بۆچی میدیاکانی ئێران قوباد تاڵەبانیان بە ئامانج گرتووە؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئێران لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ژیان و ناسنامەی خێزانی قوباد تاڵەبانی دەیەوێت چی پەیامێک بگەیەنێت؟
ئامادەکردنی هاوڵاتی.
درەنگی شەوی رابردوو ئاژانسی هەواڵیی میهر نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران راپۆرتێکی لەسەر پەیوەندی قوباد تاڵەبانی و هاوسەرەکەی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بڵاوکردەوە و شێری هاوسەری قوباد تاڵەبانی بە سیخوڕی مۆساد ناودەبات.
مانشێتی راپۆرتەکە دەڵێت، "چیرۆکی دزەکردنی مۆساد بۆ نێو سلێمانی، هاوسەرە جووەکەی قوباد تاڵەبانی کێیە؟
سەرەتای راپۆرتەکە لەزاری سەرچاوەیەکی عێراقییەوە باسی سەردەمی پێش رووخانی حکومەتەکەی سەدام حسێن دەکات و دەڵێت: لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانی مۆساد، پێش ڕووخانی رژێمی سەدام حوسێن، ئیسرائیل لەقوبادی کوڕە بچووکەکەی جەلال تاڵەبانی نزیک بووەتەوە، کە لەئەمریکا خەریکی خوێندن بووە و توانیویەتی بەژنێکی جووی بناسێنێت بەناوی "شێری گراهام". شێری بەرپرسی دۆسیەی عێراق بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و چەند ساڵێکیش لە قوباد تاڵەبانی گەورەترە.
لەو کاتەدا باوکی شێری جوویەکی بەناوبانگ بووە لە ئەمریکا لۆبی بۆ گرووپێکی ئیسرائیل کردووە بە ناوی ئەیپاک کە گەورەترین گروپی لۆبیی ئیسرائیلە لە ئەمریکا.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەرچەندە شێری چەند ساڵیک لە قوباد تاڵەبانی گەورەترە، بەڵام لەڕێی مۆسادەوە داوای لێکراوە بە هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ شێری رازییببێت و ئەوانێش لەڕێی خەزوری و ئەیپاکەوە رۆڵیان هەبێت لە عێراقی نوێدا.
میهر دەڵێت: قوباد تاڵەبانی دوای رازیبوونی بە هاوسەرگیرییەکە، بەرێنمایی مۆساد قوباد تاڵەبانی و شێری گەڕاونەتەوە بۆ عێراق، بەڵام لەبەرئەوەی شێری حەزی لە سلێمانی نەبووە و بە شوێن پێگەی ئێرانی زانیوە ماڵیان بردووەتە هەولێر.
ئاژانسە ئێرانییە دەڵێت، بە هەوڵی نهێنی مۆساد و ئەیپاک قوباد تالەبانی کراوە بە جێگریی سەرۆکوەزیران، شێریش لە کوردستان بەردەوام بووە لەو ئەرکەی مۆساد پێیسپاردووە ورێکخراوێکی بەناوی ‘SEED’ دامەزراندوو.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، شێری کاری لەسەر پلانێک کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل بە دامەزراندنی چەند رێکخراوێکی هاوکاری مرۆیی و مافی مرۆڤ، ئەم رێکخراوانەش کاری سەرەکییان لەبارەی هاورەگەزخواز، فێمینیزم، توندوتیژی دژی ژنان و چەندین بابەتی دیکە بووە.
مێهری ئێرانی هەر بەوەندەشەوە ناوەستێت و باسی منداڵەکانیان دەکات و دەڵێت، قوباد و شێری خاوەنی دوو منداڵن، کە کوڕ و کچێکن، مادەم دایکیان جووە کەوایە نەوەکانی مام جەلالیش جوون.
لەبارەی ناکۆکییەکانی قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی برا گەورەی ئاژانسی میهر دەڵێت: بافڵ تاڵەبانی رێگرە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی مۆساد لە ناوچەکە بۆیە مۆساد دەیەوێت شوێنی بافڵ تاڵەبانی بە قوبادی برا پڕ بکاتەوە تاوەکو سلێمانی بکەوێتە ژێر دەستی ئیسرایل، ئەمەش بەشێوەیەکی کارا سلێمانی و زۆنی سەوزی بەغداد پێشکەشی ئیسرائیل دەکات کە دوو ناوچەی ئەمنی گرنگ و حەوشەی پشتەوەن بۆ ئێران.
ئاژانسی میهر سەرەتا ئەم هەڵمەتەی دەستپێکرد و دواتریش هەمان بابەت لە چەند میدیایەکی دیکەی ئێران بڵاوبوویەوە و دەگوترێت، بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە فشار لە قوباد تاڵەبانی بکرێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەرنەگرێت، چونکە بەپێی زانیارییەکان بافڵ تاڵەبانی لە سەردانەکەی بەغدای پێشنیازی کاندیدکردنی قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردووە، ئێرانیش دەیەوێت لەم رێیەوە ئەو پەیامە بگەیەنێت کە قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستەکە ناشێت چونکە خێزانەکەی جووە.
