئەوەش یەکەمجارە بڕگەیەکی هاوشێوە لە کۆنگرێس پەسەند بکرێت." وەک ویڵسن ئاماژەی پێدەکات، ئەوەش لە پێناو راگرتنی پارەی ئەمەریکییەکانە بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق.

سەبارەت بە رۆڵی مارک ساڤایا، کۆنگرێسمانەکە نوسیویەتی: "سوپاسگوزارم بۆ سەرکردایەتی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق، کە دڵنیام ئەو یاسایانە جێبەجێدەکات، بە پێچەوانەی ئیدارەی شکستخواردووی جۆ بایدن کە بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەکەی وەک برێت مەکگۆرک وەک پارێزەری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کاری دەکرد."

سەبارەت بە هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، جۆی وێڵسن نوسیویەتی: "وەک لە چەندین بۆنەی دیکەدا ئاماژەم پێکردووە، عێراق بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە، ئاسایشی عێراق لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی بەڕێوەدەبرێت، هەروەها لە سیستمی دادوەرییەکەی لەلایەن دادوەری گەندەڵ فایەق زێدان-ەوە بەڕێوەدەبرێت، پۆلیسەکەی لەلایەن گرووپەکانی بەدر و سیستمە سیاسییەکەی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی نزیک لە ئێران بەڕێوەدەبرێن."

"کاتێک ئەوە دۆخی عێراق بێت، گرنگ نییە کێ هەڵبژاردنەکان دەباتەوە یان کێ حکومەت دروست دەکات، چونکە ئێران رۆچووەتە نێو هەموو جومگەکانی عێراقەوە،" هەروەها نوسیویەتی عێراق دەبێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە و رەفتارەکانی خۆی بگۆرێت، پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، دەبێت هەنگاوی راستەقینە بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بگیرێتەبەر" ویڵسن وای نوسیوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار