هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2025 دا
3 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لەنێوان حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەرەبەیانى رۆژى 27ـى ئەیلولى 2025، هەناردەى نەوتى خاوى هەرێمى کوردستان دەستیپێکردەوە، پاش ئەوەى لە 25ـى ئازارى 2023 ڕاگیرابوو.
ڕادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان لە کۆتایى مانگى ئەیلوول کە دەستى پێکردەوە تاوەکو 31ـى کانوونى یەکەمى 2025 کە دەکاتە 96 ڕۆژى تەواو بۆ ڕەوانەکردنى نەوتى خاوى هەرێمى کوردستان، لەکێڵگە نەوتییەکانەوە دەچێتە پێشخابوور و پاشان دەدرێتە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی سۆمۆ و بەبۆرى دەچێتە بەندەرى جەیهان و هەر سۆمۆ خۆی سەرپەشتیى وەرگرتن و فرۆشتنەکەى دەکات.
بەگوێرەى بەدواداچوونى کەناڵ8، لە چوار ڕۆژى کۆتایی مانگى ئەیلوول، کە نەوت ڕادەستى سۆمۆ کرا، ڕۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە و لەو بڕە 50 هەزار بەرمیل نەوتى بۆ سووتەمەنى و 145 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستى سۆمۆ کراوە و بە کۆى گشتى لەو چوار ڕۆژەدا، 580 هەزار بەرمیل نەوتى خاو ڕادەستى بەغداد کراوە.
بەگوێرەى داتای فەرمیی کۆمپانیاى سۆمۆ، هەرێمى کوردستان لە مانگى تشرینى یەکەم/ مانگى 10 بڕى بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان 233 هەزار و 221 بەرمیل بووە و دوای ئەوەی ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتى خاو گلدراوەتەوە بۆ سووتەمەنى، ڕۆژانە 188 هەزار و 221 بەرمیل بووە و کۆى نەوتی ڕادەستکراو بە سۆمۆ لەو مانگەدا پێنج ملیۆن و 834 هەزار و 864 بەرمیل نەوتى خاو بووە.
هەروەها لە مانگى تشرینى دووەم، مانگى 11 بەگوێرەى داتاى کۆمپانیاى سۆمۆ، هەرێمى کوردستان ڕۆژانە 302 هەزار و 791 بەرمیل بەرهەمى نەوتى هەبووە، پاش گلدانەوەى ڕۆژانەى 50 هەزار بەرمیل، ڕۆژانە 252 هەزار و 971 نەوتى ڕادەستى سۆمۆ کردووە و بۆ تێکڕاى مانگ حەوت ملیۆن و 589 هەزار و130 بەرمیل نەوتى داوەتە بەغداد.
هاوکات، لە مانگى کانوونى یەکەمى 2025، بەرهەمى نەوتى خاو کەمێک زیادى کردووە لە کێڵگەى سەرسنگ بەراورد بە مانگى تشرینى یەکەم، کە بڕەکەى ڕۆژانە بڕى 309 هەزار بەرمیل نەوتى بە تێکڕا بەرهەمهێناوە پاش گلدانەوەى 50 هەزار بەرمیل نەوتى خاو، ڕۆژانە بڕى 259 هەزار بەرمیل نەوتى خاوى ڕادەستى سۆمۆ کردووە، کە مانگانە دەکاتە هەشت ملیۆن و 29 بەرمیل نەوت.
لەماوەى 96 ڕۆژى چارەکى کۆتایى ئەمساڵ، وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بڕى 22 ملیۆن و چوار هەزار و 23 بەرمیل نەوتى ڕادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ کردووە، کە تێکڕاى ڕۆژانە دەکاتە 229 هەزار و 208 بەرمیل نەوتى خاو لە ساڵى 2025دا.
