تا ئێستا نزیکەی دوو ملیار بۆ هاووڵاتییانی چەمچەماڵ خەرجکراوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بوژانەوەى چەمچەماڵ ڕایگەیاند، 1302 خێزانى زیانلێکەوتووى لافاوەکەى چەمچەماڵ تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 1268 خێزان چەکى قەرەبوویان وەرگرتووە و قەرەبوو کراونەتەوە، 38 خێزان چەکى قەرەبوویان وەرنەگرتووە، کە چوار خێزانیان بەخواستى خۆیان قەرەبووەکەیان ڕەتکردوەتەوە و بەهۆى ئەوەى پێشتر خێرخوازان قەرەبوویان کردونەتەوە و 34 خێزانیش بەهۆى بوونى نەخۆش و دەوامى سەربازى و چەند هۆکارێکى دیکە تاوەکو ئێستا چەکەکانیان وەرنەگرتووە.

عەتا محەمەد سەرۆکى کۆمیسیۆنەکە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕى پارەى قەرەبووى هیچ کەسێک نافەوتێت و دەتوانن لە رۆژانى داهاتوو سەردانى بانکى چەرموو بکەن و چەکى قەرەبوو وەربگرن و ڕاستەوخۆ پارەکەیان بۆ خەرجدەکرێت، لە ئەمرۆشەوە دەستدەکەن بە پۆلێنکردنى سکاڵاکان و تاوەکو ڕۆژى یەکشەممە لە پاش پۆلێنکردن کۆمیسیۆنەکە و لیژنەى چاودێرى کۆدەبێتەوە و بڕیار لە دەرئەنجامى سکاڵاکان دەدات.

سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بوژاندنەوەى چەمچەماڵ جەختیشیکردەوە، هەر رۆژى یەکشەممەى داهاتوو بڕیار دەدرێت لەبارەى رۆژى دابەشکردنى هاوکارییەکان بۆ خاوەنى ئۆتۆمبیل و دووکانە زیانلێکەوتووەکان.

لەبارەى پرۆسەى چاودێریکردنى پرۆسەکەشەوە گوتى، ئەو هاوکارییەى کۆکراوەتەوە لەپرۆسەیەکى شەفافدا دابەشدەکرێت و هەموو خێرخوازان دەزانن کە بڕى هاوکارییەکانیان گەیشتوەتە شوێنى خۆى داواشیکرد، هەر رێکخراو دامودەزگایەکى دیکە پارەى بۆ چەمچەماڵ کۆکردوەتەوە سەرچاوەکەى و شێوازى خەرجکردنەکەشى بۆ ڕاى گشتى ئاشکرابکات.

لەبارەى وەرگرتنى زیانمەندى نوێ سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى چەمچەماڵ دەڵێت، سکاڵا و وەرگرتنى ناوى خێزانى نوێى زیانمەند کۆتایی هات بەڵام هەرکەسێک بەفەرمى بیسەلمێنێت ئۆتۆمبێل و دوکانى هەبووە و تۆمارنەکراوە ناوەکانیان تۆماردەکیت.

لایخۆشیەوە، ئەحمەد ئەنوەر – سەرۆکى بۆردى چاودێرى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان ڕایگەیاند، هەر سکاڵایەک بەڵگەى هاوپێچ کرابێت بەدڵنیایی لەبەرچاو دەگیرێت و نەرمى دەنوێنن و هەوڵدەدەن زۆرترین قەرەبووى زیانلێکەوتووان بکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار