قەیرانی هۆشیاریی و ئەخلاقی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هۆمەر محەمەد
لەنێوان هاوسۆزیی بۆ غەززە و بێدەنگی لە ڕۆژئاوای کوردستان
کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردی دەرگیری دیاردەیەکی مەترسیدارە، ئەویش دووفاقیی هەڵوێستە بەرانبەر بە پرسە مرۆیی و نەتەوەییەکان. دابەشبوونەکە لەژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیادایە، ئەوەش سیاسەتی پەرتکەو زاڵبەی داگیرکەرانە، بەداخەوە تاڕادەیەک سەرکەوتوون و هێندە تاکی کوردی چەواشە کردووە کە وێنە گەورەکە و نیازی دوژمنەکانی نەبینێت. دەنا ڕاست ئەوەیە ئیسلامییەک و عەلمانییەک ئەرکیانە وەک یەک داکۆکی لەکوردبوون بکەن.
دژایەتی هەڵوێستەکان غەززە و ڕۆژئاوا بەنمونە
جەنگ لە غەززە و هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، پەردەی لەسەر قەیرانێکی قووڵی ویژدانی لادا. لەلایەک حزبە ئیسلامییەکان بۆ پشتیوانی غەززە ئامادەن، و لە ئاست کۆمەڵکوژیی نەتەوەکەی خۆیان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە باشترین حاڵەتدا بێدەنگن دەنا دژایەتی دەکەن. ئەمە جگەلە پاساوی ئایدۆلۆژی چی ترە؟ بۆچی بۆ ڕازی کردنی ئەردۆگان هێرش دەکەنە سەر شوناسی نەتەوەیی و ئەو تێکۆشانەی لەوێ هەیە. لە بەرانبەریشدا، هەندێک لە عەلمانی و چەپەکان، وەک کاردانەوەیەک دژی ئیسلامییەکان، لەبەرانبەر کوشتاری غەززە بێدەنگن. ئەم مامەڵە خراپە کوردبوون و مرۆڤبوون دەخاتە پلەی دووەم و ئایدۆلۆژیا دەکاتە پێوەری ئەخلاق.
تەنیایی کورد و پرسی هاوسۆزیی
پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە؛ هەموو کوردێک مافی ئەوەی هەیە بپرسێت مادام داکۆکیکردن لە مەزڵووم ئەرکێکی مرۆییە جا لە هەرکوێ بێ، بۆچی ئەم ئەرکە تەنها لەسەرشانی کوردە؟ بۆچی ئەو نەتەوانەی کورد هاوسۆزییان بۆ دەردەبڕێت، لە کاتی جەنگ و جێنۆسایدکردنی کورددا بێدەنگن؟ پێویستە تاکی کورد، چ ئیماندار بێت یان عەلمانی، ئەم ڕاستییە ببینێت، کوشندەیە مرۆڤ دژی میللەتەکەی خۆی بوەستێتەوە کە لەژێر هەڕەشەی لەناوبردندایە. بەڵام خۆی بکوژێت بۆ نەتەوەیەکی تر کە ٢٢ دەوڵەتیان هەیەو هێندەی کورد پێوەی ماندوو نین ؟
ڕۆڵی سیاسەت و بەکارهێنانی ئایین
لێرەدا پێویستە ڕۆڵی ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین وەک نموونەیەکی دیاری فاشیزمی ئایینی. لەبەرچاوبگرین ئەم ڕێکخراوە وەک ماشێنێکی سیاسی بۆ لەباربردنی خەونی ئازادیی ئەو گەلانە چالاکە کە لەژێر دەسەڵاتی عەرەبیدا بوون ئێستا دەسەڵاتی تورکیشی هاتووەتە سەر، تورک و عەرەب ئایین وەک چەکێک بۆ ناشرینکردنی سیمبولە نەتەوەییەکانی کورد بەکاردێنن، لە کاتێکدا بانگەشەی برایەتی ئاینی دەکەن بێگوێدانە کارەکتەری کورد لەناو ئیخواندا ئەو پەڕی سوکایەتی بەکورد دەکەن. ئەم دووفاقییە بەشێکە لە ستراتیژی تێکدانی ماڵی کورد لە ناوەوە، کە تێیدا فاشیزم بەرگێکی ئایینی دەپۆشێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی. دەنا هەموو کوردێک وەک چۆن مافی ئیمانداری هەیە مافی حزبایەتیشی هەیە.
ئەو شەڕە ئایدۆلۆژییەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینرا، نەخزمەتی بەئایین کرد و بەکورد. راستی هەر ئەوەیە هەمووان بە هەڵوێستەکانیاندا بچنەوە و کۆتایی بەم یەکتر سووککردنە بهێنن و ڕێز بۆنەتەوە و ئایین بگێڕنەوەو چەمکی مەزڵوومییەت و کورد بوون، بخرێتە پێش هەموو ئایدۆلۆژیایەک. تەنها بەم شێوەیە دەتوانین ڕێگری لەو فاشیزمە بکەین کە دەیەوێت لە ڕێگەی ئایین یان هەر پاساوێکی ترەوە، شوناس و بوونی نەتەوەیی کورد بسڕێتەوە.
ئەوە ڕوون وئاشکرایە، کە داگیرکەرانی کورد جا بەعس بێت یان داعش، جۆلانێ بێ یان ئەردۆگان، ئاخوندی شیعە بێت یان مەلای سوننە، کاتێک دێن بۆ کوشتنمان ناپرسن تۆ عەلمانیت یان ئیسلامی؟ مەسیحیت یان کاکەیی؟ گرنگ ئەوەیە کوردیت و لەدیدو بڕوای ئەواندا تۆ دەبێت بمریت.
