دەشتی مەحمود بەپێی ئوستورەی کۆنی میزۆپۆتامیادا، خواکان بۆیە مرۆڤیان ئافراندان تاوەکو لەبری ئەوان کاری چاندن بکەن و ئەرکی خواکان کەم بکەنەوە، بەم هۆیەشەوە خواکان دڵنیابوون لە ڕێگەی قوربانیکردنەوە ژەمەکانیان وەردەگرن و خواردن دەخۆن. بەڵام، ئەم مرۆڤانەی سەرەتا ئافرێندرابوون لە ڕاستیدا تێنگەیشتبوون و نەیاندەزانی کە چۆن ئەو ئەرکانە بەجێ بگەیەنن کە بڕیار بوو لە بری خواکان بیکەن، بەم هۆیەوە خواکان، حەوت ئەبگال (سۆمەری) یاخود ئەپکالو (ئەکەدی) کە زاراوە گەلێکن لە نوسراوە مێخییەکاندا بە گشتی بە واتای «ژیر، حەکیم یان پیر» دێت وەک مامۆستا ناردیان بۆ لای مرۆڤ تاوەکو فێریان بکەن. بەپێی ئوستورەی میزۆپۆتامیا، ئەم بوونەوەرانە لە دەریاوە هاتوونەتە جیهانی مرۆڤەوە. لە چەندین دەقی مێخیدا، ئەم ئەبگالانە حەوت نیمچە خوان، هەندێکجار وەک بەشێک مرۆڤ و بەشێکییش ماسی یان باڵندە وەسف کراون، کە پەیوەستن بە ژیریی مرۆڤەوە؛ ئەم بوونەوەرانە زۆرجار لە ئەدەبیاتی میزۆپۆتامیادا بە حەوت پیر یان ژیرەکە ناودەبرێن. هەندێک جاریش پەیوەست دەکرێن بە پاشایەکی سەرەتایی پێش لافاوە مەزنەکەی ناو گێڕانەوەی میزۆپۆتامیا. دوای لافاوی مەزنەکە (داستانی گیلگامێش)، پیرەکان بە مرۆڤ دانراون و لە هەندێک دەقدا بە ئوممانو ناودەبرێن نەک ئەپکالو. هەروەتر، ئەم زاراوەیە، بۆ پاشایەک یا خوایەک بەکابراوە کە ژیر و خاوەن حیکمەت بووبێت. دەتوانرێت بەم شێوەیەی خوارەوە ناو و «ناونیشان»ـی ئەم حەوت پیرانە ڕیزبکەین: ئواننا، «نەخشەکانی بۆ ئاسمان و زەوی تەواو کرد»، ئواننێدوگا، «زیرەکی گشتگیری پێ بەخشرابوو»، ئێنمێدوگا، «چارەنووسێکی باشی پێ بەخشرابوو»، ئێنمێگالاما، «لە ماڵێکدا لەدایک بوو»، ئینمێبولوگا، «لەسەر لەوەڕگە گەورە بووە»، ئانئێنلیدا، «جادووگەری شاری ئێریدو»، ئەتەوئابزو، «بەرەو ئاسمان هەڵکشا».   یەکەمیان ئواننا، جەستەی ماسییەکی هەبوو، بەڵام پێ، قۆڵ، سەر و دەنگی مرۆڤی هەبوو. ئەم یەکەمین پیرە، چۆنیەتی خوێندنەوە و نووسین و بیرکاری فێری مرۆڤ کردووە، لەمەش زیاتر، مرۆڤی فێری چۆنیەتی دروستکردنی شار و داهێنانی پەرستگا و دانانی یاسا و کێشان و دیاریکردنی سنوورەکان و دابەشکردنی زەوی و چاندنی تۆو و دروێنەکردن و ڕنینەوەی میوەی کردووە. هەروەها، ئواننا چۆنیەتی ئافراندنی گەردوون و مرۆڤی بۆ مرۆڤە یەکەمەکان ڕوونکردەوە، واتە، بەر لە ئواننا، مرۆڤەکان نەیان دەزانی چۆن و بۆچی ئافرێنراون، بێئاگا لەئەوەی خواکان تەنیا بۆ کار و بێگاری مرۆڤیان خوڵقاندووە تاوەکو لەبری ئەوان کاربکەن و قوربانیشیان بۆ بکەن تاوەکو خواکان تێر بکەن و خواردن بخۆن. جیا لەم حەوت پیرە، چەندین پیری تریش هەبوون، کە هەر یەکەیان پەیوەست بوو بە شارێکی دیاریکراوەوە، تاوەکو دانیشتوانەکەی فێری بنچینەکانی شارستانیەت بکات. هەروەتر، دانیشتوانی میزۆپۆتامیای کۆن، وێنەی پیرەکانیان لەسەر دیواری خانوەکانیان هەڵکەندووە بۆ ڕەواندنەوەی خراپە و نەخۆشی و نەهامەتی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە وەکو پارێزەری مرۆڤەکانیش سەیر کراون. دواتر، لە ژێر کاریگەری ئەم حەوت ئەبگالەوە، یۆنانیەکان «حەوت ژیر/دانا»ەکەی خۆیان داهێناوە. ئەفڵاتوون لە دیالۆگی پرۆتاگۆرۆسدا، بەمشێویە ناویان ڕیز دەکات، « تالیسی میلیتۆس و پیتاکۆسی میتیلین و بیاسی پرین و سۆلۆنی خۆمان (ئەسینا) و کلیۆبولۆسی لیندیان و میسۆنی چێنیان؛ و حەوتەمی داناکانیش چیلۆنی سپارتایی بوو.» هەروەها، لە کتێبی پەیدابوون و پەندەکانی سلێمان‌ـی پەیمانی کۆندا، ئاماژەکانی «حەوت ژیر»ـەکە دەردەکەوێت. لە بەشی ٩ـی پەندەکانی سلێمان، دەخوێنینەوە: «دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە، حەوت کۆڵەکەکەی داتاشیوە.» هەروەتر، ئەدەبیاتی ئەپۆکریفای یەهوودی پڕیەتی لە گێڕانەوە و باسی چۆنیەتی هاتنەخوارەوەی ئەم «حەوت ژیرە» بۆ سەر زەوی تاوەکو مرۆڤ فێری هونەرەکانی شارستانیەت بکەن، لەم ئەدەبیاتەدا ئەوان ناویان بە «چاودار» هاتووە و سەرکردەکەیان «ئەزازیل» بووە. بێگومان، لە کەلتوور و ئەدەبیاتی گەلانی دەرەوەی میزۆپۆتامیا، بە ئاشکرا و دەستکارییەوە کاریگەرییەکانی ئوستورە و ئاین و کەلتور، و زانستی میزۆپۆتامیا نکۆڵی لێ ناکرێت و ئەمەش دەرخەری بەهێزی و مەزنی ئەم شارستانیەتە دەردەخات.

دەشتی مەحمود لەشوێنەوارناسیدا، بەشێوەیەکی سەرەکی بۆچوونێکی باوو قبوڵکراوە کەشارستانیەت لەمیزۆپۆتامیای کۆنەوە بەشارستانیەتی گەورەی سۆمەر لەباشوری عێراقی ئێستا دەستیپێکردووە. بەڵام کاتێک لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا، شوێنەوارناسەکان لەتەپۆلکەی ئوبێد (پارێزگای زیقار) لەعێراق کنەیان دەستپێکرد، چەندین کۆتەڵی نائاسایییان دۆزیەوە کەتەمەنیان بۆ ٧ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، پێدەچێت ئەم کۆتەڵانە، شێوەمرۆڤێک دەنوێننەوە کەتایبەتمەندی خشۆکیان هەبێت. کەلتوری ئوبەید، کەلتورێکی پێش مێژووە لەمیزۆپۆتامیا کەمێژووەکەی لەنێوان ٤٠٠٠ بۆ پێنج هەزارو ٥٠٠ پێش زایین دەگەڕێتەوە. بە بڕوای شوێنەوارناسان، ئەم کەلتورە شوێنی ‹کەلتوری هەلەف›ـی گرتووەتەوە کەنزیکەی ٨٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەچیاو پێدەشتەکانی زاگرۆسەوە دەستیپێکردووە. ئوبەیدییەکان لەگوندی گەورەدا نیشتەجێبوون و لەخانووی خشتی قوڕدا دەژیان و تەلارسازی و کشتوکاڵیان پەرەپێدابوو و بەبەکارهێنانی ئاودێری کشتوکاڵیان کردووە. ژمارەیەک لەم کۆتەڵانەی ئوبەیدەکان، کەسایەتی سەیرو سەمەرەی شێوەمرۆڤ دەنوێننەوە کە لەوەستانێکی ناوازەو نائاهەنگییانە نیشاندەدەن، بەشێوەیەک پێدەچێت ئاماژە بێت بەئەوەی کە ئەوان خوا نەبوون (وەک خوا سەر ئاژەڵەکانی میسر)، بەڵکو رەگەزێکی تری مرۆڤی مارمێلکەئاسا بن کە لێرەدا ئێمە پێشنیاری زاراوەی ‹›مرۆمێلکە-Lizardmen››ی بۆ دەکەین. لەزمانی کوردیدا مارمێلکە لەزۆربەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ناوی جیاوازی هەیە (بیکمار، داماروو، سووسەمار، مارتوولە، مارژۆک، مارگەزی، مارگیس، مارمارۆشک، مارمارۆک، مارمزووک، مارندوگ، ماروەزیک، ماریلە.)، لەبەشی هەرە زۆریدا لەوشەی مارمێلکەدا وشەی ‹›مار››یش ئامادەیی هەیە وەک ئەوەی بڵێیت مارمێلکە پەیوەندی بەمارەوە هەیە یان جۆرێکە لەمار، یانژی ماری پێدارە. مرۆمێلکە؛ نە مرۆڤە، نە مارەو نە مارمێلکەیە بەڵکو ئامێتەی هەر سێ جۆرەکەیەو کۆتەڵەکانیش هەمان شکڵیان هەیەو بۆ گەیاندنی ئەو ئامێتە نوێیە، داهێنراوە. لەجیهانی ئەمڕۆدا باس و خواسی کۆتەڵی مرۆمێلکە خزێنراونەتە ناو چیرۆک و تیۆرییەکانی خشۆکە بێگانەکانەوە کەپێشتر بەسەر زەویدا دەسوڕانەوەو (رەنگە ئێستاش هەروا بسوڕێنەوە، بەپێی تیۆریستەکانی بوونەوەرە دەرەزەوییەکان). هەرچەندە ئەمە دوورە لەڕاستییەوە، بەڵام، تاهەنووکە، سروشتی راستەقینەی ئەوان وەک نهێنییەک ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا فیگەری مرۆمێلکە پەڕیوەتەوە بۆ بوارەکانی ئەدەب، فیلم، یاری و لەهەرکام لەوانەدا بەشێوەی جۆراوجۆر بەرهەمهێنراوەتەوە. ئەمەش بەر لەهەموو شت بۆ کاریگەری هونەری داهێنەرانەی کەلتوری ئۆبەید دەگەڕێتەوە. کۆتەڵەکان کەزۆربەیان کۆتەڵی ژنن، سەریێکی درێژو چاوی شێوە بادەم و دەموچاوی درێژی باریکەڵەو لووتێکی شێوە مارمێلکەیان هەیە. تاوەکو ئێستا بەتەواوی نازانرێت ئەم کۆتەڵی مرۆمێلکانە بەڕاستی نوێنەرایەتی چی دەکەن. بەگوێرەی شوێنەوارناسان، شێوەی وەستانی جەستەییان، بۆ نموونە کۆتەڵی مرۆمێلکەی دایک کە شیر بەمنداڵەکەی دەدات، ئەوە نیشان نادات کەئەوانە بۆ رێوڕەسمی ئاینی بەکاربرابن، ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کەئاشکرایە، خشۆکەکان بەتایبەت «مار» هێمایەکی ئاینی گرنگ، سەرەکی، ژیری، چاکە، زیرەکی و ئەرێنی هەبووە لەناو زۆر کەلتوری جیاوازدا (بێگومان ئەمە لەناو ئاینە ئیبراهیمییەکاندا وەردەگەڕێنرێت و «مار» نیشانی خراپە وەردەگرێت). کەواتە دەبێت ئەم کۆتەڵە مرۆمێلکانە نوێنەرایەتی چییان کردبێت؟ هەرچییەک بوون، بێگومان بۆ گەلی ئوبەیدی کۆن گرنگ بوون. یەکێک لەو کۆتەڵە مرۆمێلکانەی دۆزراوەتە، ژنێکی رووتە کە گۆپاڵێکی بەدەستەوەیەو شیر دەدات بەمنداڵەکەی، بێگومان دەکرێت ئەم گۆپاڵە وەک هێمانی دادپەروەری و فەرمانڕەوایی سەیربکرێت. ئەوەی سەیرە لەم کۆتەڵەدا، شێوەی منداڵەکەیە، منداڵەکە سەرێکی درێژو دەستی تاڕادەیە پانی هەیە کە زیاتر لەشێوەی پشیلەو مارمێلکە دەچێت نەک مرۆڤ. سەرەڕای ئەوەی نازانرێت ئەم کۆتەڵانە کێ و چی دەنوێننەوە، بەڵام دەکرێت گریمانەی ئەوە بکەین کەدایکەکە نوێنەرایەتی مێخوایەک دەکات چونکە هەردوو سەردەمی هەلەف و ئوبێد وەک سەردەمی گواستنەوە لەکەلتوری چاخی بەردینی نوێوە کە ژن تێیدا داهێنەری سەرەکی بووەو پیرۆز بینراوە بەرەو کەلتوری شارستانیەتی شار، لەوانە سۆمەر، چونکە داهێنانەکانی ئوبەید لەسەرەتای سەردەمی سەرەتایی ئور (٣٢٠٠) پێش زایین، برەوی زیاتریان پێدراوە بەتایبەت تەلارسازی و دەکرێت بگوترێت کەسۆمەرییەکان میراتگری کەلتوری ئوبەید بوون. ئەگەر لەڕوانگەیەکی ترەوە بڕوانین ئەوا هەست بەوە دەکەین کەکۆتەڵی مرۆمێلکە، دەستسازێکی ئایینی-هونەری زۆر ئاڵۆز، فرە رووەو زەمەنبڕە بەجۆرێک هێشتا لەناو کەلتوری مۆدێرندا توانای وروژاندن و داهێنانی بەمرۆڤ بەشێوەی جۆراوجۆر بەخشیوە. جیا لەهەموو شت ئەمە گوزارشت لەئاڵۆزی و قووڵی هزری کەلتورە پێش-نووسینەکان دەکات. ئەوان دەیان توانی هاوشێوەی پەیکەرسازی رێنێسانس کتومت مرۆڤ لەدەستسازە جۆراوجۆرەکاندا دروستبکەنەوە؛ هەر ئەوەی ئەو کارەیان نەکردووە بۆ خەیاڵفراوانی و ئاڵۆزی بیرکردنەوەیان دەگەڕێتەوە کە باوەڕیان بەهونەر-ئایینی ئاوێنەیی نەبووە. جیاوازییەکی گەورەی ئەوان سەردەمی مۆدێرن ئەوەیە مرۆڤی مۆدێرن کاتێک سەیری سەیروسەمەرەترین دیاردە دەکات بۆ سادەترین شێوە وەریدەگێرێت و زۆرجار زۆر مرۆییانە فەهمی دەکات؛ مرۆڤی مۆدێرن کاتێکی سەیری مرۆڤ دەکات ماشینێکی تەواو ئاڵۆز دەبینێت، ئایندارێکی ئیبراهیمی کاتێک تەماشای مرۆڤێک دەکات وێنای خودایەک دەکات کەهەر خۆیەتی بەڵام تواناکانی بێسنورە. لەبەرانبەردا ئەمە بۆ ئەوان وانەبووە ئەوان کاتێک  تەماشای مرۆڤیان کردووە، وەکوو مرۆڤ نەیانبینیوە، لانیکەم بینینە مرۆییەکەیان ئەوەندە لەلا بایەخدار نەبووە، بیخەنە ناو هونەر-ئایینەوە، بەڵکو کۆمەڵێک رەهەندیان بینیوە، کە بەئاسانی نابینرێت لەبەرئەوەی گرێدراوی پانتایی هەستەکی تایبەت بەخۆیەتی کەمرۆڤی ئەم سەردەمە بەئاییندارو نائایینیەوە لەدەستیداوەو لێ داشکێنراوە.

دەشتی مەحمود   لەناو تێگەیشتنی باودا، وا بیر دەکرێتەوە کە «ئەدەبیاتی منداڵان» لە دوای دۆزینەوەی چاپ لە سەدەی هەژدەوە دەست پێدەکات، بەڵام لایەلایە داهێنانێکی تازە نییە. لە ڕاستیدا مێژووی «لایەلایە» بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، بێ گومان بۆ سەردەمی پێش مێژووی نووسراویش. بەپێی بەڵگە شوێنەوارناسییەکان، زۆربەی داهێنانە بنچینەییەکانی شارستانیەت لە میزۆپۆتامیا سەریان هەڵداوە و ئەدەبیاتی منداڵان و «لایەلایە»ـش لەناو ئەم داهێنانەدان،  زۆرێک لە لایەلایەکانی کۆنی میزۆپۆتامیا، لە کەلتورەکانی سۆمەر، هۆری، بابل و ئاشور تا ئێستاش ماونەتەوە. لایەلایە، لایەنێکی گرنگی کەلتوری منداڵییە و شێوەیەکی گۆرانییە، بە مۆسیقا یان بەبێ مۆسیقا، کە بۆ منداڵان دەگوترێت، زۆرجار لایەلایە لەلایەن دایکی منداڵەوە دەگوترێت بۆ یارمەتیدانی منداڵان بۆ خەوتن یان ئارامکردنەوەیان لە کاتی بێزاریاندا. «لایەلایە بۆ کوڕێکی شولگی» گۆرانییەکی سەر لانکەیە، مێژووی نوسینی ئەم لایەلایە ـیە زیاتر لە ٤ هەزار ساڵە و دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شولگی ئور (٢٠٢٩-١٩٨٢ پێش زایین) کە بۆ یەکێک لە کوڕەکانی نووسراوە. ئەم لایەلایە هاوشێوەی لایەلایەکانی ئێستا، لەسەرەتاوە هاندانی خەوتنی تێدایە و لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی وشە و دەستەواژەکان هانی منداڵ دەدرێت تاوەکو بخەوێت و دواتر لایەلایەبێژەکە داهاتوویەکی گەش بۆ منداڵەکە بە ئاواتدەخوازێت. سامویڵ کریەمەری سۆمەرناس، ئەم پارچەیە بە جیابوونەوە لە زۆربەی بەرهەمە ئەدەبییە سۆمەرییەکان و نەریتی نوسینی سۆمەری کە بەزۆری لە بۆ ڕێزلێنان لە مێ/خوایەک، ڕووداوێک، یان پاشایەک ئامادە نوسراون دەزانێت. لە بری مێ/خواکان و پاشاکان ئەم دەقە گۆرانییەکی سادەیە کە بۆ منداڵێک دەگوترێتەوە لە کاتی خەوتندا. شیعرەکە بۆ سەردەمی شولگی دەگەڕێتەوە، بەڵام ناوی دایک و منداڵەکە نازانرێت. شولگی سێ ژن و شەش دۆستی هەبووە کە ١٨ کوڕ و ١٣ کچیان بووە و ناویان ناسراوە (ڕەنگە ژن و دۆست و منداڵی زیاتریشی هەبووبێت). دەکرێ ئەم پارچەیە بۆ هەر یەکێک لە منداڵە نێرەکان شولگی نوسرابێت، وەلێ بە دیاریکراوی نازانرێت کامیان. سۆمەرناسان لەو باوەڕەدان، منداڵەکە ئەمارسینی کوڕی تارام-ئورامی شاژنی هاوسەری شولگی بوبێت، چونکە لەم سەردەمەدا نوسراوە کە تارام-ئورام شاژن بووە و باوەڕ وایە لایەلایەکە بۆ ئەمارسین گوترابێت، دوای شولگی باوکی، دەبێت بە فەرمانڕەوای سۆمەر. ئەم دەقە لە ١١٤ نیوەدێڕ پێکهاتووە و پێدەچیت لە کاتێکدا نوسرابێت کە منداڵەکە نەخۆش بووبێت و دایکەکە بیلاوێنێتەوە. لە دەستپێکدا، دایکەکە، داهاتوویەکی باش و گەش بۆ کوڕەکەی دەخوازێت، پێش ئەوەی بانگهێشتی ‹خەو» بکات، بۆ ئەوەی کوڕەکەی ئارام بکاتەوە. دواتر، دایکەکە بەڵێنی پێدانی شتی «کەرە» و «کاهوو» بە منداڵەکەی دەدات و دواتر سۆزی هێنانی ژنێکی جوان و کوڕی زۆر بە کۆرپەکەی دەدات و لە خواکان دەپاڕێتەوە تاوەکو بیپارێزن و شادی و کامەرانی پێببەخشن. لایەلایەکە بەمشێوەیە دەست پێدەکات: ئای ئای ئای لە گۆرانی-ئوورومندا، با گەورە بێت، وەک داری-ئیرینا با ڕەگێکی پتەو داکوتێ، وەک ڕووەکی-شاکیر با تاجێکی گەورەی بێ، ... خەو وەرە، خەو وەرە، وەرە بۆ ئەو شوێنەی کوڕەکەمی لێیە، پەلە بکە خەو، بۆ ئەو شوێنەی کوڕەکەمی لێیە، چاوە نائارامەکانی بخەوێنە، مەهێڵە گروگاڵی لە خەوی دابڕێ .... تۆ ئازارت هەیە، منیش بەهۆیەوە پەشۆکاوم، تاساوم، لە ئەستێرەکان ڕادەمێنم، تیشکی مانگ بەسەر ڕوخسارمدا دەدرەوشێتەوە: .... ژنێک بۆ کوڕەکەم دەهێنم، کوڕێکی هێندە شیرینی بۆ دێنێت، ژنەکە سەردەخاتە سەر ڕانی گەرمی، کوڕەکە لە باوەشی گەرمی پاڵ دەکەوێت، ژنەکە لەگەڵیدا دڵخۆش دەبێت، کوڕەکە لەگەڵیدا دڵخۆش دەبێت

دەشتی مەحمود سۆمەرییەکان بەداهێنەری بەشێکی زۆری بنچینەکانی شارستانیەت ناسراون، لەوانە، نووسین، شار، ئاودێری، سا هونەریش یەکێکە لەداهێنانەکانی سۆمەر. سۆمەرییەکان سوودیان لەفۆرمە هونەرییەکانی ناوەڕاستی چاخی بەردینی نوێی دانیشتوانی کۆنی چیاکانی زاگرۆس وەرگرتووە. بەر لەسۆمەرییەکان، تەنیا شوێنە کۆنەکانی کوردستان، وەک گرێ ناڤۆکێ (نزیکەی ١٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا) کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هونەری ناوەڕاستی چاخی بەردینی نوێ وەک تەنیا شوێنێک ببینرێت کەنیشانەکانی سەرەتاکانی شارستانیەتی تێدا بدۆزرێتەوە، لەوانە هونەر. کەلتوری سۆمەر لەژێر کاریگەری دانیشتوانی دێرینی زاگرۆس لەماوەی هەزارەی چوارەم و سێیەمی پێش زایین گەشەی کرد، پێش ئەوەی لەدەوروبەری ساڵی ٢٢٧٠ پێش زایین لەلایەن سامییە ئاخێورەکانەوە ـئەکەدییەکان ــ لەناوبچن. هونەری سۆمەری لەگەڵ تێپەڕینی قۆناغەکانی مێژووی گەشەکردنیدا، گۆڕانی بەرچاوی بەسەردا هاتووە. یەکێک لەسەرنجڕاکێشترینی ناو هونەری سۆمەری، کەلـلەسەرێکە کە بە «ماسکی ئوروک یان وارکا» ناسراوە، هەروەها بە «خانمی ئوروک» و «مۆنالیزای میزۆپۆتامیا»ـش ناودەبرێت. ئەم پەیکەرە کەتەنیا بەشی کەلـلەسەرەکەی دۆزراوەتەوە، رووخسارێکی مەڕمەڕی سەرسوڕهێنەرە کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٥١٠٠ ساڵ لەمەوبەر. ئەم ماسکە لەناوچەی وارکا (شاری ئوروکی کۆن) دۆزرایەوەو بەسەرەتاییترین نواندنەوەی رووخساری مرۆڤ دادەنرێت و بەبڕوای شوێنەوارناسان و شارەزایانی مێژووی مێزۆپۆتامیای کۆن، ماسکەکە نواندنەوەو بەرجەستەکردنەوەی مێخوا ئینانا بووە، کە مێخوایەکی بەناوبانگی سۆمەرییە بۆ ئەشق، جوانی، بڕشتی و سێکسواڵیتە. ئینانا، مێخواو پارێزەری شاری ئوروک بووەو لەم شارەدا پەرستگای تایبەت بە ئینانا هەبووە. ماسکەکە بەوردەکارییەکی سەرسوڕهێنەر کێشراوە بەشێوەیەک کە لەوێنەیەکی واقیعی دەچێت. ماسکەکە لەمەڕمەڕی سپی دروستکراوە، کەماددەیەکی دەگمەن و بەنرخ بووە لەمیزۆپۆتامیای کۆن. چاوو برۆکانی چاڵکراون بەڵام وا دەردەکەوێت کەبرۆکانی بە بەردی بەنرخ یان پارچەی ئاڵتون پڕکرابێتنەوەو لەجێی چاوەکانی مینای شین هەبووبێت، هەروەها، گوێچکەکان کونیان بۆ گوارە هەبوو، لەهەنیەشیدا چاڵێک هەیە کە دەکرێت بۆ بەستنەوەی قژ یان بارۆکە دانرابێت. بەپێی ئوستورەی دابەزینی ئینانا بۆ بنجیهان، کەمێژووەکەی بۆ ٦ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئینانا بەخۆڕازاندنەوەوە دەچێتە بنجیهان و ملوانەکەو گوارەی گرانبەهای پۆشیوە، کە زیاتر لە مینا سازێنراون. لەبەر ئەم هۆیەیە، شارەزایانی میزۆپۆتامیای دێرین ئەم ماسکە بەنواندنەوەی ئینانا دەزانن. ماسکەکە لەساڵی ١٩٣٩ لەلایەن تیمێکی شوێنەواری ئەڵمانیەوە دۆزرایەوە و دواتر درا بەمۆزەخانەی بەغداد، بەڵام لەکاتی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانی لەساڵی ٢٠٠٣ مۆزەخانەکە تاڵان کراو ماسکەکەش لەگەڵ چەندین دەستسازیی تری هونەری دێرین دزرا. خۆشبەختانە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی پۆلیسی سەربازی ئەمریکاو پۆلیسی عێراق لەئەیلوولی ٢٠٠٣ ماسکەکە لەناو باخچەیەکی نزیک لەباکوری بەغداد دۆزرایەوە و لەساڵی ٢٠٠٤ گەڕێنرایەوە بۆ مۆزەخانەکەو لەوکاتەوە لەمۆزخانەی بەغداد نمایش دەکرێت.

دەشتی مەحمود هومبابا کە لەبنەڕەتدا بەهواوا ناسراوە، کەسایەتییەکی ئوستووڕەی میزۆپۆتامیایە. بنەچەو واتای ناوەکەی نەزانراوە. هواوا وەک مرۆشێوە وێنە کراوە کە لەڕموزن، زەبەلاح و دێو دەچێت. ناوبانگی زیاتر بەهۆی داستانی گلگامێشی پاڵەوانەوەیە، کە لەهەموو نوسخە هەڵبەستراوە جۆراوجۆرەکانی داستانی گلگامێشدا دەردەکەوێت؛ لەوانە نوسخەکانی هۆری و هیتی. هەمیشە وەکو نیشتەجێبوو و پاسەوانی دارستانی سیدار وێنەی دەکێشرێت، ئەو دارستانەی گلگامێش و ئینکیدۆی هاوڕێی تێیدا سەرکێشی بەگیانیانەوە دەکەن. رووبەڕووبوونەوەکەیان لەگەڵ هومبابا دەبێتە هۆی کوشتنی و ئەم رووداوە خوداکان توڕە دەکات. هومبابا لەبەرهەمە ئەدەبییەکانی تری میزۆپۆتامیادا ئامادەیی هەیە. رووخسارە گرژو مۆنەکەی هواوا، پاسەوانە ئەفسانەییەکەی دارستانی سیدار، لەشێوەی گینگڵدا لەسەر ماسکە گڵینەکە کێشراوە. ئەمەش ئاماژە بەقەفی ریخوڵەکانی مەڕ دەکات. هۆکاری ئەمەش لەپشتەکەی روونکراوەتەوە: «ئەگەر بڕیار وایە قەفەکانی ریخۆڵە ئاماژەبن بۆ سەری هواوا، سا [ئەمە] بەختە بۆ سەرجۆن کە فەرمانڕەوای ناوچەکە بووە. ئەگەر... ماڵی مرۆڤ پڕ رزق و رۆزی بێت.  بەدەستەکانی واراد-ماردووکی پێشگۆی کوڕی کوبورومی پێشگۆ دیاری کراوە». واراد-ماردوک لەشاری سیپار (باشووری عێڕاق) ژیاوە، لەدەوروبەری ١٨٠٠-١٦٠٠ پێش زایین. کارەکەی پێشگۆیی بووەو پێشبینی داهاتووی کردووە.  لەعێراقی دێرین، باوترین شێواز بۆ پێشبینیکردن، کۆڵینەوە لەشێوەو رەنگی ئەندامەکانی ناوەوەی مەڕی قوربانی بووە. پێیان وابووە هەموو بەشێکی ئەندامەکان ئاماژەدارو هەڵگری پەیامی خواکان بوون. بەشەکان و واتاکانیان لەسەرچاوە تۆمارکراوە پڕ وردەکارییەکاندا کۆکراونەتەوە. روونە، واراد-ماردوک لەماوەی کارکردنیدا روخسارە ناسراوەکەی لەڕیخۆڵەدا بینیوەتەوە هەروەکو چۆن خەڵکانی ئەمڕۆ روخسار لەهەور یاخود نانی تۆستی سووتاو دەبینین. لەداستانی گیلگامێشدا هواوە دەردەکەوێت کە پاڵەوانی بەتوانا گلگامێش و ئینکیدۆی هاوەڵی دەیبەزێنن. ئەم حەکایەتە لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گێڕدراوەتەوە. واراد -ماردوک پێی وایە بینینی هواوا لەناو ریخۆڵەی مەڕدا، بەختی پاشا سەرجۆنە، ئەو پاشایەی ٤٠٠ ساڵ لەوەوبەر فەرمانڕەوایی کردبوو. سەرجۆن یەکەم کەس بوو هەموو میزۆپۆتامیای یەکخست و خۆیشی لەکۆندا بەفەرمانڕەوایەکی بەهێز ناوی دەرکردبوو. بەختەکە شتێکی ئەرێنییە. هەر خۆیشی لەنەریتی میزۆپۆتامیادا، بەزۆری سەرجۆن بەپاشایەکی باش دانراوە. ئەم ماسکە بۆ سەردەمی بابلی کۆن دەگەڕێتەوە، واتە ١٨٠٠-١٦٠٠ پێش زایین، لە سیپار، میزۆپۆتامیای باشوور، کەعێراقی ئیمڕۆ دەگرێتەوە. ئێستا ماسکە گڵینەکە لەمۆزەخانەی بەریتانیا لە لەندەن نمایش دەکرێت.

دەشتی مەحمود   چەندین داهێنان و نوێگەری گرنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوینی دێرین لەسەردەمی ئوروکدا دەرکەوتوون. یەکێک لەمانە بەکارهێنانی هونەر بوو بۆ نیشاندانی رۆڵی فەرمانڕەوا لەناوچەکەدا. گوڵدانی ئوروک، کە تەمەنی بۆ ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، لەئوروک دۆزرایەوەو دیارترینی ئەم نوێگەرییانەیە. رازاوەیی دەرەوەی دەرخەری گەردوونزانی میزۆپۆتامیای دێرینە. ئەم گوڵدانە لەمەڕمەڕ دروستکراوەو بەرزییەکەی سێ پێیە (بەنزیکەیی مەترێک) و ٢٧٠ کیلۆگرام کێشیەتی؛ لە ١٩٣٤ کنەکارێکی ئەڵمانی لەکاتی کارکردنیدا لەنێو پاشماوەکانی رێوڕەسمەکاندا لە پەرستگای ئینانادا دۆزییەوە کە مێخوای خۆشەویستی، بەپیتی و جەنگ بووە لەگەڵ ئەوەشدا سەرەکیترین خوا-پارێزەری شاری ئوروک. گۆڵدانەکە یەکێک بوو لەو جووت گوڵدانەی لەپەرستگای ئینانا بەتەنیشت شتگەلی بەنرخی تروە دۆزرایەوە. گوڵدانەکە چوار شێوەی هەڵکۆڵینی لەسەرە. هەڵکۆڵینەکەی بەشی خوارەوەی گژوگیاکانی دەوروبەری رووباری دیجلەو فوڕات نیشان دەدات هەروەک قامیشەڵان و دانەوێڵەی چێنراو . لەسەرو ئەمیشەوە رێوڕەسمی ئاژەڵەکانی وەکو مانگاو مەڕ هەن  کە لەسەر لاو وەستاون. لەهەڵکۆڵینی دواتردا، هەمان رێوڕەسم بەردەوامە، ئەمجارە پیاوی رووتن و دەفری پڕ لەپێشکەشکردنەکانی قوربانیان بەدەستەوەیە، لەوانە میوە و دانەوێڵە. هەڵکۆڵینی سەرەوە و کۆتایی، خۆی دیمەنێکی تەواوە، نەک تەواوکەری ئەوانیتر بێت. لەم هەڵکۆڵینەیاندا رێوڕەسمەکە لەپەرستگای ئینانا ئەنجامدراوە. ئینانا، دیارترین مێخوای جڤاتی خواکانی میزۆپۆتامیا بەپێوە راوەستاوە و دوو چەپکە قامیشەکەشی لەدواوەیەتی کەتایبەتمەندی خۆین. کەسێکی رووت دەفرێک میوە و دانەوێڵە پێشکەشی ئینانا دەکات. کەسێکی دیکەش بەجلوبەرگی رێوڕەسمەوە - روونە سەرۆک/قەشەیە- لەنزیک رێوڕەسمەکە وەستاوە کە بەرەو رووی دێن و ئەم کەسەش دوموزی دەنوێنێتەوە. گوڵدانەکە لەمۆزەخانەی عێراق لە دەوروبەری ١٠ بۆ ١٢ی نیسانی ٢٠٠٣دا دزرا. تاڵانچییەکان شوشەی پیشاندانەکەیان قڵپ کردبووەو شکاندبوویان، پاشان گوڵدانەکەیان لەقاڵبەکەی ژێری دەرکردبوو. لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٠٣دا، سێ گەنجی نەناسراو بەسوار تۆیۆتایەکی سوورەوە هاتنەبەردەم دەروازەی ئاسایشی مۆزەخانەی عێراق. لەسنووقی سەیارەکەیاندا چەرچەفێکیان دەرکرد کە ١٤ پارچەی گوڵدانی وارکای تێدا پێچرابوو. پارچەکانیان دایە دەستی ئەمریکییەکان و دیارنەمان. بنەکەی و قەراغی سەرەوەی زیانی باشیان پێگەیشت بوو. ئەمڕۆ گوڵدانەکە لەمۆزەخانەی عێراق لەشاری بەغدای پایتەخت نمایش دەکرێت.

دەشتی مەحمود بەردنووسی کەلاکخۆرەکان دەستسازێکی هونەری دێرینی سۆمەرییە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی  سەرەتای شانشینیی سێیەم (٢٦٠٠-٢٣٥٠ پێش زایین). ئەم بەردنووسە، وێنەی سەرکەوتنی دەوڵەت-شاری لاگاش بەسەر دەوڵەت-شاری ئوممای دراوسێیدا نیشان دەدات. لەم نەخشێنراوەدا، چەندین دیمەنی جۆراوجۆری شەڕو ئایینی کێشراوە، ناوەکەشی لەوێنەی ئەم کەلاکخۆرانەوە نراوە کە لەسەر نەخشێنراوەکەدا دەبینرێن. ئەم نەخشێنراوە لەسەرەتادا لەسەر بەردەقسڵێکی یەکپارچەی تەخت هەڵکەندراوە، بەڵام لەئێستادا تەنیا حەوت پارچەی لێ ماوەتەوە. ئەو پارچانە لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا لەپارێزگای زیقار (گیرسوی کۆن) لە باشووری عێراق دۆزراونەتەوە و ئێستا لەمۆزەخانەی لۆڤەر، هەڵگیراوە. ئەم بەردنووسە وەک مۆنۆمێنتی سەرکەوتنی پاشای لاگاش، ئیاناتۆم بەسەر ئوش‌ی پاشای ئومما دانراوە. ئەم بەردنووسە، لەلایەن شوێنەوارناسان و مێژوونوسانی میزۆپۆتامیا، بەیەکەمین تۆمارکراوی جەنگ دادەنرێت لەمێژوودا. ئەم جەنگە لەنێوان هەردوو دەوڵەت-شاری لاگاش و ئومما، لەسەر ناوچەیەکی بەپیتی کشتوکاڵی و لەوەڕگایەکی فراوان بووە بەناوی گۆدینا. ئەم ناوچە تەخت و پان و بەرینە دەکەوتە نێوان هەردوو شارەکەو هەر یەکێکیان بانگەشەی خاوەندارێتی دەکرد، لەکاتێکدا کەچەندجارێک لەلایەن پاشای دەوڵەت-شاری تری ناوچەکە هەوڵی چارەسەری کێشەکە دراوە، لەوانە مێسەلیم‌ـی پاشای کیش و دابەشکردنی ناوچەکەو دیاریکردنی سنوریش بۆ هەردوو دەوڵەت-شارەکە، کەچی کێشەو ناکۆکی و جەنگی نێوان ئەم دوو دەوڵەت-شارە لەسەر گۆدینا بۆ ماوەی ١٥٠ ساڵ بەردەوامی هەبوو. هەردوو لایەکانی بەردەکە هەڵکەنراون و دوو دیمەنی جیاواز دەنوێننەوە. لەهەر لایەک دیمەنی جیاواز هەیە. دیمەنەکانی لایەک مێژوویی یان زەمینی لێکدراوەتەوە، هەروەها، وا بیردەکرێتەوە دیوەکەی تریش ئوستورەیی یان دەرەزەمینی بێت. هەردوو دیوی بەردەنووسەکە پەیوەستن بە ئیاناتۆمی پاشای لاگاش، بەڵام تەنیا لایەنە مێژووییەکەی هەڵکەندراوەکە جێگای سەرنجی مێژوونوسانە چونکە هەندێک زانیاری سەرنجکێش سەبارەت بەمێژووی جەنگ و شەڕ پێشکەش دەکات. «جەنگ»، لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژەیە بۆ توندوتیژی رێکخراوو بەتایبەتی ئەم شێوە جەنگیەی کە لەلایەن دەوڵەت-شارەکانی سۆمەرییەوە پەیڕەوکراوە. دیوە مێژووییەکەی بەردنووسەکە بەسەر چوار تۆمار یان پارچەدا دابەشکراوە، کەدەبێت لەسەرەوە بۆ خوارەوە بیخوێنینەوە. لەبەشی سەرەوەی تۆماری یەکەمدا، رەوەیەکی کەلاکخۆر بەهەوادا دەفڕن و سەرو قۆڵی بڕاوی سەربازە کوژراوە شکستخواردووەکانی ئوممایان بە دەنووکەکانیان هەڵگرتووە (ئەم دیمەنە، باڵندەی ئەبابیلی سوڕەتی «فیل»ـی قورئان بە زەیندا دەهێنێتەوە). یەکسەر لەخوار دیمەنی کەلاکخۆرەکان، سەربازانی سۆمەری شاری لاگاش دەبینین کە بەشێوەیەکی رێکخراو رێدەکەن و تەرمی دوژمنە شکستخواردووەکانیان دەپەستنەوە، ئەم دیمەنە، نیشانی دەدات کەڕاستەوخۆ دوای شکستی دوژمنەکەیان لەجەنگەکەدا، روویداوە. لەدیمەنەکەدا دەردەکەوێت، سەربازەکان وەک یەک یەکە رێپێوان دەکەن و بەقەڵغانی گەورەو چوارگۆشە بەرگرییان لەخۆیان کردووە؛ سا رمەکانیان لەنێوان قەڵغانەکانەوە دەرچوون. سەربازەکانی لاگاش، لەلایەن پاشاکەیان، ئیاناتۆم پێشڕەوی دەکرێن. لەلای راستی سوپای پێشڕەوی لاگاش، سەربازانی ئومما کە بەقەبارەیەکی زۆر بچووکتر نیشان دراون، وەک قەڵاشکەری هەڵدراونەتە سەر یەک یان هەڵدێن. لەبەشی سەرەوەی تۆماری، سەربازێکی زیاتر نیشان دەدات کەڕێپێوان دەکەن، بەڵام وا دەردەکەوێت ئەمجارە بەبێ قەڵغان بن، سەربازەکان رمەکانیان بەدەستێک خستووەتە سەر شان و بەدەستەکەی تریان تەوریان بەرزکردووەتەوە. سەربازەکان بەدوای گالیسکەیەکی چەنگیدا دەڕۆن کەگوێدرێژێک رایدەکێشت، کە لەلایەن کەسێکەوە کەڕمێکی درێژی بەرزکردووەتەوە، جڵەوکراوە: وا دەردەکەوێت کە ئەم جەنگاوەرەی سەر گالیسکەکەش دیسانەوە هەر ئیاناتۆم بێت. بەشی راستی ئەم تۆمارە لەدەستچووە، بەڵام دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کەدوژمن لەساتی شەڕ یاخود هەڵاتنیانی نیشان دابێت. بەڵام، روون نییە کەئایا ئەو سوپایەی لەم تۆمارە، سوپاکەی لاگاش دژیان دەجەنگن هەمان سوپای ئومما بێت یاخود سوپایەکی تر بێت. لەتۆماری سێیەم کەکەم تا زۆر بەشێوەیەکی شایستە پارێزراوە و ماوەتەوە، بەشێکی کەسایەتییەکی دانیشتوو لەشێوەی کاهینێکی رووت کەڕێوڕەسمی مەیپڕژی ئەنجام دەدات  نیشان دەدات، لەهەمان تۆماردا، کۆ تەرمی سەربازانی کوژراو دەبینرێت، کەدەکرێت تەرمی سەربازانی دوژمن یان هی لاگاشیش بن. هەر لەلای کۆ تەرمەکانەوە، دەستەیەک مرۆ دەبینرێن کە سەبەتەیان لەسەر سەرە، رەنگە سەبەتەکان خۆڵی تێدابێت بۆ ناشتن و ژێرخۆڵکردنی ئەو کۆ تەرمە بەکارهێنرابێت. هەروەتر، بەتەنیش پێکانی کاهینەکەوە، گایەک بەکۆڵەکەیەک بەستراوەتەوە: بێگومان گایەکە بۆ قوربانی کردن ئامادەکراوە. بەئاسانی دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین، کەکاهینی دانیشتوو، دیسانەوە ئیاناتۆم بێت، بەوردی چاودێری رێوڕەسمەکان دەکات. شێوەو رێکخستنی سەربازەکان دەستە دەستە، ئەوە نیشان دەدات کەسەرەتا دانیشتوانی میزۆپۆتامیا، ئەم شێوە رێکخستنە دامەزراوەیان لەهونەری جەنگیاندا بەکاربردووە. ئەمە لەکاتێکدا، پێشتر، شارەزایانی مێژووی جەنگ باوەڕیان وابوو کەئەم شێوازەی جەنگ لەلایەن یۆنانی و رۆمانییەکان و بەتایبەتی شێوازی جەنگی سەربازانی ئەلکساندەری مەکدۆنی پەیڕەوکراوە. ئەم بەردنووسە کەوەک یەکەمین تۆماری مێژوویی جەنگ دادەنرێت دەریدەخات کەسەرەتایترین شەڕو جەنگەکانی مرۆڤ هاوشێوەی ئێستا پاڵنەرە بنچینەییەکەی ئابوریی بووە.  

دەشتی مەحمود سۆمەرییەکان یەکەم گەل بوون بیروباوەڕە ئاینییەکانی خۆیان نووسیوەتەوە. دوای خۆیان دەقە ئاینییەکانیان دەبن بەبنچینە بۆ تەواوی ئاینەکانی دوای خۆیان. سۆمەرییەکان خواکانیان بەبەرپرسیار دەزانی لەهەموو بابەت و پەیوەندییەکانی نەزمە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان. سۆمەرییەکان یەکەم شارستانییەتی خوێندەواری میزۆپۆتامیای دێرین بوون، کەپێیانوابوو گەردوون لەڕێگەی زنجیرەیەک لەدایکبوونی گەردوونی یەک لەدوای یەکەوە هاتووەتە ئاراوە. بەپێی گەردوون پەیدایی سۆمەری، ئاسمان و زەوی لەئاوی سەرەتایی پەیدابوون و دواتریش لەجووتبوونی ئەوانەوە خواکان پەیدابووە. لەسەرەتاکانی سۆمەرداو لەیەزدانناسی ئیریدۆدا، عەرشی خوایەتی ئاوە (لەحەوت تەبەقەی ئاسماندا نییە) ئاوی شیرینی ژێرزەوی و خۆی لە نەموودا بەرجەستە دەکات؛ لەلای سۆمەرییەکان جیهان بریتی بووە لەزەوی سەر ئاو کەوتوو و لەبەرانبەردا چاویان لەئاسمان کردووە وەکو تاسێکی هەڵگەڕاوەی گومبەزئاسا کەئەستێرەکانی تێدا بووە. نەموو لەلای سۆمەرییەکان ئەم نازناوانەی هەبووە: «ئەو دایکەی ئەرزو ئاسمانی لێبووە»، «دایکی مەزن»، «یەکەمی پێش هەمووان»، «ئەو کەسەی جیهان و خوداکانی بوو»، «دایکی هەموو شت»، «پزدانی نەبڕاوە». نەموو شێ و شەونمی شەوانەش بووە کەگژوگیا، درەختەکان و رووەکەکانی بەردارو بەپیت کردووە. نەموو مێخوایەکی بێهاوسەر، پزدانێکی خۆخەرەوە، ماددەی بەرایی و ماکی هەوەڵین بووە کە خۆبەخۆو ناوەکییانە، ئاوەکان بەپیت و بەردار دەکات. ماکی هەوەڵینی مێینەیی دەنوێنێتەوە کە لەهەموو رەگەزێکی مێدا هەیەو دەتوانێت سەربەخۆو خۆبەخۆو خۆڕسکانە بەردار بێت، بەرهەمی هەبێت و وەچە بخاتەوە؛ نازناوی «پزدانی بەپیت و بەردار» هەڵدەگرێت. لەمیزۆپۆتامیا وا بیر دەکرایەوە کەخواکان لەدەستەسازە پیرۆزەکاندا ئامادەییان هەیە و مرۆڤەکان لەژیانی رۆژانەدا بەشێوەیەکی هەستەکی ئەزموونی رەهەندی یەزدانی بەرجەستە بوو دەکەن. هەرکام لەخواکان بەگوێرەی تایبەتمەندی خۆی لەدەستسازەکاندا نوێنراوەتەوە. بۆ نموونە ئینلیل کە لەماوەی هەزارەی سێیەمی پێش زاییندا بە بەهێزترین خوای میزۆپۆتامیا دانراوەو بە «گەردەلولی تووڕە» یان «گایەکی کێوی» ناسرابوو، لەکاتێکدا ئینانای مێخوا بەجیاوازییەوە وەک ئەستێرەی بەیانی و ئێوارە دەرکەوتووە.  هەرکام لەخواکان پەرستەی تایبەت خۆیان هەبووە و پەرستەکان چەندین رێوڕەسمی دیاریکراویان لەخۆگرتووە. لەڕێگەی ئەم رێوڕەسمانەوە، خوداکان حزوری یەزدانیان نیشتەجێی پەیکەرەکان بووە. پەیکەرەکان دوای ئەم پرۆسەیە چیدی تەنیا پەیکەرێکی ئاسایی نین بەڵکو تەنێکی پەرەستەیی یەزدانین. بەدەربڕینێکی تر رەهەندی یەزدانی پەیوەست بەمرۆڤەکانەوە لەناو پەیکەرەکاندا نیشتەجێ دەبن و ئەم پەیکەرانە یەزدانیکراوانە لەناو پەرستگاو ماڵەکاندا جێگر کراوە تاوەکو بەرەکەت و بەپیتی بەسەریاندا ببارێت. ئەم پەیکەرە (وەک لەوێنەکەدا دیارە) پیاوێکی راوەستاوە، هەردوو دەستی لەبەینی سنگ و ناوکیدا بەشێویەکی دیاریکراو لەیەکتری قوفڵ کردووە کەوەبیرهێنەوەی دەست قوفڵکردنی موسڵمانە لەکاتی نوێژکردندا. شێوازی راگرتنی سەرو روخساری پەیکەرەکە راستەو ڕاستە کە بۆ پێشەوە دەڕوانێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانی بەجۆرێک چێکراوە کە لەوپەڕی سەرسامی و وریاییدایە بۆ ئەم مەبەستە چاوەکان تادوا سنوری کراوەتەوە بەتۆخی رێژراوە. هەروەها جلێكی تایبەتی بۆ ئەو دۆخە دیاریکراوەە پۆشییەوە کەکۆتایی دامێنەکەی لەپەڕ پێکهاتووە. قژو ڕیشی پەیکەرەکە بەشێوەیەکی دیاریکراو خاوێن و شانەکراوە. هەموو ئەمانە لەڕووی ئایکۆنناسیی ئایینیەوە ماناو دەلالەتی خۆیان هەیە. ئەم پەیکەرە کەمێژووەکەی بۆ ساڵانی ٢٩٠٠-٢٦٠٠ پ.ز. دەگەڕێتەوە لە «پەرستگای چوارگۆشە» لە تەل ئەسمەر دۆزراوەتەوە. سۆمەرییەکان باوەڕیان وابووە هاوشێوەی خواکان، مرۆڤەکان توانیویانە بەئامادەبوونی جەستەیی لەپەیکەرەکانیان نیشتەجێبن. بۆ ئەم مەبەستە پەیکەری خۆیان بەرانبەر پەیکەری خوداکان داناوە. زۆرجار ئەم پەیکەرانە هی کەسانی فەرمانڕەواو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان بوون لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ئاسایی توانیویانە هاوشێوەی ئەو پەیکەرانەیان هەبێت. سۆمەرییەکان جگە لەوەی لەپەرستگاکاندا پەرستشی خۆیان کردووە، هاوکات لەرێگەی ئەم پەیکەرانەوە توانیویانە لەماڵەوەش پەرستشی خواکان بکەن. مەبەستی سەرەکی ئەم پەیکەرانە بەشداریکردنی راستەوخۆ و بێ نێوانجی بووە لەنێوان خوداکان و مرۆڤەکاندا. مرۆڤەکان لەپانتایی هەستەکێتیدا کە لەئایینە ئیبراهیمییەکاندا (یەهوودی، مەسیحی و ئیسلام) هەژار کراوە، توانیویانە ئەزموونی یەزدانی بکەن. لەئایینی ئیبراهیمیدا لەجیاتی ئەم پەیکەرانە پەیامبەرەکان دەبنە نێوانجی نێوان مرۆڤەکان و خوداکان و تەنیا پەیامبەران توانیویانە بەبێ نێوانجی ئەزموونی یەزدانی خوداکان بکەن. لەبەرانبەردا بیروباوەڕی سۆمەرییەکان ئەو دەرفەتەی بەتاکێکی سۆمەری داوە خۆی بەبێ نێوانجی ئەزموونی یەزدانی بکات. لەئایینی ئیبراهیمیدا ئەم رەهەندە لەپەرستشی موسڵمانەکان داشکێنراوەو ناتوانن ئەو دۆخە ئەزموون بکەن. وەک کاردانەوەیەک لەناو ئایینی ئیبراهیمدا تەوسەوف و عیرفان هەوڵی ئەزموونی ئەو دۆخەیان داوە، تاوەکوو ئەزموونی ئەو رەهەندە داشکێنراوە یەزدانییە بکەن. راستە بە رووکار پەیکەرەکە لە نوێژخوێن دەجێت بەڵام کاتێک لێی ورد دەبینەوە زیاتر عارف یان سۆفییەک دەبینین کە جەزبە گرتوویەتی و لەحاڵێکی قووڵدایە. لەڕوانگەی ئەمڕۆوە دەتوانین بڵێین عیبادەتی ئاسایی مرۆڤێکی سۆمەری لە ئەزموونی عارف یان سۆفییەکی گەورە قووڵتر و فراوان تر بووەو ئەمە هەرگیز بەباوەڕداری فەرمی ئاینی ئیبراهیمی بەراورد ناکرێت کەتەنیا چەند ئاخاوتەیەکی دیاریکراو دووبارە دەکاتەوە. ئایینی سۆمەری کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بیروباوەڕی ئایینی خەڵکی دواتری میزۆپۆتامیا هەبوو و لەئوستورەو ئایینەکانی زۆرێک لەگەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بیروباوەڕی سۆمەرییەکان ماوەتەوە. ئوستورەناسان سەرنجیان داوە کەهاوتەریبی زۆر لەنێوان گێڕانەوە سۆمەرییەکان و بەشە سەرەتاییەکانی کتێبی پیرۆزی عیبریدا هەیە کەدواتر کاریگەری قووڵ لەسەر مەسیحی و ئیسلام دادەنێت.

دەشتی مەحمود سەرەتاییترین نموونەی نووسین لەجیهاندا لەسۆمەرەوە دەستپێدەکات و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ٣٢٠٠ پێش زایین. سەرەتا سۆمەرییەکان وێنەی سادەکراویان بەکارهێناوە کەپێیان دەگوترێ وێنەهێما کەشتومەک و شتەکانیان نواندووەتەوە. دواتر، وردە وردە ئەم وێنەهێمایانە زیاتر ئەبستراکت کران و پەرەیان پێدرا بۆ شێوەی نووسین کە بەمیخی ناسراوە، کە شێوەی قامیشیان بەکاردەهێنا بۆ پێکهێنانی هێما. لەم شێوە نووسینەی میخیدا، زیاتر لە ٦٠٠ هێما هەبوون کە دەتوانرا بەشێوەیەکی کارا بۆ نووسین بەکاربهێنرێن. رێنووسی میخی لەسۆمەرەوە بڵاوبووەوە و لەکۆتاییدا بوو بەشێوە نووسینی نزیکەی پانزە زمانی جیاواز لە میزۆپۆتامیای کۆن و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا سەدەی یەکەمی زایینی بەکارهێنرا. پاشای ئاشووری ئاشووربانیپاڵ لەسەدەی حەوتەمی پێش زایین فەرمانڕەوایی میزۆپۆتامیای دەکرد. ئاشوور لەو سەردەمەدا خاکی لەباکوور قەفقاز، لەباشوورەوە ئەفریقاو لەڕۆژئاوا دەریای ناوەڕاست و لەڕۆژهەڵاتەوە تا ناوەڕاستی ئێران  سنوری بوو. هەرچەندە ئاشووربانیپاڵ بەهەڵمەت و پەلامارە سەربازییەکانی ناوبانگی دەرکردبوو، بەڵام ئەم پاشایە یەکێک لەگەورەترین کتێبخانە دێرینەکانی ئەو سەردەمەی درووستکردووە کە تائەمڕۆش ماوەتەوە.   کتێبخانەی شاهانەی ئاشووربانیپاڵ کتێبخانەی شاهانەی ئاشووربانیپاڵ کە ناوی ئاشووربانیپاڵ دوایین پاشای گەورەی ئیمپراتۆریەتی ئاشوورییە، زیاتر لە ٣٠ هەزار تاتەقوڕ و پارچەی گڵینە لە خۆدەگرێت، کە زۆربەی دەقەکانی دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی حەوتەمی پێش زایین، لەنێویاندا دەقی تێدایە کە بە زمانی سۆمەری و ئەکەدی و زمانە جۆراوجۆرەکانی تری میزۆپۆتامیا نوسراون. لە نێو ئەو نوسراوە دۆزراوانەدا، داستانی بەناوبانگی گلگامێش هەیە، کە بە بەناوبانگترین داستانی دێرینی مێژوو دادەنرێت. ئەم کتێبخانەیە لەکنەکردنەکانی ساڵانی ١٨٤٩ و ١٨٥٢ لەلایەن شوێنەوارناس و ئاشووریناسی بەریتانی ئۆستن هێنری لەیاردو ئاشووریناسی عێراقی هورمز رەسام لەنەینەوا (موسڵ)ـی پایتەختی ئاشووریەکان دۆزرایەوە. ئەم کتێبخانەیە زیاتر لە ٣٠ هەزار تاتەقوڕی تێدابووە، دەقەکانی لەسەر پزیشکی، کیمیا، فەلەکناسی، ئەستێرەناسی، مێژوو و جوگرافیا، فەرهەنگ و رێزمان، بیرکاری، دەقی جادوو، پێشبینی، رێوڕەسمی ئەفسوناوی و ئایینی و ئوستورە بوون. وا گریمانە دەکرێت کەئەمە تەنیا بەشێکی کەم لەتەواوی کۆکراوەی کتێبخانەکە بێت: چونکە شیمانە دەکرێت ئەو دەقانەی کە لەسەر مۆم و چەرم و هەر شێوەیەکی تر نووسراون لە کاتی ئاگرەکەوتنەوە سووتاوە، بەڵام دەقە گڵینەکان و تاتەقوڕینەکان بەپێچەوانەوە خۆگرتربوون و  توانیویانە تاڕۆژگاری ئێستا زانست بپارێزن. دەگوترێت کە ئاشووربانیپاڵ خۆی ئامادە نەکردبوو  بۆ ئەوەی ببێتە پاشا - دەبوو براکەی شوێنی بگرێتەوە. باوکی ئاشووربانیپاڵ خواستی ئەوەی هەبووە کوڕەکەی بکاتە سەرکاهین، بۆیە ئاشووربانیپاڵ بیرکاری و خوێندنەوە و نووسین و زانستە جۆراوجۆرەکانی خوێندووە. بەپێی گێڕانەوەیەک ئاشووربانیپاڵ بووەتە تاکە پاشای ئاشووری کەتوانای خوێندنەوەو نووسینی هەبووە. پاشاکە لەسەر یەکێک لە لەتاتە قوڕەکان دەنووسێت، « من ئەوەم خوێندووە کە ئاداپای ژیر پێی بەخشیوم، بەتەواوی شارەزا بووم لەنهێنی هونەری نووسین لەسەر گڵێنە، شارەزا بووم لە خواناسیی لەئاسمان و لەسەر زەوی، بەشداریم لەگفتوگۆی پیاوە زاناکاندا کردووە، بەپشتبەستن بەجگەری ئاژەڵی قوربانیکراوە، دەتوانم لەگەڵ ڕاڤەکارە بەئەزموونەکانی فەلەکناسی پێشبینی داهاتوو بکەم. من توانای شیکارکردنی کێشە ئاڵۆز و دژوارەکانی دابەشکردن و لێکدانەوەم هەیە، بەردەوام ئەم دەقانە دەخوێنمەوە کە لەلایەن نوسیارانی زمانێکی ئاڵۆز وەک سۆمەری یان ئەکەدی کە لێکدانەوە قورسە، ئاشنام بەنووسینەکانی سەر بەرد هەڵکەنراوەکانی پێش مێژوو، کە لەئێستاوە تەواو لەتێنەگەیشتن هاتوون.» هەروەها، ئەم پاشایە بەخۆشەویستی و حەزێکەوە ئەم کتێبخانەیەی درووستکردووە کەنوێنەری بۆ زۆربەی ناوچەکانی ژێر فەرمانڕەوایی ناردووە بۆ ئەوەی ئەم دەقانەی لەئاشوور نین، بۆی بهێنن، ئاشووربانیپاڵ دیسان لەسەر تاتەقوڕێک دەنووسێت. « هەر تاتەقوڕێکی بەنرخ لەئاشوور نییە، بیدۆزنەوەو بیگەیەنە دەستم.» هەروەها بەپێی نووسینی سەر تاتەقوڕێکی تر، «هەر کەسێک بوێری ئەوەی هەبێت ئەم تاتەقوڕانە ببات، جا توڕەیی ئاشووری و بێلیتی بەسەردا ببارێت. سا ناو و نەوەکانی لەم خاکەدا ناویان نەمێنێت.» دەریدەخات کە کتێبخانەکە، تایبەت نەبووە بەڵکو گشتی بووە و نزای تایبەت بۆ پاراستنی دەقەکان هەبوون و ئەوانەش سزادراون کەهەر دەقێکیان دزیبێت. هەنووکە، بەشی هەرەزۆری دۆزراوەکانی ئەم کتێبخانەیە لەئێستادا، لەمۆزەخانەی نیشتیمانی بەریتانییە.

دەشتی مەحمود سۆمەرییەکان دوای دانیشتوانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لەیەکەمینی ئەم کەلتورانە بوون کەچەندین پێوەریان پەرەپێدا کە بۆ پێناسەکردنی «شارستانیەت» بەکاردەهێنرێن. لەوانە، بیناسازیی، هونەر، ئەستێرەناسی، بیرکاری، هەروەها دابەشکاری کات لەسەر بنەمای ژمارە ٦٠ کە تائێستاش بۆ پێوانەکردنی چرکە و خولەک بەکاردێت، بەڵام رەنگە بەناوبانگترین میرات سیستەمی نووسینەکەیان بێت، کە لەڕێگەی تاتەقوڕینە دۆزراوەکانیانەوە دەرچەیەکمان بۆ دەکاتەوە بۆ ئاگاداربوون لەکەلتور، ئابوری، یاسا، ئەدەب، سیاسەت و ئاین و بیروباوەڕی سۆمەرییەکان. لەدەوروبەری ساڵی ٣٥٠٠ پێش زایین، سۆمەرییەکان دەستیانکرد بەدروستکردنی شارە دیواردارەکان، لەوانە ئورک، کە پایتەختی شارستانیەت بوو. هەریەک لەو شارانە بینای گشتی و بازاڕو وەرشەو سیستەمی ئاوی پێشکەوتووی لەخۆگرتبوو و بەگوندو زەوی کشتوکاڵی دەورە درابوون. دەسەڵاتی سیاسی لەبنەڕەتدا هی هاووڵاتیان بوو، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی رکابەریی نێوان دەوڵەت-شارە جیاوازەکان، هەریەکەیان دامەزراوەی پاشایەتییان پەیڕەوکرد. هەر دەوڵەت-شارە پێی وابوو لەژێر دەسەڵاتی خوداێک یان مێخودایەکی خۆجێیدایەو پەرستگاکانیان زاڵ بوون بەسەر تەلارسازی شارۆچکەکاندا. سۆمەرییەکان پێیان وابوو کەخوداەکانیان بەرپرسیارن لەهەموو ئەو بابەتانەی کەپەیوەندییان بەنەزمە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە. ئاینی سۆمەری و حەوتەوانەی جڤاتی خواکان ئایینی سۆمەری بەسروشت فرەخوایی بوو، سۆمەرییەکان ژمارەیەکی زۆر لەخوداو مێخودایان دەپەرست. ئەم خودایانە بەزۆری شێوەمرۆڤی بوون و نوێنەرایەتی هێزە سروشتییەکانی جیهان و گەردوون بوون؛ لەگەڵ ئەوەشدا خودای دوو رەگیان هەبوو کەنیمچە مرۆڤ و نیمچە ئاژەڵ بوو، جگە لەوەش خوداکانی وەکو ئیناناو ئینکی کە لەشێوەی مرۆڤدا بوون بەڵام ئەوەی یەکەم باڵی هەبوو و ئەوەی دووەم لەسەر شانەکانییەوە رووبار هەبوون. ئەمانەش رەمزاندنی دیاریکراو بوون کەمانای خۆیان هەبوو. هەروەها، هەندێک لەو خودایانە هاوتاکانیان لەئایینی گەلانی تری میزۆپۆتامیادا هەبووە، بەمشێوەیە، مەزەندە کراوە کەخوداکانی ناو جڤاتی خواکانی سۆمەری ژمارەیان سەدان یان تەنانەت هەزاران بووە. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک لەخوداو مێخوداکان بەشێوەیەکی بەرچاوتر لەئایینی سۆمەردا دەردەکەون و بەم پێیەش رەنگە بە خودا سەرەکییەکانی جڤاتی خواکانی سۆمەری هەژمار بکرێن. ئان، گرنگترین خودا لەجڤاتی خواکانی سۆمەرییەکاندا (لەلای ئەکەدییەکان بەئانو ناسراوە). سۆمەرییەکان باوەڕیان وابوو کە ئان خودای ئاسمانە و سەرەتا بەپەروەردگاری ئاسمانەکان، یان خودای باڵای جڤاتی خواکانی سۆمەر دادەنرا. دواتر رۆڵی سەروەریی ئان یان هاوبەش بوو یان لەلایەن خوداکانی دیکەوە دەستی بەسەردا گیرا. سەرەڕای ئەوەش ئان لای سۆمەرییەکان گرنگی خۆی پاراست و هەر رێزیان لێدەگرت و دەیانپەرست. بۆ نموونە، کاتێک خوداکانی دیکە ناوبانگ و دەسەڵاتیان بەرز دەبووەوە، دەگوترا کە ئانۆتویان وەرگرتووە (کە رەنگە بە ‹دەسەڵاتی ئان› وەربگێڕدرێت)، بەم شێوەیە، دەردەکەوێت هەرچەندە خوداێکی دیکە وەک دەسەڵات جێگەی گرتبووەوە بەڵام پێگەی بەرزی ئان پارێزراو بووە. ئینلیل، دووەمین پاشاخودای ناو جڤاتی خواکانی سۆمەرە. ئینلیل کوڕی ئان (ئاسمان) و کی (زەوی) هاوژینی بوو، خودای هەوا، با و باهۆز و زریان بوو. ئینلیل کە منداڵی خودای ئاسمان و مێخودای زەوی بوو، رۆڵی باوکی وەک پاشای خوداکان گرتە ئەستۆ. لەهەندێک گێڕانەوەی ئوستورەیی سۆمەریدا، ئینلیل وەک جۆرێک لەخوای ئافرێنەر وێنا کراوە. هاوسەرە سەرەکییەکەی نینلیل بوو کە مێخودای بای باشوور بوو و کوڕێکیان هەبوو ناوی نینورتا بوو. لەتەنیا چیرۆکی ئافراندنی سۆمەری کەماوەتەوە، دەگوترێت ئینلیل باوک و دایکی لەیەکتر جیاکردۆتەوە، بەم شێوەیە پەیدابوون ئاوابووە. ئینکی یەکێکی تر لە خودا گرنگەکانی جڤاتی خواکانی سۆمەرییە. ئینکی لەلای ئەکەدیەکان و بابلییەکان بە ئیا ناسرابوو. سۆمەرییەکان ئینکییان بەژیری و جادووەوە پەیوەست دەکردو یەکێک بوو لەسێ خودا بەهێزەکانی ناو جڤاتی خواکانی سۆمەر. ئینکی بەئافرێنەری مرۆڤ دادەنرێت و لەدەقەکاندا شانازیی بەدروستکردنی مرۆڤایەتی دەکات، هەروەها بەپێی ئوستورە سۆمەریەکان هەر ئەم پارێزەری مرۆڤایەتی بووە. بۆ نموونە، ئەوە ئینکی بوو کە زیسودرای ئاگادار کردەوە سەبارەت بەلافاوە مەزنەکەی کەخوداکان بەنیازبوون بینێرن بۆ سڕینەوەی رەگەزی مرۆڤ. رەنگە بەهۆی رۆڵی ئەو وەک خوایەکی پارێزەرەوە بێت کەئینکی خودایەکی بەناوبانگ و خۆشەویست بووە لەنێو سۆمەرییەکاندا. ئینانا، مێخودا لەناو بەناوبانگترینی خواکانی سۆمەرو میزۆپۆتامیادایە و بەگەنجینەی نەتەوەیی سۆمەری دادەنرێت. لەسەر بنەمای ئەو دەقە ئەدەبیانەی سۆمەرییەکان بەجێیان هێشتووە، رەنگە بگوترێ کە بەناوبانگترین خودای جڤاتی خواکانی سۆمەر ئیناننا بووە، لەلای (ئاشوورییەکان و بابلییەکان بەئیشتار ناسراوە). لەزۆرێک لەبەناوبانگترین و لەبەرگیراوەترین چیرۆک و ئوستورەو سروتەکانی سۆمەریدا، ئاشکرایە کە ئینانا رۆڵێکی دیار دەگێڕێت. لەوانە، ئوستورەکانی دابەزینی ئینانا و دارژیهان و ئینانا و خوای بنجیهان. هەر لەو دەقانەوەیە کەسروشتی ئەم مێخودایانەمان بۆ دەردەکەوێت و دەزانین کە ئینانا وەک مێخودای سێکس و سۆزو خۆشەویستی و شەڕ دەپەرسترا. جگە لە ئان، ئینلیل، ئینکی و ئینانا، سێ خودای دیکە هەبوون کەحەوتەوانەی جڤاتی خواکانی سۆمەر پێکدەهێنن. یەکێک لەوانە ئەتەوـە کە خودای خۆرو دادپەروەرییە. لەقۆناغێکی سەرەتایی مێژووی سۆمەریدا، ئەتەو وەک برا دووانەکەی ئینانا دانراوە. یەکێکی دیکە لەخودا گرنگەکانی تری جڤاتی خواکان، مێخودا نینهورساگ بوو کە وەک مێخودای دایک دەپەرسترا. لەبەرئەوە پەیوەندی بەبەرەکەتی، منداڵبوون و سروشت و ژیانی سەر زەویەوە هەبوو. جگە لەوەش، نینهورساگ پارێزەری ژن و منداڵان بووە، بەتایبەتی ژنانی دووگیان و منداڵی بچووک. دواهەمین خودا لەحەوتەوانەی جڤاتی خواکانی سۆمەر،نانا، خودای مانگ و حیکمەتە. ئەم خوداە هەندێک جار بەباوکی ئینانا دادەنرێت. گرنگییەکەی لەوەدایە کە لەکاتی کردەی ئافراندن و پەیدابووندا رۆڵی گێڕاوە.  

ئامادەكردنی: پاڤێ دڵشاد محمد ترێ رێبوار، ترێ فاروق تۆڵێڕانس وشەیەكی ئینگلیزییە كە بەچەند مانایەكی جیاواز دێت:- قبوڵكردن، لێبوردەیی، بەرگەگرتن، چاوپۆشیكردن. هەموو ئەمانە كە بەهایەكی كولتووریین برەو بەپەسەندكردن و رێزگرتن لەباوەڕو بۆچوون و كردارە جیاوازەكان دەدات. توانای ناسینەوەو پێزانینی هەمەجۆرییەو خۆبەدوورگرتن لەسەپاندنی باوەڕ یان بەهاكانی خود بەسەر ئەوانی تردا. قبوڵكردنی یەكتری تەنانەت بەهەبوونی بیروڕای جیاوازیش پێكهاتەیەكی بنچینەیی كۆمەڵگایەكی هاوئاهەنگ و ئاشتیخوازە كەتێیدا خەڵكی لەباكگراوەندە جیاوازەكانەوە دەتوانن بەئاشتی پێكەوە بژین. رێگە بەتاكەكان دەدات بۆچوون و باوەڕەكانیان دەرببڕن بەبێ ترس لەجیاكاری یان چەوسانەوە. بریتییە لەهەڵوێستێكی بیركردنەوەی كراوەو بێ حوكم بەرامبەر ئەوانی تر، بەبێ گوێدانە رەگەز، نەژاد، یاخود ئاینیان. هەروەها تێگەیشتن و نواندنی هاوسۆزی لەگەڵ ئەوانی ترداو ناسینەوەی بەهای روانگەو بیرۆكەی جیاواز دەگرێتەوە. لێرەدا جەخت لەسەر چۆنییەتی بڵاوكردنەوەو بەرزكردنەوەی ئەم بەهایە دەكەینەوە لەڕێگەی میدیاكانەوە. رۆڵی میدیا لەبرەودان بەم بەها كلتورییە : میدیا رۆڵێكی گرنگی هەیە لەكۆمەڵگای ئەمڕۆدا، چونكە وەك پردێك لەنێوان خەڵك و جیهاندا كاردەكات. بەرپرسیارە لەئاگاداركردنەوە، پەروەردەكردن و كەیفكردن. میدیاكان شێوەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، لەوانە میدیای چاپكراو، تەلەفزیۆن، رادیۆو میدیای ئۆنلاین. هەروەها میدیاكان رۆڵی گرنگیان هەیە لەدروستكردنی رای گشتی. دەتوانێت كاریگەری لەسەر هەڵوێست و باوەڕی خەڵك هەبێت بەپێشكەشكردنی زانیاری بەشێوەیەكی دیاریكراو یان جەختكردنەوە لەسەر هەندێك بابەت. دەزگاكانی راگەیاندن دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە كەبەرەنگاری نۆرمە كۆمەڵایەتییەكان، بەهاكان و ئایدۆلۆژیاكان ببنەوە. میدیا رۆڵێكی گرنگی هەیە لەبرەودان بەبەها كلتورییەكان لەڕێگەی دروستكردنی هەڵوێست و باوەڕو تێڕوانینی گشتی دەربارەی تاكەكان و كۆمەڵگە جیاوازەكان. میدیا لەتوانایدایە تێگەیشتن و رێزگرتن و قبوڵكردنی كلتورو ئایین و شێوازی ژیانی جیاواز بەهێزتر بكات، لەڕێگەی ئەو توانایەی هەیەتی لەكاریگەری بەرچاو لەسەر كۆمەڵگاو ئەو زانیارییانەی بڵاودەكرێتەوە. ئەم خاڵانەی خوارەوە چەند رێگایەكە كەمیدیا دەتوانێت ئەم بەها كلتورییە بەهێزتر بكات و نوێی بكاتەوە لەناو كۆمەڵگادا : ١-نیشاندانی هەمەجۆری: یەكێك لەگرنگترین رێگاكان كەمیدیا دەتوانێت ئایدیای قبوڵكردنی یەكتری بەرزبكاتەوە ئەوەیە كەهەمەجۆری لەبەرنامەكانیدا نیشان بدات. ئەمەش بەبەشداری پێكردنی كەسانی جیاواز لەڕەگەز، نەتەوە، ئایین و باكگراوندی كۆمەڵایەتی و ئابووری لەهەواڵەكان، بەرنامە تەلەفزیۆنییەكان، فیلمەكان و شێوەكانی تری میدیادا. بەتیشك خستنەسەر هەمەجۆری، میدیا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لەشكاندنی رەگەزپەرستی و برەودان بەهاوسۆزی و تێگەیشتن. ٢-برەودان بەدیالۆگ: میدیا دەتوانێت یارمەتی برەودان بەلێبوردەیی و قبوڵكردنی رای یەكدی بدات بەدروستكردنی پلاتفۆرمێك بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ. ئەمە لەوانەیە بریتی بێت لەبەشداریكردنی میوانەكان لەباكگراوندی جۆراوجۆر لەبەرنامەكانی گفتوگۆ ( talk shows or hosting debates ) لەسەر كێشە كۆمەڵایەتییە گرنگەكان. بەدابینكردنی بۆشاییەك بۆ  گفتوگۆ، میدیا دەتوانێت یارمەتی دروستكردنی كۆمەڵگایەكی كراوەو لێبوردەتر بدات. بیر لەوە بكەرەوە كەدروشمی «بۆچوون و بۆچوونی دیكە (Opinions and other opinions) بەهەڵە لێكدانەوەی بۆ كراوە. هەرچەندە ئێمە بەشێوەیەكی سەرەكی هاوڕاین لەگەڵ ئەم دروشمە، زۆرجار بەخراپی بەكاردێت. باشترین رێگا بۆ فێركردنی تاكەكان بۆ رێزگرتن لەبۆچوونەكانی ئەوانی تر ئەوەیە كەنموونە پێشكەش بكەین پێش ئەوەی ئەم دروشمە بناسین. بۆ نموونە، میوانەكان لەهەندێك بەرنامەی گفتوگۆدا، كە لەسەر ئەم دروشمە دامەزراون، هاوار لەسەر یەكتر دەكەن، بەرەنگاری باوەڕەكانی یەكتر دەبنەوەو تەنانەت دەكەونە ناكۆكی و توندوتیژی جەستەییەوە. ئامەش ئاماژە بەوە دەكات كە، «هیچ شوێنێك و بۆشاییەك نەبووە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆكردن لەگەڵ یەكدیدا و ئەنجامی هەر دیالۆگێك كێشەو ناخۆشییە.» ئێمە دەبێت ئەو میوانانە هەڵبژێرین كەبێلایەنن و لێبوردەن و رێز لەهەمووان دەگرن. ئەمەش بەهۆی پێشبینییەكانی بیردۆزی كەلتوورەوەیە كە بەدووبارەبوونەوەی پێویست، گوتاری ئەم مۆدێلە مامناوەندو لێبوردەیە دەبێتە مۆدێلی قبوڵكراو. گفتوگۆیەكی ئارام هەم بەرهەمدارو هەم كاریگەرە. لەكۆتاییدا خەڵك شێوازی دیالۆگی گونجاو وەردەگرن، ئەگەر بەردەوام شێوازی گفتوگۆیەكی گونجاو لەمیدیاكانەوە ببینن. لەگەڵ ئەوەشدا، بانگهێشتكردنی میوانێكی نەگونجاو بێگومان پەیامێكی خراپ دەنێرێت و كاریگەری نەرێنی لەسەر بینەران دەبێت. ٣-تیشك خستنەسەر چیرۆكە ئەرێنییەكان: میدیاكان دەتوانن چیرۆكە ئەرێنییەكانی ئەو خەڵكانە روون بكەنەوە كەجیاوازی كۆیاندەكاتەوە بۆ بەرەوپێشبردنی بیرۆكەی قبوڵكردنی یەكتری و تێگەیشتن. بەنیشاندانی چیرۆكی ئەو كەسانەی كەپێكەوە كاردەكەن بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی بەهێزتر، میدیا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئیلهامبەخشین بەكەسانی تر بۆ ئەنجامدانی هەمان شت. ئەمە دەتوانێت بەرەنگاری رەگەزپەرستی و پێشبینییە نەرێنییەكان ببێتەوەو یارمەتیدەر بێت بۆ شكاندنی رەگەزپەرستی و برەودان بەهاوسۆزی و تێگەیشتن. ٤-داكۆكیكردن لەگۆڕانكاری: لەكۆتاییدا میدیا دەتوانێت داكۆكی لەگۆڕانكاری بكات بەتیشك خستنەسەر كێشە كۆمەڵایەتییەكان و برەودان بەهەڵمەت و دەستپێشخەرییەكان كەئەمانیش برەودەدەن بەهەمەجۆری و تێكەڵبوون. ئەمەش لەوانەیە بریتی بێت لەپشتیوانیكردنی ئەو رێكخراوانەی كە لەسەر بنەمای كۆمەڵگا كاردەكەن بۆ برەودان بەلێبوردەیی و پێكەوەژیان و هەمەجۆری، یان بەكارهێنانی رۆژنامەوانی لێكۆڵەرەوە بۆ ئاشكراكردنی جیاكاری و پێشێلكاری لەكەرتە جیاوازەكانی كۆمەڵگادا. قبوڵكردبی یەكدی و بەئارامی مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو تاكێكی جیاوازو لێكچوو، دەبێتە هۆكاری سەرەكی خوڵقاندنی ئاشتەوایی و سەركەوتن. هەموو كەسێك سوودمەند دەبێت ئەگەر مرۆڤ باوەش بەهاوڕێكەیدا بكات، هەست بەبوون و كەلتوورو جیاوازییەكانی بكات و لەگەڵیدا كاربكات. ئاشتی و ئاسایش لەئاستی ناوخۆیی و جیهانیدا حوكمڕانی دەكات؛ نەتەوەكان سەركەوتوو دەبن و خۆشگوزەرانیش بەدەستدەهێنن. بەپێچەوانەوە، رەگەزپەرستی و رەتكردنەوەی لەخۆگرتنی ئەوانی تر دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ناتەبایی و لاوازكردنی نەتەوەكان، كەزیان بەهەمووان دەگەیەنێت.

دەشتی مەحمود سۆمەرییەکان یەکێک لەشارستانییەتە سەرەتاییەکانی سەر زەوی (٣٥٠٠-١٧٥٠ پ.ز) گەشەپێداوە، بەڵام تاناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم تەنانەت گومانی بوونی گەل و شارستانییەتێکی لەو جۆرەیان لەئارادا نەبووە. بێگومان، خەڵک لەمێژە دەربارەی بابلییەکانەوە دەیانزانی، بەو پێیەی میسری کۆن و عیبری و یۆنانیەکان هەموویان بەرکەوتنیان لەگەڵدا هەبوو و لەسەریان نووسیبوون. کەچی کەس نەیدەزانی کە سۆمەرییەکان پێش بابلییەکان هەبوون و سیستەمی نووسین و ئایینی و کشتوکاڵییان پەرەپێداوە کە بابلییەکان دواتر وەریانگرتووەو دەستکارییان کردووە. هەموو ئەمانە لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا گۆڕانی بەسەرداهات کاتێک شوێنەوارناسانی بەریتانی و ئەڵمانی و فەرەنسی دەستیان کرد بەهەڵکەندن و کنەکردنی ئەو تەپۆڵکە زەویانەی کەپاشماوەی ئەو شارانە بوون کەهەزاران ساڵ لەمەوبەر لەدۆڵی رووباری دیجلە و فوراتدا گەشەیان کردووە، لەناوچەیەکدا کە لەناو کتێبە مێژووییەکاندا بەمیزۆپۆتامیا (نێوان دوو ووبار) ناسراوە. شوێنەوارناسان لەپرۆسەی شیکردنەوەی ئەو تاتەقوڕانەی کە بەزمانی بابلی (کە پێی دەگوترا «ئەکەدی») نووسراون، گومانیان هەبوو کەسیستەمی نووسینەکە لەڕاستیدا بۆ ئەم زمانە ناگەڕێتەوە و ناگونجێت و بەم پێیەش دەبێ بۆ زمانێکی پێشووترو نەناسراو داهێنرابێت. دواجار دوای نیو سەدە لەشیکردنەوە و کنەکردن، بوونی زمان و گەل و شارستانیەتی سۆمەری پشتڕاستکرایەوە. گێڕانەوەی پەیدابوون چیرۆک یاخود گێڕانەوەی بنەچەو پەیدابوون، چیرۆکێکە کە باس لەچۆنیەتی پەیدابوون یاخود دەستپێکی شتێک دەکات. دەکرێت ئەم چیرۆکانە دەربارەی ژیان، گەردوون، مرۆڤ، ئاژەڵ، شت، شوێن، یان بیرۆکە بن. زۆرێک لەچیرۆکەکانی پەیدابوون لەڕێگەی نەریتی زارەکییەوە دەگوازرێنەوەو لەناو فۆلکلۆرو ئوستورەکاندا دەدۆزرێنەوە. زۆرجار چیرۆکەکانی پەیدابوون ئەمە وون دەکەنەوە کەچۆن شتەکان بەو شێوەیە بوون کەهەن، یان بۆچی شتەکان بەهەندێک شێوە وودەدەن. بۆ نموونە، دەکرێت لەچیرۆکەکەدا باس لە چۆنیەتی ئافراندنی شاخ یاخود زمان بکات، یان بۆچی مانگ و خۆر و ستێرکەکان لەئاسمانن. هەروەتر، ئەم چیرۆکانە زۆرجار زانیاری دەربارەی باوەڕو بەهای کەلتورێک نیشاندەدات و هەندێجار ئەم چیرۆکانە وانەیەکی ئەخلاقی پێشکەش دەکەن و ەنگدانەوەی هزری مرۆڤانی ئەو سەردەمەمان بۆ رووندەکەنەوە.   ئافراندنی مرۆڤ بێگومان، میزۆپۆتامییەکان چەندنین چیرۆکی ئافراندنی مرۆڤیان هەیە و ئەمەی لێرەدا باس دەکرێت، یەکێک لەم چیرۆکانەی ئافراندنی مرۆڤ. لەئوستورەی «ئافراندنی مرۆڤ»ـی میزۆپۆتامیادا چۆنیەتی دروستبوونی جیهان و هاتنی مرۆڤایەتی دەگێڕێتەوە. چیرۆکەکە لەڕوانگەی خواوەند ئێنکی‌ــەوە دەگێڕدرێتەوە کە لەئوستورەی ئەکەدیدا بەئیا ناسراوە. ئافراندنی مرۆڤ لەدوای جیابوونەوەی ئاسمان لەزەوی دەستپێدەکات و دوای ئەوەی لەسەر زەوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و جۆگەلەکان دامەزران، ئینکی لەکاتی مەلەکردندا لەناکاو بیرۆکەیەکی بۆ دێت. ئینکی بڕیار دەدات مرۆڤ دروستبکات بۆ ئەوەی کەسێک هەبێت خزمەتی بکات و هەموو کارەکانی چاندن و ئاودێری بۆ بکات لەکاتێکدا ئەم پشوو دەدات. وەک سەرەتایەک بۆ کارپێکردنی بیرۆکەکەی، مرۆڤێکی لە گڵ دروستکرد. دوای ئەم کردە ئافرێنەرانەی ئینکی، خواوەندەکانی تر بەبڕیارەکەی ئێنکی بۆ دروستکردنی مرۆڤایەتی دڵخۆش نەبوون و هەوڵیاندا رێگری لێبکەن. کەچی، نینهورساگی هاوژینی ئێنکی یارمەتیدا بەخستنەوەی هەشت جۆری رووەک کەدواتر بەکاریهێنا بۆ دروستکردنی هەشت مرۆڤ. دواتر، ئەم مرۆڤانە نوێنەری یەکەمی هەموو ئەو گەل و کەلتورە جیاوازانە بوون کە لەجیهاندا دەهاتنە ئاراوە. ئێنکی زۆر دڵخۆش بوو بەئافراندنەکەی و بڕیاریدا دیاریی زانین بەمرۆڤایەتی بدات. ئەمەش بەفێرکردنی چۆنیەتی نووسین و چۆنیەتی بەکارهێنانی ژمارەکان ئەنجامدا. هەروەها ئەرکی گرنگیدان بەزەوی و هەموو بوونەوەرەکانی سەر زەوی بەمرۆڤ بەخشی. لەچیرۆکی ئافراندنی مرۆڤدا، دەردەکەوێت کەهۆکاری دروستکردنی مرۆڤ خزمەتکاری خواکان بووە، واتە، مرۆڤ بۆ ئەوە ئافرێندراوە کە هەندێ لەکارەکانی خواکان بکەن تاوەکو خواکان پشوو بدەن. هەروەتر، ئەم کەرەستانەی مرۆڤی پێدەخوڵقێنرێت مادیین و ئەمەش ئاماژەیە بۆ کاتی بوونی ژیانی مرۆڤ و مەرگ. ئەم چیرۆکانە لەناو گەلانی تری میزۆپۆتامیادا گۆڕانی بەسەردا دێت و لای ئەکەدیەکان خوێنی خوایەک تێکەڵ بەگڵ دەکرێت تاوەکو مرۆڤ درووستبکرێت و دواتر ئەمە لای عیبریەکان خوێن دەبێت بەڕۆح و ئەمەش پێچەوانەی میزۆپۆتامییەکان خوای عیبری لەبری خوێن لەڕێگەی فوو رۆحی خۆی دەکات بەمرۆڤداو دەیئافرێنێت.

دەشتی مەحمود بەدڵنیاییەوە، وەک هەر خوێنەرێکی مێژووی کورد و کەسێ کە ئارەزووی زانینی مێژووی گەلەکەیان دەکەن، هەرکاتێ کتێبێک دەربارەی مێژووی کورد و کوردستان بڵاو دەبێتەوە، شادومان دەبم و بەدەر لە خوێندنەوە و سەرنجەکانمان لەسەر کتێبەکەی کاک سۆران، پێزانینی زۆرمان بۆ ئەو کات و هەوڵەی نووسەر پشان دەدەین کە بۆ نووسینی ئەم کتێبە تەرخانی کردووە. ئومێدەوارم نموونەی کەسانی وەک کاک سۆران هەمیشە زۆر بێت. بەرلەوەی بچمە سەر باسی کتێبەکە دەمەوێت تێگەیشتنێکی گشتی لەسەر مێژوو و چۆنییەتی مێژوونووسینەوە بخەمەڕوو. مێژوو بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکارییەکان بە تێپەڕبوونی کات، ئەمەیش هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی دەگرێتەوە، واتە، هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا وەکوو سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، زانستی، تەکنەلۆژی، پزیشکی، کەلتووری، هزری، ئایینی و سەربازی، بەشێکن لە مێژوو، بەمشێوەیە ئەگەر بێت و زۆرێک لەم لایەنانە ڕەچاو نەکرێت لە کاتی مێژوونووسیندا، ئەوا هەوڵەکە نەزۆک دەبێت. بەشێوەیەکی گشتی مێژوونووسانی پیشەیی پسپۆڕن لە لایەنێکی دیاریکراوی مێژوو، واتە مێژوونووسێک پسپۆڕی قۆناغێکی کاتی دیاریکراو، سەردەمی فەرمانڕەواییەک یان ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراون، هتد. هەرشتێک پەیوەندی بە لێکۆڵینەوە بە کاتێکی دیاریکراوی ڕابردووەوە هەبێت دەکرێت بە مێژوو ناو بنرێت، مێژوونووسان لەڕێگەی ڕیزکردن و ڕاڤەکردنی ڕاستی و بەڵگە مێژووییەکان، دەخوازن لە ڕابردوو تێبگەن، واتە دەیانەوێت تێبگەن نەوەکانی پێش خۆیان پەیڕەوییان لە چی کردووە، جیهانبینییان چۆن بووە، بیروباوەڕیان چی بووە، بەهاکانیان چی بوون. بەمێشوەیە، دەکرێت مێژوو وەک یادەوەریی مرۆڤایەتی سەیر بکرێت. بەم پێیەش، مێژوو گەنجینەی ڕووداو و ئەزموونەکانی ڕابردووە. لەبەر ئەوە، بۆ تێگەیشتن لە دیاردە و ڕووداوەکانی هەنووکە کە هەر کۆمەڵگایەک ڕووبەڕووی دەبێتەوە، تێگەیشتن لە مێژوو شتێکی بنچینەییە. بەم شێوەیە، خوێندنەوەی مێژوو واتە لێکۆڵینەوە و ڕاڤەکردنی ڕابردوو بۆ هەڵسەنگاندنی پرسە گرنگەکانیی ئێستا و لە ڕێگەیەوە وەرگرتنی ئەزموون و بەرچاوڕوونی بۆ نەخشەڕێژی ئاڕاستە و ڕێڕەو بۆ داهاتوو. لە نووسینەوەی مێژوودا، پێویستە مێژوونووس ڕەچاوی چەندین خاڵی گرنگ بکات، لەوانە: کۆکردنەوەی زانیاری لەگەڵ بەڵگەنامەکان، ئەمانەش دەکرێت لە چەند شێوەیەکدا بن: پەیکەر، کاری گڵکاری، نووسین و هتد...، لە هەموویشی گرنگتر درک بە ئاگایی مێژووی ئەو سەردەمە بکات کە دەربارەی دەنووسێت، واتە دەبێت هەوڵی چوونە ناو ئاگایی ئەو مرۆڤانە بدات کە دەربارەیان دەنووسێت، ئەمەیش بەرلەوەی پرسێکی مێژوویی بێت، بابەتێکی مرۆڤناسییە، بۆ ئەوەی بە نزیک دروستی ئەو پارچە بەڵگانە ڕاڤە بکات کە لە ڕابردوودا ماونەتەوە. دواجار، پێویستە ئەو زانیاری و بەڵگەنامەی کۆکراونەتەوە، پوخت بکاتەوە و تێبینییەکانی بە زمانێکی ڕێک و لە تێگەیشتنهاتوو دابڕێژێتەوە و پێشکەشی خوێنەری بکات، هەروەها بە ڕوونی باسی هۆکارەکانی پشت گۆڕانکارییەکان بکات. واتە، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە مێژووەوە، پێویستە باسی چۆنیەتی گەشە و گۆڕانکارییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای بەرباس بکرێت. مێژوونووسان بۆ نووسینەوەی ڕابردوو پشت بە دوو جۆر سەرچاوە (سەرچاوەی سەرەکی و لاوەکی) و هەندێجاریش گێڕانەوەی زارەکی مێژوو دەبەستن، ئەمەش زیاتر دەچێتە ناو سەرچاوەی لاوەکییەوە نەک وەک سەرچاوەیەکی تری سەربەخۆی مێژوویی. سەرچاوەی سەرەکی، ئەم شتەیە کە کەسێک لە شێوەی نووسین تۆماری کردووە یاخود لە شێوەی وێنە یان نەخشێنراوی خودی ڕووداوە مێژووییەکە ماوەتەوە، نامە و ڕۆژنامە و وتار و وێنە نموونەی سەرچاوە سەرەکییەکانن. هەروەها دۆزراوە شوێنەوارناسییەکانیش، بۆ نموونە ئامرازە گڵکارییەکان وەک سەرچاوەی سەرەکی لەلایەن مێژوونووسانەوە تەماشا دەکرێن. ئامرازەکانی تر کە مێژوونووسان بەکاری دەهێنن، سەرچاوەی لاوەکین. سەرچاوە لاوەکییەکان ئەم بەڵگانەن دوای ڕووداوێکی مێژوویی لەلایەن کەسانێکەوە نووسراون کە ڕووداوەکەیان نەبینیوە. کتێب و تابلۆکان کە لەسەر بنەمای سەرچاوەی سەرەکی نووسراون یان کێشراون لە دوای ڕووداوەکەوە، نموونەی سەرچاوەی لاوەکین. لەگەڵ ئەوەیشدا، هێشتا ئامرازێکی دیکە کە مێژوونووسان بەکاری دەهێنن، گێڕانەوەی زارەکیی مێژووییە. ئەمەش لە هەموو گێڕانەوەی زارەکیی نەنووسراوی ڕووداوەکان پێکهاتووە. مێژوونووسان تەنها لە کاتی لێکۆڵینەوە لەو کەلتوورانەی کە هیچ تۆمارێکی نووسراوێکیان نییە، پشت بە مێژووی گێڕانەوەی زارەکی دەبەستن. ئەمەش خۆی لە گێڕانەوەی زارەکی ئەو چیرۆک و دابونەریت و گۆرانییانە دەگرێتەوە کە مرۆڤەکان لە کەلتوورێکدا لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر (سینگاوسینگ) دەیانگوازنەوە. هەروەتر، مێژوونووسان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان و سەلماندنی تێز و تیۆرەکانیان، بەڵگەی سەرچاوە سەرەکی و لاوەکییەکان و مێژووی گێڕانەوەی زارەکی بەکاردەهێنن. دەبێت لە نێوان چەندین بەڵگەنامە و بەڵگەدا کامیان گرنگترین و متمانەپێکراوترینە وەک بەڵگە هەڵیبژێرن. هەمیشە هەڵبژاردنی بەڵگەی مێژوویی ئاسان و سادە نییە. هەندێک جار ئەوەی مێژوونووسان بە ڕاستییان دەزانی، دوای دۆزینەوەی هەندێ بەڵگە و شوێنەواری مێژوویی تازە نادروست دەردەچێت. بێگومان، نابێت ئەمەیش لەبیر بکەین کە هەندێکجار مێژوونووسان بە بەکارهێنانی هەمان بەڵگە بە دەرئەنجامی جیاواز دەگەن. کەواتە، مێژوونووسان تەنها بەڵگەنامەی نووسراو بەکارناهێنن، بەڵکوو سەرچاوەی زارەکی و شتگەلێکی وەک باڵاخانە و شوێنەوار و وێنە و تابلۆکان بەکاردەهێنن بۆ لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو. واتە، بەشێکی زۆری تێگەیشتن و تیۆرە مێژووییەکان پشتبەستوون بە دۆزراوە شوێنەوارناسییەکان، بەشێوەیەک زێدەڕەوی نابێت ئەگەر بگوترێت بەبێ شوێنەوارناسی نووسینەوەی مێژووی دێرین جگە لە کۆمەڵێک بانگەشەی بێبەڵگەی داستانئامێز نەبێت، هیچی تر نییە. هەروەتر، ناتوانرێت مێژوو بەبێ تێگەیشتن لە بوارە مەعریفییەکانی دیکەی وەک ئابووری، کۆمەڵناسی، یەزدانناسی، مرۆڤناسی، جوگرافیا، شوێنەوارناسی و زمانەوانی بیری لێ بکرێتەوە. بەم شێوەیە دەتوانرێت مێژوو بۆ تێگەیشتن لە بوارە مەعریفییەکانی تر بەکاربهێنرێت و بوارەکانی تریش یارمەتی مێژوو دەدەن بۆ تێگەیشتن لە ڕابردوو و گۆڕانکارییەکان بە تێپەڕبوونی کات. مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد کتێبی "مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد: سەرلەنوێ دۆزینەوەی سەرەتای شارستانییەتی ڕۆژئاوا و بنەچەی زمانە هیندۆئەوروپیەکان (لە ١٠٠٠٠ پ.ز وە بۆ ١٣٠٠ ز)"، نووسەری کورد بەڕێز سۆران حەمەڕەشە و لە ساڵی ٢٠٢٢، چەند مانگێک لەمەوبەر بڵاو کرایەوە. بە گوتەی نووسەر خۆی کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و لەلایەن برا گەورەی نووسەرەوە کاک کەمال حەمەڕەشەوە بە چاودێری نووسەر وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. نووسەر لەم کتێبەدا ڕوونی دەکاتەوە کە بنچینە و ئامانجی مێژوونووسیی مۆدێرن بۆ تێگەیشتنمان لە مێژووی کۆن و ڕەگ و سەرچاوەی شارستانییەتی ڕۆژئاوا بە مەبەستی تێگەیشتن لە ڕابردوو دانەنراوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بۆ پڕۆژەی خزمەتکردن بە دەوڵەت-نەتەوەکانی خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست و ئەوروپا و مەرامی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و ئایینی دامەزراوە. بێگومان، ئەمەیش بە بڕوای نووسەر نابابەتی مێژوونووسانی مێژووی کۆنی خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست دەردەخات. ئەم تێگەیشتن و مەرامەیش لە ڕێگەی گوڵبژێرکردنی هەندێ ڕووداوی مێژوویی  و گەل (فارس، عەرەب و تورک) و دەرکردنی هەندێ گەلی تر (کورد) ئەنجام دراوە. بەگوێرەی ئەمەیش، نووسەر بۆچوونی وایە کە مێژوونووسیی سەردەم ڕەنگدانەوەی هەقیقەتی مێژوویی بنچینەی شارستانییەت نییە و لە ئاکامدا ئەوەی لە ئێستادا هەیە، جگە لە هەڵەتێگەیشتنی مێژوویی هیچی تر نییە، هەر ئەم ڕێباز و تێگەیشتنە چەوتە مێژووییانە هۆکارن لەبەردەم ئەوەی کە گەلی کورد مێژوویەکی بزر و نەگێڕدراوی هەبێت. یەکێک لە بانگەشە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە، پەیوەندی بە زمانی سۆمەری و کوردییەوە هەیە. نووسەر، پێچەوانەی شارەزایانی زمان و مێژووی دێرین، باوەڕی وایە زمانی سۆمەری (٤٠٠٠) ساڵ لەمەوبەر لەناونەچووە، بەڵکوو زمانەکە زیندووە و بە شێوەی تازەی زمانەکە لە لایەن کوردەوە قسەی پێ دەکرێت. نەک هەر ئەمەش، بەڵکوو باس لە پەیوەندی و نزیکی زمانی سۆمەر لەگەڵ زمانە مۆدێرنەکانی وەک ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئەڵمانی، ڕووسی و هەندێ زمانی تریش دەکات. نووسەر ئەم کتێبەی بە بڕوایەکەوە نووسیوە کە گوایە بە توندی دژایەتی تێگەیشتنە باوەکانی مێژوونووسان دەکات لەمەڕ مێژووی کۆنی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ. هەروەتر، ئاگاداری مێژوونووسانی کورد و خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست و ئەوروپا دەکاتەوە کە "بەبێ تێگەیشتن لە مێژووی کورد، بنەچەی شارستانییەتی ڕۆژئاوا و زمانە هیندۆئەوروپییەکان بە نادیاری دەمێنێتەوە." ئەگەر لەسەر ناونیشان و پێشەکییەکەوە سەرنجێک بدەین، ئەوا بەپێی دەرئەنجامگیرییەکانی نووسەر، لەڕاستیدا مێژووی کورد "مێژووی بزر و نەگێڕدراوە" نییە، بەڵکوو "مێژووی شێواو و پشتگوێخراوە." هەروەها پێشەکیی کتێبەکە، پێشەکییەکی دووبارەی ناپێویستی هەمان پێشەکییە کە نووسەر لە کتێبی پێشووتریدا بە ناونیشانی "کورد کێیە؟"[1] بۆ کتێبەکەی نووسیوە، تەنها چەند کۆدێڕیکی زیاد کردووە، وەک ئەوە وایە پێشەکی بۆ چاپێکی تری کتێبی "کورد کێیە؟" نووسیبێت نەک کتێبێکی دیکەی سەربەخۆ. هەروەتر، نووسەر لە پێشەکییەکەدا، ناکارایی و هەژاری زانکۆ و دەزگا ئەکادیماییەکانی کوردستان و لێنەکۆڵینەوە لە کتێبەکەی پێشووتری "کورد کێیە؟" کە پێی وایە دەبووایە دەنگدانەوەی مەزنی هەبووایە، وەک هۆکارێک سەیر دەکات بۆ نووسینی کتێبەکەی بە زمانی ئینگلیزی. چونکە نووسەر باوەڕی وابووە کە نووسین بە ئینگلیزی "هۆکاری سەرەکی من ئەوە بوو کە ویستم بابەتە مێژووییەکان بکەوێتە بەردەم دەزگا ئەکادیمییە ڕۆژئاواییەکان بەتایبەتی و جیهانییەکان بەگشتی، بە مەبەستی ئەوەی کە بتوانرێت ببێتە مایەی مشتومڕی جدیی و ئەو بابەتە [پرسی دێرینی مێژووی کورد] لە ئاستی جیهاندا یەکلا بکرێتەوە."[2] ئەمە سەرەڕای ئەوەی نووسەر لە چەندین شوێنی کتێبەکەدا، بە توندی ڕەخنەی دەزگا ئەکادیمییەکانی ڕۆژئاوا دەگرێت و پێی وایە نووسەرە ڕۆژئاواییەکان مێژووی خۆرهەڵاتیی ناوەڕاستیان بە سوودی گەلانی عەرەب، تورک و فارس نووسیوەتەوە و لەم نێوەندەدا مێژووی کوردیان "بزر" کردووە. هەر لە پێشەکییەکەوە، نووسەر مژدە بە خوێنەرانی مێژووی کورد دەدات کە "کتێبی لەو جۆرە پێشتر بەرهەم نەهاتووە بەتایبەت لەلایەن کوردێکەوە."[3] کاک سۆران، لەبەشی دووەمی کتێبەکەدا، ئاگادارمان دەکاتەوە کە بۆ پڕکردنەوەی "بۆشاییەکی گەورە" لەسەر تێگەیشتن دەربارەی بنەچە و مێژووی دێرینی کورد، هەوڵ دەدات "لە ڕێگای تەرکیزکردنی سەرەکی لەسەر شیکردنەوەی دوو جۆر بەڵگە، نووسین/زمان و کشتوکاڵ"[4] ئەم ئەرکە بەجێ بگەیەنێت و لەم ڕێگەیەیشەوە "هاوشێوەی زۆر توێژەری تر،" هیوا دەخوازێت ببێت بە "پێشڕەو لەو بوارەدا."[5] بێگومان، "نووسین/زمان و کشتوکاڵ" یاخود ڕاستتر بڵێین دۆزراوە کشتوکاڵییەکان یاخود شوێنەوارە سەرەتاییە کشتوکاڵییەکان، دەکەونە چوارچێوەی سەرچاوەی سەرەکی بۆ نووسینەوەی مێژوو، بەڵام لە تەواوی کتێبەکەدا هیچشتێک لەسەر دۆزراوە تاتەقوڕینەکانی میزۆپۆتامیا نابینین (جگە لە ئاماژەی بچووکی لاوەکی بە هەندێ دەقی وەک داستانی سۆمەری "ئێنمێرکار و گەورەی ئاراتە") و هیچشتێکیش لەسەر سەرهەڵدانی کشتوکاڵ ناخوێنینەوە، جگە لە ڕیزکردن و بەرانبەردانانی وشەگەلی سۆمەری و ئەکەدی بەرانبەر هاوتا کوردییەکانیان، ئەم وشە هاوتاییانەیش لە نێوان زمانەکاندا دەکرێت وەک "وشە قەرزکردن" تەماشا بکرێت نەک وەک بەڵگەی یەک‌زمانی کە نووسەر بانگەشەی دەکات. هەروەها، جگە لە ڕێزکردنی ناوی هەندێ شوێنەواری دێرین (ل٤-٥)، نووسەر هیچ شتێکمان لەسەریان پێ ناڵێت، کە دەبووایە لانیکەم لە ڕوانگەی دابەشکاریی شوێنەوارناسییەوە، ئاماژەی بە قۆناغ و کەلتوورەکانیان کردبا. بێگومان دەربارەی "وشەی لێکچووی زمانی کوردی-سۆمەری"، ئەوەندەی من ئاگاداربم، پێشتر هەردوو نووسەر مامۆستا سەباح یاسین لە کتێبی "ئاو بە تاو و فەرهەنگۆکی کوردی – سۆمەری، ٢٠١٩" بە وردی و چڕی لەسەر پەیوەندی وشە و زمانی کوردی-سۆمەری نووسیوە، هەروەها، کاک شێرکۆ عادل دەباغ، لە هەردوو کتێبی "شارستانیەتی چیلکە: زمانی سۆمەری هاوتا لە تەک زمانی کوردیدا، ٢٠٢٠ و، دەربارەی ڕەچەڵەکی بەریتانیا و ئینگلیس، بنەچە و ئاخاوتن، ٢٠١٩" نەک هەر باس لە پەیوەندی وشەیی کوردی-سۆمەری دەکات بەڵکوو باس لە پەیوەندی هەردوو زمانەکە لەگەڵ زمانی ئینگلیزیشدا دەکات، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە نووسەر وەک خۆی دەڵێت: "ئەو بەراورد و لێکچوونانەی سەرەوە لە نێوان زمانی سۆمەری و کوردیی نوێدا شتێکی ڕوونە و ئاشکرایە. بەڵام ئەم بەراوردە لەلایەن هیچ زمانەوانێک یان مێژوونووسێکەوە هەرگیز پێشتر ئەنجام نەدراوە"[6]، یەکەم کەس نییە "دۆزینەوەی ئەرخەمێندسی"ـیەکەی بۆ هاتبێت، شایەنی ئاماژەپێکردنە، هەردوو کتێبی دوو نووسەری لە پێش‌ئاماژەپێکراو بە چەندین ساڵ پێش کتێبەکەی کاک سۆران نووسراون. نووسەر لە ڕێگەی ئەم وشە لێکچووانەی کوردی-سۆمەری، بەو دەرئەنجامە دەگات کە زمانی سۆمەری زمانی کوردی کۆنە، نووسەر دەنووسێت: "هەر وەک لە ڕێگای وشە، دەستەواژە و ڕستەوە ڕوونکرایەوە، زمانی کوردی نوێ زمانی سۆمەرییە لە شێوە نوێکەیدا و خەڵکی کورد هێشتا بە کۆنترین زمانی نووسراو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، قسە دەکەن."[7] بێگومان نابێت بیرمان بچێت نووسەر لەمەڕ زمانی کوردی نوێ، واتە کوردی ناوەندی (زاری سۆرانی) بە تایبەت هی ناوچەی "گەرمیان" و لە دیاریکردنی "ئەو جێگایانەی کە ئەمڕۆ بە سۆمەری دەدوێن"، دەنووسێت: "لە ناو ناوچەی جوگرافیای ئاخێوانی ئەو زاراوەیەدا [مەبەست زاراوەی سۆرانییە]، ناوچەیەکی بنەڕەتی هەیە کە زمانەکەی زیاتر لە سۆمەری دەچیت وەک لە ناوچەکانی تر: ئەوەش ناوچەی گەرمیانە."[8] واتە بە تێگەیشتنی نووسەر ئەگەر کوردێکی ناوچەی گەرمیان گەشتەکات بکات و بچێتەوە هەزارەی چوارەمی پێش زایین و سەردانی ئوروک بکات ئەوا بە ئاسانی دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ دانیشتوانی شارەکەدا بکات، وەک ئەوە وایە لە چەمچەماڵەوە بچێت بۆ کەلار، بەڵام ئەگەر کوردێکی سۆرانی، زاری ناوچەیەکی تر، بۆ نموونە شەقڵاوە یاخود پێنجوێن، لەگەڵ گەرمیانییەکەدا گەشتەکاتەکە بکات، ئەوا سەختتر دەتوانێت لەگەڵ دانیشتوانی ئوروک بدوێت، گومانی "بێگانە" دەکەوێتە سەر شەقڵاوەیی و پێنجوێنییەکە. بێگومان، سەرەڕای ئەوەی نووسەر هیچ شتێکمان نە لەسەر زمانی سۆمەری نە زمانی کوردی پێ ناڵێت، واتە نووسەر لە هیچ شوێنێکدا لەسەر دوو زمانەکە ناوەستێت و باسی ڕێزمان و ڕستەسازی و بونیادی زمانەکان ناکات. ئینجا کاتێ سۆمەرییەکان دەکات بە کورد، ئاماژە بە "پرسی سۆمەری[9]" و تیۆرەکان لەسەر بنچینەی سۆمەرییەکان ناکات، کە پرسێکی زۆر گرنگ و مشتومڕهەڵگرە لەناو مێژوونووسانی میزۆپۆتامیادا. هەروەتر، زمان یەکێکە لە لاوازترین ئەو بەڵگانەی کە دەکرێت بۆ پەیوەندیی نەژادی دوو گەلی سەردەمی جیاوازدا بەکار ببرێت. بە نموونە، ئەگەر زمان بکرێت بە بەڵگەی یەک‌نەژادی ئەو کەسانەی بە یەک زمان دەدوێن، ئەوا دەکرێت بڵێین، بە نەژاد ئەفریقاییەکانی ئەمریکا کە زمانیان ئینگلیزییە یاخود ئەمریکایی و ئوستڕالیاییەکان، سکۆتلەندی و وێڵزی و ئێرلەندییەکان هەموویان بە نەژاد ئینگلیزن چونکە هاوشێوەی دانیشتوانی ئینگلتەرا بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن. ئەمە لەکاتێکدا، هەموومان دەزانین ئەوانەی لە ئێستادا بە زمانی ئینگلیزی دەدوێن لە بنەڕەتدا سەر بە نەژادی جیاوازن کە دابەش دەبن بەسەر ئەفریقا و ئەوروپادا. هەروەها، بە پێی تێزەکەی نووسەر، ئەوانەی کە بە کوردی نادوێن یاخود زمانی کوردی فێر نەبوون بە هەرهۆکارێ بووبێت، ناتوانین بە کورد هەژماریان بکەین. ئەم تێگەیشتنەی نووسەر درزی گەورە دەخاتە ناو تێزەکەیەوە. لێرەدا بانگەشەی ئەوە ناکرێت کە تێزەکەی نووسەر هەڵەیە، بەڵکوو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، چەوتی میتۆدۆلۆجی یاخود بێمیتۆدی نووسەر دەردەخات. هەروەها، نووسەر جیاوازی لە نێوان سۆمەر و کورددا، تەنها بە هەڵکەوتەی جوگرافییەوە دەبەستێتەوە، واتە سۆمەرییەکان بە "کوردی دەشتەکان" و کوردی هاوچەرخ بە "کوردی نوێ" (ل٣٣)، ناوزەد دەکات. بێگومان ئەم دابەشکاری و جیاوازییە لە چەندین شوێنی کتێبەکەدا دووبارە دەبێتەوە. بۆ ئەمەیش پشت زیاتر بە گێڕانەوەی نووسەرانی کلدانی، ئیسلامی دەبەستێت لە هەندێ شوێنیشدا هەندێ نووسەری ڕۆمانی-یۆنانی و کوردیش لە ناویاندا مەلا مەحموودی بایەزیدی. خوێنەر دەتوانێت بۆ ئەم دابەشکاریی و جیاوازییەی نێوان "کوردی چیا و دەشت" بگەڕێتەوە بۆ کتێبی "کومەڵگای کوردەواری لە سەدەکانی ناوەڕاست، چاپخانەی ئاوێر (هەولێر، ٢٠١٤)"، نووسەر و مێژوونووس بەڕێز دکتۆر زرار سدیق تۆفیق. لەم کتێبەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت جیاوازییەکە لە نێوان دانیشتوانی کوردستان خۆیەتی بە تایبەت لە نێوان کوردانی نیشتەجێی شارەکان و ئەو کوردانەی گەرمێن و کوێستانیان کردووە نەک خەڵکی دەرەوەی جوگرافیای کوردستانی مەزن، بە نموونە سۆمەر. بێگومان، هەر خوێنەرێکی مێژوو و بەتایبەت مێژووی دێرین، دەزانێت بۆ ئەوەی مێژوونووسێک تێزێکی بەرهەم بهێنێت، چەندین بەڵگە بەکاردەهێنێت بۆ سەلماندنی تێزەکەی. واتە ئەگەر مێژوونووسێک بانگەشەیەک بکات، دەبێت چەندین ڕووداو و بەڵگەی مێژوویی (سەرەکی و لاوەکی بەڵام کەمتر زارەکی) لە چەندین ڕوانگەوە بە پشتبەستن بە چەندین بواری مەعریفی شیکار و لێکبداتەوە تاوەکوو هەوڵ بدات خوێنەرانی قایل بکات بەوەی کە تێزەکەی نزیکە لە ڕاستی ئەم سەردەمەی باسی لێوە دەکات. بێگومان بۆ مێژووی دێرین ئەرکەکە زۆر سەختترە، چونکە ئەگەر سەیر بکەین، میزۆپۆتامیا زیاتر لە ژوورێکی تاریک دەچێت کە ناوبەناو ڕوناکییەک لە ژوورەکە دەدات و هەندێ بەشی ناو ژورەکە ڕۆشن دەکاتەوە و زوو ئاڕاستەکەی دەگۆڕێت. ئەگەر وێنەی ئەم ژوورە تاریکە وەربگێڕینە سەر دۆزراوە شوێنەوارییەکان، ئەوا دەبینین لەناکاو ناوێک یاخود گەلێک دەردەکەوێت و ئیدی دوای ماوەیەک بۆ چەندین سەدە ناوی بزر دەبێت و دواتر دەردەکەوێتەوە، زۆرجاریش هەیە گەلێک دەسەڵاتێکی زاڵ بەسەر تەواوی میزۆپۆتامیادا دەسەپێنێت بەبێ ئەوەی بۆ مێژوونووسان ڕوون بێت کە ئەو گەلە پێشتر لە میزۆپۆتامیادا ژیاون یاخود کۆچیان کردووە لە شوێنێکی دوورەوە. بە کورتی، کارکردن و نووسینەوەی مێژووی دێرین ئەرکێکی زۆر سەختە، چ بگا بەوەی کەسێ بتوانێت لە دوتوێی کەمتر لە ٤٠٠ لاپەڕەدا مێژووی ١١،٣٠٠ یازدە هەزار و سێ سەد ساڵی ناوچەکە بنووسێتەوە. نووسەر کۆڕستەیەکی ئیبن وەحشییە کە دەنووسێت: "بە توانایی کورد لە کشتوکاڵ و ڕووەکناسیدا بوو. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە نەوەی بینوشادن و کتێبەکانی ئادەمیان هەیە لەسەر کشتوکاڵ."[10]، دەکات بە بەڵگە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت "کورد نەتەوەی پێشڕەو بووە لە زانستی کشتوکاڵ و ڕووەکناسیدا، کە بنەچە سۆمەریبوونی ئەوان [کورد] دەسەلمێنێت، لەبەر ئەوەی سۆمەرییەکان بە تواناترین نەتەوە بوون لە کشتوکاڵدا."[11] ئەم تێگەیشتنەی کە نووسەر لای وایە تەنها لەبەرئەوەی کوردەکان لە سەردەمی ئیبن وەحشییەدا لە بواری کشتوکاڵدا لە کلدانییەکان بە تواناتر بوون، سەلمێنەری "بنەچە سۆمەریبوونی کوردانە" بەڵگەیەکی بەهێز نییە، چونکە دەکرێت بەم تێگەیشتنە بێت، کورد بچنەوە سەر دانیشتوانی میسر و ئیسرائیل و ئەردەنی ئێستایش، یاخود ئەو گەلانەیش لە بنچینەدا کورد بن، چونکە ئەوانیش لە هاوسەردەم و نزیک‌ بە سەردەمی سۆمەرییەکان خەریکی کشتوکاڵ و ئاودێری بوون. هیچ کەس ناتوانێت گومان لەوە بکات کە یەکەمجار کشتوکاڵ لە کوردستان سەری هەڵداوە و، بەڵگە شوێنەوارناسییە دۆزراوەکان (هەتاوەکوو ئێستا، کە دەکرێت دۆزینەوەی تر ئەم تێگەیشتنە هەم زیاتر بسەلمێنن هەمیش پیچەوانەی بکەنەوە)، یەکەمجار دانەوێڵە لە ناوچەی "قەرەجداغ"ـی نێوان هەردوو گەورەشاری کوردی ئامەد و ئورفە ماڵی کراوە[12]، بەڵام ناکرێت هاوتوانستی کشتوکاڵیی کورد و سۆمەر وەک بەڵگە بەکار بهێنرێت بۆ یەک‌نەتەوەبوونی ئەم دوو گەلە. ئەمە سەرەڕای ئەوەیش، ئەگەر گریمانەی یەک‌نەتەوەییبوونی کورد ڕێتێچوو بێت. ئەوا پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زۆر وردی شوێنەوارناسی و کەلتووری هەیە نەک وەرگرتنی کۆدێڕی نووسەرێکی کلدانی کە زیاتر قسەی سەرزارەکی خەڵکی تۆمار کردووە نەک خۆی لێکۆڵینەوەی کردبێت لەسەر پەیوەندی نێوان کورد و سۆمەر. لەمەیش زیاتر، نووسەر زمانی گەلانی دێرینی تری کوردستان هەر وەک کوردی هەژمار دەکات، بە نموونە دەنووسێت: "زمانی هوری، هاوشێوەی کوردی نوێ، لە ژمارەیەک زاراوە پێکهاتووە کە لە چەند دەوڵەتە شارێکدا قسەی پێ دەکرا. زۆر لایەنی زمانەوانیان لە زمانەکانی مادی و کوردی نوێدا ماوەتەوە."[13] ئەمە لەکاتێکدایە کە تاوەکوو ئێستا جگە لە چەند وشە و ناوی هۆری و دەقی کورتی پچڕاو، هیچ شتێک لە زمانی هۆریدا نەماوەتەوە، کەچی نووسەر نەک زمانەکە بە کوردی دەزانێت بەڵکوو دابەشکاری زاراوەیی زمانەکەش هاوشێوەی کوردی نوێ لێ دەکات. تەنها لە ڕێگەی دەقی  نموونەی "ڕاهێنانی ئەسپی کیکوڵی" و نزیکی هەندێ وشەی زمانی هۆری لە زمانی کوردی نوێ نووسەر دەخوازێت باوەڕمان پێ بهێنێت کە "زمانەکانی مادی، میتانی و کوردی نوێ هەمان زمانن کە لە سەردەم و ناوچەی جیاوازی کوردستاندا قسەیان پێکراوە."[14] بێگومان، کەس مافی ئەوەی نییە و نایشزانرێت کە هۆرییە دێرینەکانی کوردستان -کە بێگومان هۆرییەکان باوانی کوردن-، بڵێت بە هەمان زمانی کوردی نوێ قسەیان کردووە، ئەمەش تەنها لەبەرئەوەی بەڵگەی تەواوەتی و یەکلاکەرەوە بەردەست نییە بۆ سەلماندنی. تەنها شتێک لە ئێستادا بتوانین بیکەین، چاوەڕێی شوێنەوارناسان بین تاوەکوو کنەی تەواوی ناوچەی هۆری‌نیشتەجێکانی کوردستان بکەن و دەقی نوێمان بۆ بدۆزنەوە و دەقەکانیش وەربگێڕدرێن و ئەوکاتە دەتوانرێت بانگەشەی نزیکی زمانی هۆری و کوردی پشتڕاست بکرێتەوە. پەیوەست بە پەیوەندی تێز و بەڵگەوە، نووسەر چەند بەڵگەیەکی دیاریکراو بۆ سەلماندنی چەند تێزێک بەکار دەهێنێت، واتە بە پێچەوانەی مێژوونووسانی تر لەبری ئەوەی چەندین بەڵگە بۆ سەلماندنی تێزێک بەکار ببات، ئەوا چەند بەڵگەیەک یاخود بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی چەندین تێز بەکار دەبات. من لێرەدا بەڵگەکان ڕیز ناکەم لەگەڵ تێزەکانی نووسەر و ناچمە ناو وردەکاری چۆنیەتی کارپێکردنی ئەم بەڵگانە لەلایەن نووسەرەوە، چونکە ئەگەر ئەمە بکەم ئەوا وتارەکە زۆر تاقەتپڕوکێن دەبێت چونکە دووبارەبوونەوەکان وەکوو نوکتەی کەسێکی قسەناخۆش وان کە بۆ ئەوەی هەزەلیبوونی خۆی بسەلمێنێت، چەندینجار نوکتەکەی لە چەندین دۆخ و خوانی جیاوازدا دووبارە دەکاتەوە. خوێنەر دەتوانێت سەیری کتێبەکە بکات بۆ ئەوەی بزانێت کە نووسەر بۆ سەلماندنی "تێزەکانی"، لە چەندین شوێندا یەک بەڵگە بەکار دەبات. نووسەر، ئەو دەقەکانەی کردوون بە بەڵگە کە زیاتر تۆماری گێڕانەوەی زارەکیی مێژوون نەک بەڵگەی کۆنی سۆمەری و ئەکەدی یاخود هەر گەلێکی مێخینووس. کاک سۆران، لە بەڵگەهێنانەوەکانی زیاتر پشتی بە نووسەرانی یۆنان-ڕۆمانی و ئیسلامی بەستووە بۆ سەلماندنی تێزەکانی. لە زۆرشوێندا هیرۆدۆتی وەک بەڵگە هێناوەتەوە، دروستە هێرۆدۆت لەلایەن سیسرۆی سیاسەتمەدار و فەیلەسوفی ڕۆمانی بە "باوکی مێژوو" ناوزەد کرا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە لایەن پلوتارک بە "باوکی درۆ" ناوی براوە[15]. دەکرێت پێش ئەوەی زانستی شوێنەوارناسی، ئەو کاتەی کە شوێنەوارناسی بەتەواوی شێوەی نەگرتبوو و دۆزراوەکان لەسەر خۆرهەڵاتیی ناوین بەربڵاو نەبوون، هیرۆدۆت یاخود هەر مێژووتۆمارکەرێکی کۆن گرنگی زۆری هەبووبێت بۆ مێژوونووسان، بەڵام دوای دۆزینەوە شوێنەوارناسییەکان و لێکۆڵینەوە لە دەقە مێخییەکان، هیرۆدۆت بە دەگمەن وەک سەرچاوە بەکار دەبرێت. بێگومان ناتوانین بڵێین تەواوی گێڕانەوەکانی هیرۆدۆت نادرووستن، ئەوەتا، دەکرێت ئەم تێگەیشتنەی هیرۆدۆت کە دەربارەی مەترسی هاوسەرگیری نێوان دوو کەسی سەر بە دوو گەلی جیاواز دەکات و وەچەکانیان بە مایەی سەرئێشە و کێشە دادەنێت وەک ڕاستی وەربگرین. بۆ نمونە هیرۆدۆت کوروشی دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆریەتی هەخامەنشی وەک (ئێستر) دەناسێنێت، بەکارهێنانی ئەم سیمبوڵە کە لە چەندین شوێنی تری کتێبەکەدا دوبارە دەبێتەوە. هیرۆدۆت بۆیە ئەم سیمبوڵیزمە بۆ کوروش بەکار دەهێنێت چونکە دایکی (ماندانای) کچی پاشا ئاستیاگی مادییە و باوکیشی (کەمبوجی یەکەم)، دایکی کوروش وەک (ماین) و باوکی وەک (کەر) وێنا دەکات و وەچەی ئەم دووانەش (ئێسترە)، وەک ئاشکرایە ئێستر وەچە ناخاتەوە و "بێ بەرهەمە"، ئەمەشی بۆیە بەکاربردووە کە باوەڕی وابووە فارسەکان ناتوانن هیچ شتێک دابهێنن و جگە لە هەڵگرتنەوەی کەلتور و تایبەتمەندی سەردارانیان.[16] هەروەها، زۆرجار نووسەر، تێگەیشتنی پەرتووکی پیرۆز (پەیمانی کۆنی) بەکار بردووە لە بەڵگەهێنانەوەکانی، ئەمە لەکاتێکدایە کە پەیمانی کۆن هەرگیز لەلایەن مێژوونووسانی پێش-مێژوو (بەر لە داهێنانی نووسین)، وەک سەرچاوە بەکار نابرێت. واتە، ئەگەر هاتبا و خودی پەیمانی کۆن و هەتا قورئانیش، باسی ڕیشەناسیی کوردیشیان کردبا، ئەوا لە مێژوونووسیدا نەدەتوانرا پشتی پێ ببەسترێت، چونکە هەردووکیان "ڕاستەقینەیی مێژووییان" یەکلایی نەبووەتەوە و بێگومان ئەگەر ئەم دەقانە بخرێنە ناو مەکینەی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی، ئەوا وەک تۆزی سەر بانان بە با دەچن. واتە زۆرێک لەم سەرچاوانەی نووسەر بەکاری بردوون بە تێگەیشتنەکانی دەقە ئاینییە ئیبراهیمییەکانیشەوە، لەناو شوێنەوارناسی و بەدەست شوێنەوارناسانەوە چارەنووسی "گوڵ"ـەکەی نالی مەزن چاوەڕێیان دەکات بەدەست "باغەوانەوە"، ئەمانە کە "یاغی و دەم دڕاو... [کەوتوونەتە] لاف و ڕەنگ" بەدەست شوێنەوارناسییەوە دەنێردرێن بۆ"بازاڕی ڕیسوایی کە بیدا شوست و شۆی."[17] بەکورتی، دروستە ئەم دەقانەی کاک سۆران پشتی پێ بەستوون ڕاستیی مێژووییان هەیە، بەڵام ناوەڕۆکی دەقەکان ڕاستیی مێژووییان نییە. یەکێک لە تێگەیشتنە سەرنجکێشەکانی نووسەر، دەستەواژەی "سێگۆشەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی"ـیە (ل٥١-٥٨). بە هەمان شێوەی بەڵگەهێنانەوەکانی تری نووسەر، لێرەیشدا جگە لە ئاماژەیەکی سەرپێی بە "گرێ مرازان" تەواوی بەڵگەهێنانەوەکانی تری دیسانەوە دەچێتەوە ناو هەندێ سەرچاوەی گێڕانەوەی زارەکیی مێژوو و دەقە ئاینییەکان. ئەمە لەکاتێکدایە کە نووسەر خۆیشی دان بەوەدا دەنێت کە "هەرچەندە زۆربەی ئەم ئەفسانە و چیرۆکانە ناتوانرێت وەکوو ڕوداوی مێژوویی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت" بەڵام تەنها لەبەرئەوەی نووسەر لای وایە ئەمانە "هەڕەمەکی نین" (ل٥٤)، ئەم گێڕانەوانە بەکار دەبات بۆ ئەوەی تێزەکەی لەسەر جوگرافیای نێوان شرناخ و ئورفە و شەنگار، بە دانانی سنوری ئەم ناوچانە وەک "سێگۆشەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی" بسەلمێنێت. هەروەها، نووسەر لە بەشێکدا لەسەر "کەسایەتیە ناودارەکانی کورد بە درێژایی مێژوو" دەوەستێت، لەم بەشەدا نووسەر باسی هەندێ کەسایەتی کردووە کە زۆربەیان نووسەر و زانان. واتە، تەنها ئەم چەند ناوانەی کە لەسەریان وەستاوە بە "کەسایەتی ناوداری کورد" هەژمار دەکات. بیریشمان نەچێت، بەپێی مێژووی ژیانی ئەم کەسایەتییانە، بۆ نووسەر "درێژایی مێژوو" واتە، سەدەی دووی هەزارەی زایینی هەتاوەکوو سەدەی چواردەی زایینی. یەکێک لەو دیاردە سەیرەی کە نووسەر بە درێژایی کتێبەکە نیشانی دەدات، گەڕاندنەوەی مافی هەندێ لەم نەخشانەیە کە لە کتێبەکەیدا بەکاری بردوون. کەم مێژوونووس هەیە لە دونیادا ئەم کارەی کردبێت مەگەر مێژوونووسەکە خۆی پسپۆڕی بواری جوگرافیا و نەخشەکێشی بێت. کاک سۆران تەنها لەبەرئەوەی ئەم ناوچانەی کە پێشتر لەلایەن خەڵکی پسپۆڕەوە بە پشتبەستن بە شوێنەوار و تایبەتمەندی جوگرافیایی ناوچەکان، شوێنەکان یەکلایی کراونەتەوە، نووسەر بە ڕەنگتێرکردنی "ناوچەکە" و وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی "کوردی" ئەوا مافی خودی نەخشەکە بۆ خۆی دەگێڕێتەوە و دەیەوێت فریوی ئەوەمان بدات کە خۆی هەستاوە بە نەخشاندنی نەخشە جوگرافییەکە. لەم بەڵگەهێنانەوەی نووسەرەوە ڕوون دەبێتەوە کە لای نووسەر بەڵگە و سەرچاوە لەسەر کورد و ئەم ناوچەیەی کە پێی دەگوترێت "کوردستان" زۆر کەمە، جگە لەم سەرچاوە تۆمارە زارەکی و ئایینییانە نەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە مێژوونووسی مەزنی کورد، مێهرداد ئێزەدی دەنووسێت: "سەرچاوەی سەرەکیی زانیاری لەسەر مێژووی کورد، لە سه‌رده‌می کۆنەوە تا سه‌رده‌می هاوچه‌رخ، لە هەموو کتێبخانە گەورەکانی جیهاندا زۆرن و بە ئاسانی بەردەستن. ئەوەی کە ڕێگر بووە لە کۆکردنەوەی مێژووی کورد کەمیی توێژینەوە بووە نەک كه‌میی سەرچاوەی توێژینەوە."[18] ئەمەی نووسەر کردوویەتی ناکرێت وەک لێکۆڵینەوە-لە-سەرچاوە-دێرینەکان بێت لەسەر مێژووی کورد، وەکئەوەی گواستنەوەی تۆمارە زارەکییە مێژووییەکان بێت لەسەر کورد. بێگومان بۆ هەندێ سەردەمی مێژووی نووسەر بەڵگەهێنانەوەکانی جوان پێکاویەتی، بەڵام پەیوەند بە "پێش-مێژوو" ئەو سەردەمەی نووسین دانەهاتووە و سەرەتاکانی داهێنانی نووسین، بە نموونە سەردەمەکانی هەلەف، ئوبەید، سۆمەر و ئەکەد هیچ باسێک نەکراوە و ئەگەریش باسکرا بن و ناویان بردرابێت، پشت بە بەڵگە شوێنەوارناسییەکان و نووسینە مێخییەکان نەبەستراوە. وەک لەسەرەوەیش ئاماژەی پێ کرا، نووسەر بۆ سەلماندنی تێزەکانی لە هەربەشێکی کتێبەکەیدا، بەڵگەهێنانەوەکانی زۆر لاوازن و، دووبارەکردنەوەیەکی ناپێویست و هەندێجاریش بێزارکەری سەرچاوەکان، زیانی زۆری بە تێزەکانی نووسەر گەیاندووە. ئەمە لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێ دەستەواژەی نادروست و ناپێویست بەکار دەبات، بە نموونە "ئیمپڕاتۆریەتی ئەیوبی" (ل٣٣٠) بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەیوبییەکان بەکار دەبات کە لایەن سەرکردەی کورد سەڵاحەدینی مەزن دامەزراوە. ئەم دەسەڵاتەی سەڵاحەدینی مەزن دایمەزراندووە، لەلایەن مێژوونووسان و لەنێو مێژوویشدا بە "ئیمپڕاتۆرییەت" ناو نەبراوە. هەروەتر، ڕیزکردنی ناوی "هەندێک کەسایەتی ژنی هەڵکەوتووی کورد" (ل١٠٠)، بە واتای بەرزی پێگەی ژن نایەت لەنێو گەلی کورددا بەراورد بە گەلانی تری ناوچەکە، چونکە لەناو تەواوی گەلانی دونیادا هەمیشە "کەسایەتی ژنی هەڵکەتوو" هەبووە. ناکرێت گومان لە تێگەیشتنەکەی نووسەر بکرێت، بێگومان پێگەی ژن لەناو کورددا زۆر جیاوازترە بەراورد بە پێگەی ژن لەناو گەلانی تری ناوچەکەدا بەتایبەت سامییەکان، بەڵام دیسانەوە میتۆدۆلۆجیی نووسەر کێشەدارە و ئەم سەرچاوانەی کە پشتی پێ بەستوون دیسانەوە تۆماری زارەکین نەک لێکۆڵینەوەی وردی مرۆڤناسی و کەلتوورناسی لەسەر ژن و پەیوەندی ڕەگەزی لەناو گەلی کوردا. ئەگەر هاتبا و نووسەر ئەمەی کردبا، دڵنیام زۆر جێگای سەرنج و دەستخۆشی دەبوو. بەدەر لەمانە، نووسەر "زەردەشتی پێغەمبەر" و  "ژنانی ئەمازۆن" دەکات بە کورد. بێگومان تاوەکوو ئێستا کەس نازانێت و نەسەلمێندراوە کە "زەردەشت" هاوشێوەی "ئیبراهیم و موسا" بوونی هەبووبێت یاخود نا. واتە مێژووییبوونی ئەم کەسایەتییانە گومانیان لەسەرە و تاوەکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی شوێنەوارناسی هەبوونی ئەوانی نەسەلماندووە. هەتا گومان لە کوردبوونی ئایینەکەیش هەیە، بەدڵنیاییەوە زەردەشتییەت هاوشێوەی یەهوودییەت و مەسیحی (کە سەردەمێک هەندێ لە خەڵکی کورد باوەڕیان پێ بووە) و ئیسلامیش بەسەر کورددا بەزۆر سەپێندراون و دوورونزیک پەیوەندییان بە ئایینی کۆنی "مۆغە" کوردەکانەوە نییە، کە دوای فەرمیبوونی ئایینی زەردەشتی لەلایەن ئیمپراتۆرییە فارسەکانەوە لە سەدەی شەشەمی پێش‌زایینەوە، دەستدەکرێت بە کوشتاری "مۆغەکان" لەلایەن دەوڵەتەوە. سەبارەت بە ئەمازۆنییەکان، نووسەر پشت بە وتەی سەرزار یاخود میناک[19] دەبەستێت تاوەکوو ئەمازۆنەکان بە کورد دابنێت. گوایە لەبەرئەوەی هەندێ نووسەر ژنانی جەنگاوەری کوردیان بە ئەمازۆنی ناو بردووە ئەوا دەکرێت ئەمازۆنییەکان کورد بووبن. نەک هەر ئەمەیش، وشەی ئەمازۆن کە وشەیەکی یۆنانییە و بە واتای "بێ‌مەمک" یاخود "مەمک‌بڕاو" دێت، نووسەر لای وایە یۆنانییەکان هەڵەیان لە ناوەکەدا کردووە و لەڕاستیدا ناوەکە "هەمووژن"ـە نەک ئەمازۆن. ئەم جۆرە لە گرێدانەوە و دەستکاریکردنی وشە بەپێی هیچ بوارێکی زانستیی سەردەم مایەی قەبوڵ نییە بەڵکوو مایەی "ئەها"یەکی گاڵتەئامێزە. هەروەها، بێگومان مێژووی کورد هەرگیز ئەوە نییە کە "خەڵکانی بێگانە و ناکورد" زۆرجار بە ڕەچەڵەک کوردیش تۆماریان کردووە، بۆ نموونە هەندێ کەس کە سیخناخن بە نەریتی ئیسلامی، دەیانەوێت کورد بگەڕێننەوە بۆ یەکێ لە کوڕەکانی "نوح،" باوەڕیان وایە لەم ڕێگەیەوە "شانازی" بۆ کورد دەگێڕنەوە، وەک ئەوەی کەسێ هەبووبێت لە مێژوودا ناوی "نوح" بووبێت! وەک ئەوەی ئەگەر کورد بچێتەوە سەر یەکێ لەم "پێغەمبەرانەی" نێو دەقە ئیبراهیمییەکان ئەوا دێرینبوونی کورد یەکلایی دەبێتەوە، بێئاگا لەوەی کە بەپێی پەیمانی کۆن، کە دەقێکی کۆنترە لە قورئان، "تەمەنی زەوی ٦ هەزار ساڵە." ئەم نوکتە مێژوویی و جوگرافییە، ئەوەندە سواوە مرۆڤ زۆریش لە خۆی بکات ناتوانێت پێبکەنیت. بە تایبەت عەرەب، فارس و تورک، چونکە لەڕاستیدا، گێڕانەوە و تۆمارە مێژووییەکانی ئەوان نەک شایەنی ئەوە نییە بەرپەرچ بدرێنەوە، بەڵکوو کڵۆڵی و هەژاریی بێ بنەچەیی کەلتوریی ئەم گەلانە دەردەخات کە ئەوان مێژوویان لەسەر بنەمای کۆمەڵێ 'چیرۆکی بەرئاگردان' بونیادناوە کە بە هێزی باڵی تەپۆیەک ڕادەماڵرێت. بۆیە، لەسەر مێژوونووسانی کورد پێویستە بە وردی و ماندوونەناسانە لە ڕێگەی دەزگای نیشتیمانییەوە، دەست بکەن بە کنەکردنی دەقە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و خۆرهەڵاتیی نزیک و دۆزراوە شوێنەوارییەکان بەکاربهێنن، دەکرێت زۆر پشت بە کارەکانی هەردوو دکتۆری پسپۆڕ و شارەزای بواری شوێنەوارناسی و مێژووی دێرینی کورد  دکتۆر کۆزاد محەمەد ئەحمەد و دڵشاد عەزیز مارف (دڵشاد زاموا) لەگەڵ چەندین کەسانی پسپۆڕ و شارەزای تری کورد ببەستن بۆ یەکلاکردنەوە و نووسینەوەی مێژووی دێرین و ڕاستەقینەی کورد. بێگومان، هەڵە میتۆدۆلۆجی و بەڵگەهێنانەوە-دووبارەکانی نووسەر ئەوەندە زۆرن، لە وزەی وتارێکی کورتدا نییە دیارییان بکات، بێگومان ئەمەش مایەی سەرسوڕمان نییە، چونکە وەک لە پێشەکیەکەی کتێبەکەدا دەردەکەوێت، ئەم کتێبە ئەوەندەی تێگەیشتنی دەروون-کۆمەڵایەتی بەسەر نوسەردا زاڵە، تێگەیشتنی مێژوویی تێدا نییە. بەکورتی، بە دڵتەنگییەوە ئەم دێڕانە دەنووسم، چونکە لەڕاستیدا وەک هەر خوێنەرێکی مێژووی کورد و خەمخۆری مێژووی کۆنی گەلەکەمان شادومان بووم بە بڵاوبوونەوەی کتێبەکە بەڵام نەک لە پای چاوەڕوانییەکانمدا نەبوو، بەڵکوو نائومێدیشی کردم کە "مێژوونووسانمان" لەم ئاستە سەرەتاییەی مێژوونووسیدان. ئەگەر بە وشەیەک پێناسەی ئەم کتێبە بکەم، ئەوا ئەم کتێبە جگە لە کتێبێکی زڕەمێژوو هیچی تر نییە و نووسەر بەم بانگەشە زۆرانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کردی دەخوازێت خوێنەری کورد فریو بدات کە تەنها ئەو مێژووی "بزری" کوردی دۆزیوەتەوە. ئەم کتێبە لە باشترین باردا، کتێبێکی کاریکاتێری دزێوی مێژووناسییە، بەشێوەیەک دەکەوێتە نێوانی گاڵتەجاری و بەزمەساتی مێژوویی، کە بەهیچ شێوەیەک نابێت بخرێتە ناو ڕەفەی مێژوونووسی کوردییەوە. لە خراپترین باریشدا، "جوتکردنە لەناو ئاودا"، چونکە "مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد" وەک جۆگەلەیەکی وشک لەبری ئەوەی تینوێتی مێژوویی خوێنەرانی مێژووی کورد بشکێنێت، ئەوا خواستی خوێندنەوەشیان دەربارەی مێژووی کورد وشک دەکات. بێگومان، ئەم کتێبە بۆ ئەو خوێنەرانەی ئاگایی مێژووییان نییە و هەگبەی مێژووییان هاوشێوەی دەستەواژەی باوەڕدارانی "زەوی تەختە" بەتاڵە، ئەمە کتێبێکی سەرنجکێش و گرنگە لەسەر کورد و مێژووەکەی، بەڵام بەداخەوە، ئەم کتێبە ئەوەندەی زیان بە مێژوونووسی کورد دەگەیەنێت، سوود بە مێژووی کورد ناگەیەنێت، تەنها سوودێک ئەم کتێبە بە ئەوانەی بگەیەنێت کە سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسینەوەی مێژووی کوردن، ئەوەیە کە ناکرێ جارێکی تر کتێبی وەها بخوێنینەوە یاخود مێژوو بەم شێوەیە بنووسینەوە.   [1] کورد کێیە؟ (مێژووی کورد و ڕەچەڵەکی زمانەکەی لە سەرەتای شارستانیەتەوە هەتاوەکو سەدەی دەیەمی زاینی)، سۆران حەمەڕەش [2] مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد: سەرلەنوێ دۆزینەوەی سەرەتای شارستانییەتی ڕۆژئاوا و بنەچەی زمانە هیندۆئەوروپیەکان (لە ١٠٠٠٠ پ.ز وە بۆ ١٣٠٠ ز)، لXI [3]  هەمان سەرچاوەی پێشوو، لXX [4] هـ. س، ل٧ [5] هـ. س، لXI [6] هـ. س، ل٢٤ [7] هـ. س، ل٢٥ [8] هـ. س، ل٣٤ [9] The Sumerian Problem [10] مێژووی بزر و نەگێڕدراوی کورد، ل٣٥-٣٦ [11] هـ. س، ل٣٥ [12] Pourkheirandish M, Dai F, Sakuma S, Kanamori H, Distelfeld A, Willcox G, Kawahara T, Matsumoto T, Kilian B, Komatsuda T. On the Origin of the Non-brittle Rachis Trait of Domesticated Einkorn Wheat. Front Plant Sci. 2018 Jan 4;8:2031. doi: 10.3389/fpls.2017.02031. PMID: 29354137; PMCID: PMC5758593. [13] مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد، ل٢٣٩ [14] هـ. س، ل٢٣ [15] https://history.howstuffworks.com/historical-figures/herodotus.htm [16] خوێنەر دەتوانێت بۆ زیاتر ئاگاداری دەربارەی چەمکی (ئێستر) لای هیرۆدۆت، بۆ ئەم دوو لێکۆڵینەوەیە بگەڕێتەوە: Strong AK. Mules in Herodotus: the destiny of half-breeds. Class World. 2010;103(4) و Roy, Cornelia. (2010). Cyrus the Mule or Cyrus the Persian? SSRN Electronic Journal. [17] https://books.vejin.net/ck/text/610 [18] https://www.nawext.com/ku/post/view/گەڕان-بە-دوای-بنەچەی-کورددا [19] byword  

شەنای فاتح سەرەڕای پێشكەوتنی باڵەخانەو بیناو بازاڕەكان، بەڵام چەند شوێنێك لەسلێمانی هەیە كە تائێستاش وەك خۆیان ماونەتەوەو سیمای دێرینی خۆیان لەدەستنەداوە. یەكێك لەو بازاڕانەی كە تائێستاش وەك شێوازە كۆنەكەی خۆی ماوەتەوە (بازاڕی قەیسەری نەقیب)ە،  كە یەكێكە لەبازاڕە دێرینەكانی شاری سلێمانی و ساڵی 1900 لەلایەن شێخ مستەفای نەقیبەوە كەدەكاتە مامی شێخ مەحموودی حەفید دروستكراوە، هەر بەناوی بنەماڵەی نەقیبەوە ناونراوە. قەیسەری نەقیب بەسەرپەرشتی وەستایەكی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەناوی (وەستا رەجەب) دروستكراوە، نەخشەی قەیسەریەكەش هەمان ئەو نەخشەیەیە كە لەبازاڕو قەیسەرییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بەكارهاتووە، ئەم قەیسەرییە كارەكانی بەماوەی دوو ساڵ تەواو بووە. قەیسەری نەقیب لەسەر پایەی خشتی سوور دروستكراوەو بنمیچەكەشی بەشێوازی تاق دروستكراوەو چەندین كڵاوڕۆژنەی تێدایە بۆ ئاڵوگۆڕی هەواو تیشكی خۆر. بازاڕی قەیسەری نەقیب سەد دوكان لەخۆدەگرێت و لەسەرەتادا كاسبكارانی ئەم قەیسەرییە جۆراوجۆربوون وەك: بەرگدوری و دەلاكی و وشكەفرۆش و عەتارەكان، بەڵام لەساڵی 1958ەوە زیاتر بوو بەبازاڕی كەلوپەلی ژنان و جوانكاری. ئیسماعیل حاجی ئیبراهیم، تەمەن 65ساڵ كەدوكانی عەتاری هەیە لەبازاڕی قەیسەری نەقیب بەهاوڵاتی وت: ئەم دوكانەمان لەساڵی 1938ەوە هەیەو هی باوكم بووە، لەساڵی 1987ەوە من لەم دوكانەدام بەبێ دابڕان، ئەم دوكان و بازاڕەش بووەتە هاوڕێی تەمەنم. هەروەها وتیشی:» ئەم بازاڕە یەكێكە لەبازاڕە كۆنەكان و وەختی خۆی 140 دوكان بووە و سەرچاوەی بازاڕ بووە لەشاری سلێمانیدا، دوكانی جۆراوجۆری تێدا بووە، بەڵام لەئێستادا بەو شێوەیە نەماوە». قەیسەری نەقیب دەكەوێتە سەنتەری شاری سلێمانی چوار دەرگای هەیە، بە جۆرێك هەر یەكێكیان دەچێتەوە سەر بازاڕێكی دیكەی شاری سلێمانی، ئەوانیش : حەوزە وشكەكە-مەزادخانەكە-هەنگوین فرۆشەكان و شەقامی كاوە. ئێستاش بەشێك لەهاووڵاتیانی شاری سلێمانی بەتایبەتی ژنان بۆ دەستكەوتنی كەلوپەلەكانیان سەردانی بازاڕی قەیسەری نەقیب دەكەن وەك كەلوپەلی جوانكاری و بەرگدوری و ئێكسسواراتی جلوبەرگی كوردی. نازدار محەمەد خانمێكە كەپیشەی بەرگدوورە بۆ هاوڵاتی باس لەوەدەكات كە بۆ دەستكەوتنی كەلوپەل و كەرەستەكانی تایبەت بەپیشەكەی سەردانی قەیسەری نەقیب دەكات، وەك بەكرەو ئۆیە و زەنگیانە و چەندین جۆری موروو بۆ دروستكردنی هەر كارێكی دەستی و نرخەكانیشیان گونجاون. قەیسەری نەقیب لەماوەی دروستبوونیدا تووشی چەندین رووداو بووە، لەوانە: ساڵانی 1985 و 1987 تووشی لافاو بووەو لەساڵی 1988یش تووشی ئاگركەوتنەوە بووەو 95%ی قەیسەرییەكە سووتاوەو دواتر بەهەوڵی دوكاندارەكان بەمانگێك قەیسەرییەكە دروستكراوەتەوە. ئەو كەسانەی مێژووی بازاڕەكە شارەزان دەڵێن لەبەشی باشووری قەیسەرییەكە حەوشەیەكی گەورە هەبووە پێیان وتووە (خان)، وڵاخ بەبارەوە لەدەرەوە هاتووەو لەم خانەدا گومرگ كراوە كە لەسەردەمی عوسمانییەكاندا پێیان وتووە (گومرگی رێژێ)، باس لەوەشدەكەن لەو سەردەمەدا ئەم خانە میوانخانەی مێجەرسۆن بووە.

دەشتی مەحمود مێژوونووسی کورد مێهرداد ئێزەدی، دەڵێت، « کوردێکم نەناسیوە کەباوەڕی بەئەوپەڕی دێرینیی مێژووی نەتەوەکەی نەبێت،» بەڵام ئایا دێرێنی کورد بۆ کەی دەگەڕێتەوە و باوانی کورد کێن؟ بەبڕوای ئەم مێژوونووسە، کورد بەرهەمی کۆبوونەوەی چەندین توێژاڵی کەلتوری خۆجێیانی زاگرۆس و هاوردەیە، واتە کوردی هاوچەرخ تێکەڵەیەکە لەچەندین کەلتوری جیاواز کە بۆ ماوەی چەندین هەزارە، لەناوخۆو دەرەوەی کوردستانەوە تێکەڵەیەک و هەمڕەنگییەکی کەلتوریان پێکهێناوە کە بەئاسانی لەگەلانی تری ناوچەکە جوێیە. بێگومان ئەم تێکەڵبوونە هەڕەمەکی یان بەڕێکەوت رووی نەداوە، هەروەها بەپلان و ئایدۆلۆژیای نوخبە، تووێژ یان دەستەیەکی دیاریکراو ئەنجامنەدراوە؛ لەڕاستیدا ئەم بژارکردن و هەڵبژاردنە کردەیەکی دەرەتاکی بووە. لانیکەمی بەدامەزراوەیی بوونی کەلتوری خۆجێیەکانی زاگرۆس (میزۆپۆتامیای ژوورو) بۆ سەرهەڵدانی چاخی بەردینی نوێ (کشتوکاڵ دەگەڕێتەوە) و لەوکاتەوە بەڵگەنەویست، بنەما، رێسا و پێوەرەکانی کەلتورەکەیان داڕشتە دەبێت و ئەمانە ناوەخنەکەیان پێکهێنا؛ دواتر لەهەر رووبەڕووبوونەوەیەکدا، لەهەر تێکەڵبوون بەئەویتر چ دۆستانە یان داگیرکارانە بووبێت؛ ئەم ناوەخنانە بەوپێیەی گرێدراوی گیان، ژیارو شێوەژیانی خۆجێیەکان بوو، بەگوێرەی سەردەمە جیاوازەکان ناوەخنەکەیان بەفۆرمی جۆراوجۆر بەرهەمهێناوەتەوە؛ لەم بەرهەمهێنانەوەدا زۆرجار خودی کۆمستێری (مەنزومەی) ناوەخنەکە بەگوێرەی دەستوەردانی ئەویتر ترازاوەو هەندێ جارییش گۆڕانی بنەڕەتی بەسەر شێوە ژیانەکەدا هاتووە، بەڵام ناوەخنەکە تۆکمە ژیارییەکە توانیویەتی  خۆی بەرهەم بهێنێتەوە. هەتاوەکو ئێستا، سەرەتاییترین بەڵگە لەسەر کەلتورێکی یەکگرتوو و جیاواز کەخەڵکی نیشتەجێی میزۆپۆتامیای ژوورە (کوردستان) هاوبەشییان پێکردووە، پەیوەندی بەسەردەمی ‹کەلتوری هەلەف›ـەوە هەیە کەنزیکەی ٨٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە. بەدەربڕینێکی تر یەکەم دەرکەوتەی ناواخنی نیشتەجێیەکانی زاگرۆس کە لەمێژوودا تۆمارکراوە کەلتوری تەل هەلەفە.  ئەم کەلتورە بەناوی تەپۆڵکە دێرینەکەی تەل هەلەف لەڕۆژئاوای شارۆچکەی قامیشلۆ لەڕۆژئاوای کوردستان ناونراوە، ئەم کەلتورە بەئاسانی بەشێوازی گۆزەسازیی دەناسرێتەوە، کەخۆشبەختانە بەشێوەیەکی بەرچاو لەم سەردەمەدا بەرهەمهێنراوە. گۆزەسازیی هەلەف کە بەشێوەیەکی نایاب رەنگ کراوو بەشێوەیەکی ناسک نەخشێنراوە، بەئاسانی لەبەرهەمەکانی پێشوو و دواتر جیا دەکرێتەوە. تەنیا بە لەبەرچاوگرتنی پاشماوەی گۆزەسازیی، پێدەچێت کەلتووری هەلەف لەنێوان ساڵانی ٦٠٠٠ بۆ ٥٤٠٠ پێش زایین درێژبووبێتەوە، کەماوەی نزیکەی ٦٠٠ ساڵی خایاندووە.   هونەری هەلەف بەبڕوای زۆرێک لەشوێنەوارناسان و مێژوونووسانی میزۆپۆتامیا، هونەری گۆزەسازیی هەلەف بەهۆی رەنگاڵەیی و فرەنەخشەیی بەئاسانی لەهونەری کەلتورەکانی دوای خۆی جیادەکرێتەوە، ئەم فرەڕەنگی و نەخشینییەی لەهونەری کەلتوری هەلەفدا رەنگیداوەتەوە، لەکەلتورەکانی دوای خۆی بەتایبەت (کەلتورە سامییەکان) زۆر جیاوازترەو هی ئەوان فرەڕەنگی تێدانییە و زیاتر سادەو یەکرەنگە. گۆزەسازیی هەلەف لەگەڵ دەفرە سورەکراوەکانیان چ وێنەیی یاخود ئەندازەیی، رەنگاوڕەنگی تایبەتمەندییەکی نایابی بەهونەرەکەیان بەخشیوە  کە لەوانەیە ناوەڕۆکێکی ئایینییان هەبێت: زۆرجار مرۆڤ، پەلەوەر، باڵندە، خشۆک، بەڕەنگی رەش و سوور بۆیە کراون. لەقۆناغی دواییتری هەلەفدا، گرنگترین ناوەندی بەرهەمێنانی کەرەستەی خۆراک و خواردنەوە بووەو ئەم کەرەستانە بەسێبەری سوورو قاوەیی و سپی رەنگکراون و ئینجا لەسەریان گوڵی جۆراوجۆر و شێوەی ئەندازەیی نەخشێندراون، ئەم ناواخنانە هەتاوەکو ئێستاش لەناو هونەری چنینی بەڕە، رایەخ، مافوور کڵاوو جەمەدانی و هەوریشدا ماوەتەوە. دەتوانین بەشی هەرە زۆری یەکەم دەرکەوتنی ناوەخنە کەلتورییەکەی دانیشتوانی مێزۆپۆتامیای ژوورە (کوردەکان) لەهونەری هەلەفدا بدۆزینەوە.   کۆتەڵی شۆڕەژن  لەناو ئەم چەندین دۆزراوانەی سەردەمی کەلتوری هەلەف، کۆتەڵی ژن هەیە کەڕەنگی جیاوازیان لەسەر نەخشێنراوە. ئەم شێوەی نواندنەوەی ژن لەسەردەمی راوچی-کۆکەرەوە ئەوروپاش ئامادەیی هەیە و زۆرجار وەکو مێخواوەند لێکدانەوەیان بۆ کراوە و ناوی کۆتەڵی ڤینۆسی لێنراو؛ بەڵام ئەمەی تەل هەلەف هی سەردەمی راوچی-کۆکەرەوەی میزۆپۆتامیای ژوورو نییە بەڵکو هی سەردەمی کشتووکاڵە.  لێرەدا من پێشنیاری ‹›کۆتەڵی شۆڕەژن›› بۆ ئەم پەیکەرۆکانەی مێینە دەکەم؛ جگە لەوەی شۆڕەژن لەزمانی کوردیدا بەژنی جوان، دەستڕەنگین، کارامەو چالاک وتراوە هەروەها بۆ ژنی خەپەی شل و شۆڕ بەکاربراوە کە ئەمەی دووەمیان بەشێوەیەکی سەیر لەوەسفی ئەو کۆتەڵانە دەچێت. یەکەم دەرکەوتەی ژن بەڕووتی لەپێش‌مێژوودا کە دۆزرابێتەوە، لەشێوەی کۆتەڵی ناوبراودایە. شکڵناسی پەیکەرە جۆراوجۆرەکانی شۆڕەژن، پیشاندەری جەستەیەکی قەڵەو، مەمکی گەورە، ناوقەدو سمتی قەڵەو و پان‌وپۆڕ بووە، هاوکات روخساریان یان داپۆشراوە یان دروست نەکراوە. شکڵناسیی کۆتەڵی شۆڕەژن دەشێت خۆی لەناو روانگەی بایۆلۆژیدا ببینێتەوەو ئەو جۆرە لەجوانی تێدا بەرجەستە کرا بێت. هێشتا مرۆڤ بەتەواوی نەهاتۆتە ناو پانتاییە رەمزییە نووسراوەکانەوەو جیاوازییە تۆخە مرۆڤناسی و تەنانەت سایکۆلۆژییەکان لەناو چەشەی گشتیدا داڕشتە نەبووەو فۆرمی وەرنەگرتووە. هەروەها هێشتا کۆمەڵگای باوکسالاری دەرنەکەوتووە تاوەکوو بەهاکانی خۆی لەجوانی و پێودانگەکانی جوانییەوە بگلێنێت. کۆتەڵی شۆڕەژن لەبەرئەوەی لەبەرەبەیانی تۆمارکراوی جۆری مرۆڤ بەجێماون و رەبتیان بەوەچەخستنەوەو بەرهەمهێنانەوەی جۆرەوە هەیە بۆیە کەمترین جوانی نابایۆلۆژی تێدا دەبینیتەوە. رووخسار کە لەسەردەمی مۆدێرندا بەشێوەیەکی وەسواس دەبێتە جێگەی سەرنج و دەستکاری، لەبەرەبەیانی مرۆڤدا بابەت نەبووە. ئەوەی گرنگ بووە جەستەی قەڵەو و بەپیت بووە بۆ وەچەخستنەوە. ئێستاتیکاکەشی کەڕەبتی بەئیرۆتیکا و شەهوەتەوە هەیە هێشتا هەر سەر بەجوانی بایۆلۆژییە لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پاڵنەرە بایۆلۆژییانە لەناو یەزدانناسیدا داڕشتە بووەو گوزارشت بوون لەپیرۆزیی ئافرێنەرانەی ژن. گرنگی نەدان بەکێشانی رووخسار لەکۆتەڵی شۆڕەژندا، بەمانای ئەوە نایەت نێرەکانی ئەو سەردەمە جوانی دەموچاویان لەلا گرنگ نەبووە یان ژنان بایەخیان بەڕووکاری روخسارو جەستەیان نەداوە. هەروەها بۆ ئەوەش ناگەڕێتەوە کە ژنان تەنیا رەهەندی وەچەخستنەوەی جەستە یان خۆیان لەلا گرنگ بووەو بۆ پیاوانیش هەر ئەوە هەموو شت بووە. بزری روخسار لە کۆتەڵی شۆڕەژندا بۆ بزری خاوەندارێتیی تایبەت دەگەڕێتەوە، بۆ بزری بەموڵک نەبوونی ژنان دەگەڕێتەوە. ژنان بەگوێرەی رووخساریان لەپەیوەندی بەنێرێکی دیاریکراوەوە شوناسی وەرنەگرتووە. ژنان لەئازادیی هێزی ئافراندنی جەستەی خۆیان لەپەیوەند بەخۆیانەوە شوناسیان وەرگرتووە. هەر ژنێک بۆ رووخسارێکی دیاریکراو کورت نەبووەتەوە وەک ئەوەی لەژیاری باوکسالاریدا دەیبینین. ژنان کاتێک رووخسارێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی، کەلتوری، ئابووری، ئایینی وەردەگرن رووخساریان لەسەر پەیکەرو لەناو نیگارەکاندا دەردەکەوێت؛ واتە ژنان دەبنە هەڵگری رووخسارێکی دیاریکراو کەموڵکی پیاوە وەک چۆن مەڕوماڵاتەکەی، زەوییەکەی و ماڵەکەی مۆڵکییەتی. راستە روانگەی بایۆلۆژی دەتوانێت کۆمەڵێک راستی بنەڕەتی لەسەر سەرنجکێشیی شکڵناسیی جەستە لەپەیوەند بەهەڵبژاردنی سێکسییەوە بخاتەڕوو و تاڕادەیەک روونکردنەوەی شیاو لەسەر ئاستی غەریزەی مانەوە، لەوبارەوە بەردەست بکات، بەڵام ناتوانێت رەهەندەکانی تری ئەو دیاردەیە ببینێت؛ ئەگەرچی لە بڕگەیەکی دووروودرێژی مێژووی مرۆڤدا، تاڕادەیەکی زۆر توانیبێتی دەست‌وپەنجەی خۆی بەیادگار بەجێ بهێڵێت بەڵام لەبرگەکانی دواتردا بەگوێرەی شێوەژیانی سەردەمە جیاوازەکان جوانییەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت. ئەوی راستی بێت ئەم رەهەندەی بایۆلۆژییەی جەستەی ژن بۆ ئەوان فامکراو نەبووە بەڵکو ئەوان جەستەی ژنیان لەناو روانگەی ئوستورەییدا فامکردووە، بۆ ئەوان جەستەی ژن وەکو خودی ژیان بووە کەتوانای ئافراندنی بووە؛ جەستەی ژن پیرۆز بووەو زەق کردنەوەی هەندێ ئەندامی بۆ لایەنی بەدیهێنەری ژن گەڕاوەتەوە. ئەوە ژن بووە ژیانی ئافراندووە، ئەوە ژن بووە ژیاری رەخساندووەو ئەوە هەر ژن بووە کەلتوری داهێناوە و کشتوکاڵی بەرهەمهێناوە، هەموو ئەمانە دەستیان لەوەدا هەبووە خواوەند وەکوو ژن فام بکەن و هەر ئەمەش وادەکات یەکەم خواوەندەکان لەمێژوودا ژن بن. لەناو گوتاری مۆدێرندا، دۆزینەوەی ئەم جۆرە کۆتەڵانە، لەناو کەلتورێکی کۆنی کوردستان و میزۆپۆتامیای ژوروو، دەشێت وەها شرۆڤە بکرێت کە دانیشتوانی کوردستان پێگەیەکی گرنگیان بە جەستەی ژن داوەو جیاواز لە کەلتورەکانی دواتری ناوچەکە بەتایبەت سامییەکان کە نەک جەستەی ژن لەهونەریاندا نانوێننەوە و کۆتەڵ و پەیکەری ژنان درووست ناکەنەوە و بگرە بەیەکجاری لەهونەرەکەیاندا دەردەکرێت و هەتا لەدواترین نوسخەی کەلتوری سامیدا، واتە ئیسلام دوای یەهوودیەت و مەسیحیەت، جەستەی ژن بەیەکجاری دادەپۆشرێت و سێکسواڵیەتەی داگیر دەکرێت.