موجته‌با خامنه‌یى.. تۆمەتبارى سەرکوتکردنى خۆپیشاندانه‌كان و کەسى نزیکى سوپاى پاسداران

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوکەسەیە کە بڕیاره‌ ببێته‌ جێگرەوەى عەلى خامنەیی، رابەرى پێشووى باڵاى ئێران، به‌پێى سەرچاوە ئێرانی و ئیسرائیلییەکان موجتەبا خامنەیی ئەو کەسەیە کە دەچێتە سەر کورسییەکەى باوکى و دەبێتە رێبەری باڵاى نوێى ئێران.

موجتەبا خامنەیی کێیە؟
موجتەبا کوڕی دووەمی عه‌لى خامنه‌یى رێبەری كوژراوى ئێرانه‌. بە یەکێک لە کاریگەرترین و نهێنیترین کەسایەتییەکان لە سیستەمی سیاسیی ئێران دادەنرێت، چونکە زۆربەی کات لە پشت پەردەوە کاردەکات.

موجتەبا زۆر لە باوکی دەچێت، عەمامەیەکی ڕەش لەبەر دەکات وەک نیشانەی ئەوەی سەییدە، واتە خێزانەکەی پەیوەندی و نزیکایەتیان بە پێغەمبەرى ئیسلام محەمەد (د. خ) ەوە هەیە.

لە ئەیلولی ساڵی 1969 لە شاری مەشهەد لەدایکبووە. لە ژینگەیەکی سیاسی و ئایینی پارێزگاردا گەورە بووە و خوێندنی لە قوتابخانە تایبەتی و ناودارەکان وەک قوتابخانەی "عەلەوی" لە تاران تەواوکردووە.

لە کۆتایییەکانی شەڕی ئێران و عێراق (1987–1988) لە ریزەکانی سوپای پاسداران خزمەتیکردووە. هەروەها زانستە ئایینییەکانی لە تاران و قوم لای ژمارەیەک لە ئایەتوڵڵاکان خوێندووە و، لە ساڵی 2022 ناونیشانی "ئایەتوڵڵا"ی وەرگرتووە، کە ئەمەش شایستەییەکانی بۆ گرتنی پۆستی ڕێبەری باڵا بەهێز ده‌كات.

بە "پیاوی سێبەر" ناسراوە و لە ئۆفیسی باوکی دا هێزی زۆری هەبووە. کاریگەرییەکی فراوانی هەبووە لەسەر دانانی کاربەدەستان لە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، پەیوەندییەکی زۆر نزیکی هەیە لەگەڵ سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج.

 تا ئێستا هیچ پۆستێکی سیاسى فەرمی نەبووە، به‌ڵام به‌پێى وته‌ى چاودێرانى كاروبارى ئێران لە پشت پەردەوە وەک پاسەوانی باوکی نفوزی خۆی بەکارهێناوە.

هەڵبژاردنی ئەو وه‌ك رێبه‌رى باڵاى نوێى وڵاته‌كه‌ى رەنگە ببێتە هۆی "شەرمەزاری"، چونکە تاران لە مێژە رەخنەی لە حوکمڕانیی بۆماوەیی گرتووە و خۆی وەک بەدیلێکی "دادپەروەرتر" پیشان دەدات.

راپۆرتە رۆژئاواییەکان تۆمەتبارى ده‌كه‌ن بەوەى دەستى باڵاى هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی پێشوو لە ئێران (وەک خۆپیشاندانەکانی ساڵانى 2009 و 2022)، کە بووە هۆی سەپاندنی سزا و گەمارۆی ئەمریکی.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی 2019دا سزای بەسەر موجتەبادا سەپاند و رایگەیاند کە بە فەرمی نوێنەرایەتی سەرۆکی باڵا دەکات.

هاوسەری موجتەبا، کچی یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە توندڕەوەکانە، ئەویش غولام عەلی حەداد عادل سەرۆکی پێشووی پەرلەمانە.

ناوی بەردەوام وەک کاندیدێکی بەهێز بۆ جێگرتنەوەی باوکی وەک رێبەری باڵا باسکراوە، بەڵام بیرۆکەی "میراتگرتنی سیاسی" لە ناوخۆی ئێران جێگای مشتومڕی فراوانە، چونکە لە رووی تیۆرییەوە سیستەمەکە پشت بە هەڵبژاردنی مەجلسی شارەزایان دەبەستێت. 

بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی سەرچاوە ئێرانییەکان شەوی سێشەممە بڵاویانکردووەوە، موجتەبا خامنەیی بە بڕیاری مەجلسی شارەزایان و بە فشاری سوپای پاسداران وەک رێبەری باڵا و جێگرەوەی باوکی هه‌ڵبژێردراوه‌.

عەلی خامنەیی لەگەڵ ژمارەیەک لە راوێژکارە باڵاکانی و ئەندامانی بنەماڵەکەی، لە یەکەم خولەکەکانی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بەرەبەیانی رۆژی شەممەى رابردوو 28ى شوبات لە نووسینگەی خۆی لە تاران کوژران.

ئەگەر رێبەرى نوێ دیاری بکرێت ئەمە تەنها دووەم جارە لە دوای شۆڕشی 1979ەوە کە رێبەری باڵاى نوێ هەڵدەبژێردرێت. رێبەر لەسەر هەموو بڕیارە گەورەکان لەوانە پرسی شەڕ و ئاشتی و بەرنامەی ناوەکیی مشتومڕاوی، قسەی کۆتایی هەیە، به‌ڵام نازانرێت له‌ داهاتوودا و له‌سایه‌ى ئه‌م جه‌نگه‌ى ئێستا قسه‌ى كۆتایى كێ ده‌یكات؟!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار