شاناز حه‌سه‌ن مه‌ترسى له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆناى نوێ، بڕیاره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى چڕکردووه‌ته‌وه له‌هه‌رێمى کوردستاندا بۆ جێبه‌جێکردنى رێنماییه‌کان و رێگرى له‌هه‌ر ئاهه‌نگ و کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ک. سه‌رهه‌ڵدانى ڤایرۆسێکى نوێ له‌جیهاندا که‌ناسراوه به (کۆڤید 20)، رێوشیۆنهکانى توندتر کردووه‌و له‌هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌زۆربه‌ى شوێنه گه‌شتییه‌کان و کافێ و رێستۆرانته‌کان ئاماده‌کارى کرابوو بۆ ئاهه‌نگى سه‌رى ساڵى نوێ، به‌ڵام دووباره رێوشوێنه‌کان توندکرانهوهو بەبڕیاری وه‌زاره‌تى ناوخۆ هه‌موو یادکردنه‌وه‌یه‌ک و ئاهه‌نگێک راگیرا. دوێنێ یه‌کشه‌ممه 27ى کانونى یه‌که‌مى 2020، ژوورى ئۆپراسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر رایگه‌یاند:» سازکردنى ئاهه‌نگى سه‌رى ساڵ قه‌ده‌غه‌یه و هه‌ر شوێنێک یان هوتێلێک یان کافتریایه‌ک یان ڕێستورانتێک یان یانه‌یه‌کى شه‌وانه ئاهه‌نگ سازبکات روبه‌ڕوى یاسا ده‌کرێته‌وه. هەروەها ژوورى ئۆپراسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێکى بڵاوکرده‌وه‌و داوا ده‌کات هه‌موو که‌سێک ده‌مامک ببه‌ستێت. هاوکات پارێزگارى سلێمانى، ده‌ڵێت: «له‌سه‌ر هه‌موو رێکاره‌کان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ پاراستنى گیانى هاووڵاتیان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که به‌شێوازه تازه‌که‌ى که‌ئێستا له‌وڵاتانى جیهاندا بڵاوبووەته‌وه«. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، پارێزگارى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «ئێمه له‌سه‌ر رێکاره خۆپارێزییه‌کان به‌رده‌وام ده‌بین و هیچ گۆڕانکارییان تیدا ناکرێت و سارد نابینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موومان بتوانین رێگرى له‌ته‌شه‌نه‌کردنێکى نوێى (کۆڤید 20) بکه‌ین». پارێزگارى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد رێکاره‌کانى خۆپاراستن گهیاندویانین به‌ئه‌نجامێکى باش، بۆیه به‌پێویستى ده‌زانێت هه‌وڵبدرێت له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى (کۆڤید 20) سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنین. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که به‌پێى بڕیاره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ هه‌موو جۆره ئاهه‌نگێک قه‌ده‌غه‌یه بۆ هاتنى ساڵى نوێ و هه‌موو لایه‌ک و پارێزگاکان به‌یه‌کسانى پێویسته پێوه‌ى پابه‌ند بن. سه‌رۆکى لیژنه هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامییه‌تى سلێمانى، ده‌ڵێت له‌شه‌وى سه‌رى ساڵدا هه‌ر کافتریاو شوێنێکى گه‌شتیارى لایڤ میوزک ئه‌نجامبدات داده‌خرێت و سزاى (10) ملیۆن دیناریان ده‌ده‌ن. له‌شکر حه‌مید، سه‌رۆکى لیژنه هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى، له‌لێدوانیکدا به‌هاوڵاتى وت» له‌شه‌وى سه‌رى ساڵى نوێى (2021)دا، هه‌ر کافتریاو شوێنێکى گه‌شتیارى لایڤ موزیکى هه‌بێت، له‌لایه‌ن لیژنه هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانییه‌وه بۆ ماوه‌ى یه‌ک مانگ داده‌خرێت و سزاى (10) ملیۆن دیناریان ده‌درێت». سه‌رۆکى لیژنه هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامییه‌تى سلێمانى، ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه که‌په‌یوه‌ستن بهبڕیارهکانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌پێناو خۆپارێزیى و رێگریکردن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى کۆرۆناى نوێ. سه‌ره‌ڕاى قه‌ده‌غه‌کردنى شوێنه گشتییه‌کان بۆ گێڕانى ئاهه‌نگه‌کانى سه‌رى ساڵ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى گومرگى هه‌رێم قه‌ده‌غه‌ى هاتنه ناوه‌وه‌ى گه‌شتیارانی ده‌رکردووه له‌و وڵاتانه‌ى (کۆڤید 20)ی تێیدا بڵاوبووه‌ته‌وه. ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گومرگى هه‌رێم، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «به‌پێى بڕیارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، مه‌رزه‌کان به‌ڕووى گه‌شتیاراندا داخران و ته‌نیا هاتوچۆى بازرگانى وه‌ک خۆى ده‌مێنێته‌وه«. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد رێکاره‌کان پێشتریش هه‌ر به‌رده‌وام بوون، به‌ڵام پێویسته ئێستا توندتر بکرێته‌وه، به‌تایبه‌ت به‌هۆى ئاهه‌نگى ساڵى نوێوه‌و مه‌ترسى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه نوێیه‌که‌وه، وتیشى: رێگاى قاچاخ تا راده‌یه‌کى زۆر په‌یوه‌ندى بهپاسهوانى سنوره‌وه هه‌یه که‌پێویسته بیپارێزن، تاگرفتهکان دووباره نه‌بنه‌وه«. وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى، ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه ڤایرۆسى نوێى کۆرۆنا (کۆڤید 20) ته‌نیا جیاوازییه‌که‌ى له‌گه‌ڵ (کۆڤید 19) ئه‌وه‌نده‌یه کهخێرایه له‌گواستنه‌وه‌دا. یاد نه‌قشبه‌ندى، وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» (کۆڤید 20) زانیارى وردى له‌سه‌ر نیه، چونکه له‌جیهاندا ته‌نیا چه‌ند حاڵهتێکهو ئه‌وه‌ى که باسده‌کرێت ته‌نیا خێرا گواستنه‌وه‌یه‌تى که چالاکترهو زووتر له (کۆڤید 19) ده‌گوازرێته‌وه له‌که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێکى دیکه«. وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى هاووڵاتیانى دڵنیاکرده‌وه که ته‌نیا بهتاکپارێزى ده‌توانن کۆنتڕۆڵى کۆڤیده‌کان بکرێت.
ئارا ئیبراهیم یه‌کێتى ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر کۆنگره‌ى چواره‌مى خۆى ئه‌نجامداو تێیدا سیستمى هاوسه‌رۆک په‌یڕه‌و کراو بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى وه‌ک هاوسه‌رۆک هه‌ڵبژێردران و سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى نوێ کرایه‌وه. یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له‌ڕۆژى 26ى کانوونى یه‌که‌مى 2019 کۆنگره‌ى خۆى ئه‌نجامدا له‌سلێمانى و ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌کى (124) که‌سى هه‌ڵبژێردرا که له‌سه‌دا 70%یان که‌سانى نوێن و له‌سه‌دا 30% پێشتر له‌سه‌رکردایه‌تى و مه‌کته‌بى سیاسی‌دا بوون. هه‌روه‌ها له‌کۆنگره‌ى یه‌کێتیدا لاهور شێخ جه‌نگى، (902) ده‌نگى له‌کۆى هه‌زارو (10) ده‌نگ به‌ده‌ستهێناو بووه یه‌که‌مى ره‌هاى کۆنگره. پاش تێپه‌ڕبوونى ساڵێک به‌سه‌ر کۆنگره‌که‌یاندا، ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تیان ده‌ڵێت:» یه‌کێتى ده‌سته‌گه‌رى و باڵ باڵێنى تێدا نه‌ماوه‌و هه‌موو پابه‌ندن به‌بڕیارو راسپارده‌ى هه‌ردوو هاوسه‌رۆکه‌وه«. ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:»پێش کۆنگره بۆچوونێک هه‌بوو ئه‌گه‌ر یه‌کێتى کۆنگره بکات به‌ش به‌ش ده‌بێت، به‌ڵام یه‌کێتى له‌دواى کۆنگره‌و پاش تێپه‌ڕبوونى ساڵێک پته‌وتر بووه«. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد دواى ته‌واوبوونى کۆنگره‌ى یه‌کێتى، په‌تاى کۆرۆنا سه‌ریهه‌ڵداو کۆرۆنا ئاسته‌نگى بۆ جێبه‌جێکردنى بڕیار‌و راسپارده‌کانى کۆنگره هه‌بووه. ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى باسى له‌وه‌شکرد تائێستا هه‌ڵبژاردن لهئۆرگانهکان و رێکخراوه‌کان نه‌کراوه‌و نوێبوونه‌وه‌ى ئۆرگانه‌کان ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنیان بووه که بڕیارى کۆنگره بووه له‌گه‌ڵ گه‌یاندنى سیاسه‌تى یه‌کێتى بۆ ئه‌ندام و کادرو لایه‌نگران، به‌ڵام کۆرۆنا ده‌رفه‌تى نه‌داوه کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه ئه‌نجامبدرێت. هه‌روه‌ها ئارێز عه‌بدوڵا، وتیشى:» ده‌بوو تائێستا ستراتیژى سیاسه‌تى یه‌کێتى روون و جیاواز بێت له‌حزب و لایه‌نه‌کانى دیکه‌و روونتربوایه، ئه‌وه یه‌کێکه له‌که‌موکوڕییه‌کان و له‌قاڵبه کۆنه‌که نه‌مانتوانیوه ده‌ربچین». ئارێز عه‌بدوڵا، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که یه‌کێتى یه‌ک ده‌نوکى هه‌یه، وتیشى:» ئه‌و باڵباڵێن و دهستهگهرییهى رابردوو هه‌بوو له‌ناو یه‌کێتیدا نه‌ماوه‌و یه‌ک سه‌رکردایه‌تى هه‌یه‌و کۆده‌نگى گشتى هه‌یه له‌سه‌ر بڕیار‌و راسپارده‌کانى هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى». ده‌رباره‌ى پرسى لامه‌رکه‌زیى له‌گه‌ڵ پارتى به‌چى گه‌یشتوون، ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه که له‌کارنامه‌ى کارى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمدا لامه‌رکه‌زیى هه‌یه، یه‌کێتى له‌لایه‌ن پارتییه‌وه به‌ڵێنى پێدراوه که‌ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه شۆڕبکرێنه‌وه بۆ پارێزگا‌و قه‌زاو ناحییه‌کان و یه‌که کارگێڕییه‌کان، وتیشى:»ئه‌وه‌شى له‌ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا نییه پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان له‌ڕێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه یاساى بۆ ده‌ربکه‌ن تادهسهڵاته دارایى و کارگێڕییه‌کان بکرێنه لامه‌رکه‌زیى، به‌ڵام عیبره‌ت لهجێبهجێکردنیدایه نه‌ک ته‌نها وه‌ڵامدانه‌وه‌ى داواکارییه‌که‌ى یه‌کێتى له‌لایه‌ن پارتییه‌وه«.
هاوڵاتى فه‌ره‌نسا یه‌که‌م حاڵه‌تى توشبوونى به جۆرى دووه‌مى کۆرۆنا راگه‌یاند و به‌رپرسانى ته‌ندروستى ئه‌و وڵاته‌ش هۆشدارى ده‌ده‌نه هاوڵاتیان و داوایان لێده‌که‌ن له خۆپارێزییه‌کانیان به‌رده‌وام بن. ئه‌مڕۆ شه‌ممه 26ى کانونى یه‌که‌مى 2020، به‌پێى هه‌واڵێکى ئاژانسى هه‌واڵى (بى بى سی)، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى فه‌ڕه‌نسا یه‌که‌م حاڵه‌تى توشبوونى به جۆرى دووه‌مى کۆرۆنا راگه‌یاندووه و ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه، هاوڵاتییه‌که خه‌ڵکى فه‌ره‌نسایه و نیشته‌جێى به‌ریتانیا بووه، به‌ڵام پاش گه‌رانه‌وه‌ى بۆ فه‌ڕه‌نسا، له ٢١ى کانوونى یه‌که‌م پشکنینى ئه‌نجام داوه و ده‌رکه‌وتووه هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌که‌یه. هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى فه‌ڕه‌نسا ئه‌وه‌ى خستۆته‌روو که دۆخى ته‌ندروستى نه‌خۆشه‌که جێگیره. جۆرى دووه‌مى ڤایرۆسى کۆرۆنا له باشوور و باشوورى خۆرئاواى به‌ریتانیا له سه‌ره‌تاى مانگى ئه‌یلوله‌وه سه‌ریهه‌ڵدا و له ناوه‌ڕاستى کانوونى یه‌که‌م چه‌ند حاڵه‌تێکى نوێ تۆمارکران. بۆ ڕێگرى کردن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى ڤایرۆسه‌که زیاتر له 40 وڵاتى جیهان سه‌رجه‌م گه‌شته ئاسمانییه‌کانیان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیادا راگرت.
هاوڵاتى دواین ئامارى تووشبووانى ڤایرۆسى کۆرۆنا له جیهاندا گه‌یشته زیاتر له 80 ملیۆن که‌س. به‌پێى دوایین ئاماره‌کانى جیهان، له سه‌رتاسه‌رى جیهان له ماوه‌ى 24 کاتژمێرى ڕابردوودا 80 ملیۆن و 244 هه‌زار و 364 که‌س تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون. هه‌روه‌ها یه‌ک ملیۆن و 795 هه‌زارو 149 توشبووش گیانیان له‌ده‌ستداوه و له‌و ژماره‌یه‌ش 56 ملیۆن و 178 هه‌زار و 643 توشبوو چاکبونه‌ته‌وه. ئه‌مریکا له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى جیهان زۆرترین ڕێژه‌ى تووشبوون به ڤایرۆسى کۆرۆنا گه‌یشتووه‌ته 19 ملیۆن و 210 هه‌زار و 166 حاڵه‌ت تۆمارکراوه‌و ئه‌وانه‌شى گیانیان له‌ده‌ستداوه گه‌یشتووه‌ته 338 هه‌زار که‌س.
هاوڵاتى به‌پێى تویژینهوهیهکى ئه‌مریکى ئه‌و که‌سانه‌ى تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بون و په‌تاکه‌یان تێپه‌ڕاندوه جه‌سته‌یان بهرگرییهکى به‌هێزى دروستکردوه جارێکى دیکه تووش نابنه‌وه. توێژینه‌وه‌که له‌لایه‌ن په‌یمانگاى نیشتیمانى ئه‌مریکى ئه‌نجامدراوه‌و نزیکه‌ى سێ ملیۆن که‌س به‌شداریان تێداکردوه که ته‌نها له‌سه‌دا 0.3% ئه‌وانه‌ى توشبووى کۆرۆنا بوون جارێکى دیکه تووش بونه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش وه‌ک ئاماژه‌یه‌کى ئه‌رێنی داده‌نرێت. له‌ئێستادا چه‌ندین ڤاکسینى کۆرۆنا به‌رهه‌مهێنراون و ڤاکسینى فایزه‌ریش له‌ئه‌مریکا و چه‌ندین وڵاتى دیکه بۆ هاوڵاتیان به‌رده‌ست بووه‌و به‌شێکى زۆر له وڵاتان ڤاکسینه‌که‌یان پێگه‌شتووه.
هاوڵاتى ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌ڵمانیا رایانگه‌یاند، یه‌که‌م حاڵه‌تى توشبون به ڤایرۆسه نوێیه‌که‌ى کۆرۆنایان تۆمارکردوه که له بریتانیاوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 24ى کانونى یه‌که‌مى2020، راگه‌یه‌ندراوێکى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له ویلایه‌تى بادن-فۆرتمبێرگى باشورى ئه‌ڵمانیا، ژنێک که له 20ى (کانونى یه‌که‌م/12)ى 2020 له بریتانیاوه و له‌رێگه‌ى فڕۆکه‌خانه‌ى فرانکفۆرته‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه وڵاته‌که‌ی، پاش ئه‌نجامدانى پشکنین ده‌رکه‌وتووه که توشى ڤایرۆسه نوێیه‌که‌ى کۆرۆنا بووه. هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌کراوه که ئه‌و ژنه‌ى تووشبووه به‌مه‌به‌ستى سه‌ردانى که‌سوکاره‌که‌ى خۆى گه‌یشتوه‌ته ئه‌ڵمانیا و له فڕۆکه‌خانه‌وه به ئۆتۆمبێلێکى خۆیان چووه‌ته‌وه بۆ ماڵه‌وه، له‌ئێستاشدا که‌ره‌نتین کراوه. مات هانکۆک وه‌زیرى ته‌ندروستى بریتانیا له 14ى ئه‌م مانگه رایگه‌یاند، زانایانى وڵاته‌که‌ى ڤایرۆسێکى نوێیان دۆزیوه‌ته‌وه که به‌ناونیشانى (B.1.1.7) به‌خێراییه‌کى زۆر بڵاوده‌بێته‌وه وه‌ک ڤایرۆسێکى نوێى کۆرۆنا هه‌ژمار ده‌کرێت.
هاوڵاتى کۆشکى سپى ئاشکرایکرد که ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه 24ى کانونى یه‌که‌م، بڕیارى لێخۆشبوونى بۆ چارلز کۆشنه‌رى باوکى جارید کۆشنه‌رى هاوسه‌رى ئیڤانکا ده‌رکرد. کۆشکى سپى له ڕاگه‌یه‌نراوێکدا بڵاویکرده‌وه، دۆناڵد تره‌مپ بڕیارى لێخۆشبوونى بۆ 29 که‌س ده‌رکردووه که یه‌کێکیان خه‌زوورى ئیڤانکا تره‌مپه. لێخۆشبوونهوهکهى دۆناڵد تره‌مپ، ڕۆجێر ستۆن، هاوڕێى نزیک و یاریده‌ده‌رى پێشوو، پۆڵ مانافۆرت، سه‌رۆکى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشووى تره‌مپ و چارلز کۆشنه‌ر، باوکى گه‌وره ڕاوێژکارى تره‌مپ، جارید کۆشنه‌رى گرتووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌دا باسله‌وه کراوه که مانافۆرت تاوانبار کراوه له چوارچێوه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌کانى ده‌ستێوه‌ردانه‌کانى ڕوسیا له هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌مریکا له ساڵى 2016، هه‌روه‌ها ڕۆجێر ستۆن که تاوانبار بوو به سوێند خواردنى به درۆ به‌رامبه‌ر یاساناسان له‌و دۆسیه‌یه‌دا، له لیستى ئه‌وانه‌دایه که تره‌مپ لێخۆشبوونى بۆ ده‌رکردوو. پێشتریش دۆناڵد تره‌مپ لێخۆشبوونى بۆ 15 که‌سى دیکه ده‌رکردووه، له‌ناویاندا دوو ئه‌ندامى کۆنگرێسى ئه‌مریکاى تێدایه، سه‌ره‌ڕاى دوو ئه‌ندامى پێشووى کۆمارییه‌کان هه‌ریه‌که له دنکان هانته‌ر له کالیفۆرنیا و کریس کۆلێنز له نیویۆرک. هه‌روه‌ها تره‌مپ دوێنێ چوارشه‌ممه لێخۆشبوونى بۆ چوار له تاوانبارانى کوشتارى ساڵى 2007ى به‌غداد ده‌رکرد که سزادرابوون به زیندانیکردن بۆ ماوه‌یه‌کى درێژ. هاوکات دۆناڵد تره‌مپ له شه‌پۆلى لێخۆشبوونهکانیدا بڕیارى بۆ دوو ئه‌فسه‌رى پاسه‌وانى سنورى ئه‌مریکا ده‌رکرد که تاوانباربوون به ته‌قه‌کردن له مکسیکییهکان له ساڵى 2005.
هاوڵاتى دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکى ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا له توێتێکیدا که وێنه‌ى سێ موشه‌کى بڵاوکردووه‌ته‌وه ده‌نوسێت:" هێرشه‌کانى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى سه‌ر باڵوێزخانه‌ى ئه‌مریکا له به‌غدا، له‌رێگه‌ى موشه‌کى ئێرانیه‌وه ئه‌نجامدراوه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى خستۆته‌روو که گوێمان له‌وه ده‌بێت که هێرشى زیاتر ده‌کرێته سه‌ر ئه‌مریکییه‌کان له‌عێراق. هاوکات ئامۆژگاریى ئێرانیه‌کان ده‌کات و ده‌نوسێت:" هه‌ندێک ئامۆژگاری دۆستانه‌م بۆ ئێران ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌مریکییه‌ک بکوژرێت، ئێمه ئێران به‌به‌رپرسیار ده‌زانین، باش بیرى لێبکه‌نه‌وه".
هاوڵاتى نرخى نه‌وت له بازاره‌کانى جیهان به‌رزبووه‌ته‌وه‌و یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت به 51 دۆلار‌و 53 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 24ى کانونى یه‌که‌مى 2020، یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت به 51 دۆلار‌و 53 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. هه‌روه‌ها یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به 48 دۆلار‌و 38 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. هاوکات، یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به 50 دۆلار‌و 76 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت له بازاردا به‌هۆى گه‌یشتنى ڤاکسینى کۆرۆنایه بۆ چه‌ندین وڵاتى جیاواز و خواست له‌سه‌رى زیادى کردووه.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بڕیارێکى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ئه‌مریکاى ئیدانه‌کرد بهئازادکردنى دوو سه‌ربازى ئه‌مریکى که له‌ساڵى 2007 ده‌ستیان له‌کوشتنى 14 هاوڵاتى عێراقیدا هه‌بووه. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 23ى کانونى یه‌که‌مى 2020، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یدا هاتووه:" به‌توندى ئیدانه‌ى ئه‌و بڕیاره‌ى سه‌رۆکى ئه‌مریکا ده‌که‌ین و پێمانوایه تاوانى کوشتنى به‌ناحه‌ق له‌م بڕیاره‌دا ره‌چاونه‌کراوه و له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقیاتى ئیداره‌ى ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر به‌هاکانى مافى مرۆڤ، دادوه‌ری، سه‌روه‌رى یاسا یه‌کناگرێته‌وه". هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌کراوه که ئه‌و بڕیاره‌ى تره‌مپ په‌راوێزخستن و به‌که‌مزانینى شکۆمه‌ندى قوربانییه‌کان و هه‌ست و سۆزى خێزان و که‌سوکاریانه. هاوکات ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه که له‌گه‌ڵ حکومه‌تى ئه‌مریکا به‌دواداچونى ته‌واو بۆ ئه‌و بابه‌ته ده‌که‌ن له‌ڕێگاى که‌ناڵه دپلۆماسییه‌کان و داواى پێداچونه‌وه به‌بڕیاره‌که‌دا ده‌که‌ن.
هاوڵاتى وه‌زیرى ته‌ندروستى به‌ریتانیا رایگه‌یاند جۆرێکى دیکه‌ى کۆرۆنا بڵاوبووه‌ته‌وه‌و هاوشێوه‌ى جۆره‌که‌ى دیکه تواناى بڵاوبونه‌وه‌ى خێراتره و تائێستا دو حاڵه‌تى توشبون تۆمارکراوه. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 23ى کانونى یه‌که‌مى 2020، داونینگ ستریت، مات هانۆک وه‌زیرى ته‌ندروستى بریتانیا رایگه‌یاند:" جۆرێکى دیکه‌ى کۆرۆنا له‌وڵاته‌که‌مان ده‌رکه‌وتوه که شێوه‌ى گۆڕاوى جۆره‌که‌ى دیکه‌ى کۆرۆنایه و تواناى بڵاوبونه‌وه‌ى خێراتره و تائێستا دو حاڵه‌تى توشبون تۆمارکراوه". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:"ئه‌و دو حاڵه‌ته‌ى که توشبوى جۆره نوێیه‌که‌ى کۆرۆنان دو گه‌شتیار بون که چه‌ند هه‌فته‌ى رابردو لهئهفریقاى باشوره گه‌ڕاونه‌ته‌وه".
هاوڵاتى له‌په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، مایک پۆمپیۆ پشتیوانى به‌رده‌وامیى وڵاته‌که‌ی بۆ میدیاى ئازاد له‌عێراق دوپاتکردۆته‌وه. ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه 22ى کانونى یه‌که‌مى 2020، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنى له‌مایک پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکاوه پێگه‌یشت. به‌پێی تویتێکی مایک پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانى پشتیوانى به‌رده‌وامى ئه‌مه‌ریکاى بۆ میدیاى ئازاد له‌عێراق دوپاتکردۆته‌وه.
کاکه‌لاو عه‌بدوڵا پێشبینى ده‌کرێت سزا نوێیه‌کانى واشنتن بۆ سه‌ر ئه‌نقه‌ره له‌مه‌ڕ کڕینى سیسته‌مى به‌رگریى ئاسمانى ئێس-٤٠٠ى رووسى زیانێکى کوشنده بدات لهژێرخانى به‌رگریى تورکیا، له‌کاتێکدا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان باس له‌وه‌ده‌کات هێشتا «ده‌رگامان کراوه‌یه« بۆ گفتوگۆ‌و لێکتێگه‌یشتن. دووشه‌ممه‌ى رابردوو، ١٤ى کانونى یه‌که‌مى ٢٠٢٠، ئه‌مریکا سزاى سه‌پاند به‌سه‌ر پیشه‌سازى ژێرخانى به‌رگریى تورکیا‌و سه‌رۆکى ئاژانسه‌که کهئیسماعیل ده‌میره به‌هۆى کڕینى سیسته‌مى به‌رگرى ئێس-٤٠٠ى رووسى له‌ساڵى ٢٠١٩. پیشه‌سازى ژێرخانى به‌رگرى تورکیا ئه‌و دامه‌زراوه حکومیه‌یه که به‌رپرسیاره له‌دابینکردن و هه‌نارده‌کردنى که‌لوپه‌لى سه‌ربازیى و گه‌شه‌پێدانى پیشه‌سازى به‌رگریى ناوخۆ. مایک پۆ‌مپێیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند: «ئه‌مریکا چه‌ندین جار‌و له‌سه‌ر ئاستى باڵا ئه‌وه‌ى بۆ تورکیا روونکرده‌وه کڕینى سیسته‌مى ئێس-٤٠٠ ئاسایشى ته‌کنه‌لۆژیاى سه‌ربازیى ئه‌مریکا ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه‌و بودجه‌ى به‌رچاو دابین ده‌کات بۆ که‌رتى به‌رگریى رووسیا له‌گه‌ڵ ده‌ستپێگه‌یشتنى رووسیا به‌پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیا». پۆ‌مپێیۆ وتیشى سه‌ره‌ڕاى ئاگادارکردنه‌وه‌کان تورکیا سوور بوو له‌سه‌ر کڕینى سیسته‌مه‌که‌و داواشى له‌تورکیا کرد ده‌ستبه‌جێ «کێشه‌ى سیسته‌مى ئێس-٤٠٠ چاره‌سه‌ر بکات به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا». سزاکان قه‌ده‌غه‌کردنى مۆڵه‌تپێدان ده‌گرێته‌وه به‌و که‌لوپه‌لانه‌ى ئه‌مریکاو ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى هه‌ر قه‌واره و موڵکێکى دامه‌زراوه‌که که له‌ژێر ده‌ستى حکومه‌تى ئه‌مریکیدا بێت. دوابه‌دواى سه‌پاندنى سزاکان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆکى تورکیا رایگه‌یاند، «سزاکانى ئه‌مریکا ئامانجیان ئه‌وه‌یه به‌ره‌وپێشچوونه‌کانى که‌رتى به‌رگریى تورکیا بوه‌ستێنن و وا له‌و وڵاته بکه‌ن دووباره پشت به‌وڵاتانى تر ببه‌ستێت، ئه‌م بڕیاره هێرشێکه بۆ سه‌ر سه‌ربه‌خۆیى تورکیا». به‌ڵام لهشهممهى رابردوودا، ئه‌ردۆغان به‌تۆنێکى جیاوازتر قسه‌ى کرد و وتی: «ئێمه ده‌رگاکانمان به‌کراوه‌یى جێدێڵین بۆ ئه‌وانه‌ى ئاماده‌ى دانیشتن و دانوستانن له‌گه‌ڵمان له‌سه‌ر مه‌رجى یه‌کسان و رازیبوونیان بهئۆڤهرى دادپه‌روه‌رانه«. دوابه‌دواى راگه‌یاندنى سزاکان، دوو بۆچوون له‌تورکیا سه‌ریانهه‌ڵداوه که‌یه‌کێکیان به‌رگریکردن له‌حکومه‌ته و باس له‌وه ده‌کات پێشتریش سزا سه‌پێنراوه، به‌ڵام ته‌نها روحیه‌تى نیشتمانیى زیاد کردووه‌و ژێرخانى به‌رگرى وڵاته‌که له‌وه به‌هێزتره ئه‌م سزایانه کاریگه‌ریى لێبکه‌ن. به‌ڵام بۆچوونه‌که‌ى تر پێچه‌وانه‌ى بۆچوونى یه‌که‌مه‌و شاره‌زایان پێیانوایه سزاکانى ئه‌مریکا گورزێکى کوشنده ده‌دات له‌که‌رتى به‌رگرى تورکیا له‌ماوه‌ى دوو بۆ سێ ساڵى داهاتوودا. پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیا پشتێکى زۆرى به‌ستووه بههاوردهى ئه‌مریکا، به‌پێى راپۆرتێکى یه‌کێتى به‌رهه‌مهێنه‌رانى پیشه‌سازى ئاسمانى و به‌رگریى تورکیا له‌ساڵى ٢٠١٩، ئه‌نقه‌ره به‌به‌هاى یه‌ک ملیار‌و (٤٠٠) ملیۆن دۆلار که‌لوپه‌لى سه‌ربازیى له‌ئه‌مریکا کڕیوه، که‌زۆربه‌یان مادده‌ى خام و به‌رهه‌مى نیمچه دروستکراون، ئه‌مه‌ش له‌سه‌دا ٤٥٪ى کۆى گشتى هاورده‌کردن پێکده‌هێنێت که سێ ملیار‌و (١٠٠) ملیۆن دۆلار بووه له‌ساڵى رابردوودا. له‌و بڕه (٦٤٨) ملیۆن دۆلارى بۆ هاورده‌ى که‌لوپه‌لى هێزى ئاسامانى بووه، له‌کاتێکدا (٤٦٤) ملیۆنى بۆ فڕۆکه‌ى شارستانى و (١٠٧) ملیۆن دۆلاریش بۆ سیسته‌مى زه‌مینى رۆیشتووه. «سزاکان کاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر له‌سه‌دا ٤٠٪ى هاورده‌ى پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیا که له‌ئه‌مریکاى ده‌کڕێت و ده‌گونجێت کاریگه‌رییه‌کى رووخێنه‌رى هه‌بێت له‌حاڵه‌تى به‌رده‌وامبوونى سزاکان بۆ دوو بۆ سێ ساڵى داهاتوو»، شاره‌زایه‌کى بوارى به‌رگریى تورکیا، که‌ناوى نه‌هاتووه، ئه‌مه‌ى بهپێگهى ئهلمۆنیتهرى ئه‌مریکى وت. به‌پێى راپۆرتێکى میدڵ ئیست ئاى به‌ریتانی، سزاکانى ئه‌مریکا کار ناکاته‌سه‌ر ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ى پێشتر بۆ هه‌نارده‌کردن ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر دراوه، وه‌ک پارچه‌ى یه‌ده‌گى ئێف-١٦ى تورکی، به‌ڵام ده‌کرێت کاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر چه‌ندین گرێبه‌ستى ساڵانه که به‌هاکه‌یان نزیک ده‌بێته‌وه له‌دوو ملیار دۆلار، که له‌لایه‌ن پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیاوه ئیمزا کراوه. به‌پێى راپۆرته‌که، ده‌کرێت سزاکانى واشنتن کێشه دروستبکه‌ن بۆ پرۆژه‌ى فره ملیار دۆلارى، له‌وانه که‌شتى جه‌نگیى بچووک، فڕۆکه‌ى شه‌ڕى سووک و راهێنانى (هێرجێت)، هه‌روه‌ها فرۆکه‌ى جه‌نگیى نه‌وه‌ى پێنجه‌مى TFX. جان که‌ساپۆغلۆ، به‌ڕێوەبه‌رى توێژینه‌وه‌ى به‌رگریى له‌ناوه‌ندى تووێژینهوهى ئیدامى تورکى به‌میدڵ ئیست ئاى راگه‌یاندووه، «پاکێجى سزاکان سووک نییه. پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیا بزووێنه‌رى سه‌ره‌کى پرۆژه به‌رگرییه‌کان و هه‌ماهه‌نگییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى تورکیایه که‌خۆى ده‌بینێته‌وه له‌گواستنه‌وه‌ى ته‌کنه‌لۆجیاو به‌رهه‌مهێنانى هاوبه‌ش». که‌ساپۆغلۆ باسى له‌وه‌شکرد که دامه‌زراوه به‌رگرییه‌که‌ى تورکیا له‌ئێستادا «سه‌ده‌ها پرۆژه‌ى سیسته‌مى چه‌ک و گرێبه‌ستى گرانبه‌هاى به‌رگریى به‌ڕێوه‌ده‌بات». له‌ئێستادا پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیا کار له (٧٠٠) پرۆژه‌دا ده‌کات، که به‌هاکانیان زیاتره له‌نۆ ملیار دۆلار که‌زۆرێکیان په‌یوه‌ستن به‌مۆڵه‌تى هه‌نارده‌وه. زنجیره‌یه‌ک له‌پرۆژه‌ى ناوخۆیى پشتیان به‌ستووه به‌سه‌ده‌ها سیسته‌مى دروستکراوى ئه‌مریکى و له‌م روانگه‌یه‌وه سزاکان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ له‌باربردنى پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیا له‌ماوه‌ى درێژخایه‌ندا. به‌پێى وته‌ى شاره‌زا به‌رگرییه‌که‌ى قسه‌ى بۆ ئه‌لمۆنیته‌ر کردووه، پێده‌چێت سزاکان لایه‌نى سێهه‌م، واته وڵاتانى تر، سارد بکاته‌وه لهههماههنگیکردن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه تورکییه‌که‌دا. به‌پێى راپۆرته‌که‌ى ئه‌لمۆنیته‌ر، هه‌موو ئه‌م مه‌ترسییانه کار ده‌که‌نه‌سه‌ر پێویستییه‌کانى بزوێنه‌رى فڕۆکه‌و تانکى تورکى له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له‌پرۆژه‌ى نیشتمانى که‌په‌یوه‌ستن به‌که‌لوپه‌لى گرنگ وه‌ک هه‌لیکۆپته‌رى T-70، فڕۆکه‌ى جه‌نگى TFX، فڕۆکه‌ى راهێنانى (هێرجێت)، که‌شتى جه‌نگى (میڵگێم) و هه‌نارده‌کردنى هه‌لیکۆپته‌رى T129ى هێرشبه‌ر. به‌رپرسانى ئیداره‌ى تره‌مپ له‌مێژه داواى سه‌پاندنى سزا ده‌که‌ن به‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌دا کاتێک له ته‌مموزى ٢٠١٩ یه‌که‌مین پارچه‌کانى سیسته‌مه‌که‌ى پێگه‌یشت، که واشنتن پێیوایه سیسته‌مه‌که ده‌کرێت به‌کاربهێنرێت بۆ کۆکردنه‌وه‌ى زانیارییه نهێنییه‌کانى فڕۆکه‌ى ئێف-٣٥ى ئه‌مریکی. به‌پێى ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ رووسیا ئه‌نجامیداوه، تورکیا دوو ملیار و (٥٠٠) ملیۆن دۆلارى داوه به‌مۆسکۆ له‌به‌رامبه‌ر کڕینى سیسته‌مه‌که‌دا، که‌پێیوایه پێویستییه‌کى هه‌نوکه‌ییه به له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و ململانێ سه‌ربازییانه‌ى لهدهوروبهرى وڵاته‌که‌یدا هه‌ن و رایگه‌یاندووه هاوپه‌یمانه‌کانى به‌ئه‌مریکاشه‌وه له‌ناتۆ نه‌یانتوانیوه جێگره‌وه‌یه‌کى بۆ دابین بکه‌ن – وه‌ک سیسته‌مى به‌رگرى پایتریۆتى ئه‌مریکى - که لایان قبوڵکراو بێت. له‌ماوه‌ى چوار ساڵى سه‌رۆکایه‌تیدا دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکى ئه‌مریکا، ساردبووه له‌سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر ئهنقهرهداو چه‌ندین جار ڤیتۆى له‌سه‌ر سزا سه‌پاندن به‌سه‌ر وڵاته‌که‌دا کردبوو به‌هۆى نزیکى و په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغاندا. شاره‌زایان پێیانوایه ره‌زامه‌ندیى تره‌مپ له‌ئێستادا بۆ سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر تورکیادا بۆ کێشه دروستکردنه بۆ ئیداره‌ى داهاتووى جۆو بایدن، سه‌رۆکى ههڵبژیردراوى ئه‌مریکا. جۆن سۆلۆمۆ، ستوونوسى ئاژانسى هه‌واڵى باشورى ئاسیا له‌وتارێکدا نووسیویەتی: «ئه‌و راستییه‌ى که ئه‌مجاره دۆناڵد تره‌مپ سزاى کۆنگرێسى نه‌وه‌ستاند وه‌ک پێشتر له‌سێ ساڵى رابردوودا کردی، ره‌نگه بۆ ئه‌و ئاره‌زووه‌ى بگه‌ڕێته‌وه که‌ده‌یه‌وێت تاده‌توانێت کێشه بۆ جۆو بایدنى سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراو دروستبکات». بایدن که تووڕه‌یى خۆى نه‌شاردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانى ئه‌ردۆغان، به‌ڵێنیداوه ده‌بێت سه‌رۆکى تورکیا «باجی» کرده‌وه‌کانى بدات دژ به‌کوردو ئه‌و کێشانه‌ى دروستکردووه له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستدا. له‌لایه‌کى تره‌وه یه‌کێتى ئه‌ورپا چه‌ند سزایه‌کى دژى تورکیا راگه‌یاندووه‌و ئه‌نجێلا مێرکڵ، راوێژکارى ئه‌ڵمانیا، ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو کهههماههنگى له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى نوێى ئه‌مریکا ده‌که‌ن بۆ توندکردنه‌وه‌ى سزاکان و قهدهغەکردنى فرۆشتنى چه‌ک به‌ئه‌نقه‌ره. تا به‌هارى داهاتوو سزاکان قورس‌تر ده‌بنه‌وه‌و ئه‌مریکاو ئه‌وروپا پێکه‌وه هه‌ماهه‌نگى ده‌که‌ن بۆ سه‌پاندنى سزاى زیاتر، که ئه‌گه‌ر ئه‌مه رووبدات زیانێکى زۆر بهئابورى تورکیا ده‌که‌وێت. «ئه‌وکات ئه‌ردۆغان به‌هۆى بێزارى رایگشتى سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵسوکه‌وته داپڵۆسێنه‌ره‌کانى دژى نه‌یاره‌کانى و چه‌وت به‌ڕێوەبردنى ئابورى وڵاته‌که‌ی، ئیتر ناتوانێت ئه‌وه‌نده دژى رۆژئاوا بوه‌ستێته‌وه«، سۆلۆمۆ واى نوسیووه.
شاناز حه‌سه‌ن سه‌ره‌ڕاى که‌مبوونه‌وه‌ى گیانله‌ده‌ستدان و تووشبوون به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم ده‌ڵێت:»خۆپارێزى له‌کۆرۆنا به‌رده‌وام ده‌بێت تاکۆتایى پێدێت». ماوه‌ى زیاتر له‌دوو هه‌فته‌یه ژماره‌ى تووشبوون و گیانله‌ده‌ستدان به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستان که‌مبووه‌ته‌وه‌و کۆى تووشبووان گه‌یشتووه‌ته (101) هه‌زارو (661) تووشبوو، چاکبوونه‌وه (66) هه‌زارو (903) تووشبوو، سێ هه‌زارو (340) تووشبووش گیانیان له‌ده‌ستداوه. ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت»راسته ژماره‌ى تووشبوون و گیانله‌ده‌ستدان که‌مبووه‌ته‌وه، به‌ڵام رێکاره‌کانى خۆپارێزى وه‌ک خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن تا ڤایرۆسه‌که کۆتایى پێدێت». هه‌روه‌ها وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، که‌مبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى تووشبوون په‌یوه‌ندى بهڕێکارهکانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و ئاستى خۆپارێزى تاک هه‌یه تاراده‌یه‌ک، چونکه زیاتر توندکردنه‌وه‌ى رێکاره‌کان له‌لایه‌ن وهزارهتهوهو هه‌ڵمه‌تى هۆشیارى تاکپارێزى و داخستنى قوتابخانه‌کان و هه‌موو ئه‌مانه کاریگه‌رییان هه‌بووه لهکهمبوونهوهى تووشبووان به‌کۆرۆنا. هاوکات، ئاسۆ حه‌وێزى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه، «ڤایرۆسى کۆرۆنا ناتوانرێت گه‌ره‌نتى بکرێت»، بۆیه که‌مبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى تووشبووان ماناى ئه‌وه‌نییه که رێکاره‌کان که‌مبکه‌نه‌وه، به‌ڵکو تا بوونى حاڵه‌تى کۆرۆنا ده‌بێت رێکاره‌کان وه‌ک خۆیان به‌رده‌وام بن تا کۆتایى پێدێت».
هاوڵاتى نرخى نه‌وتى خاو به‌رده‌وامه له به‌رزبونه‌وه‌و ئه‌مڕۆ شه‌ممه یه‌ک به‌رمیل نه‌وت گه‌یشتووه‌ته 52 دۆلار‌و 32 سه‌نت. ئه‌مڕۆ شه‌ممه 19ى کانونى یه‌که‌مى 2020، یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت به 52 دۆلار‌و 32 سه‌نت له‌بازاره‌کاندا مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. هه‌روه‌ها یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به 48 دۆلار‌و 96 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. هاوکات یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به 51 دۆلار‌و 17 سه‌نته‌وه مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وتى خاو بۆ کاریگه‌رییه‌کانى ڤاکسینى کۆرۆنا ده‌گه‌رێته‌وه که گه‌یشتووه‌ته زۆربه‌ى وڵاتان و تا راده‌یه‌ک جوڵه‌ى بازارى نه‌وتى زیاد کردووه. هه‌فته‌ى رابردوو وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ئه‌وه‌ى ئاشکرا کرد له‌سه‌ره‌تاى ساڵى نوێدانرخى نه‌وتى خاو بۆ هه‌ر به‌رمیلێک ده‌گاته 55 دۆلار.
