حەوت سیناریۆی جەنگ چی دەبێت ئەگەر ئەمریکا و ئێران رێکنەکەون؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئامادەکردنی: هاوڵاتی

دانوستانەکانی تاران و واشنتن لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەبێ هیچ دەرئەنجامێک کۆتایی هات. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گوتی دانوستانەکان باش بوون، بەڵام میدیای ئێرانی و ئەمریکییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی هیچ لایەک سازشی لەسەر داواکارییەکانی نەکردووە. 

کەواتە ئەگەر هەفتەی داهاتوو هەردوولا ڕێکنەکەون و ترەمپ بڕیاری هێرش بدات، چی ڕوودەدات؟

لێرەوە من حەوت سیناریۆی جەنگتان بۆ باس دەکەم کە ئەگەری ڕوودانیان هەیە. 

یەکەم: هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا هێرشێکی سنوردار و ورد بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران، بەسیج، سەکۆ مووشەکییەکان، کۆگاکانی چەک و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئەنجام دەدەن.

لەم سیناریۆیەدا دەگونجێت، رژێمی ئێران دوای هێرشەکە لاواز ببێت و بکەوێت، بەڵام ئەمریکا مێژووی لەگەڵ ئەم جۆرە دەستوەردانە هەیە و ڕەنگە وڵاتەکە بکەوێتە دۆخی پشێوییەوە وەک چۆن لە عێراق و لیبیا روویدا. 

سیناریۆی دووەم: لەم سیناریۆیەدا ڕژێمی ئێران ڕزگاری دەبێت، بەڵام سیاسەتەکانی نەرمتر دەکاتەوە. دەتوانرێت بەم سیناریۆیە بوترێت "مۆدێلی ڤەنزوێلا" کە تێیدا ئەمریکا دەستوەردانێکی خێرا و بەهێز دەکات بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی وڵاتەکە کاریگەری بکەوێتە سەر، بەڵکو تەنها سیاسەتەکانی دەگۆڕێت. بۆ نمونە: پشتگیرییەکانی بۆ میلیشیاکانی کەمدەکاتەوە و کۆتایی بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی دەهێنێت. ئەم سیناریۆیە ئەگەری ڕوودانی کەمە چونکە ئێران وەک ڤەنزوێلا نییە.

سیناریۆی سێیەم: زۆرێک دەڵێن ئەم سیناریۆیە زۆرترین ئەگەری ڕوودانی هەیە. لەم سیناریۆیەدا رژێمی ئێران دەڕوخێت و دەسەڵاتی سەربازیی جێگەی دەگرێتەوە. لە ئێران خۆپیشاندان زۆر ئەنجام دەدرێت، بەڵام هۆکاری شکستی زۆربەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەڵگەڕانەوە لەنێو سوپای پاسداران زۆر بە کەمی دەبینرێت. لە پشێوی دوای هێرشی ئەمریکا، ئەگەری ئەوە هەیە دەسەڵاتی وڵات بکەوێتە دەست کەسایەتییە سەربازییەکان.

سیناریۆی چوارەم: بەرپرسانی ئێران چەندین جار گوتوویانە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات، ئەوانیش تۆڵە دەکەنەوە. لێرەدا تۆڵەکردنەوەی ئێران هێرشکردنە سەر ئیسرائیل یان بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە وڵاتانی دەوروبەری ئێران وەک قەتەر و بەحرەین. چەند رۆژێک لەمەوبەر عەبدولرەحیم موسەوی، سەرۆکئەرکانی سوپای ئێران گوتی، ئاگری ئەم جارەی جەنگ ئەمریکا و هاوبەشەکانی دەسووتێنیت. 

سیناریۆی پێنجەم: ئێران زیان لە ئابووریی جیهان دەدات. لەم سیناریۆیەدا تاران هەڵدەستێت بە مینڕێژکردنی کەنداوی عومان و گەرووی هورمز بۆ تەقاندنەوەی کەشتییە بازرگانییەکان. ساڵانە 25%ـی بەرهەمی نەوت و نزیکەی 20% ـی بەرهەمی غازی جیهان لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕن بۆیە بەئامانجگرتنی کەشتیی بازرگانی زیانێکی زۆر بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهانی و نرخی نەوت دەگەیەنێت. 

سیناریۆی شەشەم: بەهۆی هەبوونی مووشەک و درۆنی پێشکەوتوو، ئێران دەتوانێت کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئامانج بگرێت. ئەم سیناریۆیە ئەگەری ڕوودانی کەمە، بەڵام ئەگەر ڕووبدات، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا توانای بەرگەگرتنی زۆریان نییە و دەکرێت بە لێشاوی درۆن و مووشەک پەکبخرێن، هەرچەندە سیستمی بەرگرییان هەیە.

سیناریۆی حەوتەم: ئەم سیاریۆیە مەترسیدارترینە بۆ واشنتن چونکە ڕەنگە دوای هێرشی ئەمریکا، پشێوییەکی گەورە دروست ببێت و جەنگی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە. هەرچەندە ئەمریکا دەیەوێت ڕژێمی ئێران بڕوخێت، بەڵام ئێرانێکی ناوێت کە بەش بەش ببێت، بەڵکو خوازیاری ئێرانێکی یەکگرتووە و رەنگە ترسی ئەوەی هەبێت نەتەوەکانی دیکە، وەک کورد، لە ئێران سەربەخۆیی ڕابگەیەنن؛ هەروەک چۆن ئێستا لە سوریا نایەوێت کورد سەربەخۆیی هەبێت و چاوی لەوەیە هەموو نەتەوەکانی سوریا لەژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع بن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار