نهێنی پشت شەڕەکەی گەڕەکە کوردنشیینەکانی حەلەب چییە؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
کێ دەستپێشخەری کرد و ئاگرەکەی خۆشکرد؟
ئامادەکردنی هاوڵاتی.
شەوی رابردوو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب، کە سەر بە هەسەدەیە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بەحکومەتی سوریا، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کە دوو گەڕەکی زۆرینە کوردنشینن لە باکووری رۆژئاوای حەلەب رووبەڕووی یەکبوونەوە.
سەردانی دوێنێی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ سوریا بووەتە جێی مشتومڕ و گومان دەکرێت ئاگری ئەو شەڕەی لەگەڵ خۆی هێنابێت، چونکە تەنها دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ دەستیپێکرد.
هاکان فیدان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری حکومەتی سوریا کۆبوویەوە و دواتر لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و چەند جارێک باسی هەسەدەیان کرد.
هاکان فیدان لەبارەی هەسەدە بە دەموچاوێکی تووڕەوە گوتی، هیچ پەرۆشییەکیان تێدا نابینین بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سوریا، چەند جارێکیش چالاکی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل ئەنجامداوە، کە ئەمەش بەربەست بۆ دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق دروستدەکات.
قسەکانی ئەسعەد شەیبانیش لە قسەکانی فیدان توندتربوو، گوتی، لە داهاتوودا هێزەکانی سوریا دەچنە هەرێمی جەزیرە و جێگیر دەبن.
تەنها دوای چەند کاتژمێرێک لەم قسانە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بە چەکی قورس و مامناوەند گەمارۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەیان داوە لە باکووری رۆژئاوای حەلەب و هێرشی چڕ دەکەن.
تەنها بەوەوە نەوەستان، بەڵکو لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵی حەدەس و جەزیرە تانک و زرێپۆشی سوپای سوریا لە گەڕەکە کوردنشینەکان دەبینران، ئەمەش راگەیاندراوەکەی هەسەدەی پشتراستکردەوە کە گوتبووی بە تانک و تۆپهاوێژ گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هێرش دەکەن.
لە رووبەڕووبوونەوەکاندا سێ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 20 کەسی دیکەش برینداربوون کە سێ کەسیان سەر با ئاسایشی رۆژاڤان.
کێ دەستپێشخەری شەڕەکە بوو؟
لە سەرەتای دروستبوونی شەڕەکەوە، هەسەدە و وەزارەتی ناوخۆی سوریا یەکتریان بە هەڵگیرسێنەری شەڕەکە تۆمەتبارکرد، بەڵام رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بێلایەنە و لە ساڵی 2016ـوە لە بەریتانیا دامەزراوە، قسەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سوریای رەتکردەوە و گوتی: هێرشەکە سەرەتا لەلایەن گروپێکی چەکداری سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی سوریاوە کراوەتە سەر خاڵێکی پشکنینی هاوبەشی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنی گشتی لە بازگەی شەیحان، بەڵام هێرشەکە بەتوندی وەڵام دراوەتەوە و شەڕەکە گۆڕاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەک کە تێیدا چەکی قورس بەکاردەهێنرێت.
فەرماندەیەکی ژن ئاگری شەڕەکەی راگرت.
دوای زیاتر لە شەش کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، ئاخین نوجان، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، ئەو ژنەی فەرماندەیی رووبەڕووبوونەوەکانی بەرامبەر گروپە چەکدارەکانی دیمەشق دەکرد ئاگری شەڕەکەی بە راگەیاندراوێک خامۆشکرد. ئاخین نوجان گوتی: توانای بەرگریکردنی تەواومان لە گەڕەکەکان هەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئاشتین، نامانەوێت خوێنی هاوڵاتی مەدەنی بڕێژرێت.
دواتر فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئێمە تەقەکردمان راگرت وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی بۆ راگرتنی شەڕەکە هەیە، وەزارەتی ناوخۆی سوریاش کۆتای بە هێرشی گروپە چەکدارەکان هێنا.
