ئێران هەژدەهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان؛ هەزاران کەس کوژراون

7 كاتژمێر لەمەوپێش



لە ١٨ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران تا ئێستا سەلمێندراوە ٢ هەزار کەس کوژراوە و زیاد لە هەزار خۆپیشاندەریش برینداربوون. هەندێک ئامار باس لە کوژرانی ١٢ هەزار کەس دەکات.

لە ١٨ـەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران، لە ٦١٤ ناوچە و لە ١٨٧ شار لە ٣١ پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان پەرەی سەندووە و تا ئێستا زیاتر لە ٤٥ زانکۆ هاتوونەتە پاڵ خۆپیشاندانەکان و زانکۆکان بوونەتە مەیدانی ناڕەزایەتییەکان.

هاوکات، لە میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی ئێران، ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ٩٧ خۆپیشاندەر بڵاوکرایەوە، تا خۆپیشاندانەکان بە ئاژاوەگێری پێناسە بکەن. سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە شارەکان تەنها بە شەقامەکان سنووردار نەبوو، بەڵکوو ژمارەیەک هاووڵاتیی بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان کراون.

بڕینی هێڵی ئینتەرنێت حەوت ڕۆژی تێپەڕاند و جگە لە ئینتەرنێتی جێگیر و مۆبایل، پەیوەندی تەلەفۆنی و ئامرازەکانی تری پەیوەندیش پچڕاون، سەرەڕای ئەوەش بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ڤیدیۆ و زانیاری پەیوەست بە تەرمی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان و بریندارەکان بە دەستی دەسەڵاتی ئێران  لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامە.

بەپێی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەریدەخەن ئەو خێزانانەی تەرمی ئەو کەسانەیان وەرگرتووەتەوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون ولە شوێنی ناشتنەکە کۆبوونەتەوە و درووشمی ناڕەزاییەتی دەڵێنەوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران لە هێرشکردنەکانیان بۆ سەر نەخۆشخانەکان بەردەوامە بە مەبەستی دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی خۆپیشاندەران بە برینداریی.

هەروەها هێزە ئەمنییەکانی ئێران، هەموو ڕێوشوێنێکی ئەمنییان لەسەرجەم زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا گرتووەتەبەر، زانراوە لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکاندا، دەوڵەت سەرجەم ئامێر و ڕێگەکانی پەیوەندیگرتنی لە زیندانەکاندا داخستووە. هەروەها لە زیندانی کرماشان ئیدارەی زیندانەکە لە دژی بەرخۆدانی زیندانیان وەستاوەتەوە، کە وەک پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکان دەریان بڕیووە.

ئاماری دەستبەسەرکردن و کوشتن و برینداربوونی خۆپیشاندەران

بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لە ماوەی ١٨ڕۆژی خۆپیشاندانەکان، ١٨هەزار و ٤٣٤ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و دوو هەزار و ٤٠٣ خۆپیشاندەر کوژراون، کە لەو ژمارەیە ١٢ کەسیان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵیدان، هەروەها نۆ کەس لە هاوڵاتییانی مەدەنی و ١٤٧ کەسیش لە هێزی سەربازی و پۆلیس و داواکارێکی گشتی کوژراون، هەروەها هەزار و ١٣٤ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

لەنێو دەستبەسەرکراوەکاندا، زیاتر لە ١٦٧ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ و ٤٨ خوێندکاری زانکۆ تۆمار کراون.

ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان؛ ١٢ هەزار کوژراو

کەناڵی سی بی ئێس نیوز ڕایگەیاند کە سەرچاوەیەک لە ناوخۆی ئێرانەوە پێی ڕاگەیاندوون ئەو گرووپانەی لە بواری تۆمارکردنی قوربانییەکاندا کار دەکەن، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ناوەندە تەندروستییەکان و پزیشکی دادوەری لە سەرتاسەری وڵات پێیان گەیشتووە، ژمارەی کوژراوەکان بە لانیکەم ۱۲ هەزار کەس دەخەمڵێنن.

گوتاری ئێران و ئەمریکا؛ پشتیوانی و دژایەتی

دوێنێ وناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند: نیشتمانپەروەرانی ئێران، بەردەوام بن لە خۆپێشاندان و دەست بەسەر دامەزراوەکانتاندا بگرن، ناوی بکوژان و دەستدرێژیکاران بزانن، چونکە باجێکی قورس دەدەن، من هەموو کۆبوونەوەکانم لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران هەڵوەشاندەوە تا ئەو کاتەی کوشتنی بێمانای خۆپێشاندەران دەوەستێت.

لای خۆیەوە عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی ئێران، لە وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپدا وتی: "یەکەم ترەمپ و دووەم نەتانیاهۆ لە سەرووی لیستی ئەو کەسانەن کە دەوڵەتی ئێران بە بکوژی خەڵکیان دادەنێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار