ئامادەكردنی: پاڤێ دڵشاد محمد ترێ رێبوار، ترێ فاروق تۆڵێڕانس وشەیەكی ئینگلیزییە كە بەچەند مانایەكی جیاواز دێت:- قبوڵكردن، لێبوردەیی، بەرگەگرتن، چاوپۆشیكردن. هەموو ئەمانە كە بەهایەكی كولتووریین برەو بەپەسەندكردن و رێزگرتن لەباوەڕو بۆچوون و كردارە جیاوازەكان دەدات. توانای ناسینەوەو پێزانینی هەمەجۆرییەو خۆبەدوورگرتن لەسەپاندنی باوەڕ یان بەهاكانی خود بەسەر ئەوانی تردا. قبوڵكردنی یەكتری تەنانەت بەهەبوونی بیروڕای جیاوازیش پێكهاتەیەكی بنچینەیی كۆمەڵگایەكی هاوئاهەنگ و ئاشتیخوازە كەتێیدا خەڵكی لەباكگراوەندە جیاوازەكانەوە دەتوانن بەئاشتی پێكەوە بژین. رێگە بەتاكەكان دەدات بۆچوون و باوەڕەكانیان دەرببڕن بەبێ ترس لەجیاكاری یان چەوسانەوە. بریتییە لەهەڵوێستێكی بیركردنەوەی كراوەو بێ حوكم بەرامبەر ئەوانی تر، بەبێ گوێدانە رەگەز، نەژاد، یاخود ئاینیان. هەروەها تێگەیشتن و نواندنی هاوسۆزی لەگەڵ ئەوانی ترداو ناسینەوەی بەهای روانگەو بیرۆكەی جیاواز دەگرێتەوە. لێرەدا جەخت لەسەر چۆنییەتی بڵاوكردنەوەو بەرزكردنەوەی ئەم بەهایە دەكەینەوە لەڕێگەی میدیاكانەوە. رۆڵی میدیا لەبرەودان بەم بەها كلتورییە : میدیا رۆڵێكی گرنگی هەیە لەكۆمەڵگای ئەمڕۆدا، چونكە وەك پردێك لەنێوان خەڵك و جیهاندا كاردەكات. بەرپرسیارە لەئاگاداركردنەوە، پەروەردەكردن و كەیفكردن. میدیاكان شێوەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، لەوانە میدیای چاپكراو، تەلەفزیۆن، رادیۆو میدیای ئۆنلاین. هەروەها میدیاكان رۆڵی گرنگیان هەیە لەدروستكردنی رای گشتی. دەتوانێت كاریگەری لەسەر هەڵوێست و باوەڕی خەڵك هەبێت بەپێشكەشكردنی زانیاری بەشێوەیەكی دیاریكراو یان جەختكردنەوە لەسەر هەندێك بابەت. دەزگاكانی راگەیاندن دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە كەبەرەنگاری نۆرمە كۆمەڵایەتییەكان، بەهاكان و ئایدۆلۆژیاكان ببنەوە. میدیا رۆڵێكی گرنگی هەیە لەبرەودان بەبەها كلتورییەكان لەڕێگەی دروستكردنی هەڵوێست و باوەڕو تێڕوانینی گشتی دەربارەی تاكەكان و كۆمەڵگە جیاوازەكان. میدیا لەتوانایدایە تێگەیشتن و رێزگرتن و قبوڵكردنی كلتورو ئایین و شێوازی ژیانی جیاواز بەهێزتر بكات، لەڕێگەی ئەو توانایەی هەیەتی لەكاریگەری بەرچاو لەسەر كۆمەڵگاو ئەو زانیارییانەی بڵاودەكرێتەوە. ئەم خاڵانەی خوارەوە چەند رێگایەكە كەمیدیا دەتوانێت ئەم بەها كلتورییە بەهێزتر بكات و نوێی بكاتەوە لەناو كۆمەڵگادا : ١-نیشاندانی هەمەجۆری: یەكێك لەگرنگترین رێگاكان كەمیدیا دەتوانێت ئایدیای قبوڵكردنی یەكتری بەرزبكاتەوە ئەوەیە كەهەمەجۆری لەبەرنامەكانیدا نیشان بدات. ئەمەش بەبەشداری پێكردنی كەسانی جیاواز لەڕەگەز، نەتەوە، ئایین و باكگراوندی كۆمەڵایەتی و ئابووری لەهەواڵەكان، بەرنامە تەلەفزیۆنییەكان، فیلمەكان و شێوەكانی تری میدیادا. بەتیشك خستنەسەر هەمەجۆری، میدیا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لەشكاندنی رەگەزپەرستی و برەودان بەهاوسۆزی و تێگەیشتن. ٢-برەودان بەدیالۆگ: میدیا دەتوانێت یارمەتی برەودان بەلێبوردەیی و قبوڵكردنی رای یەكدی بدات بەدروستكردنی پلاتفۆرمێك بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ. ئەمە لەوانەیە بریتی بێت لەبەشداریكردنی میوانەكان لەباكگراوندی جۆراوجۆر لەبەرنامەكانی گفتوگۆ ( talk shows or hosting debates ) لەسەر كێشە كۆمەڵایەتییە گرنگەكان. بەدابینكردنی بۆشاییەك بۆ  گفتوگۆ، میدیا دەتوانێت یارمەتی دروستكردنی كۆمەڵگایەكی كراوەو لێبوردەتر بدات. بیر لەوە بكەرەوە كەدروشمی «بۆچوون و بۆچوونی دیكە (Opinions and other opinions) بەهەڵە لێكدانەوەی بۆ كراوە. هەرچەندە ئێمە بەشێوەیەكی سەرەكی هاوڕاین لەگەڵ ئەم دروشمە، زۆرجار بەخراپی بەكاردێت. باشترین رێگا بۆ فێركردنی تاكەكان بۆ رێزگرتن لەبۆچوونەكانی ئەوانی تر ئەوەیە كەنموونە پێشكەش بكەین پێش ئەوەی ئەم دروشمە بناسین. بۆ نموونە، میوانەكان لەهەندێك بەرنامەی گفتوگۆدا، كە لەسەر ئەم دروشمە دامەزراون، هاوار لەسەر یەكتر دەكەن، بەرەنگاری باوەڕەكانی یەكتر دەبنەوەو تەنانەت دەكەونە ناكۆكی و توندوتیژی جەستەییەوە. ئامەش ئاماژە بەوە دەكات كە، «هیچ شوێنێك و بۆشاییەك نەبووە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆكردن لەگەڵ یەكدیدا و ئەنجامی هەر دیالۆگێك كێشەو ناخۆشییە.» ئێمە دەبێت ئەو میوانانە هەڵبژێرین كەبێلایەنن و لێبوردەن و رێز لەهەمووان دەگرن. ئەمەش بەهۆی پێشبینییەكانی بیردۆزی كەلتوورەوەیە كە بەدووبارەبوونەوەی پێویست، گوتاری ئەم مۆدێلە مامناوەندو لێبوردەیە دەبێتە مۆدێلی قبوڵكراو. گفتوگۆیەكی ئارام هەم بەرهەمدارو هەم كاریگەرە. لەكۆتاییدا خەڵك شێوازی دیالۆگی گونجاو وەردەگرن، ئەگەر بەردەوام شێوازی گفتوگۆیەكی گونجاو لەمیدیاكانەوە ببینن. لەگەڵ ئەوەشدا، بانگهێشتكردنی میوانێكی نەگونجاو بێگومان پەیامێكی خراپ دەنێرێت و كاریگەری نەرێنی لەسەر بینەران دەبێت. ٣-تیشك خستنەسەر چیرۆكە ئەرێنییەكان: میدیاكان دەتوانن چیرۆكە ئەرێنییەكانی ئەو خەڵكانە روون بكەنەوە كەجیاوازی كۆیاندەكاتەوە بۆ بەرەوپێشبردنی بیرۆكەی قبوڵكردنی یەكتری و تێگەیشتن. بەنیشاندانی چیرۆكی ئەو كەسانەی كەپێكەوە كاردەكەن بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی بەهێزتر، میدیا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئیلهامبەخشین بەكەسانی تر بۆ ئەنجامدانی هەمان شت. ئەمە دەتوانێت بەرەنگاری رەگەزپەرستی و پێشبینییە نەرێنییەكان ببێتەوەو یارمەتیدەر بێت بۆ شكاندنی رەگەزپەرستی و برەودان بەهاوسۆزی و تێگەیشتن. ٤-داكۆكیكردن لەگۆڕانكاری: لەكۆتاییدا میدیا دەتوانێت داكۆكی لەگۆڕانكاری بكات بەتیشك خستنەسەر كێشە كۆمەڵایەتییەكان و برەودان بەهەڵمەت و دەستپێشخەرییەكان كەئەمانیش برەودەدەن بەهەمەجۆری و تێكەڵبوون. ئەمەش لەوانەیە بریتی بێت لەپشتیوانیكردنی ئەو رێكخراوانەی كە لەسەر بنەمای كۆمەڵگا كاردەكەن بۆ برەودان بەلێبوردەیی و پێكەوەژیان و هەمەجۆری، یان بەكارهێنانی رۆژنامەوانی لێكۆڵەرەوە بۆ ئاشكراكردنی جیاكاری و پێشێلكاری لەكەرتە جیاوازەكانی كۆمەڵگادا. قبوڵكردبی یەكدی و بەئارامی مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو تاكێكی جیاوازو لێكچوو، دەبێتە هۆكاری سەرەكی خوڵقاندنی ئاشتەوایی و سەركەوتن. هەموو كەسێك سوودمەند دەبێت ئەگەر مرۆڤ باوەش بەهاوڕێكەیدا بكات، هەست بەبوون و كەلتوورو جیاوازییەكانی بكات و لەگەڵیدا كاربكات. ئاشتی و ئاسایش لەئاستی ناوخۆیی و جیهانیدا حوكمڕانی دەكات؛ نەتەوەكان سەركەوتوو دەبن و خۆشگوزەرانیش بەدەستدەهێنن. بەپێچەوانەوە، رەگەزپەرستی و رەتكردنەوەی لەخۆگرتنی ئەوانی تر دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ناتەبایی و لاوازكردنی نەتەوەكان، كەزیان بەهەمووان دەگەیەنێت.

دەشتی مەحمود سۆمەرییەکان یەکێک لەشارستانییەتە سەرەتاییەکانی سەر زەوی (٣٥٠٠-١٧٥٠ پ.ز) گەشەپێداوە، بەڵام تاناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم تەنانەت گومانی بوونی گەل و شارستانییەتێکی لەو جۆرەیان لەئارادا نەبووە. بێگومان، خەڵک لەمێژە دەربارەی بابلییەکانەوە دەیانزانی، بەو پێیەی میسری کۆن و عیبری و یۆنانیەکان هەموویان بەرکەوتنیان لەگەڵدا هەبوو و لەسەریان نووسیبوون. کەچی کەس نەیدەزانی کە سۆمەرییەکان پێش بابلییەکان هەبوون و سیستەمی نووسین و ئایینی و کشتوکاڵییان پەرەپێداوە کە بابلییەکان دواتر وەریانگرتووەو دەستکارییان کردووە. هەموو ئەمانە لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا گۆڕانی بەسەرداهات کاتێک شوێنەوارناسانی بەریتانی و ئەڵمانی و فەرەنسی دەستیان کرد بەهەڵکەندن و کنەکردنی ئەو تەپۆڵکە زەویانەی کەپاشماوەی ئەو شارانە بوون کەهەزاران ساڵ لەمەوبەر لەدۆڵی رووباری دیجلە و فوراتدا گەشەیان کردووە، لەناوچەیەکدا کە لەناو کتێبە مێژووییەکاندا بەمیزۆپۆتامیا (نێوان دوو ووبار) ناسراوە. شوێنەوارناسان لەپرۆسەی شیکردنەوەی ئەو تاتەقوڕانەی کە بەزمانی بابلی (کە پێی دەگوترا «ئەکەدی») نووسراون، گومانیان هەبوو کەسیستەمی نووسینەکە لەڕاستیدا بۆ ئەم زمانە ناگەڕێتەوە و ناگونجێت و بەم پێیەش دەبێ بۆ زمانێکی پێشووترو نەناسراو داهێنرابێت. دواجار دوای نیو سەدە لەشیکردنەوە و کنەکردن، بوونی زمان و گەل و شارستانیەتی سۆمەری پشتڕاستکرایەوە. گێڕانەوەی پەیدابوون چیرۆک یاخود گێڕانەوەی بنەچەو پەیدابوون، چیرۆکێکە کە باس لەچۆنیەتی پەیدابوون یاخود دەستپێکی شتێک دەکات. دەکرێت ئەم چیرۆکانە دەربارەی ژیان، گەردوون، مرۆڤ، ئاژەڵ، شت، شوێن، یان بیرۆکە بن. زۆرێک لەچیرۆکەکانی پەیدابوون لەڕێگەی نەریتی زارەکییەوە دەگوازرێنەوەو لەناو فۆلکلۆرو ئوستورەکاندا دەدۆزرێنەوە. زۆرجار چیرۆکەکانی پەیدابوون ئەمە وون دەکەنەوە کەچۆن شتەکان بەو شێوەیە بوون کەهەن، یان بۆچی شتەکان بەهەندێک شێوە وودەدەن. بۆ نموونە، دەکرێت لەچیرۆکەکەدا باس لە چۆنیەتی ئافراندنی شاخ یاخود زمان بکات، یان بۆچی مانگ و خۆر و ستێرکەکان لەئاسمانن. هەروەتر، ئەم چیرۆکانە زۆرجار زانیاری دەربارەی باوەڕو بەهای کەلتورێک نیشاندەدات و هەندێجار ئەم چیرۆکانە وانەیەکی ئەخلاقی پێشکەش دەکەن و ەنگدانەوەی هزری مرۆڤانی ئەو سەردەمەمان بۆ رووندەکەنەوە.   ئافراندنی مرۆڤ بێگومان، میزۆپۆتامییەکان چەندنین چیرۆکی ئافراندنی مرۆڤیان هەیە و ئەمەی لێرەدا باس دەکرێت، یەکێک لەم چیرۆکانەی ئافراندنی مرۆڤ. لەئوستورەی «ئافراندنی مرۆڤ»ـی میزۆپۆتامیادا چۆنیەتی دروستبوونی جیهان و هاتنی مرۆڤایەتی دەگێڕێتەوە. چیرۆکەکە لەڕوانگەی خواوەند ئێنکی‌ــەوە دەگێڕدرێتەوە کە لەئوستورەی ئەکەدیدا بەئیا ناسراوە. ئافراندنی مرۆڤ لەدوای جیابوونەوەی ئاسمان لەزەوی دەستپێدەکات و دوای ئەوەی لەسەر زەوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و جۆگەلەکان دامەزران، ئینکی لەکاتی مەلەکردندا لەناکاو بیرۆکەیەکی بۆ دێت. ئینکی بڕیار دەدات مرۆڤ دروستبکات بۆ ئەوەی کەسێک هەبێت خزمەتی بکات و هەموو کارەکانی چاندن و ئاودێری بۆ بکات لەکاتێکدا ئەم پشوو دەدات. وەک سەرەتایەک بۆ کارپێکردنی بیرۆکەکەی، مرۆڤێکی لە گڵ دروستکرد. دوای ئەم کردە ئافرێنەرانەی ئینکی، خواوەندەکانی تر بەبڕیارەکەی ئێنکی بۆ دروستکردنی مرۆڤایەتی دڵخۆش نەبوون و هەوڵیاندا رێگری لێبکەن. کەچی، نینهورساگی هاوژینی ئێنکی یارمەتیدا بەخستنەوەی هەشت جۆری رووەک کەدواتر بەکاریهێنا بۆ دروستکردنی هەشت مرۆڤ. دواتر، ئەم مرۆڤانە نوێنەری یەکەمی هەموو ئەو گەل و کەلتورە جیاوازانە بوون کە لەجیهاندا دەهاتنە ئاراوە. ئێنکی زۆر دڵخۆش بوو بەئافراندنەکەی و بڕیاریدا دیاریی زانین بەمرۆڤایەتی بدات. ئەمەش بەفێرکردنی چۆنیەتی نووسین و چۆنیەتی بەکارهێنانی ژمارەکان ئەنجامدا. هەروەها ئەرکی گرنگیدان بەزەوی و هەموو بوونەوەرەکانی سەر زەوی بەمرۆڤ بەخشی. لەچیرۆکی ئافراندنی مرۆڤدا، دەردەکەوێت کەهۆکاری دروستکردنی مرۆڤ خزمەتکاری خواکان بووە، واتە، مرۆڤ بۆ ئەوە ئافرێندراوە کە هەندێ لەکارەکانی خواکان بکەن تاوەکو خواکان پشوو بدەن. هەروەتر، ئەم کەرەستانەی مرۆڤی پێدەخوڵقێنرێت مادیین و ئەمەش ئاماژەیە بۆ کاتی بوونی ژیانی مرۆڤ و مەرگ. ئەم چیرۆکانە لەناو گەلانی تری میزۆپۆتامیادا گۆڕانی بەسەردا دێت و لای ئەکەدیەکان خوێنی خوایەک تێکەڵ بەگڵ دەکرێت تاوەکو مرۆڤ درووستبکرێت و دواتر ئەمە لای عیبریەکان خوێن دەبێت بەڕۆح و ئەمەش پێچەوانەی میزۆپۆتامییەکان خوای عیبری لەبری خوێن لەڕێگەی فوو رۆحی خۆی دەکات بەمرۆڤداو دەیئافرێنێت.

دەشتی مەحمود بەدڵنیاییەوە، وەک هەر خوێنەرێکی مێژووی کورد و کەسێ کە ئارەزووی زانینی مێژووی گەلەکەیان دەکەن، هەرکاتێ کتێبێک دەربارەی مێژووی کورد و کوردستان بڵاو دەبێتەوە، شادومان دەبم و بەدەر لە خوێندنەوە و سەرنجەکانمان لەسەر کتێبەکەی کاک سۆران، پێزانینی زۆرمان بۆ ئەو کات و هەوڵەی نووسەر پشان دەدەین کە بۆ نووسینی ئەم کتێبە تەرخانی کردووە. ئومێدەوارم نموونەی کەسانی وەک کاک سۆران هەمیشە زۆر بێت. بەرلەوەی بچمە سەر باسی کتێبەکە دەمەوێت تێگەیشتنێکی گشتی لەسەر مێژوو و چۆنییەتی مێژوونووسینەوە بخەمەڕوو. مێژوو بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکارییەکان بە تێپەڕبوونی کات، ئەمەیش هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی دەگرێتەوە، واتە، هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا وەکوو سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، زانستی، تەکنەلۆژی، پزیشکی، کەلتووری، هزری، ئایینی و سەربازی، بەشێکن لە مێژوو، بەمشێوەیە ئەگەر بێت و زۆرێک لەم لایەنانە ڕەچاو نەکرێت لە کاتی مێژوونووسیندا، ئەوا هەوڵەکە نەزۆک دەبێت. بەشێوەیەکی گشتی مێژوونووسانی پیشەیی پسپۆڕن لە لایەنێکی دیاریکراوی مێژوو، واتە مێژوونووسێک پسپۆڕی قۆناغێکی کاتی دیاریکراو، سەردەمی فەرمانڕەواییەک یان ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراون، هتد. هەرشتێک پەیوەندی بە لێکۆڵینەوە بە کاتێکی دیاریکراوی ڕابردووەوە هەبێت دەکرێت بە مێژوو ناو بنرێت، مێژوونووسان لەڕێگەی ڕیزکردن و ڕاڤەکردنی ڕاستی و بەڵگە مێژووییەکان، دەخوازن لە ڕابردوو تێبگەن، واتە دەیانەوێت تێبگەن نەوەکانی پێش خۆیان پەیڕەوییان لە چی کردووە، جیهانبینییان چۆن بووە، بیروباوەڕیان چی بووە، بەهاکانیان چی بوون. بەمێشوەیە، دەکرێت مێژوو وەک یادەوەریی مرۆڤایەتی سەیر بکرێت. بەم پێیەش، مێژوو گەنجینەی ڕووداو و ئەزموونەکانی ڕابردووە. لەبەر ئەوە، بۆ تێگەیشتن لە دیاردە و ڕووداوەکانی هەنووکە کە هەر کۆمەڵگایەک ڕووبەڕووی دەبێتەوە، تێگەیشتن لە مێژوو شتێکی بنچینەییە. بەم شێوەیە، خوێندنەوەی مێژوو واتە لێکۆڵینەوە و ڕاڤەکردنی ڕابردوو بۆ هەڵسەنگاندنی پرسە گرنگەکانیی ئێستا و لە ڕێگەیەوە وەرگرتنی ئەزموون و بەرچاوڕوونی بۆ نەخشەڕێژی ئاڕاستە و ڕێڕەو بۆ داهاتوو. لە نووسینەوەی مێژوودا، پێویستە مێژوونووس ڕەچاوی چەندین خاڵی گرنگ بکات، لەوانە: کۆکردنەوەی زانیاری لەگەڵ بەڵگەنامەکان، ئەمانەش دەکرێت لە چەند شێوەیەکدا بن: پەیکەر، کاری گڵکاری، نووسین و هتد...، لە هەموویشی گرنگتر درک بە ئاگایی مێژووی ئەو سەردەمە بکات کە دەربارەی دەنووسێت، واتە دەبێت هەوڵی چوونە ناو ئاگایی ئەو مرۆڤانە بدات کە دەربارەیان دەنووسێت، ئەمەیش بەرلەوەی پرسێکی مێژوویی بێت، بابەتێکی مرۆڤناسییە، بۆ ئەوەی بە نزیک دروستی ئەو پارچە بەڵگانە ڕاڤە بکات کە لە ڕابردوودا ماونەتەوە. دواجار، پێویستە ئەو زانیاری و بەڵگەنامەی کۆکراونەتەوە، پوخت بکاتەوە و تێبینییەکانی بە زمانێکی ڕێک و لە تێگەیشتنهاتوو دابڕێژێتەوە و پێشکەشی خوێنەری بکات، هەروەها بە ڕوونی باسی هۆکارەکانی پشت گۆڕانکارییەکان بکات. واتە، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە مێژووەوە، پێویستە باسی چۆنیەتی گەشە و گۆڕانکارییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای بەرباس بکرێت. مێژوونووسان بۆ نووسینەوەی ڕابردوو پشت بە دوو جۆر سەرچاوە (سەرچاوەی سەرەکی و لاوەکی) و هەندێجاریش گێڕانەوەی زارەکی مێژوو دەبەستن، ئەمەش زیاتر دەچێتە ناو سەرچاوەی لاوەکییەوە نەک وەک سەرچاوەیەکی تری سەربەخۆی مێژوویی. سەرچاوەی سەرەکی، ئەم شتەیە کە کەسێک لە شێوەی نووسین تۆماری کردووە یاخود لە شێوەی وێنە یان نەخشێنراوی خودی ڕووداوە مێژووییەکە ماوەتەوە، نامە و ڕۆژنامە و وتار و وێنە نموونەی سەرچاوە سەرەکییەکانن. هەروەها دۆزراوە شوێنەوارناسییەکانیش، بۆ نموونە ئامرازە گڵکارییەکان وەک سەرچاوەی سەرەکی لەلایەن مێژوونووسانەوە تەماشا دەکرێن. ئامرازەکانی تر کە مێژوونووسان بەکاری دەهێنن، سەرچاوەی لاوەکین. سەرچاوە لاوەکییەکان ئەم بەڵگانەن دوای ڕووداوێکی مێژوویی لەلایەن کەسانێکەوە نووسراون کە ڕووداوەکەیان نەبینیوە. کتێب و تابلۆکان کە لەسەر بنەمای سەرچاوەی سەرەکی نووسراون یان کێشراون لە دوای ڕووداوەکەوە، نموونەی سەرچاوەی لاوەکین. لەگەڵ ئەوەیشدا، هێشتا ئامرازێکی دیکە کە مێژوونووسان بەکاری دەهێنن، گێڕانەوەی زارەکیی مێژووییە. ئەمەش لە هەموو گێڕانەوەی زارەکیی نەنووسراوی ڕووداوەکان پێکهاتووە. مێژوونووسان تەنها لە کاتی لێکۆڵینەوە لەو کەلتوورانەی کە هیچ تۆمارێکی نووسراوێکیان نییە، پشت بە مێژووی گێڕانەوەی زارەکی دەبەستن. ئەمەش خۆی لە گێڕانەوەی زارەکی ئەو چیرۆک و دابونەریت و گۆرانییانە دەگرێتەوە کە مرۆڤەکان لە کەلتوورێکدا لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر (سینگاوسینگ) دەیانگوازنەوە. هەروەتر، مێژوونووسان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان و سەلماندنی تێز و تیۆرەکانیان، بەڵگەی سەرچاوە سەرەکی و لاوەکییەکان و مێژووی گێڕانەوەی زارەکی بەکاردەهێنن. دەبێت لە نێوان چەندین بەڵگەنامە و بەڵگەدا کامیان گرنگترین و متمانەپێکراوترینە وەک بەڵگە هەڵیبژێرن. هەمیشە هەڵبژاردنی بەڵگەی مێژوویی ئاسان و سادە نییە. هەندێک جار ئەوەی مێژوونووسان بە ڕاستییان دەزانی، دوای دۆزینەوەی هەندێ بەڵگە و شوێنەواری مێژوویی تازە نادروست دەردەچێت. بێگومان، نابێت ئەمەیش لەبیر بکەین کە هەندێکجار مێژوونووسان بە بەکارهێنانی هەمان بەڵگە بە دەرئەنجامی جیاواز دەگەن. کەواتە، مێژوونووسان تەنها بەڵگەنامەی نووسراو بەکارناهێنن، بەڵکوو سەرچاوەی زارەکی و شتگەلێکی وەک باڵاخانە و شوێنەوار و وێنە و تابلۆکان بەکاردەهێنن بۆ لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو. واتە، بەشێکی زۆری تێگەیشتن و تیۆرە مێژووییەکان پشتبەستوون بە دۆزراوە شوێنەوارناسییەکان، بەشێوەیەک زێدەڕەوی نابێت ئەگەر بگوترێت بەبێ شوێنەوارناسی نووسینەوەی مێژووی دێرین جگە لە کۆمەڵێک بانگەشەی بێبەڵگەی داستانئامێز نەبێت، هیچی تر نییە. هەروەتر، ناتوانرێت مێژوو بەبێ تێگەیشتن لە بوارە مەعریفییەکانی دیکەی وەک ئابووری، کۆمەڵناسی، یەزدانناسی، مرۆڤناسی، جوگرافیا، شوێنەوارناسی و زمانەوانی بیری لێ بکرێتەوە. بەم شێوەیە دەتوانرێت مێژوو بۆ تێگەیشتن لە بوارە مەعریفییەکانی تر بەکاربهێنرێت و بوارەکانی تریش یارمەتی مێژوو دەدەن بۆ تێگەیشتن لە ڕابردوو و گۆڕانکارییەکان بە تێپەڕبوونی کات. مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد کتێبی "مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد: سەرلەنوێ دۆزینەوەی سەرەتای شارستانییەتی ڕۆژئاوا و بنەچەی زمانە هیندۆئەوروپیەکان (لە ١٠٠٠٠ پ.ز وە بۆ ١٣٠٠ ز)"، نووسەری کورد بەڕێز سۆران حەمەڕەشە و لە ساڵی ٢٠٢٢، چەند مانگێک لەمەوبەر بڵاو کرایەوە. بە گوتەی نووسەر خۆی کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و لەلایەن برا گەورەی نووسەرەوە کاک کەمال حەمەڕەشەوە بە چاودێری نووسەر وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. نووسەر لەم کتێبەدا ڕوونی دەکاتەوە کە بنچینە و ئامانجی مێژوونووسیی مۆدێرن بۆ تێگەیشتنمان لە مێژووی کۆن و ڕەگ و سەرچاوەی شارستانییەتی ڕۆژئاوا بە مەبەستی تێگەیشتن لە ڕابردوو دانەنراوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بۆ پڕۆژەی خزمەتکردن بە دەوڵەت-نەتەوەکانی خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست و ئەوروپا و مەرامی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و ئایینی دامەزراوە. بێگومان، ئەمەیش بە بڕوای نووسەر نابابەتی مێژوونووسانی مێژووی کۆنی خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست دەردەخات. ئەم تێگەیشتن و مەرامەیش لە ڕێگەی گوڵبژێرکردنی هەندێ ڕووداوی مێژوویی  و گەل (فارس، عەرەب و تورک) و دەرکردنی هەندێ گەلی تر (کورد) ئەنجام دراوە. بەگوێرەی ئەمەیش، نووسەر بۆچوونی وایە کە مێژوونووسیی سەردەم ڕەنگدانەوەی هەقیقەتی مێژوویی بنچینەی شارستانییەت نییە و لە ئاکامدا ئەوەی لە ئێستادا هەیە، جگە لە هەڵەتێگەیشتنی مێژوویی هیچی تر نییە، هەر ئەم ڕێباز و تێگەیشتنە چەوتە مێژووییانە هۆکارن لەبەردەم ئەوەی کە گەلی کورد مێژوویەکی بزر و نەگێڕدراوی هەبێت. یەکێک لە بانگەشە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە، پەیوەندی بە زمانی سۆمەری و کوردییەوە هەیە. نووسەر، پێچەوانەی شارەزایانی زمان و مێژووی دێرین، باوەڕی وایە زمانی سۆمەری (٤٠٠٠) ساڵ لەمەوبەر لەناونەچووە، بەڵکوو زمانەکە زیندووە و بە شێوەی تازەی زمانەکە لە لایەن کوردەوە قسەی پێ دەکرێت. نەک هەر ئەمەش، بەڵکوو باس لە پەیوەندی و نزیکی زمانی سۆمەر لەگەڵ زمانە مۆدێرنەکانی وەک ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئەڵمانی، ڕووسی و هەندێ زمانی تریش دەکات. نووسەر ئەم کتێبەی بە بڕوایەکەوە نووسیوە کە گوایە بە توندی دژایەتی تێگەیشتنە باوەکانی مێژوونووسان دەکات لەمەڕ مێژووی کۆنی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ. هەروەتر، ئاگاداری مێژوونووسانی کورد و خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست و ئەوروپا دەکاتەوە کە "بەبێ تێگەیشتن لە مێژووی کورد، بنەچەی شارستانییەتی ڕۆژئاوا و زمانە هیندۆئەوروپییەکان بە نادیاری دەمێنێتەوە." ئەگەر لەسەر ناونیشان و پێشەکییەکەوە سەرنجێک بدەین، ئەوا بەپێی دەرئەنجامگیرییەکانی نووسەر، لەڕاستیدا مێژووی کورد "مێژووی بزر و نەگێڕدراوە" نییە، بەڵکوو "مێژووی شێواو و پشتگوێخراوە." هەروەها پێشەکیی کتێبەکە، پێشەکییەکی دووبارەی ناپێویستی هەمان پێشەکییە کە نووسەر لە کتێبی پێشووتریدا بە ناونیشانی "کورد کێیە؟"[1] بۆ کتێبەکەی نووسیوە، تەنها چەند کۆدێڕیکی زیاد کردووە، وەک ئەوە وایە پێشەکی بۆ چاپێکی تری کتێبی "کورد کێیە؟" نووسیبێت نەک کتێبێکی دیکەی سەربەخۆ. هەروەتر، نووسەر لە پێشەکییەکەدا، ناکارایی و هەژاری زانکۆ و دەزگا ئەکادیماییەکانی کوردستان و لێنەکۆڵینەوە لە کتێبەکەی پێشووتری "کورد کێیە؟" کە پێی وایە دەبووایە دەنگدانەوەی مەزنی هەبووایە، وەک هۆکارێک سەیر دەکات بۆ نووسینی کتێبەکەی بە زمانی ئینگلیزی. چونکە نووسەر باوەڕی وابووە کە نووسین بە ئینگلیزی "هۆکاری سەرەکی من ئەوە بوو کە ویستم بابەتە مێژووییەکان بکەوێتە بەردەم دەزگا ئەکادیمییە ڕۆژئاواییەکان بەتایبەتی و جیهانییەکان بەگشتی، بە مەبەستی ئەوەی کە بتوانرێت ببێتە مایەی مشتومڕی جدیی و ئەو بابەتە [پرسی دێرینی مێژووی کورد] لە ئاستی جیهاندا یەکلا بکرێتەوە."[2] ئەمە سەرەڕای ئەوەی نووسەر لە چەندین شوێنی کتێبەکەدا، بە توندی ڕەخنەی دەزگا ئەکادیمییەکانی ڕۆژئاوا دەگرێت و پێی وایە نووسەرە ڕۆژئاواییەکان مێژووی خۆرهەڵاتیی ناوەڕاستیان بە سوودی گەلانی عەرەب، تورک و فارس نووسیوەتەوە و لەم نێوەندەدا مێژووی کوردیان "بزر" کردووە. هەر لە پێشەکییەکەوە، نووسەر مژدە بە خوێنەرانی مێژووی کورد دەدات کە "کتێبی لەو جۆرە پێشتر بەرهەم نەهاتووە بەتایبەت لەلایەن کوردێکەوە."[3] کاک سۆران، لەبەشی دووەمی کتێبەکەدا، ئاگادارمان دەکاتەوە کە بۆ پڕکردنەوەی "بۆشاییەکی گەورە" لەسەر تێگەیشتن دەربارەی بنەچە و مێژووی دێرینی کورد، هەوڵ دەدات "لە ڕێگای تەرکیزکردنی سەرەکی لەسەر شیکردنەوەی دوو جۆر بەڵگە، نووسین/زمان و کشتوکاڵ"[4] ئەم ئەرکە بەجێ بگەیەنێت و لەم ڕێگەیەیشەوە "هاوشێوەی زۆر توێژەری تر،" هیوا دەخوازێت ببێت بە "پێشڕەو لەو بوارەدا."[5] بێگومان، "نووسین/زمان و کشتوکاڵ" یاخود ڕاستتر بڵێین دۆزراوە کشتوکاڵییەکان یاخود شوێنەوارە سەرەتاییە کشتوکاڵییەکان، دەکەونە چوارچێوەی سەرچاوەی سەرەکی بۆ نووسینەوەی مێژوو، بەڵام لە تەواوی کتێبەکەدا هیچشتێک لەسەر دۆزراوە تاتەقوڕینەکانی میزۆپۆتامیا نابینین (جگە لە ئاماژەی بچووکی لاوەکی بە هەندێ دەقی وەک داستانی سۆمەری "ئێنمێرکار و گەورەی ئاراتە") و هیچشتێکیش لەسەر سەرهەڵدانی کشتوکاڵ ناخوێنینەوە، جگە لە ڕیزکردن و بەرانبەردانانی وشەگەلی سۆمەری و ئەکەدی بەرانبەر هاوتا کوردییەکانیان، ئەم وشە هاوتاییانەیش لە نێوان زمانەکاندا دەکرێت وەک "وشە قەرزکردن" تەماشا بکرێت نەک وەک بەڵگەی یەک‌زمانی کە نووسەر بانگەشەی دەکات. هەروەها، جگە لە ڕێزکردنی ناوی هەندێ شوێنەواری دێرین (ل٤-٥)، نووسەر هیچ شتێکمان لەسەریان پێ ناڵێت، کە دەبووایە لانیکەم لە ڕوانگەی دابەشکاریی شوێنەوارناسییەوە، ئاماژەی بە قۆناغ و کەلتوورەکانیان کردبا. بێگومان دەربارەی "وشەی لێکچووی زمانی کوردی-سۆمەری"، ئەوەندەی من ئاگاداربم، پێشتر هەردوو نووسەر مامۆستا سەباح یاسین لە کتێبی "ئاو بە تاو و فەرهەنگۆکی کوردی – سۆمەری، ٢٠١٩" بە وردی و چڕی لەسەر پەیوەندی وشە و زمانی کوردی-سۆمەری نووسیوە، هەروەها، کاک شێرکۆ عادل دەباغ، لە هەردوو کتێبی "شارستانیەتی چیلکە: زمانی سۆمەری هاوتا لە تەک زمانی کوردیدا، ٢٠٢٠ و، دەربارەی ڕەچەڵەکی بەریتانیا و ئینگلیس، بنەچە و ئاخاوتن، ٢٠١٩" نەک هەر باس لە پەیوەندی وشەیی کوردی-سۆمەری دەکات بەڵکوو باس لە پەیوەندی هەردوو زمانەکە لەگەڵ زمانی ئینگلیزیشدا دەکات، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە نووسەر وەک خۆی دەڵێت: "ئەو بەراورد و لێکچوونانەی سەرەوە لە نێوان زمانی سۆمەری و کوردیی نوێدا شتێکی ڕوونە و ئاشکرایە. بەڵام ئەم بەراوردە لەلایەن هیچ زمانەوانێک یان مێژوونووسێکەوە هەرگیز پێشتر ئەنجام نەدراوە"[6]، یەکەم کەس نییە "دۆزینەوەی ئەرخەمێندسی"ـیەکەی بۆ هاتبێت، شایەنی ئاماژەپێکردنە، هەردوو کتێبی دوو نووسەری لە پێش‌ئاماژەپێکراو بە چەندین ساڵ پێش کتێبەکەی کاک سۆران نووسراون. نووسەر لە ڕێگەی ئەم وشە لێکچووانەی کوردی-سۆمەری، بەو دەرئەنجامە دەگات کە زمانی سۆمەری زمانی کوردی کۆنە، نووسەر دەنووسێت: "هەر وەک لە ڕێگای وشە، دەستەواژە و ڕستەوە ڕوونکرایەوە، زمانی کوردی نوێ زمانی سۆمەرییە لە شێوە نوێکەیدا و خەڵکی کورد هێشتا بە کۆنترین زمانی نووسراو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، قسە دەکەن."[7] بێگومان نابێت بیرمان بچێت نووسەر لەمەڕ زمانی کوردی نوێ، واتە کوردی ناوەندی (زاری سۆرانی) بە تایبەت هی ناوچەی "گەرمیان" و لە دیاریکردنی "ئەو جێگایانەی کە ئەمڕۆ بە سۆمەری دەدوێن"، دەنووسێت: "لە ناو ناوچەی جوگرافیای ئاخێوانی ئەو زاراوەیەدا [مەبەست زاراوەی سۆرانییە]، ناوچەیەکی بنەڕەتی هەیە کە زمانەکەی زیاتر لە سۆمەری دەچیت وەک لە ناوچەکانی تر: ئەوەش ناوچەی گەرمیانە."[8] واتە بە تێگەیشتنی نووسەر ئەگەر کوردێکی ناوچەی گەرمیان گەشتەکات بکات و بچێتەوە هەزارەی چوارەمی پێش زایین و سەردانی ئوروک بکات ئەوا بە ئاسانی دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ دانیشتوانی شارەکەدا بکات، وەک ئەوە وایە لە چەمچەماڵەوە بچێت بۆ کەلار، بەڵام ئەگەر کوردێکی سۆرانی، زاری ناوچەیەکی تر، بۆ نموونە شەقڵاوە یاخود پێنجوێن، لەگەڵ گەرمیانییەکەدا گەشتەکاتەکە بکات، ئەوا سەختتر دەتوانێت لەگەڵ دانیشتوانی ئوروک بدوێت، گومانی "بێگانە" دەکەوێتە سەر شەقڵاوەیی و پێنجوێنییەکە. بێگومان، سەرەڕای ئەوەی نووسەر هیچ شتێکمان نە لەسەر زمانی سۆمەری نە زمانی کوردی پێ ناڵێت، واتە نووسەر لە هیچ شوێنێکدا لەسەر دوو زمانەکە ناوەستێت و باسی ڕێزمان و ڕستەسازی و بونیادی زمانەکان ناکات. ئینجا کاتێ سۆمەرییەکان دەکات بە کورد، ئاماژە بە "پرسی سۆمەری[9]" و تیۆرەکان لەسەر بنچینەی سۆمەرییەکان ناکات، کە پرسێکی زۆر گرنگ و مشتومڕهەڵگرە لەناو مێژوونووسانی میزۆپۆتامیادا. هەروەتر، زمان یەکێکە لە لاوازترین ئەو بەڵگانەی کە دەکرێت بۆ پەیوەندیی نەژادی دوو گەلی سەردەمی جیاوازدا بەکار ببرێت. بە نموونە، ئەگەر زمان بکرێت بە بەڵگەی یەک‌نەژادی ئەو کەسانەی بە یەک زمان دەدوێن، ئەوا دەکرێت بڵێین، بە نەژاد ئەفریقاییەکانی ئەمریکا کە زمانیان ئینگلیزییە یاخود ئەمریکایی و ئوستڕالیاییەکان، سکۆتلەندی و وێڵزی و ئێرلەندییەکان هەموویان بە نەژاد ئینگلیزن چونکە هاوشێوەی دانیشتوانی ئینگلتەرا بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن. ئەمە لەکاتێکدا، هەموومان دەزانین ئەوانەی لە ئێستادا بە زمانی ئینگلیزی دەدوێن لە بنەڕەتدا سەر بە نەژادی جیاوازن کە دابەش دەبن بەسەر ئەفریقا و ئەوروپادا. هەروەها، بە پێی تێزەکەی نووسەر، ئەوانەی کە بە کوردی نادوێن یاخود زمانی کوردی فێر نەبوون بە هەرهۆکارێ بووبێت، ناتوانین بە کورد هەژماریان بکەین. ئەم تێگەیشتنەی نووسەر درزی گەورە دەخاتە ناو تێزەکەیەوە. لێرەدا بانگەشەی ئەوە ناکرێت کە تێزەکەی نووسەر هەڵەیە، بەڵکوو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، چەوتی میتۆدۆلۆجی یاخود بێمیتۆدی نووسەر دەردەخات. هەروەها، نووسەر جیاوازی لە نێوان سۆمەر و کورددا، تەنها بە هەڵکەوتەی جوگرافییەوە دەبەستێتەوە، واتە سۆمەرییەکان بە "کوردی دەشتەکان" و کوردی هاوچەرخ بە "کوردی نوێ" (ل٣٣)، ناوزەد دەکات. بێگومان ئەم دابەشکاری و جیاوازییە لە چەندین شوێنی کتێبەکەدا دووبارە دەبێتەوە. بۆ ئەمەیش پشت زیاتر بە گێڕانەوەی نووسەرانی کلدانی، ئیسلامی دەبەستێت لە هەندێ شوێنیشدا هەندێ نووسەری ڕۆمانی-یۆنانی و کوردیش لە ناویاندا مەلا مەحموودی بایەزیدی. خوێنەر دەتوانێت بۆ ئەم دابەشکاریی و جیاوازییەی نێوان "کوردی چیا و دەشت" بگەڕێتەوە بۆ کتێبی "کومەڵگای کوردەواری لە سەدەکانی ناوەڕاست، چاپخانەی ئاوێر (هەولێر، ٢٠١٤)"، نووسەر و مێژوونووس بەڕێز دکتۆر زرار سدیق تۆفیق. لەم کتێبەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت جیاوازییەکە لە نێوان دانیشتوانی کوردستان خۆیەتی بە تایبەت لە نێوان کوردانی نیشتەجێی شارەکان و ئەو کوردانەی گەرمێن و کوێستانیان کردووە نەک خەڵکی دەرەوەی جوگرافیای کوردستانی مەزن، بە نموونە سۆمەر. بێگومان، هەر خوێنەرێکی مێژوو و بەتایبەت مێژووی دێرین، دەزانێت بۆ ئەوەی مێژوونووسێک تێزێکی بەرهەم بهێنێت، چەندین بەڵگە بەکاردەهێنێت بۆ سەلماندنی تێزەکەی. واتە ئەگەر مێژوونووسێک بانگەشەیەک بکات، دەبێت چەندین ڕووداو و بەڵگەی مێژوویی (سەرەکی و لاوەکی بەڵام کەمتر زارەکی) لە چەندین ڕوانگەوە بە پشتبەستن بە چەندین بواری مەعریفی شیکار و لێکبداتەوە تاوەکوو هەوڵ بدات خوێنەرانی قایل بکات بەوەی کە تێزەکەی نزیکە لە ڕاستی ئەم سەردەمەی باسی لێوە دەکات. بێگومان بۆ مێژووی دێرین ئەرکەکە زۆر سەختترە، چونکە ئەگەر سەیر بکەین، میزۆپۆتامیا زیاتر لە ژوورێکی تاریک دەچێت کە ناوبەناو ڕوناکییەک لە ژوورەکە دەدات و هەندێ بەشی ناو ژورەکە ڕۆشن دەکاتەوە و زوو ئاڕاستەکەی دەگۆڕێت. ئەگەر وێنەی ئەم ژوورە تاریکە وەربگێڕینە سەر دۆزراوە شوێنەوارییەکان، ئەوا دەبینین لەناکاو ناوێک یاخود گەلێک دەردەکەوێت و ئیدی دوای ماوەیەک بۆ چەندین سەدە ناوی بزر دەبێت و دواتر دەردەکەوێتەوە، زۆرجاریش هەیە گەلێک دەسەڵاتێکی زاڵ بەسەر تەواوی میزۆپۆتامیادا دەسەپێنێت بەبێ ئەوەی بۆ مێژوونووسان ڕوون بێت کە ئەو گەلە پێشتر لە میزۆپۆتامیادا ژیاون یاخود کۆچیان کردووە لە شوێنێکی دوورەوە. بە کورتی، کارکردن و نووسینەوەی مێژووی دێرین ئەرکێکی زۆر سەختە، چ بگا بەوەی کەسێ بتوانێت لە دوتوێی کەمتر لە ٤٠٠ لاپەڕەدا مێژووی ١١،٣٠٠ یازدە هەزار و سێ سەد ساڵی ناوچەکە بنووسێتەوە. نووسەر کۆڕستەیەکی ئیبن وەحشییە کە دەنووسێت: "بە توانایی کورد لە کشتوکاڵ و ڕووەکناسیدا بوو. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە نەوەی بینوشادن و کتێبەکانی ئادەمیان هەیە لەسەر کشتوکاڵ."[10]، دەکات بە بەڵگە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت "کورد نەتەوەی پێشڕەو بووە لە زانستی کشتوکاڵ و ڕووەکناسیدا، کە بنەچە سۆمەریبوونی ئەوان [کورد] دەسەلمێنێت، لەبەر ئەوەی سۆمەرییەکان بە تواناترین نەتەوە بوون لە کشتوکاڵدا."[11] ئەم تێگەیشتنەی کە نووسەر لای وایە تەنها لەبەرئەوەی کوردەکان لە سەردەمی ئیبن وەحشییەدا لە بواری کشتوکاڵدا لە کلدانییەکان بە تواناتر بوون، سەلمێنەری "بنەچە سۆمەریبوونی کوردانە" بەڵگەیەکی بەهێز نییە، چونکە دەکرێت بەم تێگەیشتنە بێت، کورد بچنەوە سەر دانیشتوانی میسر و ئیسرائیل و ئەردەنی ئێستایش، یاخود ئەو گەلانەیش لە بنچینەدا کورد بن، چونکە ئەوانیش لە هاوسەردەم و نزیک‌ بە سەردەمی سۆمەرییەکان خەریکی کشتوکاڵ و ئاودێری بوون. هیچ کەس ناتوانێت گومان لەوە بکات کە یەکەمجار کشتوکاڵ لە کوردستان سەری هەڵداوە و، بەڵگە شوێنەوارناسییە دۆزراوەکان (هەتاوەکوو ئێستا، کە دەکرێت دۆزینەوەی تر ئەم تێگەیشتنە هەم زیاتر بسەلمێنن هەمیش پیچەوانەی بکەنەوە)، یەکەمجار دانەوێڵە لە ناوچەی "قەرەجداغ"ـی نێوان هەردوو گەورەشاری کوردی ئامەد و ئورفە ماڵی کراوە[12]، بەڵام ناکرێت هاوتوانستی کشتوکاڵیی کورد و سۆمەر وەک بەڵگە بەکار بهێنرێت بۆ یەک‌نەتەوەبوونی ئەم دوو گەلە. ئەمە سەرەڕای ئەوەیش، ئەگەر گریمانەی یەک‌نەتەوەییبوونی کورد ڕێتێچوو بێت. ئەوا پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زۆر وردی شوێنەوارناسی و کەلتووری هەیە نەک وەرگرتنی کۆدێڕی نووسەرێکی کلدانی کە زیاتر قسەی سەرزارەکی خەڵکی تۆمار کردووە نەک خۆی لێکۆڵینەوەی کردبێت لەسەر پەیوەندی نێوان کورد و سۆمەر. لەمەیش زیاتر، نووسەر زمانی گەلانی دێرینی تری کوردستان هەر وەک کوردی هەژمار دەکات، بە نموونە دەنووسێت: "زمانی هوری، هاوشێوەی کوردی نوێ، لە ژمارەیەک زاراوە پێکهاتووە کە لە چەند دەوڵەتە شارێکدا قسەی پێ دەکرا. زۆر لایەنی زمانەوانیان لە زمانەکانی مادی و کوردی نوێدا ماوەتەوە."[13] ئەمە لەکاتێکدایە کە تاوەکوو ئێستا جگە لە چەند وشە و ناوی هۆری و دەقی کورتی پچڕاو، هیچ شتێک لە زمانی هۆریدا نەماوەتەوە، کەچی نووسەر نەک زمانەکە بە کوردی دەزانێت بەڵکوو دابەشکاری زاراوەیی زمانەکەش هاوشێوەی کوردی نوێ لێ دەکات. تەنها لە ڕێگەی دەقی  نموونەی "ڕاهێنانی ئەسپی کیکوڵی" و نزیکی هەندێ وشەی زمانی هۆری لە زمانی کوردی نوێ نووسەر دەخوازێت باوەڕمان پێ بهێنێت کە "زمانەکانی مادی، میتانی و کوردی نوێ هەمان زمانن کە لە سەردەم و ناوچەی جیاوازی کوردستاندا قسەیان پێکراوە."[14] بێگومان، کەس مافی ئەوەی نییە و نایشزانرێت کە هۆرییە دێرینەکانی کوردستان -کە بێگومان هۆرییەکان باوانی کوردن-، بڵێت بە هەمان زمانی کوردی نوێ قسەیان کردووە، ئەمەش تەنها لەبەرئەوەی بەڵگەی تەواوەتی و یەکلاکەرەوە بەردەست نییە بۆ سەلماندنی. تەنها شتێک لە ئێستادا بتوانین بیکەین، چاوەڕێی شوێنەوارناسان بین تاوەکوو کنەی تەواوی ناوچەی هۆری‌نیشتەجێکانی کوردستان بکەن و دەقی نوێمان بۆ بدۆزنەوە و دەقەکانیش وەربگێڕدرێن و ئەوکاتە دەتوانرێت بانگەشەی نزیکی زمانی هۆری و کوردی پشتڕاست بکرێتەوە. پەیوەست بە پەیوەندی تێز و بەڵگەوە، نووسەر چەند بەڵگەیەکی دیاریکراو بۆ سەلماندنی چەند تێزێک بەکار دەهێنێت، واتە بە پێچەوانەی مێژوونووسانی تر لەبری ئەوەی چەندین بەڵگە بۆ سەلماندنی تێزێک بەکار ببات، ئەوا چەند بەڵگەیەک یاخود بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی چەندین تێز بەکار دەبات. من لێرەدا بەڵگەکان ڕیز ناکەم لەگەڵ تێزەکانی نووسەر و ناچمە ناو وردەکاری چۆنیەتی کارپێکردنی ئەم بەڵگانە لەلایەن نووسەرەوە، چونکە ئەگەر ئەمە بکەم ئەوا وتارەکە زۆر تاقەتپڕوکێن دەبێت چونکە دووبارەبوونەوەکان وەکوو نوکتەی کەسێکی قسەناخۆش وان کە بۆ ئەوەی هەزەلیبوونی خۆی بسەلمێنێت، چەندینجار نوکتەکەی لە چەندین دۆخ و خوانی جیاوازدا دووبارە دەکاتەوە. خوێنەر دەتوانێت سەیری کتێبەکە بکات بۆ ئەوەی بزانێت کە نووسەر بۆ سەلماندنی "تێزەکانی"، لە چەندین شوێندا یەک بەڵگە بەکار دەبات. نووسەر، ئەو دەقەکانەی کردوون بە بەڵگە کە زیاتر تۆماری گێڕانەوەی زارەکیی مێژوون نەک بەڵگەی کۆنی سۆمەری و ئەکەدی یاخود هەر گەلێکی مێخینووس. کاک سۆران، لە بەڵگەهێنانەوەکانی زیاتر پشتی بە نووسەرانی یۆنان-ڕۆمانی و ئیسلامی بەستووە بۆ سەلماندنی تێزەکانی. لە زۆرشوێندا هیرۆدۆتی وەک بەڵگە هێناوەتەوە، دروستە هێرۆدۆت لەلایەن سیسرۆی سیاسەتمەدار و فەیلەسوفی ڕۆمانی بە "باوکی مێژوو" ناوزەد کرا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە لایەن پلوتارک بە "باوکی درۆ" ناوی براوە[15]. دەکرێت پێش ئەوەی زانستی شوێنەوارناسی، ئەو کاتەی کە شوێنەوارناسی بەتەواوی شێوەی نەگرتبوو و دۆزراوەکان لەسەر خۆرهەڵاتیی ناوین بەربڵاو نەبوون، هیرۆدۆت یاخود هەر مێژووتۆمارکەرێکی کۆن گرنگی زۆری هەبووبێت بۆ مێژوونووسان، بەڵام دوای دۆزینەوە شوێنەوارناسییەکان و لێکۆڵینەوە لە دەقە مێخییەکان، هیرۆدۆت بە دەگمەن وەک سەرچاوە بەکار دەبرێت. بێگومان ناتوانین بڵێین تەواوی گێڕانەوەکانی هیرۆدۆت نادرووستن، ئەوەتا، دەکرێت ئەم تێگەیشتنەی هیرۆدۆت کە دەربارەی مەترسی هاوسەرگیری نێوان دوو کەسی سەر بە دوو گەلی جیاواز دەکات و وەچەکانیان بە مایەی سەرئێشە و کێشە دادەنێت وەک ڕاستی وەربگرین. بۆ نمونە هیرۆدۆت کوروشی دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆریەتی هەخامەنشی وەک (ئێستر) دەناسێنێت، بەکارهێنانی ئەم سیمبوڵە کە لە چەندین شوێنی تری کتێبەکەدا دوبارە دەبێتەوە. هیرۆدۆت بۆیە ئەم سیمبوڵیزمە بۆ کوروش بەکار دەهێنێت چونکە دایکی (ماندانای) کچی پاشا ئاستیاگی مادییە و باوکیشی (کەمبوجی یەکەم)، دایکی کوروش وەک (ماین) و باوکی وەک (کەر) وێنا دەکات و وەچەی ئەم دووانەش (ئێسترە)، وەک ئاشکرایە ئێستر وەچە ناخاتەوە و "بێ بەرهەمە"، ئەمەشی بۆیە بەکاربردووە کە باوەڕی وابووە فارسەکان ناتوانن هیچ شتێک دابهێنن و جگە لە هەڵگرتنەوەی کەلتور و تایبەتمەندی سەردارانیان.[16] هەروەها، زۆرجار نووسەر، تێگەیشتنی پەرتووکی پیرۆز (پەیمانی کۆنی) بەکار بردووە لە بەڵگەهێنانەوەکانی، ئەمە لەکاتێکدایە کە پەیمانی کۆن هەرگیز لەلایەن مێژوونووسانی پێش-مێژوو (بەر لە داهێنانی نووسین)، وەک سەرچاوە بەکار نابرێت. واتە، ئەگەر هاتبا و خودی پەیمانی کۆن و هەتا قورئانیش، باسی ڕیشەناسیی کوردیشیان کردبا، ئەوا لە مێژوونووسیدا نەدەتوانرا پشتی پێ ببەسترێت، چونکە هەردووکیان "ڕاستەقینەیی مێژووییان" یەکلایی نەبووەتەوە و بێگومان ئەگەر ئەم دەقانە بخرێنە ناو مەکینەی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی، ئەوا وەک تۆزی سەر بانان بە با دەچن. واتە زۆرێک لەم سەرچاوانەی نووسەر بەکاری بردوون بە تێگەیشتنەکانی دەقە ئاینییە ئیبراهیمییەکانیشەوە، لەناو شوێنەوارناسی و بەدەست شوێنەوارناسانەوە چارەنووسی "گوڵ"ـەکەی نالی مەزن چاوەڕێیان دەکات بەدەست "باغەوانەوە"، ئەمانە کە "یاغی و دەم دڕاو... [کەوتوونەتە] لاف و ڕەنگ" بەدەست شوێنەوارناسییەوە دەنێردرێن بۆ"بازاڕی ڕیسوایی کە بیدا شوست و شۆی."[17] بەکورتی، دروستە ئەم دەقانەی کاک سۆران پشتی پێ بەستوون ڕاستیی مێژووییان هەیە، بەڵام ناوەڕۆکی دەقەکان ڕاستیی مێژووییان نییە. یەکێک لە تێگەیشتنە سەرنجکێشەکانی نووسەر، دەستەواژەی "سێگۆشەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی"ـیە (ل٥١-٥٨). بە هەمان شێوەی بەڵگەهێنانەوەکانی تری نووسەر، لێرەیشدا جگە لە ئاماژەیەکی سەرپێی بە "گرێ مرازان" تەواوی بەڵگەهێنانەوەکانی تری دیسانەوە دەچێتەوە ناو هەندێ سەرچاوەی گێڕانەوەی زارەکیی مێژوو و دەقە ئاینییەکان. ئەمە لەکاتێکدایە کە نووسەر خۆیشی دان بەوەدا دەنێت کە "هەرچەندە زۆربەی ئەم ئەفسانە و چیرۆکانە ناتوانرێت وەکوو ڕوداوی مێژوویی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت" بەڵام تەنها لەبەرئەوەی نووسەر لای وایە ئەمانە "هەڕەمەکی نین" (ل٥٤)، ئەم گێڕانەوانە بەکار دەبات بۆ ئەوەی تێزەکەی لەسەر جوگرافیای نێوان شرناخ و ئورفە و شەنگار، بە دانانی سنوری ئەم ناوچانە وەک "سێگۆشەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی" بسەلمێنێت. هەروەها، نووسەر لە بەشێکدا لەسەر "کەسایەتیە ناودارەکانی کورد بە درێژایی مێژوو" دەوەستێت، لەم بەشەدا نووسەر باسی هەندێ کەسایەتی کردووە کە زۆربەیان نووسەر و زانان. واتە، تەنها ئەم چەند ناوانەی کە لەسەریان وەستاوە بە "کەسایەتی ناوداری کورد" هەژمار دەکات. بیریشمان نەچێت، بەپێی مێژووی ژیانی ئەم کەسایەتییانە، بۆ نووسەر "درێژایی مێژوو" واتە، سەدەی دووی هەزارەی زایینی هەتاوەکوو سەدەی چواردەی زایینی. یەکێک لەو دیاردە سەیرەی کە نووسەر بە درێژایی کتێبەکە نیشانی دەدات، گەڕاندنەوەی مافی هەندێ لەم نەخشانەیە کە لە کتێبەکەیدا بەکاری بردوون. کەم مێژوونووس هەیە لە دونیادا ئەم کارەی کردبێت مەگەر مێژوونووسەکە خۆی پسپۆڕی بواری جوگرافیا و نەخشەکێشی بێت. کاک سۆران تەنها لەبەرئەوەی ئەم ناوچانەی کە پێشتر لەلایەن خەڵکی پسپۆڕەوە بە پشتبەستن بە شوێنەوار و تایبەتمەندی جوگرافیایی ناوچەکان، شوێنەکان یەکلایی کراونەتەوە، نووسەر بە ڕەنگتێرکردنی "ناوچەکە" و وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی "کوردی" ئەوا مافی خودی نەخشەکە بۆ خۆی دەگێڕێتەوە و دەیەوێت فریوی ئەوەمان بدات کە خۆی هەستاوە بە نەخشاندنی نەخشە جوگرافییەکە. لەم بەڵگەهێنانەوەی نووسەرەوە ڕوون دەبێتەوە کە لای نووسەر بەڵگە و سەرچاوە لەسەر کورد و ئەم ناوچەیەی کە پێی دەگوترێت "کوردستان" زۆر کەمە، جگە لەم سەرچاوە تۆمارە زارەکی و ئایینییانە نەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە مێژوونووسی مەزنی کورد، مێهرداد ئێزەدی دەنووسێت: "سەرچاوەی سەرەکیی زانیاری لەسەر مێژووی کورد، لە سه‌رده‌می کۆنەوە تا سه‌رده‌می هاوچه‌رخ، لە هەموو کتێبخانە گەورەکانی جیهاندا زۆرن و بە ئاسانی بەردەستن. ئەوەی کە ڕێگر بووە لە کۆکردنەوەی مێژووی کورد کەمیی توێژینەوە بووە نەک كه‌میی سەرچاوەی توێژینەوە."[18] ئەمەی نووسەر کردوویەتی ناکرێت وەک لێکۆڵینەوە-لە-سەرچاوە-دێرینەکان بێت لەسەر مێژووی کورد، وەکئەوەی گواستنەوەی تۆمارە زارەکییە مێژووییەکان بێت لەسەر کورد. بێگومان بۆ هەندێ سەردەمی مێژووی نووسەر بەڵگەهێنانەوەکانی جوان پێکاویەتی، بەڵام پەیوەند بە "پێش-مێژوو" ئەو سەردەمەی نووسین دانەهاتووە و سەرەتاکانی داهێنانی نووسین، بە نموونە سەردەمەکانی هەلەف، ئوبەید، سۆمەر و ئەکەد هیچ باسێک نەکراوە و ئەگەریش باسکرا بن و ناویان بردرابێت، پشت بە بەڵگە شوێنەوارناسییەکان و نووسینە مێخییەکان نەبەستراوە. وەک لەسەرەوەیش ئاماژەی پێ کرا، نووسەر بۆ سەلماندنی تێزەکانی لە هەربەشێکی کتێبەکەیدا، بەڵگەهێنانەوەکانی زۆر لاوازن و، دووبارەکردنەوەیەکی ناپێویست و هەندێجاریش بێزارکەری سەرچاوەکان، زیانی زۆری بە تێزەکانی نووسەر گەیاندووە. ئەمە لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێ دەستەواژەی نادروست و ناپێویست بەکار دەبات، بە نموونە "ئیمپڕاتۆریەتی ئەیوبی" (ل٣٣٠) بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەیوبییەکان بەکار دەبات کە لایەن سەرکردەی کورد سەڵاحەدینی مەزن دامەزراوە. ئەم دەسەڵاتەی سەڵاحەدینی مەزن دایمەزراندووە، لەلایەن مێژوونووسان و لەنێو مێژوویشدا بە "ئیمپڕاتۆرییەت" ناو نەبراوە. هەروەتر، ڕیزکردنی ناوی "هەندێک کەسایەتی ژنی هەڵکەوتووی کورد" (ل١٠٠)، بە واتای بەرزی پێگەی ژن نایەت لەنێو گەلی کورددا بەراورد بە گەلانی تری ناوچەکە، چونکە لەناو تەواوی گەلانی دونیادا هەمیشە "کەسایەتی ژنی هەڵکەتوو" هەبووە. ناکرێت گومان لە تێگەیشتنەکەی نووسەر بکرێت، بێگومان پێگەی ژن لەناو کورددا زۆر جیاوازترە بەراورد بە پێگەی ژن لەناو گەلانی تری ناوچەکەدا بەتایبەت سامییەکان، بەڵام دیسانەوە میتۆدۆلۆجیی نووسەر کێشەدارە و ئەم سەرچاوانەی کە پشتی پێ بەستوون دیسانەوە تۆماری زارەکین نەک لێکۆڵینەوەی وردی مرۆڤناسی و کەلتوورناسی لەسەر ژن و پەیوەندی ڕەگەزی لەناو گەلی کوردا. ئەگەر هاتبا و نووسەر ئەمەی کردبا، دڵنیام زۆر جێگای سەرنج و دەستخۆشی دەبوو. بەدەر لەمانە، نووسەر "زەردەشتی پێغەمبەر" و  "ژنانی ئەمازۆن" دەکات بە کورد. بێگومان تاوەکوو ئێستا کەس نازانێت و نەسەلمێندراوە کە "زەردەشت" هاوشێوەی "ئیبراهیم و موسا" بوونی هەبووبێت یاخود نا. واتە مێژووییبوونی ئەم کەسایەتییانە گومانیان لەسەرە و تاوەکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی شوێنەوارناسی هەبوونی ئەوانی نەسەلماندووە. هەتا گومان لە کوردبوونی ئایینەکەیش هەیە، بەدڵنیاییەوە زەردەشتییەت هاوشێوەی یەهوودییەت و مەسیحی (کە سەردەمێک هەندێ لە خەڵکی کورد باوەڕیان پێ بووە) و ئیسلامیش بەسەر کورددا بەزۆر سەپێندراون و دوورونزیک پەیوەندییان بە ئایینی کۆنی "مۆغە" کوردەکانەوە نییە، کە دوای فەرمیبوونی ئایینی زەردەشتی لەلایەن ئیمپراتۆرییە فارسەکانەوە لە سەدەی شەشەمی پێش‌زایینەوە، دەستدەکرێت بە کوشتاری "مۆغەکان" لەلایەن دەوڵەتەوە. سەبارەت بە ئەمازۆنییەکان، نووسەر پشت بە وتەی سەرزار یاخود میناک[19] دەبەستێت تاوەکوو ئەمازۆنەکان بە کورد دابنێت. گوایە لەبەرئەوەی هەندێ نووسەر ژنانی جەنگاوەری کوردیان بە ئەمازۆنی ناو بردووە ئەوا دەکرێت ئەمازۆنییەکان کورد بووبن. نەک هەر ئەمەیش، وشەی ئەمازۆن کە وشەیەکی یۆنانییە و بە واتای "بێ‌مەمک" یاخود "مەمک‌بڕاو" دێت، نووسەر لای وایە یۆنانییەکان هەڵەیان لە ناوەکەدا کردووە و لەڕاستیدا ناوەکە "هەمووژن"ـە نەک ئەمازۆن. ئەم جۆرە لە گرێدانەوە و دەستکاریکردنی وشە بەپێی هیچ بوارێکی زانستیی سەردەم مایەی قەبوڵ نییە بەڵکوو مایەی "ئەها"یەکی گاڵتەئامێزە. هەروەها، بێگومان مێژووی کورد هەرگیز ئەوە نییە کە "خەڵکانی بێگانە و ناکورد" زۆرجار بە ڕەچەڵەک کوردیش تۆماریان کردووە، بۆ نموونە هەندێ کەس کە سیخناخن بە نەریتی ئیسلامی، دەیانەوێت کورد بگەڕێننەوە بۆ یەکێ لە کوڕەکانی "نوح،" باوەڕیان وایە لەم ڕێگەیەوە "شانازی" بۆ کورد دەگێڕنەوە، وەک ئەوەی کەسێ هەبووبێت لە مێژوودا ناوی "نوح" بووبێت! وەک ئەوەی ئەگەر کورد بچێتەوە سەر یەکێ لەم "پێغەمبەرانەی" نێو دەقە ئیبراهیمییەکان ئەوا دێرینبوونی کورد یەکلایی دەبێتەوە، بێئاگا لەوەی کە بەپێی پەیمانی کۆن، کە دەقێکی کۆنترە لە قورئان، "تەمەنی زەوی ٦ هەزار ساڵە." ئەم نوکتە مێژوویی و جوگرافییە، ئەوەندە سواوە مرۆڤ زۆریش لە خۆی بکات ناتوانێت پێبکەنیت. بە تایبەت عەرەب، فارس و تورک، چونکە لەڕاستیدا، گێڕانەوە و تۆمارە مێژووییەکانی ئەوان نەک شایەنی ئەوە نییە بەرپەرچ بدرێنەوە، بەڵکوو کڵۆڵی و هەژاریی بێ بنەچەیی کەلتوریی ئەم گەلانە دەردەخات کە ئەوان مێژوویان لەسەر بنەمای کۆمەڵێ 'چیرۆکی بەرئاگردان' بونیادناوە کە بە هێزی باڵی تەپۆیەک ڕادەماڵرێت. بۆیە، لەسەر مێژوونووسانی کورد پێویستە بە وردی و ماندوونەناسانە لە ڕێگەی دەزگای نیشتیمانییەوە، دەست بکەن بە کنەکردنی دەقە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و خۆرهەڵاتیی نزیک و دۆزراوە شوێنەوارییەکان بەکاربهێنن، دەکرێت زۆر پشت بە کارەکانی هەردوو دکتۆری پسپۆڕ و شارەزای بواری شوێنەوارناسی و مێژووی دێرینی کورد  دکتۆر کۆزاد محەمەد ئەحمەد و دڵشاد عەزیز مارف (دڵشاد زاموا) لەگەڵ چەندین کەسانی پسپۆڕ و شارەزای تری کورد ببەستن بۆ یەکلاکردنەوە و نووسینەوەی مێژووی دێرین و ڕاستەقینەی کورد. بێگومان، هەڵە میتۆدۆلۆجی و بەڵگەهێنانەوە-دووبارەکانی نووسەر ئەوەندە زۆرن، لە وزەی وتارێکی کورتدا نییە دیارییان بکات، بێگومان ئەمەش مایەی سەرسوڕمان نییە، چونکە وەک لە پێشەکیەکەی کتێبەکەدا دەردەکەوێت، ئەم کتێبە ئەوەندەی تێگەیشتنی دەروون-کۆمەڵایەتی بەسەر نوسەردا زاڵە، تێگەیشتنی مێژوویی تێدا نییە. بەکورتی، بە دڵتەنگییەوە ئەم دێڕانە دەنووسم، چونکە لەڕاستیدا وەک هەر خوێنەرێکی مێژووی کورد و خەمخۆری مێژووی کۆنی گەلەکەمان شادومان بووم بە بڵاوبوونەوەی کتێبەکە بەڵام نەک لە پای چاوەڕوانییەکانمدا نەبوو، بەڵکوو نائومێدیشی کردم کە "مێژوونووسانمان" لەم ئاستە سەرەتاییەی مێژوونووسیدان. ئەگەر بە وشەیەک پێناسەی ئەم کتێبە بکەم، ئەوا ئەم کتێبە جگە لە کتێبێکی زڕەمێژوو هیچی تر نییە و نووسەر بەم بانگەشە زۆرانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کردی دەخوازێت خوێنەری کورد فریو بدات کە تەنها ئەو مێژووی "بزری" کوردی دۆزیوەتەوە. ئەم کتێبە لە باشترین باردا، کتێبێکی کاریکاتێری دزێوی مێژووناسییە، بەشێوەیەک دەکەوێتە نێوانی گاڵتەجاری و بەزمەساتی مێژوویی، کە بەهیچ شێوەیەک نابێت بخرێتە ناو ڕەفەی مێژوونووسی کوردییەوە. لە خراپترین باریشدا، "جوتکردنە لەناو ئاودا"، چونکە "مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد" وەک جۆگەلەیەکی وشک لەبری ئەوەی تینوێتی مێژوویی خوێنەرانی مێژووی کورد بشکێنێت، ئەوا خواستی خوێندنەوەشیان دەربارەی مێژووی کورد وشک دەکات. بێگومان، ئەم کتێبە بۆ ئەو خوێنەرانەی ئاگایی مێژووییان نییە و هەگبەی مێژووییان هاوشێوەی دەستەواژەی باوەڕدارانی "زەوی تەختە" بەتاڵە، ئەمە کتێبێکی سەرنجکێش و گرنگە لەسەر کورد و مێژووەکەی، بەڵام بەداخەوە، ئەم کتێبە ئەوەندەی زیان بە مێژوونووسی کورد دەگەیەنێت، سوود بە مێژووی کورد ناگەیەنێت، تەنها سوودێک ئەم کتێبە بە ئەوانەی بگەیەنێت کە سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسینەوەی مێژووی کوردن، ئەوەیە کە ناکرێ جارێکی تر کتێبی وەها بخوێنینەوە یاخود مێژوو بەم شێوەیە بنووسینەوە.   [1] کورد کێیە؟ (مێژووی کورد و ڕەچەڵەکی زمانەکەی لە سەرەتای شارستانیەتەوە هەتاوەکو سەدەی دەیەمی زاینی)، سۆران حەمەڕەش [2] مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد: سەرلەنوێ دۆزینەوەی سەرەتای شارستانییەتی ڕۆژئاوا و بنەچەی زمانە هیندۆئەوروپیەکان (لە ١٠٠٠٠ پ.ز وە بۆ ١٣٠٠ ز)، لXI [3]  هەمان سەرچاوەی پێشوو، لXX [4] هـ. س، ل٧ [5] هـ. س، لXI [6] هـ. س، ل٢٤ [7] هـ. س، ل٢٥ [8] هـ. س، ل٣٤ [9] The Sumerian Problem [10] مێژووی بزر و نەگێڕدراوی کورد، ل٣٥-٣٦ [11] هـ. س، ل٣٥ [12] Pourkheirandish M, Dai F, Sakuma S, Kanamori H, Distelfeld A, Willcox G, Kawahara T, Matsumoto T, Kilian B, Komatsuda T. On the Origin of the Non-brittle Rachis Trait of Domesticated Einkorn Wheat. Front Plant Sci. 2018 Jan 4;8:2031. doi: 10.3389/fpls.2017.02031. PMID: 29354137; PMCID: PMC5758593. [13] مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد، ل٢٣٩ [14] هـ. س، ل٢٣ [15] https://history.howstuffworks.com/historical-figures/herodotus.htm [16] خوێنەر دەتوانێت بۆ زیاتر ئاگاداری دەربارەی چەمکی (ئێستر) لای هیرۆدۆت، بۆ ئەم دوو لێکۆڵینەوەیە بگەڕێتەوە: Strong AK. Mules in Herodotus: the destiny of half-breeds. Class World. 2010;103(4) و Roy, Cornelia. (2010). Cyrus the Mule or Cyrus the Persian? SSRN Electronic Journal. [17] https://books.vejin.net/ck/text/610 [18] https://www.nawext.com/ku/post/view/گەڕان-بە-دوای-بنەچەی-کورددا [19] byword  

شەنای فاتح سەرەڕای پێشكەوتنی باڵەخانەو بیناو بازاڕەكان، بەڵام چەند شوێنێك لەسلێمانی هەیە كە تائێستاش وەك خۆیان ماونەتەوەو سیمای دێرینی خۆیان لەدەستنەداوە. یەكێك لەو بازاڕانەی كە تائێستاش وەك شێوازە كۆنەكەی خۆی ماوەتەوە (بازاڕی قەیسەری نەقیب)ە،  كە یەكێكە لەبازاڕە دێرینەكانی شاری سلێمانی و ساڵی 1900 لەلایەن شێخ مستەفای نەقیبەوە كەدەكاتە مامی شێخ مەحموودی حەفید دروستكراوە، هەر بەناوی بنەماڵەی نەقیبەوە ناونراوە. قەیسەری نەقیب بەسەرپەرشتی وەستایەكی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەناوی (وەستا رەجەب) دروستكراوە، نەخشەی قەیسەریەكەش هەمان ئەو نەخشەیەیە كە لەبازاڕو قەیسەرییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بەكارهاتووە، ئەم قەیسەرییە كارەكانی بەماوەی دوو ساڵ تەواو بووە. قەیسەری نەقیب لەسەر پایەی خشتی سوور دروستكراوەو بنمیچەكەشی بەشێوازی تاق دروستكراوەو چەندین كڵاوڕۆژنەی تێدایە بۆ ئاڵوگۆڕی هەواو تیشكی خۆر. بازاڕی قەیسەری نەقیب سەد دوكان لەخۆدەگرێت و لەسەرەتادا كاسبكارانی ئەم قەیسەرییە جۆراوجۆربوون وەك: بەرگدوری و دەلاكی و وشكەفرۆش و عەتارەكان، بەڵام لەساڵی 1958ەوە زیاتر بوو بەبازاڕی كەلوپەلی ژنان و جوانكاری. ئیسماعیل حاجی ئیبراهیم، تەمەن 65ساڵ كەدوكانی عەتاری هەیە لەبازاڕی قەیسەری نەقیب بەهاوڵاتی وت: ئەم دوكانەمان لەساڵی 1938ەوە هەیەو هی باوكم بووە، لەساڵی 1987ەوە من لەم دوكانەدام بەبێ دابڕان، ئەم دوكان و بازاڕەش بووەتە هاوڕێی تەمەنم. هەروەها وتیشی:» ئەم بازاڕە یەكێكە لەبازاڕە كۆنەكان و وەختی خۆی 140 دوكان بووە و سەرچاوەی بازاڕ بووە لەشاری سلێمانیدا، دوكانی جۆراوجۆری تێدا بووە، بەڵام لەئێستادا بەو شێوەیە نەماوە». قەیسەری نەقیب دەكەوێتە سەنتەری شاری سلێمانی چوار دەرگای هەیە، بە جۆرێك هەر یەكێكیان دەچێتەوە سەر بازاڕێكی دیكەی شاری سلێمانی، ئەوانیش : حەوزە وشكەكە-مەزادخانەكە-هەنگوین فرۆشەكان و شەقامی كاوە. ئێستاش بەشێك لەهاووڵاتیانی شاری سلێمانی بەتایبەتی ژنان بۆ دەستكەوتنی كەلوپەلەكانیان سەردانی بازاڕی قەیسەری نەقیب دەكەن وەك كەلوپەلی جوانكاری و بەرگدوری و ئێكسسواراتی جلوبەرگی كوردی. نازدار محەمەد خانمێكە كەپیشەی بەرگدوورە بۆ هاوڵاتی باس لەوەدەكات كە بۆ دەستكەوتنی كەلوپەل و كەرەستەكانی تایبەت بەپیشەكەی سەردانی قەیسەری نەقیب دەكات، وەك بەكرەو ئۆیە و زەنگیانە و چەندین جۆری موروو بۆ دروستكردنی هەر كارێكی دەستی و نرخەكانیشیان گونجاون. قەیسەری نەقیب لەماوەی دروستبوونیدا تووشی چەندین رووداو بووە، لەوانە: ساڵانی 1985 و 1987 تووشی لافاو بووەو لەساڵی 1988یش تووشی ئاگركەوتنەوە بووەو 95%ی قەیسەرییەكە سووتاوەو دواتر بەهەوڵی دوكاندارەكان بەمانگێك قەیسەرییەكە دروستكراوەتەوە. ئەو كەسانەی مێژووی بازاڕەكە شارەزان دەڵێن لەبەشی باشووری قەیسەرییەكە حەوشەیەكی گەورە هەبووە پێیان وتووە (خان)، وڵاخ بەبارەوە لەدەرەوە هاتووەو لەم خانەدا گومرگ كراوە كە لەسەردەمی عوسمانییەكاندا پێیان وتووە (گومرگی رێژێ)، باس لەوەشدەكەن لەو سەردەمەدا ئەم خانە میوانخانەی مێجەرسۆن بووە.

دەشتی مەحمود مێژوونووسی کورد مێهرداد ئێزەدی، دەڵێت، « کوردێکم نەناسیوە کەباوەڕی بەئەوپەڕی دێرینیی مێژووی نەتەوەکەی نەبێت،» بەڵام ئایا دێرێنی کورد بۆ کەی دەگەڕێتەوە و باوانی کورد کێن؟ بەبڕوای ئەم مێژوونووسە، کورد بەرهەمی کۆبوونەوەی چەندین توێژاڵی کەلتوری خۆجێیانی زاگرۆس و هاوردەیە، واتە کوردی هاوچەرخ تێکەڵەیەکە لەچەندین کەلتوری جیاواز کە بۆ ماوەی چەندین هەزارە، لەناوخۆو دەرەوەی کوردستانەوە تێکەڵەیەک و هەمڕەنگییەکی کەلتوریان پێکهێناوە کە بەئاسانی لەگەلانی تری ناوچەکە جوێیە. بێگومان ئەم تێکەڵبوونە هەڕەمەکی یان بەڕێکەوت رووی نەداوە، هەروەها بەپلان و ئایدۆلۆژیای نوخبە، تووێژ یان دەستەیەکی دیاریکراو ئەنجامنەدراوە؛ لەڕاستیدا ئەم بژارکردن و هەڵبژاردنە کردەیەکی دەرەتاکی بووە. لانیکەمی بەدامەزراوەیی بوونی کەلتوری خۆجێیەکانی زاگرۆس (میزۆپۆتامیای ژوورو) بۆ سەرهەڵدانی چاخی بەردینی نوێ (کشتوکاڵ دەگەڕێتەوە) و لەوکاتەوە بەڵگەنەویست، بنەما، رێسا و پێوەرەکانی کەلتورەکەیان داڕشتە دەبێت و ئەمانە ناوەخنەکەیان پێکهێنا؛ دواتر لەهەر رووبەڕووبوونەوەیەکدا، لەهەر تێکەڵبوون بەئەویتر چ دۆستانە یان داگیرکارانە بووبێت؛ ئەم ناوەخنانە بەوپێیەی گرێدراوی گیان، ژیارو شێوەژیانی خۆجێیەکان بوو، بەگوێرەی سەردەمە جیاوازەکان ناوەخنەکەیان بەفۆرمی جۆراوجۆر بەرهەمهێناوەتەوە؛ لەم بەرهەمهێنانەوەدا زۆرجار خودی کۆمستێری (مەنزومەی) ناوەخنەکە بەگوێرەی دەستوەردانی ئەویتر ترازاوەو هەندێ جارییش گۆڕانی بنەڕەتی بەسەر شێوە ژیانەکەدا هاتووە، بەڵام ناوەخنەکە تۆکمە ژیارییەکە توانیویەتی  خۆی بەرهەم بهێنێتەوە. هەتاوەکو ئێستا، سەرەتاییترین بەڵگە لەسەر کەلتورێکی یەکگرتوو و جیاواز کەخەڵکی نیشتەجێی میزۆپۆتامیای ژوورە (کوردستان) هاوبەشییان پێکردووە، پەیوەندی بەسەردەمی ‹کەلتوری هەلەف›ـەوە هەیە کەنزیکەی ٨٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە. بەدەربڕینێکی تر یەکەم دەرکەوتەی ناواخنی نیشتەجێیەکانی زاگرۆس کە لەمێژوودا تۆمارکراوە کەلتوری تەل هەلەفە.  ئەم کەلتورە بەناوی تەپۆڵکە دێرینەکەی تەل هەلەف لەڕۆژئاوای شارۆچکەی قامیشلۆ لەڕۆژئاوای کوردستان ناونراوە، ئەم کەلتورە بەئاسانی بەشێوازی گۆزەسازیی دەناسرێتەوە، کەخۆشبەختانە بەشێوەیەکی بەرچاو لەم سەردەمەدا بەرهەمهێنراوە. گۆزەسازیی هەلەف کە بەشێوەیەکی نایاب رەنگ کراوو بەشێوەیەکی ناسک نەخشێنراوە، بەئاسانی لەبەرهەمەکانی پێشوو و دواتر جیا دەکرێتەوە. تەنیا بە لەبەرچاوگرتنی پاشماوەی گۆزەسازیی، پێدەچێت کەلتووری هەلەف لەنێوان ساڵانی ٦٠٠٠ بۆ ٥٤٠٠ پێش زایین درێژبووبێتەوە، کەماوەی نزیکەی ٦٠٠ ساڵی خایاندووە.   هونەری هەلەف بەبڕوای زۆرێک لەشوێنەوارناسان و مێژوونووسانی میزۆپۆتامیا، هونەری گۆزەسازیی هەلەف بەهۆی رەنگاڵەیی و فرەنەخشەیی بەئاسانی لەهونەری کەلتورەکانی دوای خۆی جیادەکرێتەوە، ئەم فرەڕەنگی و نەخشینییەی لەهونەری کەلتوری هەلەفدا رەنگیداوەتەوە، لەکەلتورەکانی دوای خۆی بەتایبەت (کەلتورە سامییەکان) زۆر جیاوازترەو هی ئەوان فرەڕەنگی تێدانییە و زیاتر سادەو یەکرەنگە. گۆزەسازیی هەلەف لەگەڵ دەفرە سورەکراوەکانیان چ وێنەیی یاخود ئەندازەیی، رەنگاوڕەنگی تایبەتمەندییەکی نایابی بەهونەرەکەیان بەخشیوە  کە لەوانەیە ناوەڕۆکێکی ئایینییان هەبێت: زۆرجار مرۆڤ، پەلەوەر، باڵندە، خشۆک، بەڕەنگی رەش و سوور بۆیە کراون. لەقۆناغی دواییتری هەلەفدا، گرنگترین ناوەندی بەرهەمێنانی کەرەستەی خۆراک و خواردنەوە بووەو ئەم کەرەستانە بەسێبەری سوورو قاوەیی و سپی رەنگکراون و ئینجا لەسەریان گوڵی جۆراوجۆر و شێوەی ئەندازەیی نەخشێندراون، ئەم ناواخنانە هەتاوەکو ئێستاش لەناو هونەری چنینی بەڕە، رایەخ، مافوور کڵاوو جەمەدانی و هەوریشدا ماوەتەوە. دەتوانین بەشی هەرە زۆری یەکەم دەرکەوتنی ناوەخنە کەلتورییەکەی دانیشتوانی مێزۆپۆتامیای ژوورە (کوردەکان) لەهونەری هەلەفدا بدۆزینەوە.   کۆتەڵی شۆڕەژن  لەناو ئەم چەندین دۆزراوانەی سەردەمی کەلتوری هەلەف، کۆتەڵی ژن هەیە کەڕەنگی جیاوازیان لەسەر نەخشێنراوە. ئەم شێوەی نواندنەوەی ژن لەسەردەمی راوچی-کۆکەرەوە ئەوروپاش ئامادەیی هەیە و زۆرجار وەکو مێخواوەند لێکدانەوەیان بۆ کراوە و ناوی کۆتەڵی ڤینۆسی لێنراو؛ بەڵام ئەمەی تەل هەلەف هی سەردەمی راوچی-کۆکەرەوەی میزۆپۆتامیای ژوورو نییە بەڵکو هی سەردەمی کشتووکاڵە.  لێرەدا من پێشنیاری ‹›کۆتەڵی شۆڕەژن›› بۆ ئەم پەیکەرۆکانەی مێینە دەکەم؛ جگە لەوەی شۆڕەژن لەزمانی کوردیدا بەژنی جوان، دەستڕەنگین، کارامەو چالاک وتراوە هەروەها بۆ ژنی خەپەی شل و شۆڕ بەکاربراوە کە ئەمەی دووەمیان بەشێوەیەکی سەیر لەوەسفی ئەو کۆتەڵانە دەچێت. یەکەم دەرکەوتەی ژن بەڕووتی لەپێش‌مێژوودا کە دۆزرابێتەوە، لەشێوەی کۆتەڵی ناوبراودایە. شکڵناسی پەیکەرە جۆراوجۆرەکانی شۆڕەژن، پیشاندەری جەستەیەکی قەڵەو، مەمکی گەورە، ناوقەدو سمتی قەڵەو و پان‌وپۆڕ بووە، هاوکات روخساریان یان داپۆشراوە یان دروست نەکراوە. شکڵناسیی کۆتەڵی شۆڕەژن دەشێت خۆی لەناو روانگەی بایۆلۆژیدا ببینێتەوەو ئەو جۆرە لەجوانی تێدا بەرجەستە کرا بێت. هێشتا مرۆڤ بەتەواوی نەهاتۆتە ناو پانتاییە رەمزییە نووسراوەکانەوەو جیاوازییە تۆخە مرۆڤناسی و تەنانەت سایکۆلۆژییەکان لەناو چەشەی گشتیدا داڕشتە نەبووەو فۆرمی وەرنەگرتووە. هەروەها هێشتا کۆمەڵگای باوکسالاری دەرنەکەوتووە تاوەکوو بەهاکانی خۆی لەجوانی و پێودانگەکانی جوانییەوە بگلێنێت. کۆتەڵی شۆڕەژن لەبەرئەوەی لەبەرەبەیانی تۆمارکراوی جۆری مرۆڤ بەجێماون و رەبتیان بەوەچەخستنەوەو بەرهەمهێنانەوەی جۆرەوە هەیە بۆیە کەمترین جوانی نابایۆلۆژی تێدا دەبینیتەوە. رووخسار کە لەسەردەمی مۆدێرندا بەشێوەیەکی وەسواس دەبێتە جێگەی سەرنج و دەستکاری، لەبەرەبەیانی مرۆڤدا بابەت نەبووە. ئەوەی گرنگ بووە جەستەی قەڵەو و بەپیت بووە بۆ وەچەخستنەوە. ئێستاتیکاکەشی کەڕەبتی بەئیرۆتیکا و شەهوەتەوە هەیە هێشتا هەر سەر بەجوانی بایۆلۆژییە لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پاڵنەرە بایۆلۆژییانە لەناو یەزدانناسیدا داڕشتە بووەو گوزارشت بوون لەپیرۆزیی ئافرێنەرانەی ژن. گرنگی نەدان بەکێشانی رووخسار لەکۆتەڵی شۆڕەژندا، بەمانای ئەوە نایەت نێرەکانی ئەو سەردەمە جوانی دەموچاویان لەلا گرنگ نەبووە یان ژنان بایەخیان بەڕووکاری روخسارو جەستەیان نەداوە. هەروەها بۆ ئەوەش ناگەڕێتەوە کە ژنان تەنیا رەهەندی وەچەخستنەوەی جەستە یان خۆیان لەلا گرنگ بووەو بۆ پیاوانیش هەر ئەوە هەموو شت بووە. بزری روخسار لە کۆتەڵی شۆڕەژندا بۆ بزری خاوەندارێتیی تایبەت دەگەڕێتەوە، بۆ بزری بەموڵک نەبوونی ژنان دەگەڕێتەوە. ژنان بەگوێرەی رووخساریان لەپەیوەندی بەنێرێکی دیاریکراوەوە شوناسی وەرنەگرتووە. ژنان لەئازادیی هێزی ئافراندنی جەستەی خۆیان لەپەیوەند بەخۆیانەوە شوناسیان وەرگرتووە. هەر ژنێک بۆ رووخسارێکی دیاریکراو کورت نەبووەتەوە وەک ئەوەی لەژیاری باوکسالاریدا دەیبینین. ژنان کاتێک رووخسارێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی، کەلتوری، ئابووری، ئایینی وەردەگرن رووخساریان لەسەر پەیکەرو لەناو نیگارەکاندا دەردەکەوێت؛ واتە ژنان دەبنە هەڵگری رووخسارێکی دیاریکراو کەموڵکی پیاوە وەک چۆن مەڕوماڵاتەکەی، زەوییەکەی و ماڵەکەی مۆڵکییەتی. راستە روانگەی بایۆلۆژی دەتوانێت کۆمەڵێک راستی بنەڕەتی لەسەر سەرنجکێشیی شکڵناسیی جەستە لەپەیوەند بەهەڵبژاردنی سێکسییەوە بخاتەڕوو و تاڕادەیەک روونکردنەوەی شیاو لەسەر ئاستی غەریزەی مانەوە، لەوبارەوە بەردەست بکات، بەڵام ناتوانێت رەهەندەکانی تری ئەو دیاردەیە ببینێت؛ ئەگەرچی لە بڕگەیەکی دووروودرێژی مێژووی مرۆڤدا، تاڕادەیەکی زۆر توانیبێتی دەست‌وپەنجەی خۆی بەیادگار بەجێ بهێڵێت بەڵام لەبرگەکانی دواتردا بەگوێرەی شێوەژیانی سەردەمە جیاوازەکان جوانییەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت. ئەوی راستی بێت ئەم رەهەندەی بایۆلۆژییەی جەستەی ژن بۆ ئەوان فامکراو نەبووە بەڵکو ئەوان جەستەی ژنیان لەناو روانگەی ئوستورەییدا فامکردووە، بۆ ئەوان جەستەی ژن وەکو خودی ژیان بووە کەتوانای ئافراندنی بووە؛ جەستەی ژن پیرۆز بووەو زەق کردنەوەی هەندێ ئەندامی بۆ لایەنی بەدیهێنەری ژن گەڕاوەتەوە. ئەوە ژن بووە ژیانی ئافراندووە، ئەوە ژن بووە ژیاری رەخساندووەو ئەوە هەر ژن بووە کەلتوری داهێناوە و کشتوکاڵی بەرهەمهێناوە، هەموو ئەمانە دەستیان لەوەدا هەبووە خواوەند وەکوو ژن فام بکەن و هەر ئەمەش وادەکات یەکەم خواوەندەکان لەمێژوودا ژن بن. لەناو گوتاری مۆدێرندا، دۆزینەوەی ئەم جۆرە کۆتەڵانە، لەناو کەلتورێکی کۆنی کوردستان و میزۆپۆتامیای ژوروو، دەشێت وەها شرۆڤە بکرێت کە دانیشتوانی کوردستان پێگەیەکی گرنگیان بە جەستەی ژن داوەو جیاواز لە کەلتورەکانی دواتری ناوچەکە بەتایبەت سامییەکان کە نەک جەستەی ژن لەهونەریاندا نانوێننەوە و کۆتەڵ و پەیکەری ژنان درووست ناکەنەوە و بگرە بەیەکجاری لەهونەرەکەیاندا دەردەکرێت و هەتا لەدواترین نوسخەی کەلتوری سامیدا، واتە ئیسلام دوای یەهوودیەت و مەسیحیەت، جەستەی ژن بەیەکجاری دادەپۆشرێت و سێکسواڵیەتەی داگیر دەکرێت.  

دەشتی مەحمود قیسارەی زێرینی ئور کە بەقیسارەی سەرەگای ئوریش ناسراوە یەکێکە لەکۆنترین و سەرنجکێشترین ئەم دەستسازانەی کە لەمیزۆپۆتامیادا دۆزراوەتەوە. ئەم قیسارەیە یەکێکە لەو چەند ئامێرە مۆسیقیانەی کە لەنێوان ساڵانی ١٩٢٦-١٩٢٧ لەهەڵکەندنی شوێنەواریی لەشاری ئور (پارێزگای زیقاری ئێستای عێراق) بەهاوبەشی لەلایەن زانکۆی پێنسیلڤانیا و مۆزەخانەی بەریتانیا لەژێر سەرپەرشتی لیۆنار وولی لەناو هەڵکۆڵینەکانی «گۆڕستانی شاهانەی ئور» دۆزرایەوە. ئەم قیسارەیە لەبەشی «چاڵی مەزنی مەرگ»ـی ناو  گۆڕستانەکەدا لەنزیک تەرمی زیاتر لەحەفتا سەربازو خزمەتکار دۆزرایەوە. یەکێکە لەچەندین قیسارەو هارپ (چەنگ) کە لەگۆڕستانەکەدا دۆزراونەتەوە کەمێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتای شانشینی سێیەم (٢٥٥٠-٢٤٥٠ پێش زایین). قیسارەی زێڕینی ئور لەناو گۆڕی شاژن پوبابی بووە (شاژنی شاری ئور، باوەڕ وایە لەساڵی ٢٦٠٠ پێش زایین کۆچی دوایی کردبێت). تەرمی شاژن پوبابی کە تاجی لەسەر بوو و بەگەوهەر رازاوەتەوە لەگەڵ ٧٤ تەرمی دیکە دۆزرایەوە کە ٦٨یان لەڕەگەزی مێ بوون. ئەو نێرو مێیانەی دۆزراونەتەوە هەموویان هەمان جۆری جلوبەرگیان لەبەردا بووەو هەریەکەیان دەفرێکیان بەدەستەوە بووە کەپێدەچێت ئەو ژەهرەی تێدابووبێت کەهەموویان لەکاتی خۆکوشتنی بەکۆمەڵ خواردبێتیانەوە. شوێنەوارناسان باوەڕیان وایە، خۆقوربانی بەشێک بووە لەئەرکی دەربارانی شاژن. یەکێک لەو ئێسقانەی لەگەڵ قیسارەکە دۆزراوەنەتەوە، هی خاتوونێکە کەباوەڕوایە قیسارە ژەنەکە بووبێت، چونکە دەستی مێینە بەدبەختەکە لەسەر بەشی ژێکانی قیسارەکە بووە. لیۆنار وولی ئەم دیمەنە بەم شێوەیە وەسف دەکات کە «... کاتێ دەبینی دەستەکانی ژنەکە لەسەر ژێی ئامێرەکە بووە، وەک ئەوەی تا دوا ساتی ژیانی ئامێرەکەی ژەنیبێت.» بەهۆی شوێنی دۆزینەوەکە، وا بیردەکرێتەوە کەقیسارەکان لەڕێوڕەسمەکانی ناشتندا وەک هاوەڵی گۆرانی بەکارهێنراون. هەر قیسارەیەک یازدە ژێی هەبوو کەکاتێک دەژەنرا دەنگێکی زرینگەداری دەردەکرد کە بەدرێژایی هەر گۆرانییەک دووبارە دەبووەوە. ئەم ئامێرە کۆنانە دوو جۆر بوون: هەیان بووە لەسەر شێوەی سندوق بووەو ئەوانی تریش لە شێوەی قاپ بوون. قیسارە سندوقییەکان لەسەر شێوەی سدووقێک درووستکراون و شێوە قاپییەکانیش تاڕادەیەک چەماوەیی بوون و توانراوە لەسەر کۆش بژەنرێن. قیسارە زێڕینەکەی ئور سندووقی بووەو دەبوایە لەسەر ئەرز دابنرێت و بەوەستانەوە بژەنرێت و بەهەردوو دەستەکانیش ژێکانی بکێشرێن. ئەم ئامێرانە، یان ئەوەی لێیان مابووەوە (زۆربەی بەشە بەنرخەکانی کە لەبەردی گرانبەها، زیوو زێڕ پێکهاتبوو) نۆژەنکرانەوە و لەنێوان ئەو مۆزەخانانەدا دابەشکران کە بەشدارییان لەهەڵکەندنەکاندا کردبوو. جوانترینیان دراوە بەمۆزەخانەی بەغدا و بەقیسارەی زێرینی ئور ناونرا. بەداخەوە، لەمانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣دا، دوای لەشکرکێشی دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمریکا بۆ سەر رژێمی لەناوچوی سەدام حسێن، لەمۆزەخانەی عێراق لەبەغدا لەلایەن تاڵانچیەکانەوە دزراوو زیانێکی زۆریان بەقیسارە هەزاران ساڵەکە گەیاند. تاڵانچییەکان هەرچی گرانبەهابووە لەزیوو زێڕ کەقیسارەکەی داپۆشیبوو بردبوو و بەتەواوی شێواندبوویان بەڵام دواتر لەشوێنی وەستانی سەیارەی بانکی ناوەندی عێراق بەپارچە پارچە کراوی دۆزرایەوە. دوای نۆژەنکردنەوەو چاککردنەوەی، ئێستا قیسارەی زێرینی ئور لەمۆزەخانەی پێنە لەپێنسیلڤانیا و نمونەیەکی هاوشێوەیشی لەمۆزخانەی عێراق لەشاری بەغدادە.

هاوڵاتی کتێبی ژینابەندان لە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە وڵاتی فەڕەنسا کەوتە بازاڕەوە و ئێستا لە لای کتێبفرۆشەکان لەو وڵاتەو و لە رێگای ئۆنلاینیەوە دەست دەکەوێت. ئەم کتێبە کۆمەڵە شیعری ٤٤ شاعیری فڕەنسی و فرانکۆفۆنی لەخۆی گرتووە کە لە ستایشی ژینا ئەمینی و بۆ بەرگری و شایانلێنان لە ژنانی کوردستان و ئێران نووسراوە. هاوکات ئەم کتێبە بەشێک بوو لە پرۆژەیەک بەناوی ژینابەندان بە دەستپێشخەریی شاعیر و نووسەری کورد نەزەند بەگیخانی سەرەتا لە کورتە ڤیدیۆیەک بڵاوبۆوە و دواتر بە هاوکاریی شاعیری فەڕەنسی نیکۆل باریێر چاپ و بڵاوکراوەتەوە کە لە ٧٠ لاپەڕە پێکدێت. لە پێشەکیی کتێبەکەدا کە نەزەند بەگیخانی نووسیویەتی، بە وردی باس لە بزووتنەوە و سەرهەڵدانی گەلانی کوردستان و ئێران دەکات دوای مەرگی ژینا ئەمینی. جێگەیباسە ،یەکەمجارە لە تاوتوێی کتێبێکدا شەرعییەتی ئەو بزووتنەوەیە بە بەڵگەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ کورد و ژنانی کوردستان، هەروەها باس لە رەگیی کوردیی دروشمی ژن ژیان ئازادی دەکات کە ئەمڕۆ لە هەموو جیهان بۆتە سیمبۆلی تێکۆشانی ژنان بۆ یەکسانی و دژی چەوسانەوە و نێرسالاری. لە پێشەکییەکەدا، نووسەر شایان لە هەمەلایەنی و فرە ئێتنیکیی بزووتنەوەکە دەنێت و لێکدانەوەیەکی ئینتەرسێکشنالی بۆ دەکات. نیکۆل باریێر دەبارەی هاوکاریی و بەشداری لەم پرۆژەیەدا دەڵێت: "ئێمە لێرەوە بە وشە دەریدەبڕین کە لەگەڵ ژنانی کوردستان و ئێرانین بۆ نەهێشتنی دیکتاتۆی و جوداکاری و نادادوەری." نەزەند بەگیخانیش، کە جگە لە نووسینی پێشەکی و دەستپێشخەریی بۆ پڕۆژەکە، شیعرێکی لە دیوانەکەدا هەیە، لە راگەیاندنێکدا وتی: "ئەم کتێبە سەرەتا بە شیعرێک لە ستایشی ژینادا دەستی پێ کرد کە یەکسەر دوای مەرگی ژینا نووسیم. دواتر بانگەوازێکمان ئاراستەی شاعیرانی فڕەنسیمان کرد تا بە شیعر پشتگیریی خۆیان بۆ بزووتنەوەی ژینا و تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی و دادپەروەری لە کوردستان و ئێران دەربڕن. کتێبەکە جگە لەوەی گوزارشە لە گیانی بەدەنگەوەهاتن و پشتگیری، رۆل و قوربانیدانی کورد باس دەکات و بەرپرسیارییەکی ئێتیکی و ئێستێتیکیشە بەرامبەر ژنان و پیاوانی کوردستان و ئێران کە خەون بە جیهانێکی جوانترەوە دەبینن. لە سەردەمێکدا کە خودپەرستی و خودسالاری مرۆڤی خستۆتە ناو تەنیاییەکی کوشندەوە، شاعیران لە رێگای شیعرەکانییانەوە سنورە دەستکردەکانی نێوان مرۆڤ و نەتەوە و دەوڵەتان تێدەپەڕێنن و بە وشە ئاوێتەی خەونی چەوساوەکان دەبن. شاعیرەکان نەوەی ڤیکتۆر هوگۆ و لویس ئەراگۆن و پۆل ئێلوار و رونێ شار-ن کە شیعرەکانیان وەک بومبێکی لیریکی وایە لە پێناوی دادپەروەری و ئازادی دەتەقێتەوە. لە رێگای ئەم دیوانەوە، شاعیرەکان ژیان و هیوا لە وشەدا نەخش دەکەن کە وا دەکەن هەمیشە خەون ببینین و بەرەو ئەو ئازادییە هەڵکشێین." جگە لە روماڵکردنی ئەم کتێبە و هەڵسەنگاندنی لە لایەن میدیا فڕەنسییەکانەوە، ئەم کتێبە لە مانگی پێنجەوە لە گەشتێکی شیعری لە پاریس و شارەکانی دیکەی فڕەنسا دەناسێنرێ و دەخوێنرێتەوە. کتێنی ژینابەندان: ژن ژیان ئازادی دەستپێشخەری و ئامادەکردن: نەزەند بەگیخانی و نیکۆل باریێر پێشەکی: نەزەند بەگیخانی چاپ: پاریس، دەزگای هارماتان، بەشی میللەت و کولتور و ئەدەبییاتی رۆژهەڵات لاپەڕە: ٧٠ دیزاینی  بەرگ: رووناک رەسولپوور

دەشتی مەحموود   لەكتێبی (مێژوو لەسۆمەرەوە دەستپێدەكات: سی و نۆ یەكەمینەكان لەمێژووی تۆماركراودا:١٩٥٦)، سامویل نوح كرەیمەری سۆمەرناس، سی و نۆ «یەكەمینەكان» كە لەمیزۆپۆتامیاوە سەریانهەڵداوە دەژمێرێت، لەوانە، یەكەمن خوێندنگا، یەكەمین مێژوونوس، یەكەمین ‹موسا›، یەكەمین ‹ئەیوب›، یەكەمین لایەلایە، یەكەمین لافاوی مەزن و ‹نوح› و هتد... لەبەر ئەمە، مایەی سەرسوڕمان نییە كەیەكەمین پێغەمبەریش لەمێژوودا هەر لەم ناوچەیەدا دەركەوتبێت. ناوی گۆدیا بەسۆمەری بەواتای «وەرگری ئاشكراكردن» دێت واتە كەسێ كە خواوەند بانگی كردووە، «وەحی وەرگر» بەواتایەكی تر «پەیامبەر/پێغەمبەر.» بەبڕوای هەندێ لەلێكۆڵەرەوان هەر ناوی «Gudea-گۆدیا»یە كەدواتر لەهەندێ زمانی ئەوروپیدا دەبێت بەوشەی «God-گۆد/خوا». گۆدیا شازادەیەكی سۆمەری بوو، فەرمانڕەوای دەوڵەت-شاری لاگاش لەباشووری میزۆپۆتامیا، كە لەنزیكەی ساڵانی ٢١٤٤-٢١٢٤ پێش زایین فەرمانڕەوایی كردووە. بەپێی بڕوای مێژوونووسان بەپشتبەستن بەبەڵگە شوێنەوارناسییەكانەوە، رەنگە لەبنەڕەتدا گۆدیا خەڵكی شاری لاگاش نەبووبێت، بەڵام لەگەڵ نینالای كچی فەرمانڕەوای شارەكە ئوربابا (٢١٦٤-٢١٤٤ پێش زایین)ـی لاگاش هاوسەرگیری كردبێت، بەم شێوەیە چووەتە ناو بنەماڵەی شاهانەی لاگاش و بووە بەفەرمانڕەوای شارەكە. لەدوای گۆدیا، ئور-نینگیرسۆی كوڕی شوێنی گرتووەتەوە. سەردەمی فەرمانڕەوایی گۆدیا لەكاتێكدا بووە كەناوەندی سومەر لەلایەن بنەماڵەی دەسەڵاتداری گۆتییەكانەوە فەرمانڕەوایی كراوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، لاگاش سەردەمێكی زێڕینی هەبووە و بڕوا وایە كە نزیك بەتەواوەتی سەربەخۆبووبێت لەژێر فەرمانڕەوایی گۆتییەكان لەم سەردەمەی كە سۆمەر لەژێر هەژموونیاندا بووە.   ئاوێزەكانی گۆدیا لەساڵی ١٨٧٧، لەناوچەی تێلۆ (گیرسۆ) كە نزیكەی ٢٥كم لەشاری لاگاش دوربووە، دوو شوێنەوارناسی فەڕەنسی هێنری دی جێنۆیلاك و ئاندرێ پارۆت، جووت ئاوێزەی سورەوەكراوەی قەبارە (درێژی:٦١/٦٥ پانی: ٣٢/٣٣سم) دۆزیەوە كە بەئاوێزەكانی گۆدیا ناسراون. مێژووی ئەم ئاوێزانە بۆ نزیكەی ٢١٢٥ پێش زایین دەگەڕێنەوەو لەسەریان ئوستورەی «ئاواكردنی پەرستگای نینگیرسو»ـی بەمێخی بەزمانی سۆمەری تۆماركراوە. شایەنی ئاماژەپێكردنە ئەم ئاوێزانە گەورەترین دۆزراوەن كە بەزمانی سۆمەری نووسراون و لەئێستادا لەمۆزەخانەی لۆڤەر، لەپایتەختی فەڕەنسا لەپاریس هەڵگیراون و بەرچاوخراون بۆ سەردانكەرانی مۆزەخانەكە. لەسەر ئاوێزەكان باسێكی وردی هاتنەخوارەوەی وەحی لەشێوەی خەوندا بۆ گۆدیا تۆماركراوەو لەخەونەكەدا نینگیرسوی كوڕی سەرجڤاتی خواكانی سۆمەر «ئینلیل» داوا لەگۆدیا دەكات، پەرستگای ئی-نینو لەشاری لاگاش ئاوابكات. خەونەكەی (وەحی) گۆدیا گۆدیا وەحیەكەی لەشێوەی خەوندا پێدەگات، و لەخەونەكەدا دەبینێت پیاوێكی زلی – باڵداری تاج لەسەر كەدوو شێر لە لاكانی كەوتوون دەبینێت – ئەم پیاوە فەرمانی پێدەكات پەرستگای ئی-نینو ئاوابكات. پاشان دوو مرۆی دیكە دەردەكەون: ژنێك كەمێخێكی زێڕینی بەدەستەوەیە، سا پاڵەوانێكیش دەبینێت كە تاتێكی لە مینا درووستكراوی بەدەستەوەیە كە نەخشەی خانوویەكی لەسەر دەكێشێت. پاڵەوانەكە خشتەكانی لەناو قاڵبێكی خشت و سەبەتەیەك، لەبەردەم گۆدیا دادەنێت، ئەمە لەكاتێكدا كەرێك لێنەبڕاوانە بە سمەكانی ئەرزەكە دەپەستێوێتەوە. بەڵام دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر، گۆدیا خەبەری دەبێتەوە، دەپەشۆكێت و لەواتای خەوەكەی تێناگات. لەبەرئەمە، دواتر، گۆدیا هەڵدەستێت و گەشتێك دەكات بۆ لای نانشای مێخواوەندی دادپەروەری، خۆشگوزەرانی و لێكدانەوەی خەونەكان بۆ ئەوەی واتای خەونەكەی بۆ راڤە بكات. دوای ئەوەی گۆدیا دەگاتە پەرستگای مێخواوەندەكە، دەست دەكات بەنزاو پاڕانەوە و دەڵێت: «من دایكم نییە، تۆ دایكمیت، من باوكم نییە، تۆ باوكمیت، تۆ تۆواوەكەمت وەرگرت و بەهەموو پیرۆزییەكەوە منت خستەوە.» ئینجا، دوای گێڕانەوەی خەونەكەی، نانشا خەونەكەی بۆ راڤە دەكات و گۆدیا ئاگادار دەكاتەوە كە دەبێت پەرستگایەك بۆ نینگیرسوی خواوەندی كشتوكاڵ، شیفا، نووسین، شەڕو راو ئاوا بكات. بێگومان دواوی راڤەی خەونەكە، گۆدیاو بەیارمەتی خەڵكێكی زۆر لەهەموو ناوچەكانی میزۆپۆتامیاوە دەستدەكات بەبنیاتنانی پەرستگای ئی-نینو لەشاری لاگاش بۆ نینگیرسو. هەروەتر، لەسەر یەكێ لەپەیكەرەكانی گۆدیا ئاماژە بەئەوە كراوە كەخواوەندی سەرەكی شاری لاگاش، نینگیرسو لەنێوان ٢١٦ هەزار پیاوو خەڵكی ئەوكاتەدا، گۆدیای هەڵبژراردوە بۆ ئەوەی پەرستگاكەی بۆ ئاوابكا. لەم دۆزراوە شوێنەوارناسییانەوە فێر دەبین كەئایین و دەقە پیرۆزەكانی دوای سۆمەر، لەژێر چ كاریگەرییەكی قوڵی یەزدانناسی سۆمەری و میزۆپۆتامیاییدان. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، دەكرێت گەلێك لەناوبچێت، بەڵام ئەگەربێت و كەلتوورێكی بەهێزو تۆكمەی هەبێت ئەوا درێژە بەمانەوەو ژینی خۆی لەناو كەلتوورەكانی دوای خۆی دەدات.

كارزان ناسیح لەم ماوەیەدا دوو كتێبی نوێی نوسەر و چالاكوانی دوورە وڵات هیوا ناسیح چاپ و بڵاوكرانەوە كە بریتین لە: ١. ھەڵەبجە و ئەنفال ، لە چاپخانەی بینایی بە قەبار‌ەی ناوەند، چاپكراوە، پارێزگاری سلێمانی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر ئە‌ركی چاپكردنی گرتۆتە ئەستۆ.ئەم كێتبە بریتییە لە سێ بەش بەشی یەكەم: كۆمەڵێك وتار و بابەتە، كه لەسەر هەندێك چالاكی و كاری گرنگن لە ئەوروپا و كوردستان، كە نوسەر بۆ بە جینۆسایدناساندنی هەڵە‌بجە و ئەنفال و تاوانەكانی دژ بە گە‌لی كورد ئەنجامی داون‌. بەشی دووەم: كۆمەڵێك راپۆرت وتاری وەرگێڕراوه لە میدیای رۆژاواوە، بە هەمان شێوە لەسەر كۆمەڵكوژییەكان و دادوەری له جیهاندا، ئەم بابەتانە لە سێ زمانی ئەڵمانی، عەرەبی و ئینگلیزییە‌وە وەرمگێڕاون. بەشی سێیەم: كۆمەڵێك چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیییە، یەكێكیان به ئەڵمانی لەگەڵ نوسەر ئەنجام دراوە، لە میانەی توێژینەوەیەك لەسەر كورد و ئەوانی تر هی رۆژنامە و گۆڤار و سایتە كوردییەكانن. سەرجەمیان لە چوارچێوەی هەڵەبجە و ئەنفال و كاركردن بۆ ئەو دۆسیانه و مافی مرۆڤن. چالاكییەكانی لێرەدا تۆماركراون زۆریان لە چوارچێوەی كارەكانی رێكخراوی (چاك)دا بوونە، كە كاتی خۆی چالاكترین رێكخراوی بواری مافەكانی مرۆڤ و كاركردن بۆ بەجینۆسایدناساندنی هەڵەبجە و ئەنفال بوو لە باشوری كوردستان و هەندەراندا، بەڵام بیرۆكە و دەستپێشكەری نوسە‌ری كتێبەكە بوونه،‌ وە ئەو ڕۆڵی سەرەكی تێیاندا هەبووە. دوو پرۆژەكە‌ش كە پێشكەش بە دە‌زگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت و پەرلەمانی باشوری كوردستان كراون، ناوبراو نوسیونی. لە گرنگترین كارەكانیش رێكخستنی یەكەم كۆنفرانس بۆ بەجینۆسایدناساندنی هەڵەبجە و ئەنفال لە بارەگای سەرەكی نەتەوە یەكگرتوەكان له شاری ژنێڤ، گەیاندنی دۆسییەی هەڵەبجە و ئەنفال بە پەرلەمانی سویسرا و پرۆسەی دەنگدان بۆ بەجینۆساید ناساندنی ساڵی ٢٠١١، هەروەها چوونە پاڵی رێخكراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لەسەر دۆسییەی دادگاییكردنی گەورەتاوانبار نزار خەزرەجی و ...هتد. شایەنی باسە هەردوو وتاری: ئەمریكا، سەددام و گازی ژەهراوی (پەیوەندیە نهێنییەكانی ئەمریكا وسەددام لە هەشتاكاندا)، هەروەها یەكەمین ڕاپۆرتی میدیای ئەوروپی لەسەر پرۆسەی ئەنفالەكان بەناوی (سكاڵای قورسی كوردەكان لە دەست بەغدا، بەكارهێنانی گازی كیمیایی دژ بە دێهاتە كوردییەكانی عێراق)، كە لە ئەڵمانییەوە وەریگێڕاون، دیارە ئەم دوو بابەتە بایەخ و گرنگی خۆیان هەیە، لە ڕووی زانیارییەكانی ناوی و هاوكات وەك بە‌ڵگەنامەی ڕۆژنامەوانیش. لەگەڵ وتار و بابەتەكاندا هەندێك بەڵگەنامەی گرنگ‌‌ بڵاوكراونەتەوە، كە بەشێكیان بۆ یەكەمجارە بڵاودەكرێنەوە. هەروەها چەند بابەتێك لە سەر راكێشانی تاوانبارانی گەلانی جیهان بە سێ تاوانە گەورەكە (گەلكوژی واتە جینۆساید، تاوانەكانی جەنگ و تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی) و دادگاییكردنیان. ئەمەش به مەبەستی ئاشنابوونی خوێنەر و چالاكوانانی مافی مرۆڤە لەسەر دادگای تاوانباركردنی نێودەوڵەتی هەمیشەیی لە جیهاندا و هەروەها ئەو دادگایی و پرۆسانەی لەم بوارەدا ئەنجام دراون. چونكە بەداخەوە لە‌ نێو گەلی ئێمەدا زانیاریی لەسەر ئەم بابەتانە زۆر كەمە، زۆر گرنگە خوێنەر و بەتایبەت چالاكوانانی ئەم بوارە تێبگەن، كە ڕاستە كاركردن لەم بوارەدا حەوسەڵە و وزە و توانا و ئارامیی زۆری دەوێت، بەڵام دونیاش وەك دە‌ڵێن (شاری بێ ساحێب نییە)، بۆیە سەرەڕای ئەو هەموو ستەم و نادادی و ناهەقییەی لە وڵاتانی جیهاندا كراوە و دەكرێت، زۆر جارانیش داد و دادوەریی ئامانجی خۆی پێكاوە و دەپێكێت، لە ئەنجامدا، وەك لە وتارێكیاندا هاتوە‌، دەیان سەركردەی زۆردار و خوێنڕێژ و سەرۆك و پاشای وڵاتان لە جیهاندا، كە گەلكوژی و كۆمەڵكوژی و گەورەتاوانەكانی تریان ئەنجامداوە، پێش مەرگیان دادگایی كراون و سزای ڕەوایانەی خۆیان وەرگرتوە. ٢. ئێمە لەدیدی ئەوانەوە، لە چاپخانەی ئاسیا چاپكراوە، ئەم كتێبەیان كۆمەڵێك وتاری سیاسی، چاوپێكەوتن و خوێندنەوە‌ی كتێبە لەسەر كورد و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە بە چەند زمانێكی بیانی لە ئەوروپا بڵاوكراونەتەوە، هیوا ناسیح وەریگێڕاون‌ و ئامادەی كردون. نوسەر و وەرگێڕ بەكر شوانی پێشەكی بۆ نوسیوە. لەسەر ئەركی د. تەها ڕەسوڵ چاپ كراوە. نوسەر لە پێشەكییەیدا نوسیویەتی: ((ئەم كارەی من دەستم داوەتێ لە وڵاتە پێشكەوتوەكاندا كاری دەزگا و دامەزراوە‌‌ی تایبەتن، تا‌ بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتانە بكەن، كه لەسەر گەلە‌كە‌یان نوسراوە، بەڵام من لە نەبوونی ئەو جۆرە دەزگایانەدا هاتوم و دەستم بردوە بۆ ئەم كارە، هەرچەند نازانم ئایا كتێبخانەی كوردی كتێبی وای تێدا بێت یان نا، كە وتاری سیاسیی رۆژنامەنوس و چاودێرانی بیانی كرابێتنە كوردی و لە دووتوێی كتێبدا بڵاوكرابێتەوە، بەڵام بۆ خوێنەری كورد گرنگە، كە بزانێت كێشەی كورد لە ڕوانگەی ئەوانەوە چۆن دەبینرێت، چەندە جێی بایەخە و چەند زانیارییان له ‌سەری هەیە)). ئەم كتێبە بریتییە لە سێ بەش، بەم جۆرە: بەشی یەكە‌م كۆمە‌ڵێك وتار و ڕێپۆرتاژی ڕۆژنامەوانی، كە لە رۆژنامە و گۆڤارە ئەڵمانیزمانەكاندا بڵاوكراونەتەوە و لە‌ لایەن نوسەرەوە لە كات و ساتی خۆیدا كراون‌ بە كوردی و لە رۆژنامە و گۆڤار و سایتە كوردییەكاندا بڵاوكراونەتەوە، هەرچەندە وا ئێستا هەندێك لەم وتارانە دە تا پانزە ساڵێكی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام ئەوانەش بایەخی خۆیان لە دەست نەداوە، چونكە‌ گرنگە دید و بۆچوونی ئەوانی دی، كە بە زۆری نوسەر و ڕۆژنامەنوسی ناسراو و پیشەیین لەسەر كێشە گەرمەكانی، كە لەدەوروبەری ئێمە ڕوویداوە و زۆربەشیان بەردەوامن، بزانین، تا بۆمان دەركەوێت چۆنیان ڕوانیوەتە كێشەكان، پێشبینیان چی بووە، سەرنجیان چیە و رەخنەیان لە چی بووە. بۆهەر یەكە‌شیان وێنەی نوسەرەكەی یان یەك لەو وێنانەی لەگەڵ بابەتەكەدا لە ئۆرگیناڵەكەدا بڵاوكراوەتەوه، لێرەش لەگەڵی دانراوە، لەگەڵ لینكی سەرچاوە‌ی بابەتەكە. بەشی دووەم چەند چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانین، لەمانە دوانیان هیوا ناسیح خۆی ئەنجامی داون، یەكەمیان لەگەڵ پەرلەمانتارێكی سویسری، كە ئێستا هاوسەرۆكی پارتی سۆسیالیستی سویسرایە، كە دووەم گەورەترین پارتی نێو پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە. هەروەها لەگەڵ د. تۆماس شمیدینگەر كە ئەكادیمی، نوسەر و توێژەرەوەیەكی ناسراوی نەمساییە و زۆر دۆستی كوردە و چەندین جار سەردانی كوردستانی كردوە و چەندان كتێبیشی لەسەر كورد نوسیوە. بەشی سێیەمیش خوێندنە‌وە بۆ چەند كتێبێكە، یان وردتر بڵێین پوختەی پێنج كتێبە، كە بە زمانی ئەڵمانی و لە دەزگا بەناوبانگەكانی ئەوروپادا بڵاوكراونەتەوە، ناوەڕەۆكەكانیان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە خەباتی گەلی كورد و كەلتور و بارودۆخی كوردستان یان ئەو وڵاتانەوە هەیە كە كوردیان بەسەردا دابەش كراوە. نوسەر پاش خوێندنەوەی كتێبەكان، هاتوە ناوەڕۆكەكانی بە سەرنج و تێبینی خۆیەوە لەسە‌ریان بە كوردییە‌كی ڕەوان نوسیوەتەوە. بەكر شوانی له پێشەكییەكەیدا دەنوسێت (( زۆربەی دەوڵەتان و میللەتانی جیهان هەر لە سەردەمانێكی زووەوە دەزگاگەلی تایبەت بە بەدواداچوون و كۆكردنەوە و ئەرشیڤكردن و وەرگێڕانی ئەو بابەتانەیان هەیە كە ئەوانی تر دەربارەیان بەرهەمی دەهێنن. وەلێ كورد، وەك خاوەن قەوارە و دەسەڵات لەم سەردەمەدا، سەرباری هەبوونی بوار و توانای پێویست، لەم بوارەدا زۆر كەمتەرخەمە و ڕای گشتیی كوردستان بەدەگمەن نەبێت، ئاگاداری ئەو هەموو بابەتە نییە كە لە دنیای ڕۆژئاوادا لەبارەیەوە بەرهەم دەهێندرێن. ئەوەش وا دەكات كەسانی خەمخۆری وەك كاك هیوا ناسیح وەك تاك و بە دەستپێشخەریی خۆیان دەست بۆ ئەركێكی لەو جۆرە ببەن. وێرای دەستخۆشیم لە كاك هیوا ناسیح، هیوادارم ئەم كارە هێژایەی ببێت بە سەرەتایەك بۆ دامەزراندنی ناوەند و دەزگای تایبەت بە بەدواداچوون و پۆلێنكردن و وەرگێڕانی زیاتری ئەو بابەتانەی كە لە دیدی ئەوانی ترەوە لەسەر كورد و دۆزەكەی نووسراون)). هەر دوو كتێبەكە ژمارەی سپاردنیان لە لایەن بەڕێوبەرێتی گشتی كتێبخانە گشتییەكانەوە پێدراوەو ئێستا لە كتێبخانەكانی كوردستاندا بەردەستە.

هاوڵاتی باوکی فەلەک لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کۆچی دوایی کرد لە ریزی گەلدا بوو، لەم پارچەیەی کوردستان بۆ پارچەیەکی ترى کوردستان، لە وڵاتەکەیدا ئاوارە بوو. بەهۆی هونەر و گۆرانیەكەیەوە بە بەردەوامی رووبەرووی گرتن و دەردەسەری دەبووەوە، بەڵام تاوەکو لە ژیاندا بوو، کۆڵی نەدا و بۆ نیشتیمان و گەلەی دەچڕی و گۆرانی دەوت و هیچ کاتێک لە کوردبوونی هەڵنەهات. باسی هونەرمەندە محەمەد شێخۆ دەکەین کە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە 9ی ئازاری 1989دا کۆچی دوایی کرد، بەڵام هونەرکەی هەموو کاتێک بە زیندووەیی هێشتیەوە. ناوی تەواوی محەمەد ساڵح شێخمووس ئەحمەدە. لە ساڵی 1948 لە گوندی گڕباوێی سەر بە شاری قامیشلۆ لە دایکبووە. لای مامی فێری ژەنینی تەمبوور بووە. حسەینى مامی وەستای دروستکردنی تەمبوور بووە. هۆگری و شارەزایی مامی لە ژەنینی تەمبووردا، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داناوە. وایلێکردووە هەر لە منداڵییەوە حەز بە ژەنینی تەمبوور بکات محەمەد شێخۆ لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا، بووەتە ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی سوریا. بەهۆی کزی چاوەکانی و خراپیی دۆخی ئابووری دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت. لەگەڵ خانەوادەکەی لە گوندەکەیان دەست بە کاری جۆتیاری دەکات. دواتر بە هونەرمەندانی وەک خەلیلێ ئێزدی، حسەینێ تەوفێ و حەلیمێ حسۆ ئاشنا دەبێت. خۆی فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی دەکات و بەرهەمی کۆمەڵێک شاعیری ئەو سەردەمە دەخوێنێتەوە. دیوانی جگەرخوێنی لەبەربوو و هەموو کاتێک گوێی بۆ ڕادیۆی یەریڤان و بەغدا دەگری. لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا سەردانی بەیروتی پایتەختی لوبنان دەکات و لەگەڵ هونەرمەندان مەحمود عەزیز و سەعید یوسفدا تیپی مۆسیقای نەورۆز دادەمەزرێنن. لە سەرەتای حەفتاکاندا دەگەڕێتەوە رۆژئاوای کوردستان و بەهۆی گۆرانی و سروودە نیشتمانییەکانیەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە دەستگیر دەکرێت. فشاری لەسەر دروست دەکرێت کە بەشداری لە بۆنە و ئاهەنگەکانی رژێمی بەعسی سوریا بکات، بەڵام تەنانەت یەکجاریش بەشداری نەکرد. بەهۆی فشارەکانەوە لە ساڵی 1973 دەچێتە بەغدا و لە رادیۆی بەغدا چەند گۆرانییەک تۆمار دەکات. لەوێ هونەرمەندانی وەک گوڵبەهار، تەحسین تەها، شەماڵ سائیب، بەشار زاخۆیی، محەمەد عارف جزیری و عیسا بەرواری دەناسێت دوای ساڵێک دەگەڕێتەوە بۆ دیمەشق و یەکەم کاسێتی بەناوی “گەورێ” تۆماردەکات. لەبەرئەوەی گۆرانییەکانی سیاسی و نەتەوەیی بوون، دەسەڵاتدارانی سوریا چەندین جار بانگهێشتی دەزگا ئەمنیەکانی دەکەن و بۆیەش روو لە باشوری کوردستان دەکات و دەبێتە پێشمەرگە. لە ساڵی 1975 دوای تێکچوونی شۆڕش روو لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. دوای دوو ساڵ لەگەڵ کچێک بە ناوی نەسرین حسێن مەلەک کە خەڵکی شاری سنەیە هاوسەرگیری دەکات. چوار منداڵیان بەناوەکانی فەلەک، بێکەس، ئیبراهیم و بروسک دەبێت. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەوڵەتی ئێران فشاری لەسەر دروست دەکات و رێگە نادات، گۆرانیە نەتەوەییەکانی بچڕێت و لە ساڵی 1983 دەگەڕێتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و لە قامشلۆ نیشتەجێ دەبێت. لە قامشلۆ گرۆپێکی موزیک و دواتر ستۆدیۆیەکی تۆمارکردنی گۆرانی بەناوی 'فەلەک' دەکاتەوە. حکومەتی سوریا پەلاماری دەدات و ستۆدیۆکەی دادەخات. محەمەد شێخۆ، لە ژیانیدا هیچ کاتێک خۆشی و سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینی و دواجار لە 9ی ئازاری 1989 کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی لە گۆڕستانی گەڕەکی هلێلی قامشلۆ بەخاکدەسپێردرێت. محەمەد شێخۆ لەنێو کوردداندا بە باوکی فەلەک دەناسرا. زۆر بەرهەمی پێشکەش بە هەگبەی هونەری کوردی کرد کە ژمارەیەکیان ئەمانەن " کۆچی مە بار کرد. نەسرین. ئەی فەلەک. دڵ پەریشانم، گولیزار، ئای گەورێ، ئای لێ گوڵێ "

دەشتی مەحمود پیاوی ئورفە، كە بە پەیكەری بەلیكڵیگۆلیش ناسراوە، پەیكەرێكی كۆنی شێوەمرۆییە و لە هەڵكۆڵینێك لە ناوچەی بەلیكڵیگۆلی شاری ئورفەی باكوری كوردستان (میزۆپۆتامیای سەروو) لە ساڵی ١٩٩٣ دۆزراوەتەوە و مێژووەكەی بۆ نزیكەی ۱۱ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، پەیكەرەكە لە سەردەمی نیۆلیتیكی پێش گلكاریدا تاشراوە. پیاوی ئورفە بە كۆنترین پەیكەری قەبارە گەورە دادەنرێت كە لە شێوەی جەستەی مرۆڤێكی كامڵ دروستكراوە. ئەم پەیكەرە هاوسەردەمی هەردوو شوێنەوارە دێرۆكەكانی نزیك شاری ئورفە، گرێ ناڤۆكێ (١٢٠٠٠ ) ساڵ و نەوالا چۆری (١٠٤٠٠) ساڵ پێش ئێستایە. پەیكەرەكەی لە كاتی كاری بیناسازیدا دۆزرایەوە، بەڵام شوێنی دۆزینەوەكە بە دیاریكراوی نەزانراوە و بە باشی تۆمار نەكراوە، بەڵام دەگوترێت لە شەقامی یەنی یۆل لە ناوچەی بەلیكڵیگۆلی كە یەكێكە لە كۆنترین ناوچەكانی شاری ئورفە، لە ساڵی ١٩٩٣دا دۆزراوەتەوە . ئەم ناوچەیە تەنیا نزیكەی ٢٠كم لە شوێنەواری گرێ ناڤۆكێوە دوورە. ئەم پەیكەرە بەرزییەكەی نزیكەی مەترێك و نەوەد سانتیمەتـرە كە لە بەردی خۆڵین دروستكراوە و چاوەكانیشی بە دوو بەردەشەوە نەخشێنراون ( بەردەشەوە پۆلوی ساردبووەوەی بوركانی چیاكانی كوردستانە). ئەم پەیكەرە لە ئێستادا لە مۆزەخانەی ئورفە لە شاری ئورفەی باكوری كوردستان هەڵگیراوە. پیاوی ئورفە، پەیكەری پیاوێكی ڕووتە كە چاوەكانی كونن و بەردەشەوەیان تێداچەقێنراوە، دەمی نییە و لەسەر سنگی ملوانكەیەكی لە شێوەی ژمارە ٧ هەیە، هەروەها، دەستەكانی لە پێشەوە گرێدراون و خستوونیەتە سەر ناوكی، ئەمەش لە هەڵكۆڵراوەكانی ئەو سەردەمە تایبەتمەندییەكی باو و بڵاو بووە بە تایبەت لە گرێ ناڤۆكێ (ناوە كوردییەكەی ئەم شوێنەوارە "گرێ ناڤۆكێ/گردی ناوك‌" ئاماژە "ناوك/ناڤك"ەكەی تێدایە كە دەكرێت لەم سەردەمەدا ناوچە و گردەكەیان بە ناوك یاخود چەقی زەوی یاخود گەردووندا دانرابێت). هەندێ لە شوێنەوارناسان دەڵێن كە دەستەكانی خستووەتە سەر ئەندامی زاوزێ و دایپۆشیوە. پەیكەرەكە قاچی بۆ درووستنەكراوە و لەبری ئەوە لە بەشی خوارەوەیدا پارچەیەكی شێوە قەدی درەخت هەیە كە وا بیردەكرێتەوە بۆ ئەوە بووبێت لە زەویدا بچەقێنرێت. چاوە بەرەدەشەو و بێ دەمی پیاوی ئورفە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەم پەیكەرە نەبوونی دەمە، بەڵام لەبری دەم دوو بەردەشەوە جێگای چاوەكانی پیاوی ئورفەیان گرتووەتەوە. پێدەچیت نەبوونی دەم و هەبوونی دوو بەردەشەوە لە چاوەكانی پیاوی ئورفەدا، ئاماژە بێت بۆ پاشا یاخود خواوەند بوونی پەیكەرەكە. چونكە زۆر جار مرۆڤەكان لە ڕێگەی چاو-لە-چاوبڕینەوە لەگەڵ یەكتردا دەدوێن نەك دەمەوە. ئەمەش دەكرێت لەم سەردەمەدا گرنگی پێگەی دەسەڵات یاخود ئاینی هەبووبێت. لە ئێستادا شێوەكەی گۆڕاوە بۆ كارلێكی كۆمەڵایەتی و خۆشەویستی، بۆ نمونە كاتێ دایكێك لەگەڵ كۆرپەكەیدا دەدوێت، كۆرپەكە سەیری چاوەكانی دایكەكە دەكات نەك دەمی. لێرەدا دەكرێت بگوترێت، كاتێ كەسێك لەم سەردەمەدا سەیری ئەم پەیكەرەی كردووە لە ڕێگەی چاوبڕینە چاوەكانی پەیكەرەكەوە نەك دەمیەوە هەستی بە دەسەڵات و هێزی پەیكەرەكە كردووە. لە تێگەیشتنە شوێنەوارییەكاندا، دەگوترێت كە پەیكەری مرۆڤ وەك هەوڵێكی هونەری بووبێت بۆ وێناكردنی و نواندنەوەی هەقیقی جەستەی مرۆڤ. لە ڕاستیدا، پەیكەری "پیاوی ئورفە" خۆی گەواهی توانای مرۆڤی سەرەتاكانی سەردەمی نیۆلیتیك دەدات بۆ پەیكەرسازی جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەكی سروشتی.

هاوڵاتی سەلمان ڕوشدی بۆیەکەم جار دوای ئەوەی لە نیویۆرک بەچەقۆ هێرشەکرایە سەری قسەیکرد وباسی بارودۆخی خۆی کرد، هاوکات بڵاوبوونەوەی کتێبی " شاری سەرکەوتنی" ئاشکرا کرد، کە نوێترین ڕۆمانیەتی. سەلمان ڕوشدی لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرکەر چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام داو باسی لەوەکرد کە دۆخی باشترە، سەرەڕای ئەوەی بینایی چاوێکی لەدەستداوە وبەزەحمەت دەتوانێت بنوسێت بەهۆی ئەوەی چەند پەنجەیەکی ناتوانێت بجوڵێنێت و بەردەوام ڕاهێنان بەدەستی ئەکات، هەروەها باسی لە بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی " شاری سەرکەوتن" کرد لەماوەیەکی نزیکدا، ئەمەش یەکەم کتێبی سەلمان ڕوشدیە دوای ئەوەی هێرشکرایە سەری. لە لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرکەر لەبارەی دۆخی تەندروستیەوە وتی، بەختم باشە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەسەرم هات دۆخم ئەوەندە خراپ نیە، دەتوانم هەستمە سەرپێ وبگەڕێم، وتیشی نیوەی خوارەوەی لەپی دەستم وپەنجەی گەورەم هەستی تێداماوە ودەتوانم بەکاریبێنم، ڕاهێنانی دەست زۆر ئەکەم و پێم دەڵێن دۆخم زۆرباشە. هاوکات لەبارەی توانای نوسین وزەحمەتیەکانی بەردەمی بەهۆی برینەکانیەوە، باسی لەوەکرد نوسین وتایپکردن بۆی زەحمەتە بەهۆی ئەوەی لەبەشێکی سەری پەنجەکانیدا هەستی نەماوە وتوانای کارکردنی نەماوە، هەروەها وەک خۆی دەڵێت کاتێک دەڵێم باشم، "مەبەستم ئەوەیە کە پارچەیەک لە جەستەم هەیە کە پێویستیان بە پشکنینی بەردەوام هەیە، هێرشێکی گەورە بوو". هەروەها سەلمان ڕوشی باسیشی لەوەکرد، کە بەهۆی هێرشەکەوە زەبری دەروونی بەرکەوتووە وپێویستی بەچارەسەرە، وتیشی ئەوە کاریگەری کردۆتە سەر توانای نوسینم، هەندێک کات ئەوەی دەینوسم ڕۆژی دواتر دەیسڕمەوە. لەبارەی ڕۆمانە نوێیەکەیەوە کە ڕێک پێش هێرشکردنەسەری تەواوببوو بەڵام نەیتوانی بڵاوی بکاتەوە ئاماژەی بەوەدا، کتێبەکە بەناوی " شاری سەرکەوتنە"  و ٢١یەمین کتێبی خۆیەتی، داستانێکی ڕیالیستی ئەفسوناوییە دەربارەی خوداوەندێک کە شارێک لە تۆوەوە دروست دەکات و تا تەمەنی ٢٤٧ ساڵی دەژی، نووسەر سەرنجەکانی لەسەر وڵاتی لەدایکبوونییەتی، باس لەوە دەکات کە چی لە سەدەی ١٤ی باشووری هیندستاندا ڕوودەدات، وەک نواندنێک و بەرجەستەکردنێک سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و نەفرەتی تائیفەگەری  دەبێ بخوێنرێتەوە. سەلمان ڕوشدی لە ساڵی ڕابردوودا لە ئاهەنگێکدا لە نیویۆرک لەکاتی وتارداندا لەلایەن هێرشبەرێکەوە بەچەقۆ بەسەختی بریندارکرا و بۆماوەی نزیکەی شەش هەفتە لەنەخۆشخانە مایەوە،  ئەوەش بەهۆی ڕۆمانی " ئایەتە شەیتانیەکانەوە" کە لەساڵی ١٩٨٨ بڵاویکردبۆوە وناڕەزایەتیەکی زۆری موسڵمانانی بەدوای خۆیدا هێنا ولەلایەن ئایەتوڵا خومەینیەوە حوکمی کوشتنی درا وبڕەپارەیەکی زۆر وەک خەڵات دیاریکرا بۆ هەرکەسێک کە بیکوژێت.  سەلمان ڕوشدی، ڕۆماننوس ونوسەری هیندی-بەریتانیە، خاوەنی چەندین خەڵاتە یەکێک لەوانە خەڵاتی بووکەریە کە بۆ ڕۆمانی " منداڵانی نیوەشەو" وەریگرتووە.  

هاوڵاتی مێژووی موزیك ئەوەندەی خودی مرۆڤایەتی كۆنە. شوێنەوارناسان فلوتی سەرەتایییان دۆزیوەتەوە كە لەئێسك و عاج دروستكراون و مێژووەكەیان بۆ ٤٣ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە ، هەروەتر باوەڕوایە زۆرێك لەشێوازە موزیكە كۆنەكان لەنەریتە زارەكییەكاندا پارێزراوبن، بەڵام كاتێك باس لەگۆرانییە تایبەتەكان دەكرێت، كۆنترین نموونەی زانراو و دۆزراوە تاڕادەیەك مێژووەكەی تازەترە. زۆربەی مێژوونووسان، وەك كۆنترین پارچە موزیكی نووسراو لەمێژووی مرۆڤدا، ئاماژە بە «سروودی هۆریی ژمارە ٦-  Hurrian Hymn no.6» دەكەن، كە سروودێكە بۆ مێخواوەند، نیكال كە بەشێوەی مێخی لەلایەن هۆرییەكانەوە لەدەوروبەری سەدەی ١٤ـی پێش زایین، واتە نزیكەی سێ هەزارو٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دانراوە. ئەو تاتە گڵینانەی كە ئەو ئاوازەیان تێدایە لەساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوو لەوێرانەكانی شاری ئۆگاریت لەسوریا دۆزراونەتەوە. هەروەها، لەسەر تاتە گڵینەكە، رێنمایی تایبەت هەیە بۆ چۆنیەتی لێدانی گۆرانییەكە لەسەر جۆرێك قیسارەی نۆ تاڵی. سروودی هۆری نیكال، كە سروودی پەرستەی هۆری ژمارە ٦ـیشی پێدەگوترێت، بەشێكە لە ٣٦ سروودی ئاینی كە بۆ نیكالی مێخواوەند نووسراون، بەكۆنترین میلۆدی لەجیهاندا دادەنرێت كەهەتاوەكوو ئێستا دۆزرابێتەوە. نیكال مێخواوەندی باخچەو سەوزایی بووە و لەزۆربەری ناوچەكانی میزۆپۆتامیا بەتایبەت میزۆپۆتامیای سەروو لەناوچەی حەران پەرستراوە. سەرەڕای هۆنراوەكە، لەسەر تاتە گڵینەكە، رێنماییش نووسراوە بۆ گۆرانیبێژو موزیكزانەكان كەچۆن ئاوازەكەی بژەنن و ئاماژە بەئەوەشكراوە كەدەبێت موزیكەكە لەسەر ئامێرێكی هاوشێوەی قیسارە بەناوی ساممون لێبدرێت، ئەمە لەكاتێكدایە كەناوی ئاوازدانەرەكە نەزانراوە. لەماوەی ساڵانی رابردوودا گۆرانییەكە لەلایەن موزیكزانان و تووێژەرانەوە داڕێژراوەتەوە و لەئێستادا بەچەندین شێوە گۆرانییەكە لەلایەن چەندین كەسەوە گوتراوەتەوەو هەركەسێك دەتوانێت لەڕێگەی ئۆنلاینەوە گوێبیستی گۆرانییەكە بێت. لەئێستادا تاتە گڵینەكە لەمۆزەخانەی نیشتمانی دیمەشقە. هۆنراوەی گۆرانییەكە: «من قوربانیم بۆ مێخواوەندەكە كردووە سا لەخۆشەویستیدا دڵی خۆی بكاتەوە جا لەگوناهەكانم خۆش بێت گۆزە زەیتی كونجی خۆش‌ بۆن دڵی شادبكات تا بەمیهرەبانی چاوی لێمان بێت سا بەرهەمدارمان بكات وەك كێڵگە بەپیتەكانی دانەوێڵە سا ژنان لەگەڵ مێردەكانیاندا منداڵیان بێت جا ئەوانەی كەهێشتا پاكیزەن رۆژێك بەمنداڵ بەختەوەر بن» بەبڕوای مێژوونووسی گەورەی كورد، میهردادی ئێزدی، هۆرییەكان بەمەودایەكی فراوانی كەوانەیی زنجیرە چیاكانی زاگرۆس-تۆرۆسدا بڵاوبوونەتەوەو تەواوی جوگرافیای كوردستانییان گرتووەتەوە و بۆماوەی چوار هەزارو ٣٠٠ ساڵ كولتوورێكی بەهێزیان ئاواكردووە و لەژێر ناوی میتانی رێكخستنێكی سیاسیی بەهێزیان دامەزراندووە. هەروەها هۆرییەكان بۆ ماوەیەكیش دەستدرێژییان كردووەتەسەر دەشتەكانی دراوسێیان: میزۆپۆتامیا و دەشتاییەكانی ئێران. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز زۆر دوور لەشاخەكان بڵاونەبوونەتەوە. ئابووری و پەیوەندییە سیاسییەكانی هۆرییەكان بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر لەسەر جوگرافییەكەیان یەكگرتوو و چڕبووە، واتە تاڕادەیەكی زۆر هاوتەریب لەگەڵ كەوانەی شاخەكانی زاگرۆس-تۆرۆس دەڕوات، هەروها بە لەبەرچاوگرتنی پاشماوە شوێنەوارییەكانی كاڵاو بنچینەییەكانیان، دەردەكەوێت ئاڵوگۆڕی ئابووری، لەنێوان چیاو دەشت لەگرنگیدا بەپلەی لاوەكی ماوەتەوە.  

هاوڵاتی تابوتێکی مێژوویی کە بەرزیەکەی نزیکەی سی مەترە، لە مۆزەخانەی زانستە سروشتییەکانی هیوستن لە ویلایەتی تەکساس دانرابوو، پاش  لیکۆڵینەوەکانی دەسەڵاتدارانی میسر لە چوارچێوەی یاساکانی ئەمریکا سەلماندیان بەتاڵان براوە، گەڕێندرایەوە میسر. ئەو تابووتە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆتاییەکانی خانەدانانی میسری کۆن، بەگویرەی وتەکانی مستەفا وەزیری لە ئەنجومەنی باڵای شوێنەوارەکان، سەردەمانێک کە لە ساڵی ٦٦٤ پێش زایین تا ٣٣٢ پێش زایین، لە سەردەمی هەڵمەتی ئەسکەندەری مەکدۆنیدا لە میسربووە. مستەفا وەزیری، لە ئەنجومەنی باڵای شوینەوارەکان وتی، تابوتەکە بەشێک لە نوسراوەکانی سڕدراونەتەوە، بەڵام پێدەچیت بگەڕێتەوە بۆسەردەمێکی  کۆن و هی قەشەیەکی کۆن بوبێت بەوناوی ئەنخێنمات. هاوکات جگە لەم تابوتە مێژووییە، لە ساڵی ٢٠٢١ دەسەڵاتدارانی قاهیرە زیاتر لە ٥ هەزار و٣٠٠ کەلوپلەی مێژووی تاڵانکراویان گەڕاندەوە بۆ میسر.

هاوڵاتی بەکارهێنان و ڕازاندنەوەی دار سنەوبەر بۆ شەوی  کریسمس  بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم درەختە هەمیشە بە سەوزی ئەمێنێتەوە تەنانەت لەوەرزی سەرماشدا، ڕازاندنەوە و دیزاین کردنی دار بۆ شەوی سەری ساڵ لە بنەڕەتدا بۆ وڵاتی ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە کاتێک لەلایەن ژنی پاشا جۆرجی سێیەمی بەریتانیا کە ژنێکی ئەڵمانی بووە بەناوی شارلۆت دار سنۆبەر ڕازێندراوەتەوە و بووەنەریتێک لە بەریتانیا، کە شازادە ئەلبێرت لەوێ لەدایک بووە،  وابیردەکرێتەوە  شارلۆت یەکەم جار لەساڵانی ١٧٩٠ بۆ خێزانەکەی ئەم دارەی ڕازاندبێتەوە. سەرەتا بەهۆی ئەوەی درەختەکانی سنۆبەر جۆرە بچوکەکانیان دەست ئەکەوت لەساڵانی پێش ١٩٤٧ لە بەریتانیا سنۆبەری بچوکیان دەڕازاندەوە و لەسە مێزەکانیان دایان دەنا، بەڵام دواتر لەدوای ساڵی ١٩٤٧ کاتێک لە لایەن وڵاتی نەرویجەوە درەختی سنۆبەری گەورە وەک دیاری و سوپاسگوزاریەک پێشکەش بە  شانشینی بەریتانیا کرا بەهۆی هاوکاری کردنیان لە جەنگی جیهانی دووەم، لەوکاتە بەدواوە دار سنۆبەرەکان بە گڵۆپی ڕەنگاوڕەنگ و کەلوپەلی جوانکاری تایبەت بە سەری ساڵ ڕازێنرایەوە و لەسەر زەوی دائەنرا لەبری سەرمێز، هاوکات دیاریەکانیشیان کە بۆ خزم و هاوڕێکانیان دەکڕدرا لەژێر دارەکە دائەنرا. زۆربەی خەڵک پێیا وایە داری کریسمس لەسەردەمی شاژنە ڤیکتۆریا بووەتە نەریتێک لە ساڵانی ١٨٣٠،لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا بۆ ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە؛ هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گرنگیەکی زیاتر بەم نەریتە دراوە لەلایەن شاژنە ڤیکتۆریا و شازادە ئەلبێرت و بە دڵخوازێکی گرنگی ئەم نەریتە دائەنرێن له مێژووی بەریتانیادا. هەر پەیوەست بە داری سەری ساڵ و پەیوەندی بەریتانیا و نەرویج لەم بۆنەیەدا، ساڵانە لە نەرویج ڕێوڕەسمێک بەرڕێوەدەچێت و تێیدا لە مانگی تشرینی دووەم ،داری کریسمس دەبڕدرێت و بەڕێگەی دەریا هاوردەی بەریتانیا دەکرێت، پاشان لە بەریتانیا لەناوەندی گۆڕەپانی ترافالگار دائەنرێت و بە شێوازی نەرویجی دەڕازێنرێتەوە بۆ پێشوازی لەسەری ساڵی نوێ.