هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ بارانبارین له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت و پله‌كانی گه‌رماش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو نزم ده‌بنه‌وه‌. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ ئاسمان له‌ زۆربه‌ی كاته‌كان هه‌وری ته‌واو ده‌بێت ، له‌كاته‌كانی دوای نیوه‌رۆ باران بارین به‌ شێوه‌ی پچڕ پچڕ و هه‌ندێك كات به‌ لێزمه‌ ده‌بێت و هه‌وره‌ تریشقه‌شی له‌گه‌ڵدا ده‌بێت  له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێم، پله‌كانی گه‌رماش به‌گشتی نزمده‌بنه‌وه‌ به‌رێژه‌ی 2-5 پله‌ به‌راورد به‌ تۆماركراوه‌كانی دوێنێ. لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی دەڵێت، "نمەباران دەبارێت؛ لە شەودا دەبێتە لێزمەباران و هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت. هاوکات کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دابەزینی پلەی گەرما کردووە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما 2 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزێت؛ سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ 1 بۆ 2 پلەی دیکە دادەبەزێت. بەرزترین پلەکانی گەرمی پێشبینیکراوی سبەی پێنجشەممە بە پلەی سلیزی: هه‌ولێر : 26 سلێمانی  : 24 دهۆك  :  25  زاخۆ  : 25 هه‌ڵه‌بجه‌ : 25 كه‌ركوك : 26 سۆران : 23  حاجی ئۆمه‌ران : 17 گه‌رمیان : 27  

زریان فەرەیدوون وتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی داوا لە سەرجەم کرێکاران دەکات خۆیان دەستەبەر بکەن و سەرۆکی سەندیکای کرێکارانیش دەڵێت کرێکاران متمانەیان بەو دەستەبەرە نییە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی لە پرۆژە یاساکەدا هەیە پێشکەش بە کرێکاران ناکرێت . ئەمڕۆ ١/٥ ڕۆژی جیهانی کرێکارانە و لە سەرجەم دام و دەزگانی هەرێم پشوی ڕەسمییە بەڵآم گەر بەرەبەیان بچیتە ناوبازاڕی سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگاکە دەبینیت کرێکاران  بەردەوامن لە کارکردن ، لەگەڵ ئەوەی پشوو وەرناگرن نە شوێنی کارەکانیان سەلامەتە و نە مافەکانیان پارێزراوە. سەبارەت بە ڕەوشی کرێکارانی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند، "دۆخی کرێکاران بە ڕاستی خراپە، هەمان حاڵەت و کێشەکانی ڕابردوو دوبارە دەبێتەوەو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەم یاداشت و داخوازی و داواکارییەکانمانەوە نایەن". ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەوەی لای ئێمە زۆر گرنگە و پێویستە  چارەسەر بکرێت جێبەجێکردنی سەلامەتی پیشەیی و گرێبەستی کاری کرێکارانە لە شوێن کارەکانیاندا بەڵام ئەو بە ڕێوبەرایەتییانەی بەرپرسن لەم کەیسانە زۆر لاوازن ، لەگەڵ ئەوەی  حکومەتی خۆجێیشمان لێی ئاگادار کردۆتەوە بەڵام هیچمان بۆ نەکراوە هیچ هاتنە پێشەوەیەک نەبووە." پرسی سەلامەتی لە شوێنی کاردا:  سەلامەتی شوێنی کار و دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران یەکێکە لەو پرسانەی بەردەوام باسدەکرێت و حکومەتی هەرێم دەڵێت بەرەوپێشچونی بە خۆیەوە بینیوە بەڵام سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت هەندێک بڕیارلە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەوە دەرکراوە بەڵام بەتەواوی ناخرێنە کار و میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دڵخۆشکەر نییە. بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵ لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە، لە سلێمانی ئەم ساڵ حەوت کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە دوایین کرێکار ئێوارەی دوێنێ گیانی لەدەستدا، لە هەولێر سێ کرێکار و لە دهۆک دوو کرێکار گیانی لەدەستداوە، لە هەڵەبجە هیچ کرێکارێک لەکاتی کاردا گیانی لەدەست نەداوە . سەبارەت بە پرسی سەلامەتی شوێنی کار وتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاریان ئەحمەد لە لێدوانێکدا بەهاوڵاتی راگەیاند ، "زۆرکات خاوەن پرۆژەکە کەرەستەکانی سەلامەتی دابینکردووە، بەڵام کرێکارەکان پێوەی پابەند نابن بەتایبەت ئەو کرێکارانەی لە باڵەخانە بەرزەکاندا ئیش ئەکەن کە بەکارنەهێنانی ئەو کەرستانە مەترسی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژیانیان". ئەوەشی وت "لیژنەکانی ئێمە بەردەوام دەگەڕێت و چاودێری پرۆژەکان دەکات و زۆرجاریش لەسەر پرسی سەلامەتی خاوەنکار سزادراوە" وتەبێژی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت زۆری ڕوداوەکانی سەلامەتی لە شوێنی کاردا   ئاماژەی بەوەدا "کرێکارەکان نایەن سکاڵا بکەن و بڵێن خاوەنکارەکان کەرەستەکانی سەلامەتی دابین ناکەن، هەروەها زۆرکاتیش لەکاتی رووداوەکان کەئێمە لیژنەی بۆ پێکدەهێنین هیچ سکاڵایەک نییە لەسەر خاوەنکارەکان". وتیشی، " کرێکارەکان زۆر جار بەرژەوەندی خاوەن کارەکە لەبەرچاودەگرن لەبەر ئەوەی موچەیەکی ئەداتێ و زۆرجار ئەو کێشەیەی هەیە  ناوێرن باسی بکەن و شکات بکەن کاتێک لیژنەکانی ئێمە ئەچێت ڕاستییەکان بڵێن و لەویایا زۆرجار مافی کرێکارەکە پێشێل دەکرێت و ئێمەش گەر ڕاستییەکانمان پێنەڵێن ناتوانین هیچیان بۆبکەین". ئاریان ئەحمەد دڵنیایی دەدات بەکرێکاران و دەڵێت" ئێمە هێڵی گەرمان هەیە کە ژمارەکەی ٥٠٠٥  هەر کرێکارێک سکاڵای هەبێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات و ناوەکەشی پارێزراو دەبێت". لەم بارەیەوە سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت،" حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوردی چاودێری پرۆژەکان ناکات و لێپێچینەوە ناکات و ئەو لیژنانەی کە تایبەتن بە سەلامەتی پیشەی تەندروستی بۆ شوێنکارەکان کە سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتین لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم چالاک نین و زۆر لاوازن یانیش هەر کارناکەن". باسی لەوەشکرد کە ئەوان وەک سەندیکای کرێکارانی کوردستان  لە شاری سلێمانی ماوەی پێنج ساڵە لیژنەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ قایمقامییەتی سلێمانی هەیە کە لە پرسی  سەلامەتی پیشەیی لە شوێن کار بۆ کرێکاران دەکۆڵێتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی تەنیا یەک لیژنە هەیە لە سنوری سلێمانی و نزیک بە پێنج هەزار پڕۆژە و کارگە و شوێنی کار هەیە کە کرێکار ئیشی تیا دەکات تەنانەت ئەوانیش ناتوانن بەتەواوی چاودێری خاوەن کارەکان بکەن تا پێشێلکاری نەکەن. بەپێی ئامارێکی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەهەرێم، لەساڵی ٢٠٢٣دا ٧٣ کرێکار لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە کە ٥٢ کەسیان لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون و ٢١ کەسیشیان لەکەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٧٠ ساڵدابووە و ١٨ کرێکاری بیانیش گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی ئەو کرێکارانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٣ گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیە بووە، (لەهەولێر ٢٢ کرێکار، لەسلێمانی ١٩ کرێکار، لەدهۆک شەش کرێکار، لەهەڵەبجە پێنج کرێکار). وەک رێکخراوی بیناسازی ئاماژەی پێداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کاردکردندا لەساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان بووە لەشوێنە بەرزەکان. یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی کارکردن پاراستنی گیانی کرێکاران و بایەخدانە بەسەلامەتی ژینگەی کار، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی کەم بەم لایەنە دەدرێت و رۆژ بەڕۆژ کێشەو گرفتەکانی کرێکاران زیاتر دەبێت. پرسی دەستەبەری کۆمەڵایەتی:  لە ئێستادا  هیچ ئامارێکی فەرمی نییە کە چەند کرێکار هەن، بەڵام بەڕێوبەری سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی دەڵێت، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کرێکار بەس لە شاری سلێمانیدا هەن و زیاتر لە نیوەیان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان پڕنەکردۆتەوە و نییانە بە هۆی ئەوەی کرێکاران باوەڕیان بەو پڕۆژە یاسایە نییە. سەبارەت بە هۆکاری ئەمە چالاک ڕەوف بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، خاوەن کارەکان خۆیان لە دەستەبەرکردنی کرێکارەکانیان دەدزنەوە بۆ ئەوەی ناچارنەبن ئەو بڕە پارەیە بۆ کرێکارەکانیان بدەن و کرێکارانیش باوەڕیان بە پڕۆژە یاساکە نییە. ئەو کرێکارانەی ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆماردەکەن دەبێت ڕێژەی لە سەدا ١٧ ی مووچەکانیان بدەن بە سندوقی خانەنشینی، لەم بڕەش ڕێژەی ٪١٢ی خاوەن کارەکە بۆی دەدات ٪٥ ی کرێکارەکە خۆی دەیدات،لەبەرامبەر ئەمەدا کرێکارەکان کە گەشتنە تەمەنی خانەنشینی وەک فەرمانبەرەکانی دیکەی سەر بە حکومەتی هەرێم خانەنشین دەکرێن و مانگانە مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە. هاوکات لەناو پڕۆژە یاساکەدا جگە لە خانەنشینکردنی کرێکارەکان چەندین خزمەتگوزاری دیکە هەیە کە پێویستە بۆ کرێکارانی بەشدار دابین بکرێت ، کە بە گوتەی چالاک ڕەوف هیچکام لەو خزمەتگوزارییانە بۆ کرێکاران دابین ناکرێت کە بەشدارییان لە پڕۆژەکەدا کردووە و ناویان تۆمار کردووە.  بەشێک لەو خزمەتگوزارییانە لە زاری بەڕێوبەری سەندیکای کرێکارانی کوردستانەوە : یەکەم:  " لە پرۆسەی ناو تۆمار کردنی کرێکاران بۆ خانەنشینی بابەتێک هەیە کە پێی ئەڵێن سەلامەتی پیشەی یانی کرێکارەکە پارەکە دەدات حکومەت ئەرکە لەسەر شانی سەلامەتی پیشەی بۆ کرێکارەکان دابین بکات ، سەلامەتی پیشەی ئەوەیە کە کرێکارێک نەخۆشکەوت یان بریندار بوو بەبێ بەرامبەر چارەسەری بۆ بکرێت یانیش کەم ئەندام بوو چارەسەری بۆ بکرێت و خانەنشین بکرێت لەسەر ئەم پارەیەی بۆ خانەنشینی دەیدات ." دووەم: "گەر کرێکارێک شوێنی کارەکەی گۆڕی لە جێگایەک بۆ جێگەیەکی دیکە بەهۆی ئەوەی بەشداری کردووە لەم سندوقەدا پێویستە حکومەت بۆ ئەو چەند مانگەی کاری نییە پارەی بۆ سەرف بکرێت." سێیەم : " تایبەتە  بەو کرێکارانەی ئافرەتن کە مەسەلەی مۆڵەتی دایکایەتییە ، هەر خاتونێک بەشداری و ئیشتیراکی لە سندوقی خانەنشینیدا کردبێت لە یاساکەدا هاتووە و مادەکەش هەموارکراوەتەوە کە دەڵێت دەبێت لەمۆڵەتی دایکایەتیدا سندوقی خانەنشینی مووچەی ئەم کرێکارە ژنە بدات بەو ماوە یاساییەی کە بۆی دیاری کراوە، وەک چۆن لە کەرتی حکومی فەرمانبەرێک مۆڵەتی دایکایەتی هەیە و مووچەی دەدرێتێ. چالاک ڕەوف دەڵێت لەگەڵ ئەوەی هیچکام لەو خزمەتگوزارییە زۆرانەی لە پڕۆژە یاساکەدا هەن بۆ کرێکاران دابین ناکرێت و تەنها خانەنشینییەکەی جێبەجێدەکرێت کە ئەویش ڕێژەیەکی زۆر زۆر کەمە و بەرچاو نییە لە هەمان کاتدا خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە کە کرێکارەکە دەچێتە لای حکومەت بۆ ئەوەی پارەی  دەستەبەرییەکەی بدات هیچ  پسوڵەیەکیان نادرێتێ کە بیسەلمێنێ ئەم کرێکارە پارەکەی داوە بە سندوقی خانەنشینی ئەمەش وایکردووە کرێکاران باوەڕیان بە پڕۆسەکە بە شێوەیەکی گشتگیر نەبێت.  چالاک رەئوف سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان باسی لەوەشکرد کە ئەو شەش کرێکارەی لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە  " هەر شەشیان لە بواری بیناسازیدا ئیشیانکردووە و ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆمار نەکراوە و هەر شەشیان ئەوانەن لە دوای مردنیان هیچ یاساو قانونێک شمولیان ناکات و گیانیان بەهەدەر چووە" شەوی ڕابردووش هەر لە سلێمانی کرێکارێکی دیکە لە کاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا.  لە هەرێمی کوردستان بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ـی ساڵی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987. بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، 20 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنە. بۆ ئافرەتانیش 20 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری کراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەر کراون و ئێستا 880 کەس [کرێکار] خانەنشینی وەردەگرن.

هاوڵاتی دەستەیەک لە مامۆستایانی وانەبێژ لە بەغدان بە مەبەستی چاودێریکردنی بەرەوپێشچونی کەیسی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە لە بەغدادن. کارۆخ عبدوڵا گوڵاوی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم ئەمڕۆ چوار شەممە لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکەیان بە هاوڵاتی ڕاەیاند، "دەستەیەک لەنوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقمان کرد ، بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیری و پشتیوانی وەزارەتی دارایی عێراق و پەڕلەمانتارانی لیژنەی دارایی عێراق و پەڕلەمانتارانی دیکە سەبارەت بە پرسی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لە ەرێمی کوردستان ." وتیشی، " لەهەوڵداین سبەی پێنج شەممە لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی دارایی عێراق کۆبینەوە ". باسی لەوەشکرد کە لەگەڵ  ئالان حمە سعید وەزیری پەروەردەی هەرێم کۆبونەتەوەو پێی ڕاگەیاندوون "هەموو داتا و زانیاری وانەبێژانمان بە نووسراو و سیڤی بەزمانی عەرەبی بەشێوەی گرێبەست ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقمان کردوە بۆ تەرخانکردنی دارایی پێویست لەلایان حکومەتی ناوەند بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم دەستبکات بەدامەزراندنی مامۆستایایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست ، لەئێستادا چاوەڕێی وەڵامی فەڕمی حکومەتی فیدڕاڵن ." ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ ڕاشیگەیاند کە ، دوێنێ سێ شەممە  30 ی4 لەگەڵ هەریەک لە جمال کۆچەر ئەندامانی لیژنەی دارایی عێراق و  سۆران عمر ئەندامانی پەڕلەمانی عێراق سەبارەت بە هەمان پرس کۆبوونەتەوە و لەدانیشتنەکەدا سەرجەمیان پشتیوانی خۆیان بۆ پشتوانی کردنی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێم دووپاد کردۆتەوە. ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێم 740 ،37 هەزار وانەبێژە پێویستی تەرخانکردنی دارایی بۆ گرێبەست بوونیان زیاتر لە 18 ملیار دیناری مانگانەی پێویستە .  

هاوڵاتی دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات: ئەمشەو سێشەممە 30ی نیسانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و هۆشدارییان پێ دەدات کە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن: 1ـ دووربکەونەوە لەو شوێنانەی ئاوی زۆری لێ کۆبووەتەوە. 2ـ دەستکاری هێل و تەلەکانی کارەبا مەکەن ئەگەر لەسەر زەوی کەوتبوون چونکە تۆ دلنیا نیت کارەبای تێدا ماوە یان نا. 3- بەهیچ شێوەیەک نزیک چەم و دۆڵ و ڕووبارەکان مەکەونەوە، چونکە لەوانەیە لە ناکاو ئاستی ئاو بەرز ببێتەوەو مەترسی بۆ سەر گیانت هەبێت. 4ـ لەم چەند ڕۆژەی ئەم شەپۆلە باشترە هاونیشتیمانیان زەرور نەبێت سەفەر نەکەن بۆ شارەکان بۆ سەلامەتی خۆیان. 5- شوفێرانی بارهەلگر پێویستە هێواش ئۆتۆمۆبیلەکانیان لێ بخووڕن بە پێچەوانەوە کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. 6ـ ئاژەلداران و شوانکاران هەولبدەن دووربکەونەوە لە بەرزاییەکان و ئەو شوێنانەی دار و محاویلەی لێیە لەبەر مەترسی هەورە بروسکە. 7ـ لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەکاتی بوونی مەترسی بەزووترین کات پەیوەندی بکەن بە تیمەکانی بەرگری شارستانی لە رێگای ژمارە 115.

هاوڵاتی چوار فراکسیۆنی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رەتیدەکەنەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 30ی نیسانی 2024 هەریەک لە فراکسیۆنەکانی یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند "بە تووندی دژی هەموو هەوڵێكین بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان". بەیاننامەكە لەلایەن سەرۆكی هەر چوار فراكسیۆنەكەوە واژۆكراوە و داوا لە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران و دادگای فیدراڵی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەكەن دژی ئەو هەوڵانە بوەستنەوە و گرەنتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكەن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا لە 10ی حوزەیرانی 2024. هەوڵەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بڕیاریداوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، هەروەها بڕیاری دادگای فیدراڵیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان بوونەتە بیانوویەک کە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ماوەی چەند رۆژێک دەبێت بەهۆی ئەو هێرشەی کرایەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە راگیراوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی بەهەمهێنانی کارەبا کردووە. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 30ی نیسانی 2024، سەرچاوەیەکی تایبەت لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەپێی ئەو کارانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا کردووەیەتی ئەمشەو سێشەممە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە". ئێوارەی رۆژی هەینی 26ی نیسانی 2024 لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی ‌غازی کۆرۆمۆر لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی ‌هێرشەکە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانێکی مادی زۆریشی لێکەوتەوە و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانى عێراق لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى کۆمیسیارانى عێراق کۆبوەوە و جەختى لە گرنگیی ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کرد بە رێککەوتنى سیاسی سەرجەم لایەنەکان. نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ محەمەد شیاع سودانى پێشوازی لە عومەر ئەحمەد محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان كرد و لەمیانی دیدارەکەدا، گرنگترین ئەو ڕێکارانەیان خستەڕو، کە کۆمسیۆن دەیگرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، سودانی جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسی و بەشداریکردنی هەمو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق لە هەرێم و دڵنیابون لە بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەری و یەکسانی لە جێبەجێکردنی ئەم مافەدا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە دەبێت، بە شێوەیەک گرەنتی بەدیهێنانى مەبدەئى دادپەروەریى و یەکسانى بکرێت لە جێبەجێکردنى ئەو دەستکەوتە. هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌ 10ی 6ی 2024 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهاته‌كان بڕیاری بایكۆتیان له‌ پڕۆسه‌كه‌ داوه‌، له‌كاتێكدا یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ لیست و ناوی كاندیدانیان پێشكه‌ش كردوه‌ و ده‌ڵێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دوابخرێت  

هاوڵاتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بارانی پچڕپچڕ دەستپێدەکات و دوانیوەڕۆی سبەی چوارشەممە ئاستی دابارین زیاتر دەبێت و کەشناسێکی کوردیش هۆشداری ده‌داته‌ هاووڵاتییان له‌ باره‌ی سه‌ردانی كردنی ناوچه‌ شاخاوییه‌كان. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئاسمان هەور و نیمچە هەوردەبێت لەگەڵ بونی تۆز و خۆڵ و زیادبونى خێرایی با، لەکاتەکانی دواینیوەرۆ شەپۆلێکى هەورە تریشقە و باران بارینى پچڕ پچڕ لەسەرجەم ناوچە جیاجیاکان دەبارێت، لەشەودا کاریگەرى باران بارین کۆتایی دێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، لەبەربونى گۆڕانکارى لەم وەرزەدا ئەگەرى گۆڕانکارى هەیە دروست بێت لەکات و جۆرى دابارین و کەشەکە، بڕى باران بارینى پێشبینیکراو لەنێوان (5-10 ) ملم  ده‌بێت و خێرایى با مامناوەند دەبێت 15 بۆ 25 كیلۆمه‌تر ده‌بێت. لەبارەى کەشوهەواى رۆژى چوارشەممە 1ی ئایارى 2024 باسلەوەکراوە، ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ زیادبوونى خێرایی با، ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆز و خۆل لەسەر بەشێک لەناوچەکانى باشوورى پارێزگاى هەولێر و بەشێک لەئیدارەى گەرمیان و پاریزگاى کەرکوک هەیە. ئەوەشهاتووە، لەدواى نیوەڕۆ لەئەنجامى ئەو ناسەقامگیریەى هەیە لەکەشی ناوچەکەمان بارانبارین دەستپێدەکاتەوە، لەگەڵ شەپۆلێکى هەورە تریشقە و ئاستى دابارین لەسەر بەشێک لە پارێزگاکانى سلێمانى و ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت و پلەکانى گەرما (3 بۆ 5) پلەى دیکە نزمدەبنەوە.  هاوکات پشتیوان ئیبراهیم، شاره‌زای كه‌شناسی رایگه‌یاند، لە ئێوارەی ئه‌مڕۆ سێشەممە 30ی نیسان، تا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 5ی ئایاری 2024، كاریگەریی باران بارین بەردەوامی دەبێت. وتیشی: "بەتایبەتی رۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممە بارانی زۆرتر لەو سێ رۆژە دەبارێت، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لەو سێ رۆژە شاخی رەوی و ناوچە شاخاوییەکان به‌كار نه‌هێنن، چونكە هەورەگرمە و هەورەتریشقە (بروسکە) هەیە و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات". بڕی بارانبارینی پێسبینیکراو لە سنوری پارێزگاکانی هەرێم: سەنتەرى پارێزگاى هەولێر   (4-6 )ملم ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و ناوچەشاخاوییەکان (7-10 )ملم سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى (6-10 )ملم ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەرین (8-10 )ملم ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان (8-10 )ملم سەنتەرى پارێزگاى دهۆک (2-5 )ملم ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ (2-5 )ملم بەرزترین پلەکانی گەرمای پێسبینیکراو بە پلەی سلیزی: هەولێر : 25 سلێمانی  : 24 دهۆک  :  25  زاخۆ  : 25 هەڵەبجە : 25 کەرکوک : 27 سۆران : 23  حاجی ئۆمەران : 15 گەرمیان : 29

هاوڵاتی بە پێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ سێشەممە دادگاکە لەسەر پێنج سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە دوو لە سکاڵاکان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان، یەکێکیان پەیوەندی بە مووچەى ساڵی رابردووی فەرمانبەرانەوە هەیە. سکاڵای یەکەم لەلایەن  جەبار سەنەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر محەمەد شیاع سودانی تۆمارکراوە و تایبەتە بەناردنی سێ گوژمەی قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە سکاڵاکەدا داوادەکرێت، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بە نایاساییبوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەساڵی 2023 بۆ ناردنی بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار کە بە سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە. سکاڵای دووەمی تایبەتە بە پرسی داخستنی کەمپی ئاوارەکان و نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق  لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، سکاڵاکە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی رافد ناسر عەبدولکەریم لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرى پەروەردە تۆمارکراوە. سکاڵاکار لەسکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات، بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان کە بڕیارە تاوەکو 30ی تەموزی 2024 سەرجەم کەمپەکان دابخرێن، لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌ماوه‌ی رابردودا چه‌ند جارێك له‌باره‌ی پرسی موچه‌ و پشكی دارایی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كردوه‌، 21ی شوباتی ئه‌مساڵ بڕیاری "ته‌وتین" و پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی خۆیدا ده‌ركردوه‌.   هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشی زۆری تەرخاندەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ی ئاداری 2023 وەهەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا.  

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی ھەرێم ئاشکرادەکات. د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای یەکێتی راگەیاندووە، "بەھۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی ھەبووە لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆران، بۆیە رەوانەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانی کردووەتەوە و جارێکی دیکە وەزارەتی دارایی پێداچوونەوەی بە لیستەکەدا کردووە و کەموکورتییەکانی چارەسەرکردووە و ناردوویەتییەوە بۆ بەغداد، بۆیە وردبینی لیستی مووچە دواکەتووە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێدەچێت تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی ھەرێم بخاتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان". رۆژی 21ی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کرد و بڕیاربوو پێش کۆتایی ئەم مانگە مووچەی مانگی نیسان دابەشبکرێت.

هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی رایدەگەیەنێت نائومێدی کوشندەترین نەخۆشییە کە تووشی هەر میلـلەتێک دەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات گەل سەرمایەکی مەعنەویی و مرۆیی گەورەیە کە نابێت لەدەستی بدەن. لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەگەل سەردانی هەولێری کرد لەگەڵ لایەنگرانی کۆبووەوە رایگەیاند "پارتی و یەکێتی کوردستانیان بە ئاقارێکدا بردووە هیچ ئومێدێکیان نەهێشتووە، ئێمە دەمانەوێت جارێکی دیکە گەل بکەینەوە خاوەن بڕیار". ئاماژەی بەوەشکرد "رابردووم کردووەتە دەرسێک کە لە داهاتوودا کەڵکی لێوەربگرم، هەروەها گەل سەرمایەکی مەعنەویی و مرۆیی گەورەیە کە نابێت لەدەستی بدەین". وتیشی "نائومێدی کوشندەترین نەخۆشییە کە تووشی هەر میلـلەتێک دەبێت، تاکە چەک کە بەدەستی ئێمەیە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، کە یەکێتی و پارتی نیانە. باسی لەوەشکرد "شەڕی سیاسی خۆمان، دەبێت بە دەست و بازووی خۆمان بیکەین و هەرگیز پەلی دوژمن رانەکێشین بۆ ئەوەی کێشە ناوخۆییەکانی خۆمان پێ یەکلابکەینەوە، چونکە دڵنیابن بەرژەوەندیی ئەو وڵاتە دەکەوێتە پێش بەرژەوەندیی میلـلەتەکەمانەوە".

هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ بۆری گواستنەوەی غاز لە گوندی قزلەری سنووری پارێزگای کەرکوک شکا دوای چەند کاتژمێرێک توانرا بۆرییەکە چاک بکرێتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2024 بۆری گواستنەوەی غاز لە گوندی قزلەری سنووری پارێزگای کەرکوک شکا و دانیشتووانی گوندەکە ناوچەکەیان چۆڵکرد دوای چەند کاتژمێرێک کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ غاز لە بۆرییەک لەکێڵگەی جمبور دزەیکردووە بەھۆی کۆنی و بوونی پاڵەپەستۆوە لەسەر بۆرییەکە و راستەوخۆ لەلایەن تیمەکانەوە کۆنترۆڵکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "تیمەکان بۆرییەکەیان چاککردووەتەوە و رووداوەکە کاریگەری لەسەر پڕۆسەی بەرھەمھێنان نەبووە و ھیچ زیانێکی گیانیشی لێنەکەوتووەتەوە". بۆرییەکە دەکەوێتە گوندی قزلیار و لەھەمان ئەو شوێنەوە شکا کە لە 24ی کانونی دووەمی 2024 شکابوو.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی دانیشتنی دادگا بوو سەبارەت بە تاوانی تیرۆرکردنی خواناس وریا کە لە 22ی 6ی 2023 لە ناو بازاڕی چەمچەماڵ درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لەدەستدا، و لە دادگاییەکەدا بكوژی خواناس وتویەتی، " لەسەر باوەڕ کوشتم و تەواو". به‌هار مونزیر، به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوی خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان (PDO) ئەمڕۆ دووشەممە له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك بڵاویکردۆتەوە، كه‌ دانیشتنه‌كه‌ بە ئامادەبوونی خێزان و کەسوکاری وریا و 5 پارێزەر و ڕێکخراوەکان و داکۆکیکاران لە ماف و ئازادی لە کوردستان لە دادگای تاوانەکانی 3ی دادگای شاری سلێمانی بەڕێوە چووه‌.   له‌ دانیشتنه‌كه‌دا، وه‌ك به‌هار مونزیر باسی ده‌كات، وتەی تۆمەتبار وەرگیراوه‌و دادگا چەندین پرسیاری سەبارەت بە تاوانەکە لێكردووەو، له‌و وه‌ڵامیشدا بکوژ 23 جار وتی: "من مەلا فڵان هانی نەداوم و هیچ کەس هانی نەداوم بۆ ئەم کوشتنە تەنها خۆم بووم، بەتەنها بیرم لێکردۆتەوە و بەتەنها تاوانەکەم ئەنجامداوە". خواناس وریای تەمەن ٢٥ ساڵ  رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023 لەناو جەرگەی بازاڕی چەمچەماڵ، لە لایەن  ناسیاوێکی گەنجی خۆیەوە، کە لەسەر "بیروڕای ئاینی لەگەڵیدا ناگونجێت"، بە شەش فیشەک کوژرا. ئەو گەنجەی خواناسی " تیرۆر" کرد به‌ ناوی ( ‌ه ، ک ) لای هێزە ئەمنییەکان ناسراوەو بە بەرچاوی خەڵکەوە تاوانەکەی ئەنجامداوەو پیشەی پێشمەرگە بووه‌، هاوکات " گەنجێکی توندڕەوی بیروڕا ئیسلامی بووە". به‌هار مونزیر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا پرسیاری داواکاری گشتی و پارێزەرە خۆبەخشەکانی ڕێکخراوەکان وورد بوون و نوسیویه‌تی: "ئێمە لەگەل دادپەروەریداین، هەمان کات نیگەرانین لە کاریگەری ئەو گوتارانەی بەم ڕۆژەی بردین، بە پێویستی دەزانین هەڵوێست هەبێت بەرامبەر بەم جۆرە لە کوشتن کە لە کودستان هەبوە بەڵام کەم بوە لە رابردوودا".  

هاوڵاتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"یان گوتووە، "ئەگەر دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە بێت، ناتوانن چیدی پارەی هاوکاریی مانگانەی پێشمەرگە بنێرن." ئەمڕۆ دوشەممە ٢٩/٤/٢٠٢٤ میدیای پارتی لە زاری تیمی پڕۆژەی هەژماری منەوە بڵاویانکردەوە،ئەمریکا ئامادە نییە لە ڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە پارەی مووچەی پێشمەرگە بدرێت. حکومەتی ئەمریکا مانگانە 15 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاری و بۆ مووچەی پێشمەرگە دەنێرێت، پێشتر ئەو بڕە مانگانە 25 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەم ساڵەوە بڕی هاوکارییەکانی کەمکردەوە.   تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"  هۆکاری نەناردنی هاوکارییەکانی پێسمەرگە لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە  "چەند بانکێکی عێراقی لە لیستی رەشی ئەمریکان، دۆلاریان پێنادرێت و پێویستیان بەوەیە چوار بۆ پێنج ساڵ کار بکەن تاوەکو بتوانن لە لیستی رەشی ئەمریکا بێنە دەرەوە و دۆلاریان پێبدرێت."   وەک تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" دەڵێت "هەر مووچەخۆرێکیش لەڕێگەی ئەو بانکانەوە هەژماری بانکی بکاتەوە، دواتر ناتوانێت لە دەرەوەی وڵات دۆلار لە هەژمارەکەی رابکێشێت و ناشتوانێت دۆلار حەواڵە بکات."  ئەم گوتانەی تیمی پڕۆژەی هەژماری من لە کاتێکدایە، بۆ بەردەوامبوونی دابەشکردنی مووچە بەبێ کێشە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پێویستە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەی هەژماری منەوە بکرێت و حکومەتی عێراقیش داوا دەکات لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە بکرێت. هەر ئەمڕۆش، عەزیز ئەحمەد, جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی كۆمەلایەتی ئێکسەوە ڕایگەیاند، هەر بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی پێدرابێت و مەرجەکانی هەژماری منی تێدابێت، دەتوانێت هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکات. وتیشی، هەموو بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەی هەژماری_من مۆڵەتیان لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقییەوە پێدراوە و بە تایبەتی پەسەند کراون بۆ پرۆژەکە. دوای ئەم ڕاستکرنەوەیە، دەتوانین بە تەواوی توانامانەوە بەردەوام بین تا هێڵی کۆتایی. هەروەها وەزیری دارایی عێراق بە پێویستی دەزانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بکات.

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت لەگەڵ بونی کەمێک تۆز و خۆڵ و سبه‌ی سێشەممەش ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەڵ بونی تۆز و خۆڵێکی کەم لەناوچەکانی باشوری هەرێم. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت لەگەڵ بونی کەمێک تۆز و خۆڵ، لەکاتەکانی شەودا نمەباران لەناوچە جیاجیاکان دەبارێت و لەناوچە شاخاوییەکان رێژەکەی زیاتر دەبێت.   ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، خێرایى با مامناوەند ده‌بێت و له‌ نێوان 15 بۆ 25 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا ده‌بێت و ئاڕاستەی با باشوری خۆرهەڵات دەبێت، پلەکانی گەرما بەگشتی نزیک دەبێتەوە ناوچەکانی گەرمیان نەبێ کەمێک نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ . هاوکات کەشناسی هەرێم پێشبینى دەکات، سبەینێ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆرێت لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵێکی کەم لەناوچەکانی باشووری هەرێم، لەکاتەکانی دوایی نیوەڕۆ تاوە باران و هەورە بروسکە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی هەرێم دەگرێتەوە پاشان زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە بەشێوەی پچرپچر. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەى کەشناسیدا هاتووە، لەکاتەکانی سبەى شەودا کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت، بەڵام به هۆی ناجێگیری بەرگە هەوای ناوچەکە بۆ رۆژانی دیکە دابارینی ناو بەناو بەردەوامی دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 32  سلێمانی  : 30 دهۆک  :  32  زاخۆ  : 32 هەڵەبجە : 31 کەرکوک : 33 سۆران : 28  حاجی ئۆمەران : 20 گەرمیان : 35