وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت سەردانەکەی ڕوبیۆ سعودیە و ئیمارات دەگرێتەوە، ناتانیاهۆ ئاشکرای دەکات بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەک بۆ ئاستی سیاسی و ئەمنی ئەنجام دەدرێت بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوی داهاتوو لە غەززە. درەنگانێکى شەوى ڕابروو، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یەکەم سەردانیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای دەستبەکاربوونیەوە گەیشتە تەلئەبیب، بڕیارە دواتر سەردانى هەریەکە لەوڵاتانى سعوودیە و ئیماراتیش بکات. هەروەها بڕیارە ئەمرۆ یەکشەممە ڕوبیۆ گەشت بۆ قودس بکات، پێش ئەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل گفتوگۆ بکات. لە گفتوگۆکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا داهاتووی کەرتی غەززە دەبێت، هەروەها پلانی دۆناڵد ترەمپ لەو بارەوە. ڕوبیۆ پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندبوو کە پلانەکەی ترەمپ تاکە پلانە کە لە ئێستادا بەردەستە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن ئامادەیە گفتوگۆ بکات لەبارەى پێشنیارەکانی وڵاتانى عەرەبى سەبارەت بە غەززە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هەر پلانێک کە حەماس لە غەززە بەجێبهێڵێت کێشەیەک دەبێت، چونکە ئیسرائیل تەحەمول بەو شتە ناکات، بەپێی دەربڕینەکەی. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە هەر پلانێکی عەرەبی بۆ غەززە کرد کە "باشتر" بێت لە پێشنیازی ترەمپ. وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا وتیشى: هەموو ئەم وڵاتانە دەڵێن گرنگی بە فەلەستینییەکان دەدەن، بەڵام هیچیان نایانەوێت هیچ فەلەستینییەک ببەن، هەروەها هیچ کامیان مێژوویەکیان نییە کە هیچ کارێکیان بۆ غەززە کردووە لەم ڕووەوە.

هاوڵاتى بارەگای بارزانیی ڕایدەگەیەنێت ئەوەی ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە دوورە لە ڕاستی و لەهەمانکاتیشدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆرە. ئێوارەى ئەمرۆ شەممە، ئەیاد عەلاوی، سیاسەتمەداری عێراقی وتى: مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لقێکی بۆ حزبی بەعس لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە. لەوەڵامى ئەو قسانەى  ئەیاد عەلاویدا، بارەگاى بارزانى ڕونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوەو ئەو زانیاریانەى ڕەتکردەوە. بارەگاى بارزانى دەڵێت: دەرگەی کوردستان و هەولێر کراوەیە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە بە ئازادییەوە تێدا بژیێت، بەڵام ئەوەی بەڕێز ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە دوورە لە ڕاستی. هەروەها دەشڵیت: لەهەمانکاتیشدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆر و جێگەی پرسیارن کە بۆ ئەم قسانەی کردووە کە ڕاست نین. دەقى ڕوونکردنەوەیەکەى بارەگای بارزانیی  ڕۆژی شەممە 15ی شوباتی 2025 لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەیەکی سیاسیەوە بەڕێز ئەیاد عەللاوی هەندێ قسەی لەبارەی کردنەوەی لقی حزبی بەعس لە کوردستان خستووەتەڕوو، لێرەدا جەخت دەکەینەوە  دەرگەی کوردستان و هەولێر کراوەیە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە بە ئازادییەوە تێدا بژیێت، بەڵام ئەوەی بەڕێز ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە دوورە لە ڕاستی و لەهەمانکاتیشدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆر و جێگەی پرسیارن کە بۆ ئەم قسانەی کردووە کە ڕاست نین.

  سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، داواى لە کۆمپانیای ئەیرباس بۆ هێلیکۆپتەر کردوە، لەبەر ڕۆشنایی گرێبەستی دوو قۆڵی نێوانیان خێراتر بکەن بۆ دابینکردنی هەلیکۆپتەری شەڕکەر بۆ عێراق.  بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە میونشن پێشوازی کرد لە جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەیرباس بۆ هێلیکۆپتەر بەڕێز ستیفان توومی. هەر بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی هاریکاری هاوبەش لە بوارەکانی مەشق و پاراستن و مۆدێرنکردنی فڕۆکەوانی ئاسمانی کرا، لە بەر ڕۆشنایی گرێبەستی دوو قۆڵی بۆ دابینکردنی هەلیکۆپتەری شەڕکەر بۆ عێراق، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر خێراکردنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی مەرجەکانی گرێبەستەکە.  هاوکات هەر لەوکۆبوونەیەدا سودانی جەختی لەسەر پەرۆشی و هەوڵەکانی حکومەت کردەوە بۆ هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە ناسراوەکان و دابینکردنی هەموو ئاسانکارییەکانی پێویست بۆ ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ کارەکانیان لە عێراق.

  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت میکانیزمێک بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان دانراوە، ئێمە ڕێگە نادەین ئاسایشی ئێران بخرێتە ژێر هەڕەشەوە. لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسى ئیسناى ئێرانى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەى بەوەکردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و ئێران چاودێری و بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەکەن لە کەرتە جیاجیاکاندا، لەوانە ئابوری، ئەمنی و ڕۆشنبیری واژۆکراون، دەقى چاوپێکەوتنەکە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی مەسعوود پیزیشکیان، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها سەردانەکەی بۆ تاران، "قۆناغ و لاپەڕەیەکی گرنگ و قۆناغێکی نوێ بوو لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان" لەنێوان لایەنەکاندا. سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئاژانس و ڕێکخراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەن بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانى ڕێککەوتنەکە. ئەوەشى وت: لەوانە ئەوانەی پەیوەستن بە چۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان یان ئاڵوگۆڕی زانیاری پێویست. ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بەهێزتر کران بۆ ئەوەی هیچ جوڵەیەک نەبێت کە کاریگەری لەسەر سەقامگیری سنوورەکانی هەردوولا هەبێت.  هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا نێچیرڤان بارزانى دەڵێت: ھەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی کە رێگە نەدات هیچ لایەنێک خاکی ھەرێم بۆ سەر ئاسایش و خۆشگوزەرانی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران بەکاربھێنێت.  وتیشى: ئێمە بەردەوام کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین و هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد دەکەین بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواو بەم ڕێککەوتنە. ئەم بابەتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ئێمەش گرنگییەکی زۆر بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان دەدەین.

  ــ لە بەرامبەر ئەو سێ بارمتەیە، ئیسرائیل ٣٦٩ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات. ــ ناتانیاهۆ وتی شەڕی غەززە دەستپێدەکاتەوە ئەگەر بارمتەی زیاتر لەشەممەدا ئازاد نەکرێن. بزوتنەوەى حەماس ناوی سێ بارمتەیەى ئیسرائیلیان بڵاوکردەوە کە بەنیازن ئەمڕۆ شەممە 15ی مانگی دوو لە بەرامبەر ٣٦٩ زیندانی فەلەستینی ئازادیان بکەن، هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕی. ئەم کەسانە سێ ئیسرائیلین کە جگە لە ڕەگەزنامەی ئیسرائیلی، ڕەگەزنامەی ڕووسی و ئەمریکی و ئەرجەنتینیشیان هەیە. ئەو بارمتە گیراوانە هەروەک حەماس بڵاوی کردۆتەوە و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردۆتەوە، بریتین لە ساگوی دێکل چێنی کە ئەمەریکایی- ئیسرائیلیە و تەمەنی 36 ساڵ، هەروەها ساشا ترۆفانۆڤ تەمەن 29 ساڵ کە ڕەگەزنامەی ڕووسیاشی هەیە و سێیەم بارمتەش ناوی ئیایر هۆرنی ئەرجەنتینی ئیسرائیلییە و تەمەنی 46 ساڵە. حەماس لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە لە ڕێگەی درێژەدان بە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر خەڵکی غەززە و ڕێگریکردن لە یارمەتییەکان. گروپەکە ڕایگەیاند ئازادکردنی بارمتەکان دوادەخرێت. دواتر ناتانیاهۆ وتی شەڕی غەززە دەستپێدەکاتەوە ئەگەر بارمتەی زیاتر لە ڕۆژی شەممەدا ئازاد نەکرێن. هاوکات ترامپ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە حەماس بە چاوی خۆی دۆزەخ دەبینێت ئەگەر بارمتەکان نەگەڕێنرێنەوە. لە کۆی ٢٥١ کەس کە لە هێرشەکەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل ڕفێندرابوون، ٧٣ کەسیان تا ئێستا لە غەززە دەستبەسەرن و بەپێی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل ٣٥ کەسیان گیانیان لەدەستداوە. بڕیارە قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە ئازادکردنی هەموو بارمتە زیندووەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕ بەخۆیەوە ببینێت. قۆناغی سێیەم و کۆتایی ڕێککەوتنەکە تەرخان دەکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە، کە پڕۆژەیەکی گەورەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێچووی زیاتر لە ٥٣ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. بەپێی داتا فەرمییەکانی ئیسرائیل، هێرشەکەی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، هەزار و ٢١٠ کەس لە لایەنی ئیسرائیل کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. لەبەرامبەردا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لانیکەم 48 هەزار و 222 کەسی کوشتووە کە زۆربەیان مەدەنین، بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حەماس کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە متمانەپێکراوی دەزانێت.

هاوڵاتى بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، سەرۆکی شارەوانی گەورەشاری وان لەکارەکەی دوورخرایەوە و قەییومی لە جێگە دانرا. بەیانی ئەمڕۆ شەممە (15ـی شوباتی 2025) وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئۆرزان بالچی پارێزگاری وانی وەک قەییوم لە جێگەی عەبدوڵڵا زەیدان هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەشاری وان دانا و لە کارەکەی دووریخستەوە.  هەروەها دەڵێت: "بەهۆی کۆتاییهاتن بە کەیسی دادگەییکردنیەوە، بەپێی مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە ئەرکی سەرۆکشارەوانی.    هەروەها بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان بڕیاردرا بە دانانی ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان وەک سەرۆکشارەوانی بە وەکالەت."  دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، خەڵکی لە بەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانیی وان گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی. عەبدوڵڵا زەیدان، واژۆی لەسەر نووسراوی ئاگادارکردنەوە بۆ دوورخستنەوەی لە ئەرکەکەی نەکرد.    لە یەکەم کاردانەوەشدا پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هەڵکوتانە سەر بینای شارەوانی و هێرشکردنە سەر خەڵکی ئێشکگر کرد بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکی و ئازارو ئەشکەنجەدانی کەسانی بەساڵاچوو و منداڵان و رایگەیاند؛ کودەتاکەی نیوەشەو دژی شارەوانی گەورەشاری وان گورزێکە لە ئیرادەی خەڵک دراوە. جگە لە شارەوانیی گەورەشاری وان، تاکوو ئێستا قەییوم بۆ سەرۆکایەتیی نۆ شارەوانیی دیکەی تورکیا و باکوری کوردستان داندراوە. لەنێو ئەوانیشدا هەریەک لە سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی گەورەشاری وان، گەورەشاری مێردین، سێرت، ئێله (باتمان)، دێرسیم، خەلفەتی، باخچەسەرای لە باکوری کوردستان و ئاکدەنیز لە تورکیا بەدی دەکرێن کە دەم پارتی توانیووویەتی بەدەستیان بهێنێت. جگە لەو شارەوانییانەی کە دەم پارتی تیایاندا براوە بووە، حکومەتی تورکیا هەروەها ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی قەزای ئەسەنیورت لەکار دوورخستەوە و قەییومی لەجێ دانا.

ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی هەینی 14ی مانگی دوو سەبارەت بە زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری دا و جەختی لەوە کردەوە کە دەرفەتەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی خەریکە کۆتایی دێت. سەرەڕای دژایەتی بەربڵاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکومەتی ئێران بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی 60 لەسەد و نزیکیش بووەتەوە لە پیتاندنی لەسەدا 90 کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی. لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ ڕۆژنامەنووسان، گرۆسی هۆشداریدا لەوەی کات بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ئێران و ئەمەریکا خەریکە تەواو دەبێت و وتیشی "بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ناتوانین بە خێرایی ئەو کارە بکەین". بە وتەی ناوبراو، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی "هەموو ئەو زانیاریانەی" لەبەردەستدایە کە پێویستی پێیەتی، بەڵام بڕیاردان لە ئەستۆی وڵاتانی ئەندامی ئاژانسە. بەڕێوەبەری گشتی ئاژانس وتی "بەرهەمهێنانی مانگانەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%ی لەلایەن ئێرانەوە حەوت هێندە زیادی کردووە و پێدەچێت تا ئەو کاتەی ئاژانس ڕاپۆرتی خۆی لە مانگی داهاتوودا بڵاو دەکاتەوە، کۆی یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%ی ئەو وڵاتە بۆ 250 کیلۆگرام زیاد بکات." بەپێی پێوەرەکانی ئاژانسەکە، ئەم بڕە یۆرانیۆمە، ئەگەر پیتێنرابێت، بەسە بۆ بەرهەمهێنانی شەش بۆمبی ئەتۆمی. ڕافایل گرۆسی هۆشداریدا لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت ئەم بابەتە "زۆر بە جددی" وەربگرێت و "هەر بۆیە پێموایە نابێت کاتێکی زیاتر لەمە بەفیڕۆ بدەین". بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئاژانس وتی "چاوەڕوانی دەستنیشانکردنی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران لەلایەن کۆشکی سپی دەکات بۆ دەستپێکردنی ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ ناوبراو سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو لەبارەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. گرۆسی هەروەها زیادی کرد کە ئاژانسەکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپدا. وتەکانی گرۆسی لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمەریکا چەند رۆژ پێش ئیستا فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆ کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین گوشار" بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

  سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت به‌ شانازییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ ئێرانی دراوسێی هه‌یه‌ كه‌ سنوورێكی به‌رفراوانمان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌ندێك جار ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی ناڕوونی لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ تێك چوون. ئێوارەى ئەمڕۆ هەینی، 14ـی شوباتی 2025، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی العربیة وتی: پشتگیریی له‌ به‌شداریی كوردی سووریا ده‌كه‌ن له‌ پرۆسه‌ی نوێی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌. مه‌سرور بارزانی له‌ باره‌ی ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئێران وتی: هه‌رێمی كوردستان خۆی بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆی ده‌دات و له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ بڕیار وه‌رده‌گرێت. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو کە هه‌رێمی كوردستان بریكاری هیچ لایه‌نێك نییه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌،  وتیشى: هاوكات به‌ شانازییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئێرانی دراوسێی هه‌یه‌ كه‌ سنوورێكی به‌رفراوانیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌ندێك جار ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی ناڕوونی لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ تێك چوونه‌، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه‌مان بڕیوه‌ و بڕوامان وایه‌ ویست و نیازی باش تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان چاره‌ ده‌كات. سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی بوونی پێگه‌ و بنكه‌ی ئیسرائیل له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه‌، ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ تۆمه‌تن و هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌ و ته‌نیا بانگه‌شه‌ی بێ به‌ڵگه‌ن، زۆر به‌ كورتی ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه‌ گوتراوه‌ و ده‌گوترێت ڕاست نین، ئیسرائیلییه‌كان له‌ كوردستان نین، به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه‌ ده‌گوترێت هیچ پاساوێكی دیكه‌یان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ كار له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌م تۆمه‌تانه‌ ده‌كه‌ن

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بانگهێشتی فەرمیی ئاراستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا کردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی لە بەغدا. ئەمرۆ هەینى، لە یەکەم هەڵوێستی فەرمیدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق، ڕەتیکردەوە، هیچ مەرجێکى پێشوەختەیان هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق.  حکومەتى بەغدا ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی لوتکەکە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ و چاودێران پێیان وایە کە ڕەنگە دەرفەتێک بێت بۆ شکاندنی بنبەست و دوودڵی نێوان بەغدا و دیمەشق. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فەرەنسا 24 تیڤی ڕایگەیاندووە، بانگهێشتی فەرمییان ئاراستەی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کردووە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات. ئەوەشى وت: بڕیارە ئەو وەزیرە بە زووترین کات لە پایتەختی عێراق دەبێت، شەیبانی ڕایگەیاندبوو کە "بانگهێشتی فەرمی حکومەتی عێراق بۆ سەردانی بەغدا قبوڵ دەکات". بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاسایشی سنوورەکان و کردنەوەی دەروازەکان. فواد حسێن ڕوونیشیکردەوە، "ئەو لووتکەیەی عێراق میوانداری دەکات لە مانگی ئایاری داهاتوودا، بانگهێشتەکە دەنێردرێت بۆ هەموو سەرکردە عەرەبییەکان، لەنێویاندا ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا". وەزیری عێراق جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، حکومەتی عێراق هیچ مەرجێکی نییە سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ سوریا، بەڵام ڕایگەیاندووە کە کۆمەڵێک بۆچوونی هەیە سەبارەت بە داهاتووی سوریا.  حسێن ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، وڵاتەکەی نیگەرانن لە بوونى ڕێکخراوی داعش  چەکدارەکانی لە نزیک سنووری عێراق و سووریا، ئەو وتی: ئێمە ئەو ڕێکخراوە بە هەڕەشە دەزانین، هەروەها بەهۆی ئەوەی ئیدارەی نوێی سووریا هەڵوێستی لەسەر داعش هەیە، پێویستمان بە هاوکاری و کاری هاوبەشمان لەگەڵ سووریا لەم بابەتەدا، بۆ لێدانی داعش و ڕێگە نەدات جارێکی دیکە ببێتە هەڕەشە.

هاوڵاتى سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند تورکیا ڕێگە نادات "ڕێکخراوە جوداخوازەکان" لە سوریا داڵدە بدەن و دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێن لەو بارەیەوە. ئەردۆغان لەکاتى گەڕانەوەیدا لە گەشتەکەی بۆ پاکستان و مالیزیا و ئیندۆنیسیا وتی بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریا لە ژێر سەرکردایەتی ئەحمەد شەرعدا وادیارە کە دژی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" بوەستێتەوە. ئەو وتیشی: لە ماوەی کۆبوونەوەکەی پێشتریدا لەم مانگەدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە ئەنکەرە تاوتوێی هەنگاوەکانییان کردووە دژی ئەو ڕێکخراوانە. تورکیا هێزە کوردییەکان (هەسەدە) بە باڵێکى پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت و بە تێرۆریست ناویان دەبات. لە ساڵانی ڕابردوودا سوپای تورکیا بە بیانووی هێرشکردنە سەر پەکەکە هێرشی بەرفراوانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سوریا و عێراق لە دژی کورد ئەنجامداوە. هێزە کوردییەکان کە بە هەسەدە ناسراون، لە سووریا ڕیبەرایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن کە لەلایەن ئەمەریکاوە لە شەڕی داعشدا پشتیوانی دەکرێن. مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەندین جار ڕەتیکردوتەوە هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی لەنێوان هەسەدە و پارتی کرێکارانی کوردستان هەبێت.

قەسەدە بڵاوی كردەوە، لە چوارچێوەی مافی ڕەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی، دوێنی هێزەكانمان چەند ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامدا، هەروەها لە نزیك پردی قەرەقۆزاك و چەند ناوچەیەكی دیكە توانیان چەند چەتەیەكی سەر بە دەوڵەتی تورك بكوژن و بریندار بكەن. هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) سەبارەت بە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكانی دوێنیان و هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بۆ سەر هاوڵاتیان و شەڕڤانان، ڕاگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی مافی ڕەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی، دوێنی هێزەكانمان چەند ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامدا، كە بنكەكانی سەر بە دەوڵەتی داگیركەری تورك لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاك كرایە ئامانج. ئاماژە بەوەشكراوە، دوێنێ دوای ئەوەی شەڕڤانانمان سەرنجی جموجۆڵ و گردبوونەوە و ئامادەكارییەكانی بۆ دەستپێكردنی هێرشی چەتەكان بۆ سەر خاڵەكانی هێزەكەماندا، شەڕڤانان سێ ئۆپەراسیۆنی كاریگەریان ئەنجامدا و خاڵی چەتەكان لە گوندەكانی نزیكیان لە بەنداوی تشرین كردە ئامانج، لە ئەنجامدا كوژران و برینداربوونی لەناو چەتەكان هەبوو، بەڵام ژمارەیان نازانرێت. هاوكات، ئۆپەراسیۆنی دووەم لە دەوروبەری گردی “سریاتیل” ئەنجامدرا، كە لە ئەنجامدا كوژراو و برینداریش لەنێو ڕیزەكانی چەتەكان هەبوون، بەڵام ژمارەیان نازانرێت. هەروەها ئۆپەراسیۆنی سێیەم شەڕڤانانمان خاڵێكی چەتەكانی لە شارۆچكەی ئەبو قەلقالیان كردە ئامانج، لەئەنجامی كوژران و برینداربوون لەنێو ڕیزەكانی چەتەكان هەبووە، بەڵام ژمارەیان دیار نەبوو. ئەمە لە كاتێكدایە كە دەوڵەتی تورك و چەتەكانی بە درێژایی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە بەردەوام بوون لە بۆردومانی دەوروبەری بەنداوەكە، كە زیانی ماددی لێكەوتەوە. كاتژمێر ٠٧:٥٠ دوێنێ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك هێرشیان دەستپێكرد و ناوچەیەكی ڕۆژئاوای كێڵگەی ئەحمەد مونیریان لە ڕۆژئاوای كۆبانی كردە ئامانج و زیانی ماددی لێكەوتەوە.

هاوڵاتى نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر، جەختیان لەوەکردەوەوە مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان و به‌شداريى كارايان له‌ بنياتنانى داهاتووى سووريادا پارێزراوبێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، له‌ به‌رده‌واميى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2025/2/14 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. محه‌مه‌د ئه‌لخلێفى، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر، كۆبووه‌وه‌. هەر لەو ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانیەدا ئەوەش خراوەتەڕوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و سووريا به‌تايبه‌تى. هاوکات دەشڵێن هه‌ردوولا پشتگيرييان بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ سووريا دووپات كرده‌وه‌ و پرسى كورد و پێكهاته‌كانیان له‌ سوورياى تازه‌دا، خستە بەر باس. له‌مباره‌يه‌وه‌  نێچيرڤان بارزانى داكۆكى له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان و به‌شداريى كارايان له‌ بنياتنانى داهاتووى سووريادا كرده‌وه‌. په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

  وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ڕایگەیاند، ئەفسەرێکى باڵایان بە پلەى ڕائید گیانى لەدەستداوە، دواى ئەوەى حەوتى ئەم مانگە لە ڕۆژئاواى کوردستان بەدەستى هێزەکانى هەسەدە بریندراکراوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى بەرگرى، ئەو ئەفسەرە ناوى عوسمان ئۆکتایە پلەکەى لەسوپادا ڕائیدبووەو تەمەنى ٢٢ ساڵەو پێشتر لە هەرێمى کوردستان بووەو دواتر چوەتە لیبیاو چەند مانگێکە گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژئاواى کوردستان شەڕى دژى هێزەکانى سوریاى دیموکرات کردوەو ماوەى هەشت ساڵە لەڕیزەکانى سوپادایە. هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو ئەو ئەفسەرە ماوەى هەفتەیەکە لەژێر چاوێرى چڕدایە و لەنەخۆشخانەیەکى شاری غازی عەنتاب چارسەرى وەردەگرت، بەهۆى ئەوەى بەفیشەکى هێزەکانى هەسەدە بریندراکراوە، ئەو ئەفسەرە کوژراوە بەنیازبووە لە مانگی ئایارى ئەمساڵدا ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجام بدات. هەفتەى پێشووش وەزارەتى بەرگریى تورکیا، کوژرانى ئەفسەرێکى باڵاى وڵاتەکەى ڕاگەیاند، کە لەکاتى گەڕان و پشکنێکدا وەک تورکیا ناوى ناوە لەناوچەى ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵ  شەڕ دروستبووەو کوژراوە. بەیاننامەکەى وەزارەتى بەرگریى تورکیا دەڵێت: ئەو ئەفسەرە ناوى موراد کەمالەو ئەفسەرێکى باڵا بووە لە سوپاى پیادە لە ڕۆژى پێنجى ئەم مانگە لەکاتى ئۆپرسێۆن و گەڕان و پشکنیندا، بەدەستى پــ.ەکەکە کوژراوە.

  ♦️ترەمپ سوورە لەسەر راگواستنی دانیشتوانی غەززە، میسر و ئوردنیش ئەو داوایە رەتدەکەنەوە. ♦️پێشنیار کراوە ئەزموونی ژاپۆن بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەکاربهێنرێت. ئامادەکردنی: هاوڵاتی دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تەواوی جیهانی هەژاند، کاتێک رایگەیاند پلانیان هەیە دانیشتوانی غەززە بۆ هەریەک لە میسر و ئوردن بگوازنەوە. ترەمپ کە ماوەی تەنها ٢٦ رۆژە سەرۆکایەتی ئەمریکای وەرگرتووە، تا ئێستا چەندین جار ئەو داوایەی دوپاتکردوەتەوە، دواجاریش لە میانی پێشوازیکردنی لە شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن،  ترەمپ رایگەیاند، ئەمە شتێکی قورس و ئاڵۆز نییە. ئەگەر ئەمریکا کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بکات، ئەوا بۆ یەکەمجار سەقامگیری روو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئەوەش بەو واتایە دێت ترەمپ سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراستی بەستوەتەوە بە چۆڵکردنی غەززەوە. لەبەرامبەردا هەر یەک لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن جەختدەکەنەوە لەسەر گرنگی دەستبەجێ دەستکردن بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە بە بێ راگواستنی دانیشتوانەکەی. پێشتریش شای ئوردن رایگەیاندبوو، پێویستە ئەمریکا بزانێت کە وڵاتەکەی و وڵاتانی دیکەی عەرەبیش پلان و بەرنامەی خۆیان بۆ داهاتووی کەرتی غەززە هەیە. ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی خەمڵاندنێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاوەدانکردنەوەی غەززە بڕی ٥٣ ملیار دۆلاری پێویستە. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر چەندین جار رایگەیاندبوو، ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێویستی بە هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی هەیە و ئاماژەی بەوەش کردبوو، تەنیا پاککردنەوەی داروپەردووی غەززە لانیکەم 15 ساڵی پێویستە. تا ئێستاش چەندین پێشنیار بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە خراونەتەروو یەکێک لەو پێشنیارانە سوود وەرگرتنە لە ئەزموونی ژاپۆن لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بە تایبەت هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکازاکی کە بەهۆی شەڕەکە و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تەواو داروخابوون، ژاپۆنییەکانیش بۆ ئاوەدانکردنەوەیان کۆی داروپەردووی پاشماوەی شەڕەکەیان فرێدایە ناو دەریای چواردەوری وڵاتەکەیان کە ملیۆنان تۆن داروپەردووبوو، لەو رێیەوە رووبەری وشکانیان لە ژاپۆن بە رێژەی %0.5 زیاد کرد، بەناوباگترین ئەو ناوچانەش ژاپۆنییەکان لەم رێگەیەوە دروستیان کردن ناوچەی ئودیبایە لە کەنداوی تۆکیۆ و فرۆکەخانەی کانسای نێودەوڵەتی لە کەنداوی ئۆساکا. بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەش دکتۆر محەمەد سەید عەلی کە ئەندازیارێکی میسرییە و لە ژاپۆن نیشتەجێیە پێشنیاری کردووە داروپەردوی شاری غەززە کە بە هەزاران تۆن مەزەندە دەکرێت فرێبدرێنە کەناراوەکانی ئەو شارە تا لەرێیەوە بتوانرێت سنووری وشکانی پێزیادبکەن و سود لەو ئەزموونەی ژاپۆنییەکان وەرگرن. ئەو پێشنیارەش لە کاتێکدایە ترەمپ سوورە لەسەر پلانەکەی بۆ راگواستنی دانیشتوانی غەززە بۆ میسر و ئوردن، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش دژی پێشنیارەی سەرۆکی ئەمریکا وەستاونەتەوە، بۆ تێچووی ئاوەدانکردنەوەشی کە وەک نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ٥٣ ملیار دۆلاری پێویستە، تا ئێستا کەس خۆی نەکردووە بە ساحێبی و روونیە ئایا کێ دەچێتە ژێرباری هاوکاریکردنی فەلەستینییەکان لە کاتێکدا ئەگەر رێگەیان پێبدرێت ئەو شارە ئاوەدانبکەنەوە.

هاوڵاتى مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ڕەنگە دوژمنانی تاران بتوانن هێرش بکەنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە، بەڵام ئەوان ناتوانن ئێران لە توانای بنیاتنانی ناوەندی ئەتۆمی نوئ بێبەش بکەن." ئەم لێدوانانەی پزشکیان دوای ئەوە دێت کە رۆژنامەی واشنتن پۆست بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک لە هەواڵگری ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل پێدەچێت تا ناوەڕاستی ئەمساڵ هێرشی پێشوەختە بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستپێبکات. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مەسعود پزشکیان، وتی: ئەوان هەڕەشەمان لێدەکەن کە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەدەن. ئەگەر ئێوە لە سەد لەوانە بدەن، ئێمە هەزاری دیکە دروست دەکەین. دەتوانن باڵەخانەکان و شوێنەکان بکەنە ئامانج، بەڵام ناتوانن لەئەوانەی دروستی دەکەن، بکەنە ئامانج". دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ئەگەری لێدانی ئیسرائیلی لە ئێران هێنایە ئاراوە و ڕایگەیاند کە لەبری هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، پێی باشترە ڕێککەوتنیان لەگەڵ بکات. ترامپ وتی: هەمووان پێیان وایە ئیسرائیل بە هاوکاری ئێمە یان ڕەزامەندی ئێمە لێیان دەدات و بۆردومانیان دەکات، من پێم باشە ئەوە ڕوونەدات." بەڵام عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دوای قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دانوستانەکانی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ ڕەتکردەوە و وتی نە "ژیرانە" و نە "زیرەکانە"یە ئەگەر دانوستاندن بکەین و دوابەدوای ئەویش بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامیش دژی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا هاتنە دەنگ. ئیسرائیل لەم دواییانەدا دوو هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بەرپرسانی ئیسرائیل و شارەزایانی سەربازی باسیان لەوە کردووە کە هێرشی دووەم زیانی وێرانکەری بە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران گەیاندووە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئەمە ڕەتدەکەنەوە.