ئەردۆغان پیرۆزبایی لە سوریا دەکات بۆ هێرشی سەر کورد

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەردۆغان پیرۆزبایی لە حکومەتی سوریا دەکات بۆ هێرشکردنە سەر رۆژاڤا و دەشڵێت: هەسەدە گۆشەگیرکراوە و ناتوانێت هیچ بکات.

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: "لە کاتێکدا کەس باسی مافی کوردی سووریای نەدەکرد، چەندین جار داوای لە بەشار ئەسەد و بەرپرسانی پێشووی سووریا کردووە کۆتایی بە ستەمکارییەکانی سەر کوردانی سووریا بهێنرێت". 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە جێی خۆیدا بووە و هەسەدە یاری بەکات کردووە و وازی لە داواکارییە زۆرەکانی نەدەهێنا.

- ئەردۆغان باس لەوە دەکات ئەوان وەک تورکیا بەردەوام داکۆکیان لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووە و جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە ڕێگا بە هیچ هەوڵێکی جوداخوازی نادەن لە باشووری سنوورەکانمان.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە وتارێكدا لەبەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمان: 

*سوریای دراوسێمان لە دوای شۆڕشی 8ی کانوونی دووەمەوە خەریکی خەباتێکی چڕ و پڕە بۆ بەدەستهێنانی یەکێتی لە وڵاتەکەدا. 
*لە 10ی ئازاری ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەو پێکهاتەیەی کە ناوی (هەسەدە)یە، کە خاکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیرکردووە، واژۆ کرا. بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتنە، هێزەکانی (هەسەدە) چەکەکانی دادەنێن و ناوچە داگیرکراوەکانی ڕادەستی حکومەتی سوریا دەکەن، بەمەش یەکگرتوویی و یەکپارچەیی وڵاتەکە مسۆگەر دەکات. بەڵام (هەسەدە) هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەناوە لەو ماوەیەی کە بۆ ئەم یەکگرتنە دانراوە. 

*(هەسەدە) نەک هەر پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنی 10ی ئازار، بەڵکو بەردەوام بووە لە چەوساندنەوەی خەڵکی مەدەنی لە ناوچە داگیرکراوەکان و هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنی و سەربازییەکانی دەرەوەی ئەو خاکانە. 
*بەداخەوە دانوستانەکانی نێوان سەرکردەکانی (هەسەدە)و حکومەتی دیمەشق لە مانگی کانوونی دووەمدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەرئەنجامی نەرێنی لێکەوتەوە.

*چەندین جار ڕامانگەیاندووە کە ناتوانین تەحەمولی پێکهاتەیەکی جوداخوازانە بکەین کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتەکەمان دەکات لەسەر سنورەکانی باشوری تورکیا. وەک تورکیا هەر لە سەرەتاوە بە توندی بەرگریمان لە بوونی یەک دەوڵەتی سوریا کردووە لەچوارچێوەی یەكگرتووی سیاسیدا. 
*زۆر خۆشحاڵین بەو ڕێککەوتنە ئاگربەستەی دوێنێ ئەنجامدرا، هیوامان ئەوەیە کە ئەم بابەتە بەبێ خوێنڕشتنی زیاتر بۆ هەمیشەیی چارەسەر بکرێت.

*ئێمە وەک خوشک و براکانیان باشتر دەزانین خوشک و برا کوردەکانمان لە سوریا لە ژێر دەسەڵاتی ستەمکاری پێشوودا چ چەوساندنەوەیەکیان بەسەردا هات. تەنانەت ناسنامەشیان پێنەدرا؛ ڕێگەیان پێنەدەدرا بە زمانی دایکی خۆیان قسە بکەن، یان کولتور و نەریتەکانیان بپارێزن. 

*کاتێک سەرۆک وەزیران بووم، لە ساڵی 2008 بەدواوە، لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەدا کە ئەنجاممدا، ئەم نادادپەروەریانەم وروژاند. ئێمە بە بەردەوامی مافی خوشک و برا کوردەکانمان لە سوریا دەخستەڕوو. ئێمە لە هەموو دەرفەتێکدا جەختمان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە مافە بنەڕەتییەکانی کورد بدرێن. لە کاتێکدا کەس تەنانەت باسی ئەو بابەتانەی نەکرد، لە کاتێکدا کەس باسی مافەکانی کورد لە سوریا نەکرد، ئێمە بە ئاشکرا ئەمانەمان بۆ هاوتاکانمان دەربڕی و زۆر لەوە زیاترمان کرد کە دیارە یان دەزانرێت. 

*لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەدا کە پێش پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی کۆن ئەنجامدرا، مافی خوشک و برا کوردە سوورییەکانمان لە سەرووی کارنامەی ئێمەوە مایەوە. بە واتایەکی تر ئێمە هەرگیز لە ڕوانگەیەکی خۆپەرستانە سەیری ئەم بابەتەمان نەکردووە، بەڵکو هەمیشە لە ڕوانگەی مرۆڤدۆستانەوە سەیری ئەم بابەتەمان کردووە. 

*دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە سوریا لە ساڵی 2011، خوشک و برا کوردەکانمان کەوتنە بەر چەوساندنەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. منداڵان و لاوانی کورد لە سوریا لە پێناو خواستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکاندا کێشرانە نێو ململانێکان و چەکیان پێدرا و ڕەوانەی مردن کران.. شێوازێکی ژیان کە لەگەڵ گەلی کورد و بیروباوەڕ و داب و نەریتی ناگونجێت بەسەریدا سەپێنرا. لەو ماوەیەدا تیرۆریستانی داعش شانبەشانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا خوشک و برا کوردەکانمانیان کردە ئامانج و کوشتیان. 
*گرنگە بزانین حکومەتی نوێی سوریا، دوای شۆڕش، کوردەکانی سوریای وەک هەموو گروپە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەی ئەو وڵاتە لە باوەش گرت و زۆر بنیاتنەرانە بە ئاڕاستەی یەکگرتنی ڕاستەقینە مامەڵەی کرد. ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا، لە ڕێگەی ئەو فەرمانانەی کە دەریکرد، دانی بە مافی کورد لە سوریادا نا بۆ بوونیان و پاراستنی زمان و کولتووری خۆیان و بەشداریکردن لە حکومەتی سوریادا.
🔹ئەو راگەیەندراوەی کە لە 16ی كانونی دووەم ڕاگەیەندرا، بەیاننامەیەکی مێژووییە کە لەسەر بنەمای پرەنسیپی بەشداری یەکسان و دادپەروەرانەی خوشک و برا کوردەکانمان لە سوریا دامەزراوە.
🔹ئێمە هیچ دیزاینێکمان لەسەر خاکی هیچ وڵاتێک نییە، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هیچ وڵاتێکدا ناکەین؛ بەڵام ڕێگە نادەین زیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان بگەیەنین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار