داواکارییەکانی شاندەکەی پارتی لە بەغدا چییە؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش




باسی پرسی مووچە و بودجە کراوە؟

ئامادەکردنی هاوڵاتی 

دوو رۆژە شاندێکی پارتی لە بەغدایە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان چەندین کۆبوونەوەی ئەنجامدا بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و پشنیازکردنی داواکانی کورد لە کابینەی داهاتوو، بەتایبەتی زامنکردنی مووچە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.

سەرۆک بارزانی هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئەو شاندەی راسپارد بچنە بەغدا بەمەبەستی چەسپاندنی شایستە دەستوورییەکانی کورد  لە حکومەتی داهاتوو کە پێکهاتووە لە فازڵ میرانی، نەوزاد هادی، ئومێد سەباح و فارس عیسا.

بەگوتەی وەفا محەمەد، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان، کە بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، پارتی پێنج داواکاری هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، یەکەم: دەركردنی یاسای نەوت و گاز. دووەم: جێبەجێكردنی مادەی 140. سێیەم: گەرەنتیكردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان. چوارەم: چارەسەركردنی دۆسیەی دابەشكردنی كورسییەكان. پێنجەم: دابینکردنی شایستە دەستوورییەكان.

شاندەکە دوێنێ سێشەممە سەردانی بەغدایان کرد و یەکەم سەردانیان بۆ لای لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، بوو کە باسیان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد. دواتر شاندەکە سەردانی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای کرد لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

پاشان شاندەکە سەردانی موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزمی کرد و لەبارەی پێکهینانی حکومەتی داهاتووی عێراق گفتوگۆکرا، هەر لە پێش نیوەڕۆی هەمان رۆژ شاندەکە لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی  کۆبوونەوە.

دوانیوەڕۆی هەمان رۆژیش، سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا باسی شایستە داراییەکانی هەرێم، یەکخستنی نێو ماڵی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا.

کۆتا کۆبوونەوەی دوێنێشیان لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیاری سوننەکان بوو  کە لەسەر هەمان پرس گفتوگۆکرا.

بەیانی ئەمڕۆش شاندەکە لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر کۆبوونەوە و باسی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کرا، کە بڕیارە لە 29ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.

دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەش هادی عامری بە میدیاکارانی راگەیاند، لەگەڵ پارتی لەسەر زوو پێکهێنانی حکومەت هاوڕابووین کە نابێت زیاتر دوابخرێت، تەنها لەگەڵ برادەرانی پارتی باسی پێکهێنانی حکومەت نەکرا بەڵكو باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم بەغداد کرا، جەختمان کردەوە لەوەی بە رێگەی گفتوگۆ چارەسەری کێشەکان بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار