بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: لە هێرشەکاندا گرووپە توندڕەوەکان بەشدارن

12 كاتژمێر لەمەوپێش



بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بەرخودانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا  بە بەشداریی چەکدارانی داعش بەڕێوە دەچێت.

هەینی، 9ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکات.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتییەکە، ستایشی ئەو بەرگرییەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەکات کە لە6ـی ئەم مانگەوە دەستی پێکردووە و بە "بەرخودانێکی قارەمانانە و بەرجەستەکاری باڵاترین ماناکانی بەرگری لە کەرامەت و بوون" پێناسەی کردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بە قەبارەی وێرانکارییەکان کردووە و ڕایگەیاندووە: "بە شێوەیەکی سیستماتیک مزگەوت، قوتابخانە و ماڵەکان کراونەتە ئامانج. نەخۆشخانەی گەڕەکە کوردییەکان بەهۆی بۆردومانەوە وێران بووە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا،بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە بە بەشداریی گرووپە توندڕەوەکان ئەنجام دەدرێن، کە بەڵگەکان و دروشمەکانیان ئاماژەن بۆ سەر بە داعش بوونیان. ئامانج لەمەش "زیندووکردنەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و گۆڕینی دیمۆگرافیی شاری حەلەبە".

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بڕیاری "ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە" دەربڕی، کە بڕیاری مانەوە و بەرگرییان داوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بڕیاری مانەوە و بەرگری، گوزارشتە لە ئیرادەیەکی جەماوەریی ئازاد، گەلەکەمان متمانە بە لایەنێک ناکات کە دەستی لە خوێنی مەدەنییەکاندا هەبێت".

لەبارەی هەڵوێستی وڵاتان، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕەخنەی توندی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە گەرەنتییکارەکانی ڕێککەوتنەکانی پێشوو (10ـی ئادار و 1ـی نیسان) گرت و ئەو بێدەنگییەی بە "هاوبەشیکردنی ناڕاستەوخۆ لە تاوانەکان" ناو برد.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە هەموو هێزە دیموکراتخوازەکان و ئازادیخوازانی جیهان کرد پشتیوانی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بکەن، جەختیشی کردەوە کە "سەرکەوتنی ئەم بەرخودانە، سەرکەوتنە بۆ کەرامەتی سووریا و مرۆڤایەتی بەگشتی".

ماوەی چوار ڕۆژە سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمانی ئەحمەد شەرع، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە.

سوپای عەرەبیی سووریا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە چەکی قورس و بە تانک، بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتیی کە دانیشتووی ئەو گەڕەکانە بوون، ئاوارە بوونە، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای شەرع، تا ئێستا زیاتر لە 23 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 100ـی دیکەش بریندار بوونە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار