ئاسیاسێڵ و کۆڕەک: بڕیارمان پێنەگەیشتووە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کارت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسراوێک بەناوی حکومەتی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، گوایە رێژەی 20% وەکو باج دەخاتە سەر نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت. سەرۆکی رێکخراوێکی گەیاندن دەڵێت، ئەگەر جێبەجێ بکرێت کارتێکی 10 هەزار دیناری دەبێتە 12 هەزار و 500 دینار. گوتەبێژی ئاسیاسێڵ و بەرپرسێک لە کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێن: "هیچ بڕیارێکی فەرمیمان بۆ نەهاتووە".

بەگوێرەی نووسراوێک کە میدیای عێراقیی وەکو ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی 16-12-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، لە یەکێک لە خاڵەکانی بڕیارەکاندا هاتووە: "دەستپێکردنەوەی کارکردن بە سەپاندنی کرێی خزمەتگوزاری بە رێژەی 20% لەسەر پڕکردنەوەی باڵانسی مۆبایل و ئینتەرنێت، چ لە رێگەی کارتەکانەوە بێت یان لە رێگەی ئەپلیکەیشنە ئەلکترۆنییەکانەوە".

زێرەڤان بەهادین، پارێزەری راوێژکار و شارەزای دادوەریی تیلیکۆم، کە هاوکات سەرۆکی رێکخراوی کوردستان کۆمیونکەیشنە بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن و ئاگاداری بڕیارەکەیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەند ساڵێک لەمەوپێش هەمان بڕیار پەیڕەو دەکرا و دواتر راگیرا، ئێستا ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت دووبارە نرخی کارت بەرز دەبێتەوە".

تاوەکو ئەمڕۆ نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت بەرز نەبووەتەوە. زێرەڤان بەهادین گوتی: "دوای دەرکردنی رێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت و نرخی کارتێکی 10 هەزار دیناری دەبێتە 12 بۆ 12 هەزار و 500 دینار".

عومەر فالح، گوتەبێژی کۆمپانیای ئاسیاسێل، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمەش لە میدیاکانەوە بڕیارەکەمان بینیوە، بەڵام هیچ بڕیار و نووسراوێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە، کە باس لە دانانی باج لەسەر کارتەکانی مۆبایل و بەرزبوونەوەی نرخ بکات".

بەرپرسێکی باڵا لە کۆڕەک تیلیکۆم، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی کارت تاوەکو ئێستا وەکو خۆی وایە، ئەو بڕیارەی دراوە بە فەرمی بۆ ئێمە نەنێردراوە".

ئەو بەرپرسەی کۆڕەک تیلیکۆم گوتیشی: "ئەو بڕیارە لە کاتێکدا دراوە، کە حکومەتی عێراق حکومەتێکی کاربەڕێکەرە، هەرکات بە فەرمی بگاتە دەستمان قسەی خۆمان دەبێت".

تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی 16-12-2025دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی ئاماژەی بە گەڕاندنەوەی 20%ـی باجی سەر کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت نەکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار