ــ مانگی داهاتوو ئەو زیادکرنەى موچە یفەرمانبەران جێبەجێدەکرێت ــ هەفتەى داهاتوو موچەى مانگى یەک لە سوریا خەرج دەکرێت وەزیری دارایی سوریا رایگەیاند، موچەى بەشێک لەفەرمانبەرانمان لە ٤٠٠% زیادکردوەو مانگى داهاتوو ئەو زیادکردنە جێبەجێدەکرێت. محەمەد ئەبازید، وەزیری دارایی سوریا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، دوای تەواوکردنی ڕێکخستنەوەی کارگێڕی وەزارەتەکان، لە مانگی داهاتوودا مووچەی زۆرێک لە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بە ڕێژەی 400% زیاد دەکات. تێچووی زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران بە بڕی 1.65 ترلیۆن لیرەى سوری (127 ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت و لە خەزێنەی ئێستای دەوڵەت و هاوکارییە ناوچەییەکان و وەبەرهێنانی نوێ و هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەروەت و سامانی سوریا لە دەرەوەی وڵات دابین دەکرێت. ئەو وەزیرە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەمە "یەکەم هەنگاوە بەرەو چارەسەری بەپەلە بۆ واقیعی ئابووری لە سوریا"، ئاماژەی بەوەشکرد، مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بۆ ئەو مانگە لەم هەفتەیەدا خەرج دەکرێت. لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، بەسیل عەبدول حەنان، وەزیری ئابوری لە حکومەتی چاودێر، بە کەناڵی جەزیرە نێتی ڕاگەیاندبوو، دوای ئەوەی ڕژێمی پێشوو دەوڵەتێکی ڕووخاو لە هەموو سێکتەرەکاندا بەجێهێشت، بەتایبەتی کەرتی ئابوری، لە هەموو بوارەکاندا، حکومەتەکەی ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە کە بە بنەمای بنیاتنانی دەوڵەت و هێزەکەی دادەنرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، قەبارەی ئەو گەندەڵییەی کە دەسەڵاتی لابراو بەجێی هێشتووە زۆر لەوە زیاتر بووە کە چاوەڕوان دەکرا، جگە لە شلبوونەوەی ئیداری لەگەڵ بێکاریی پۆشراو و یاسا و سیستەمی نوێ کە گەندەڵی بە یاسایی کردووە، “بۆیە ئێمە لە قۆناغی هەڵسەنگاندنی واقیع و داڕشتنەوەی ئابووریی هەبووداین دامەزراوەکان”.

  ــ تمەنى ئێرانى و لیرەى سورى یەکەم و دووەمن ــ بەهۆى گرژییەکانی سوریاوە پێدەچێت تمەن و لیرە زیاتر دابەزن ڕیزبەندی هەرزانترین و خراپترین دراوەکانى جیهان، بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە ساڵی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، کە چەند وڵاتێکى عەرەبى تێدایە لەوانە لیرەى لوبنان و لیرەى سورى و تمەنى ئێرانى لەڕیزبەندیەکەدا دەبینرێن.   1. لیرەى لوبنانی ساڵی ڕابردوو یەکێک لە خراپترین ساڵەکان بوو بۆ لیرەى لوبنانى، نرخی دۆلار بە ڕێژەی نزیکەی 500% بەرزبووەوە و گەیشتە 89.56 هەزار لیرە بەرامبەر بە دۆلار. سندوقى دراوى نێودەوڵەتى، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤دا ڕایگەیاند کە ڕێوشوێنە سیاسەتییەکان کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی لوبنانەوە گیراوەتەبەر سیاسەتی دارایی توند و تۆڵ و هەنگاونان بەرەو یەکخستنی نرخی ئاڵوگۆڕکردن و سەقامگیرکردنی ڕێژەی پارە. 2. تمەنی ئێرانی دوای دابەزینی بەهای لیرەى لوبنانی، تمەنی ئێرانی کە ساڵانێک هەرزانترین تمەن بوو لە جیهاندا، بووە بە دووەم، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو سنووردارکردن و سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە لە دوای کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٥دا. لە ماوەی ساڵی 2024، نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە تمەن نزیکەی 0.21% بەرزبووەوە، بەهۆى گرژییەکانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێدەچێت تمەنی ئێرانی زیاتر بەرەو دابەزین بڕوات. 3- دۆنگی ڤێتنامیی دۆنگی ڤێتنامی (VND) بووەتە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان لە ئەنجامی سنووردارکردنی هەناردەکردنی دەرەکی، کە قەبارەکەی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وایکردووە بانکی ناوەندی ڤێتنام بەهای دراوەکە دابەزێنێت بۆ ئەوەی توانای کێبڕکێی هەناردەکردن بەرز بکاتەوە. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، دۆلار بەرامبەر دۆنگی ڤێتنامی بە ڕێژەی نزیکەی 4.46% بەرزبووەتەوە و ساڵەکە بە 25.46 هەزار دۆنگ بەرامبەر دۆلار کۆتایی پێهاتووە. 4- لیۆنی سیرالیۆنی سیرالیۆن بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کاریگەری لەسەرە، لەوانە ئاستی بەرزی قەرزو هەڵاوسان، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری، کاریگەری درێژخایەنی قەیرانە تەندروستییە گەورەکانی وەک بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا. نرخی دۆلار بەرامبەر بە لیۆن نزیکەی 1.43% بەرزبووەوەو گەیشتە 22.79 هەزار لیۆن بۆ هەر دۆلارێک. 4- کیب لاوی لاو کیپ (LAK) لە لاوازترین دراوەکانی جیهانە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کە بریتین لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری و زیادبوونی قەرزی دەرەکی. لە ساڵی 2024 نرخی دۆلار بەرامبەر بە کیب بە ڕێژەی نزیکەی 6.44% بەرزبووەوە و 21.82 هەزار کیبی تۆمارکرد. 6. ڕوپیەی ئەندەنوسیا ئەندەنوسیا زۆر پشت بە هاوردەکردنی کاڵاو کەرەستەی خاو دەبەستێت، لەنێویاندا نەوتی خاو، بۆیە لەنێو ئەو وڵاتانەدا بووە کە زۆرترین کاریگەری شەپۆلی هەڵاوسانی جیهانی لەسەرە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و ناردنی پارەی هاوردەکردن بەرزبووەتەوە و کورتهێنانی بازرگانی وڵاتەکەی قووڵتر کردووەتەوە. لەسەر بنەمای ساڵانە نرخی دۆلار بەرامبەر بە ڕوپیەی ئەندەنوسیا بەڕێژەی 4.86% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 16.22 هەزار دۆلار. 7. لیرەی سوری سەرەڕای باشتربوونی لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵدا دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، بەڵام ئاستی 13 هەزار لیرەی سوری بەرامبەر بە دۆلار وەک یەکێک لە نزمترین نرخی دراو لە جیهاندا دەمێنێتەوە لەبەر ڕۆشنایی شەرو ئاژاوەکانى ئەو وڵاتە لە ژێر کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ململانێکە زیاتر لە ١٤ ساڵە بەردەوامە. 8. سۆم ئۆزبەکی سۆم ئۆزبەکستانییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، ئەمەش بەهۆی هۆکارەکانی وەک بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، بەرزی هەڵاوسان، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری، کێشەکانی گەندەڵی. لەسەر بنەمای ساڵانە، دۆلار بەرامبەر سۆم بە ڕێژەی 4.59% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 12.9 هەزار لیرە. 9. فرانکی کینیا فرانکی کینیا دوای ململانێکانی ئەو وڵاتە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە دابەزین کرد و بەهۆی هۆکارەکانی وەک نائارامی سەربازی و هەڵاوسانی بەرزەوە، دراوەکە بە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان مایەوە. لەڕووی ئەدای ساڵانە نرخی دۆلار بەڕێژەی 1.61% بەرامبەر بە فرانکی کینیا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 8,645 هەزار فرانک. 10. گواریانی پاراگوای دراوی پاراگوای، گوارانی، بەدەست هەڵاوسانی بەردەوام و بێکارییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان، لەگەڵ گەندەڵی بەربڵاو و پارەی ساختە. لەسەر بنەمای ساڵانە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دراوەکە بە ڕێژەی 7.55% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 7.8 هەزار گوارانی بۆ هەر دۆلارێک.

هاوڵاتى ــ بڕیارەکە ئەوە بوو "نابێت هیچ کامیان بە زیندووی دەربچن" ــ لە ماوەی ١٠ چرکەدا پرۆسەکە تەواو بوو، بیناکان داڕما ــ ئەو ڕێگایانەش بۆردومان دەکرا کە گومانى هەڵهاتنیان لێ دەکرد رۆژنامەى شەرق ئەوسەت لەژمارەى ئەمرۆیدا ئاشکرایکردوە کە سانسۆری سەربازی ئیسرائیل، ڕێگەی بە بڵاوکردنەوەی زانیاری نوێیدا سەبارەت بە کوشتنى ح.ەس.ەن ن.ەس.ر.و.ڵڵا سکرتێری گشتیی پێشووی حزبوڵاى لوبنان. بەپێى ئەو زانیارانەى رۆژنامەکە بڵاویکردونەتەوە، چەند ڕۆژێک بەر لە کوشتنى، چەندین ڕاپۆرت لەسەر ئاستى باڵا، سەبارەت بە شوێن و جموجۆڵەکانی گەیشتوونەتە تەلئەبیب. ئیسرائیل، بە ١٤ موشەک هەڵیان کوتاوەتە سەر ئەو بینایانەی کە چووەتە ناو تونێلەکانیانەوە ، تەنانەت ئەو ڕێگایانەشیان کردوەتە ئامانج کە گومانى هەڵهاتنیان لێکردوە، ئەوەش ئاشکرا کراوە ئەو بۆردومانانە چەند ڕۆژێک بەردەوام بووە تا ڕێگری لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی ڕزگارکردن بۆ خۆی یان هاوەڵەکانی ئەنجامبدرێت. سەرچاوە ئەمنییەکان لە تەلئەبیب ئاماژە بەوە دەکەن کە بەدواداچون بۆ کوشتنى نەسروڵا لە (بەشی هەواڵگری سەربازی سوپای ئیسرائیل) و مۆساد بە ماوەیەکی کەم لە دوای شەڕی ٢٠٠٦ دەستیپێکردووە، بەڵام لەو کاتەدا بڕیاری سیاسی لەو بارەوە نەدراوە. بەپێى ناوەرۆکى ئەو زانیانەى شەرق ئەوسەت، بڵاویکردوەتەوە کاتێک نەسروڵا بڕیاریداوە بچێتە پاڵ بزووتنەوەی حەماس لەو کارەی کە ناوی لێنابوو "جەنگی پشتیوانی غەززە"، پلانی تیرۆرکردنەکە دەستی پێکردوە، بەڵام بڕیاردرا بەلاڕێدا ببرێت و ئەو بیرۆکەیە وا بخرێتە روو کە ئیسرائیل بەنیازی ئەوە نییە شەڕەکە لەگەڵیدا فراوانتر بکات. چەند ڕۆژێک پێش کوشتنەکەى، نەک تەنها لە ڕێگەی تونێلەکانەوە، بەڵکو بە جوڵەکردن لە سەرووی زەویەوە، شوێنی وردی ئەویان دیاری کردبوو. چاوەڕوانیان دەکرد بگاتە ئەو بارەگایەی کە دەکەوێتە قووڵایی ژێر زەوی لە ژێر کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون کە پێکهاتووە لە ٢٠ بینای گەورەو بەیەکەوە گرێدراو، لە گەڕەکێکی ئاست بەرز لە گەڕەکی باشووری شار، کە دارستانێکی دار لە ڕۆژئاوای هەیە، و بڕیاریان دا کە ئەمە دەرفەتێکە بە دەگمەن دووبارە دەبێتەوە. لە ماوەی ٤ ڕۆژدا لە بەرزترین ئاستدا چاودێری جموجۆڵەکانی نەسروڵا کرا، فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی کە ئەرکی جێبەجێکردنییان پێسپێردرابوو، بەشدارییان تێدا کرد. دوا دانیشتنی لێکۆڵینەوەش خودی نەتانیاهۆ ئامادەی بوو. فەوجێکی فڕۆکە ئامادەکرا، هەروەها ١٤ فڕۆکەی جەنگی چەک و تەقەمەنییان پێدرا، کە ٨٣ موشەکیان هەڵگرتبوو کە کێشیان ٨٠ تەن بوو. لە ماوەی ١٠ چرکەدا پرۆسەکە تەواو بوو، بیناکان داڕما و چاڵێکی زەبەلاح و قووڵ لە شوێنەکەدا هەڵکەندرا، ئەگەری دەرچوون بۆردومان کران بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەتوانێت هەڵبێت. بۆردومانەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕانەگیراو ڕێگری لە چالاکی هێزەکانی فریاگوزاری و فریاکەوتنی لوبنان کرد. بڕیارەکە ئەوە بوو: "نابێت هیچ کامیان بە زیندووی دەربچن".

هاوڵاتى ــ تورکیا بە فڕۆكەی جەنگی هێرشى کردە سەر كارگەی شەكر لە دێرحافەر ــ تورکیاو چەتەکان هەوڵدەدەن لە بەرەی شەڕی بەنداوی تشرین پێشڕەوی بکەن ــ ئەو هێرشانە بە پشتیوانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانى تورکیا ئەنجام دەدێن   ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە ئاماری شەرو پێکدادانەکانى بڵاوکردەوەو رایگەیاند، هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی منبج تێکشکێندراون و ١٣ چەتەش کوژراون. ناوەندەکە ئەوەى خستوەتەڕوو، دەوڵەتی تورکیاو چەتەکانی هەوڵدەدەن لە بەرەی شەری بەنداوی تشرین و هەرێمەکانی باشوری رۆژهەڵاتی منبجەوە پێشڕەوی بکەن، بەڵام هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی منبج، سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندون. بەپێى راگەیەندراوەکە ئەو هێرشانە بە پشتیوانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدران، لە ئاکامیشدا زیانی گیانی زۆر بەر چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا کەوت. قەسەدە ئەوەى ئاشکرا کردوە، گروپە چەکدارەکانى تورکیا، هێرشیانكردوەتە سەر كێڵگەی “ئەبو سەعید” و شەڕڤانانان هێرشەکەیان تێکشکاندوە پێنج لەو چەکدرانە كوژراون. راگەیەندراوەکە باسى لەوەکردوە یەكەكانی شەهید هارون ١٣ خاڵ و پێگە و ئۆتۆمبێلی دوژمنیان لە ناوچەكە كردوەتە ئامانج، لە نزیک شارۆچکەی دێر حافەر؛ هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، تورکیا كارگەی شەكری لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی دێرحافەر، بە فڕۆكەی جەنگی كردە ئامانج و بەوهۆیەوە بەشێكی گرنگی كارگەكە لەناوچووە.

ــ قائانى لە سەردانەکەیدا ژمارەیەک لە ڕاوێژکارەکانی سوپای قودسى لەگەڵدایە ــ لەگەڵ سەرکردەی گروپە چەکدارە شیعەکان و شیاع سودانى کۆدەبێتەوە ــ پەیامێک لەسەر هەرەشەکانى ئەمریکا دەگەیەنێتە گروپە چەکدارە شیعەکان سەرچاوەیەکى ئێرانى بەماڵپەرى ئیرەم نیوزى راگەیاندوە، ئیسماعیل  قائانی بەسەردانێکى کتوپر گەیشتوەتە بەغدا، بڕیارە لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و ژمارەیەک بەرپرسى سیاسى و گروپە چەکدارەکان کۆببێتەوە. ماڵپەرەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، لەسەر زارى سەرچاوەیەکی باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە ئەوەى ئاشکرا کردوە، فەرماندەی فەیلەقی قودسى سوپای پاسداران، ئیسماعیل قائانی، سەرلەبەیانى ئەمرۆ گەیشتوتە بەغدای پایتەختی عێراق، بۆ دیدار لەگەڵ سەرکردەی گروپە چەکدارەکانی شیعە. ئەو سەرچاوەیە، ڕوونیکردەوە، کە "قائانى لەو سەردانەیدا ژمارەیەک لە ڕاوێژکارەکانی سوپای قودسى لەگەڵدایە، بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی گروپە چەکدارە شیعەکان کۆببنەوە، پاشان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە، دوای ئەوەش دیدارێکى لەگەڵ فالح فەیاز هەیە. بەپێى وتەى سەرچاوە ئێرانیەکە، قائانی پەیامێک دەگەیەنێتە سەرۆکی گروپە چەکدارەکان، کە پێشهات و فشارەکانی ئەم دواییە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر حکومەتەکەی سودانی خراوەتەسەری، داواش دەکات و هانیان دەدات ڕێککەوتن لەگەڵ سودانی ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی خۆیان لێ بەدوور بگرن هەر هێرشێکی ئەگەری ئەمریکا یان ئیسرائیل لە عێراق بۆ سەر ئەو گروپانە.   سەردانەکەى ئیسماعیل قائانى لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی چوارشممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانى عێراق سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات. بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی، لە سەردانەکەیدا بۆ تاران پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتیی بەهێزکردنیان تاوتوێ دەکات.

هاوڵاتى ــ سوپای پاسداران مانۆڕێک لە کرماشان، پاوە جوانڕۆ ئەنجامدەدات   ــ چەک و کەرەستەی نوێ و توانای هێزەکانی بەسیج تاقى دەکەنەوە ــ هەڵبژاردنی ئەو شارانە بۆ ئەوەیە کە ناوچەیەکی سنوورییە سوپای پاسداران، بۆ ماوەى هەفتەیەک مانۆڕێکى گەورەو فراوان لەسنورى رۆژهەڵاتى کوردستان ئەنجامدەدات بەتایبەتى لە کرماشان، پاوە جوانڕۆ، سەلاس باباجانی و چەند ناوچەیەکى تر، فەرماندەیەکى سەربازیش جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە لەو مانۆڕەدا چەک و کەرەستەی نوێ و هەروەها تواناکانی هێزەکانی بەسیج تاقى دەکەنەوە. سەردار عەزیمى، فەرماندەی بارەگای ناوچەیی نەجەفى ئەشرەفی سوپای پاسداران، ئەمرۆ شەممە لەکاتى دەستپێکردنی ئەو مانۆرەدا بە ئاژانسى میهرى وتووە، قۆناغی یەکەمی مانۆڕەکە لە پارێزگای کرماشان دەبێت و دواتر نزیک دەبنەوە لە ناوچەکانى سەر سنووری عێراق. ئاژانسەکە بڵاویکردەوە، ئەم مانۆڕانە کە بە بەشداریی فیرقە و یەکەکانی تایبەتمەندی هێزی زەمینی سپای پاسداران لە ناوچەی ڕۆژئاوای وڵات ئەنجام دەدرێن، سیناریۆی ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی خێرا جێبەجێ دەکەن. ئەو فەرماندە سەربازیەى سوپاى پاسداران ئاماژەی بەوەشکردوە، مەشقەکان بریتین لە گواستنەوەی خێرای هێزو کەرەستە بۆ ناوچەی مانۆڕ، کە تیایدا لیوای "میرزا کوچاک خان" قۆناغی یەکەمی ئەو ئۆپەراسیۆنانەیان ئەنجامداوە، لە فڕۆکەخانەی ڕەشتەوە تا فڕۆکەخانەی کرماشان. لەبارەى هۆکارى هەڵبژاردنى ئەو ناوچانە ڕایگەیاند: هەڵبژاردنی شاری سەلاس باباجانی سەر بە پارێزگای گەیلان وەک شوێنی ئەم قۆناغەی مانۆڕەکان دەگەڕێتەوە بۆئەوەى کە ناوچەیەکی سنوورییە کە لە ڕابردوودا شایەتحاڵی شەڕی ئێران و عێراق بووە، هەروەها لەو قۆناغانەدا دوژمنان هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ئاسایشى ناوچەکە دەدەن.

  نوری مالیکی سەۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: روداوەکانی سووریا سەرەتایەکە بۆ بەردەمیدان بە دابەشکرنی وڵاتانی ناوچەکە و دروستکردنی وڵاتی بچوک و لاواز. ئەوەش پێچەوانەی لێدوانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو کە بەدووری زانی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سووریا کاریگەری بۆ سەر عێراق هەبێت. بە گوتەی مالیکی دوژمنان هانی لاوان دەدات بۆ کاری تێکدەرانە

  ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عێراقییەوە ڕایگەیاندوە، محەمەد شیاع سودانی لە میانی سەردانە چاوەروانکراوەکەی بۆ تاران چەندین دۆسییەی گرنگی ناوخۆیی و ناوچەیی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێ دەکات. ڕۆژنامەکە ئاشکراشی کردوە یەکێک لەو بابەتانەی بڕیارە سودانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێی بکات، دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە لە عێراق.  ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردوە: سودانی پەیامی هۆشداری ئەمریکاش دەگەیەنێت بە تاران کە لەم دوایانەوە لە لایەن دۆناڵد تڕەمپ گەیەندراوە بە سەرۆک وەزیرانی  عێراق.  ئەوەش لە کاتێکدایە ئه‌مڕۆ له‌میانی وتارێكدا لە بەغدا سودانی ڕایگه‌یاند: هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە گۆڕانکاری و چاکسازیان بەسەردا بسەپێنێت.

  ــ لە یادی دەیەمین ساڵیادی هێرشەکەدا، گۆڤارەکە ژمارەیەکی تایبەتی ٣٢ لاپەڕەیی بڵاودەکاتەوە. ــ سەرنووسەری گۆڤارەکەش دەڵێت: ئەوان نه‌یانتوانى شارلى ئیبدۆیان بكوژن سه‌رپه‌رشتیارانى گۆڤاری تەنزی (شارلی ئێبدۆ)ى فه‌ره‌نسى، ئاماده‌كارى ده‌كه‌ن بۆ یادى 10ساڵه‌ى ئه‌و روداوه‌ى كه‌ تیایدا 12 كه‌س كوژران، سەرنووسەری گۆڤارەکەش دەڵێت: ئەوان نه‌یانتوانى شارلى ئیبدۆیان بكوژن، دەمانەوێت هەزار ساڵ بخایەنێت و به‌رده‌وامبێت. به‌هۆی دروستكردنی كاریكاتێر لەسەر پێغەمبەری ئیسلام (محەممەد د.خ)، لە رۆژی 6-1-2015 لە لایەن ئیسلامییە تووندئاژۆکانەوە، هێرشكرایە سەر گۆڤاری تەنزی (شارلی ئێبدۆ)ى فه‌ره‌نسى و بە هۆیەوە 12 کەس کوژران، بەڵام لە یەكەم ژمارەی گۆڤارەكە لە دوای هێرشەكەدا، جارێكی دیكە لە بەرگی یەکەمی گۆڤارەكە كاریكاتێری پێغەمبەر بڵاوكرایەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی زۆری لەنێو موسڵمانان لێكەوتەوە. لە یادی دەیەمین ساڵیادی هێرشەکەدا، گۆڤارەکە ژمارەیەکی تایبەتی ٣٢ لاپەڕەیی بڵاودەکاتەوە. جیرارد بییارد، سەرنووسەری گۆڤارەکە قسه‌ى بۆ ئاژانسی فرانس پرێس كردوه‌و ده‌ڵێت ئەوان شارلی ئیبدۆیان نەکوشتووە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فه‌رنسا، لەدواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، جەختی لەوە کردبووەوە کە ساڵڕۆژی ئەم دواییەی هێرشەکانی ساڵی 2015 ئەوەمان بیردەخاتەوە کە مەترسییەکان هەر ماون و هەرگیز نابێت لە خەباتی خۆمان بۆ پاراستنی فەرەنسییەکان و بەرگریکردن لە ئازادییەکانمان دەستبەردار بین. گۆڤارەکە لە ساڵی ٢٠١٥دا فرۆشی ژمارەیەکی پێوانەیی بەدەستهێنا، کاتێک دوای هێرشەکە ٨ ملیۆن دانە لەو ژمارەیەی فرۆشت و لە مانگی شوباتی ٢٠١٥دا ٢٤٠ هەزار ئابونەی وەرگرت، ئەمڕۆ ژمارەی بەشداربووانی گۆڤارەکە ٣٠ هەزار تێدەپەڕێنێت، لەکاتێکدا ٢٠ هەزار دانە لە ژمارەکانی دەفرۆشێت.

  ــ لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی سەرکەوتوودا پێنجشەممه‌ى رابردوو ئەنجامدراوه‌. ــ لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر چه‌ند چەک و بەڵگەنامەیه‌كدا گیراوە   هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکه‌وه‌، توانیویانه‌ حه‌وت بەکرێگیراوی داعش  لە ڕۆژهەڵاتی شاری دێرەزوور دەستگیربكه‌ن. ئەمڕۆ شه‌ممه‌ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ستگیركردنى ئه‌و حه‌وت كه‌سه‌ى ئاشكراكردووه‌. تەواوی بەشی رۆژئاوا و حەوت گوندی رۆژهەڵاتی دێره‌زوور لە ژێر کۆنترۆڵی حكومه‌تى كاتى سوریادایه‌، بەشی رۆژهەڵاتیش لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایەو هێزەکانی ئەمریکای لێ جێگیرن. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئه‌وه‌شیان راگه‌یاندووه‌، هێزەکانیان بە هاوکاریی دەزگای ئاسایشی گشتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیان حەوت ئەندامی شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستگیر بکەن، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی سەرکەوتوودا کە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممه‌ى  رابردوو ئەنجامدراوه‌. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئاماژەیان بەوەدا لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر چه‌ند چەک و بەڵگەنامەیه‌كدا گیراوە کە لەبەردەستیاندا بووە، هەروەها ڕەوانەی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی کراون بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییە پێویستەکان پێش ئەوەی بخرێنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری. ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانه‌ بۆ بەدواداچوونی پاشماوەی تیرۆرو پاککردنەوەی ناوچەکە لە هەڕەشە ئەمنییەکان بووە. پارێزگای دێرەزوور، زۆرینە عەرەبە، دەکەوێتە سەر سنووری عێراق، بە سەرچاوەی سرووشتی دەوڵەمەندە و رووباری فورات دەیکات بە دوو بەشەوە.

نیسان زایر ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە فەرمی داوای لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە لێپێچینەوە لە عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق بکرێت دوای رادەستکردنەوەی سەلمان خالیدی ئۆپۆزسیۆنی کوەیتی بە وڵاتەکەی. زایر دەشڵێت ئەو کارەی وەزیری ناوخۆی عێراق کردویەتی پێچەوانەی دەستوورە بە تایبەت ماددەی (٢١ / دووەم) کە رێگە نادات پەنابەری سیاسی رادەستی وڵاتەکەی بکرێتەوە. وەزارەتی ناوخۆی کوەیت بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە 4 ی کانوونی یەکەم دوای هەوڵدانی بۆ داخڵبوونی خاکی عێراق، سلێمان خەلیدی لە پارێزگای بەسرە دەستگیرکرا، رادەستی وڵاتەکە کرایەوە. ئاشکراشیکرد، ناوبراو 11 فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە و لە ناوخۆی کوەیت بڕیار لە چارەنووسی دەدرێت. سلێمانی خالیدی، تەمەن 41 ساڵان، بە کەسایەتییەکی دژ بە حکومەتی کوەیت ناسراوە، پێشتر چەندین تۆمەتی ئاڕاستەکراوە و بەهۆیەوە رەگەزنامەی وڵاتەکەی لێسەندراوەتەوە

  به‌پێى ئامارێك كه‌ ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ ته‌نها له‌ساڵى رابردوودا (2024) ٥٦٣ میلیشیای ئێرانی و لایەنگری ئێرانی لە ڕەگەزنامەی سوری و عێراقى و ئه‌فغانى و نه‌ته‌وه‌كانى تر كوژراون. میلیشیاکانی ئێران لە ساڵی 2012 وە تا ڕووخانی ڕژیمى به‌شار ئه‌سه‌د له‌ لە 8ی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردووی 2024 لە سوریا جێگیر کرابوون. روانگه‌ى سورى ده‌ڵیت دیارترینیان ئه‌و هێزانه‌ى له‌سوریا جێگیركرابوون، بریتى بوون له‌ سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان،  جگە لە میلیشیاکانی نەتەوە جیاوازەکانى وەک لیوای فاتمیونی ئەفغانستان، لیوای زەینەبیونی پاکستانی، لیوای ئەبوفه‌زل عەباسی عێراقی،  لیواکانی حزبوڵڵای عێراق، عەسائیب ئەهلی حەق، هێزەکانی محەممەد باقر سەدر، لیوای ئیمام حسێن، لیوای ژو الفقارو لیوای قودسی فەلەستین. به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئه‌وانه‌ى كوژراون له‌سوریا به‌مجۆره‌بوون  188 كه‌سى ڕەگەزنامەی به‌ده‌ر سوری لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج -لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا ١٦٤ هاوڵاتی سوریا کوژران - 73 بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی - 44 کەس کە زۆربەیان خەڵکی سوریان، لەلایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیەوە کوژراون. - 40 سوری لە تیرۆرکردندا - کوژرانی 22 هاوڵاتی سووری لەلایەن گروپه‌ جیهادییەکانەوە - 21 لە تێکهەڵچووندا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات - 4 سووری لە تەقینەوەدا کوژراون - 3 عێراقی بە تەقە کوژراون

عالیە نسەیف ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: حکومەتی عێراق نزیکەی ٥٠ ملیار دیناری لە تێوەگلاوانی دزی سەدە وەرگرتووەتەوە.  دەشڵێت پرۆسەکانی ریشەکێش کردنی گەندەڵی ئەوانەش دەگرێتەوە کە دۆسیەی مڵک و ماڵیان ساختەکردووە.   ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند: زۆرینەی وەزارەت و پارێزگاکان لیژنەی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ بەرگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.

ــ رێگە بە قسەکردن لە بارەی گۆڕینی سیستمی سیاسی نادەین له عيراق عێراق پەرۆشە بۆ یارمەتیدانی گەلی سوریا بۆ تێپەڕاندنی ئەو هەلومەرجە سەختە   سەرۆک وەزیرانی عێراق، جارێكى تر جەختی لەوە کردەوە کە عێراق دەستوەردان لە کاروباری سوریا ناکات، هەمان هەڵوێستی پێشووى نوێکردەوە. ئه مڕۆ شه‌ممه له به یاننامه کانیدا محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، ڕوونیکرده وه ، حکومه‌ته‌که‌ی له‌سه‌ره‌تای ڕووداوه‌کانی سوریاوه ویستی وابووه‌ لایه‌نگری هیچ لایه‌ن و گرووپێک نه‌بێت و هه ڵبژاردن بۆ سورییه کان جێبهێڵێت بۆ بڕیاردان له چاره‌نووسی خۆیان. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت وڵاتەکەی (عێراق) ڕزگارکردووە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، لەوەی ببێتە گۆڕەپانی شەڕ. ئەو پێیوابوو کە ناوچەکە زیاتر لە ساڵێکە شایەتحاڵی پێشهاتە گرنگ و سەرەکییەکان بووە کە لە ئەنجامدا گۆڕانکاری سیاسی کاریگەر بووە، دیارترینیان لە سوریا. سودانى ئاماژەی بەوەشکردوه‌ کەسانێک هەن هەوڵیانداوە گۆڕانکارییەکان لە سوریا بەیەکەوە ببەستنەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر گۆڕینی سیستەمی سیاسی عێراق بکەن، ئەمەش شتێکە کە جێگەی گفتوگۆ نییە. سەرۆک وه‌زیرانى عێراق جەختی لەسەر پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ یارمەتیدانی گەلی سوریا بۆ تێپەڕاندنی ئەو هەلومەرجە سەختە، بە پاڵپشتیکردنیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لە چوارچێوەی ڕێبازێکی دادپەروەرانەی دیموکراسی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بپارێزێت. لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری پێشووی سوریاو دەستبەسەرداگرتنی کاروباری سوریا لەلایەن ئیدارەیەکی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع (سەرۆکی تەحریر شام)، هاوکات حەزی خۆی بۆ پاراستنی سنوورەکان ده‌بڕى به‌تایبه‌تى عێراق.

ــ بەشار هانای بۆ ئێران برد تا نەوت هەناردەی سوریا بکات ــ بەشار پشتی بە ماددەهۆشبەرەکان و تیرۆر دەبەست بۆ بەدەستهێنانی داهات   عەبدولرەحمان راشد نوسەر و رۆژنامەنووسی گەورەی عەرەب، لە نوێترین وتاریدا کە لە ژمارەی ئەمرۆی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاوکراوەتەوە، رۆشنایی خستوەتە سەر ساڵەکانی کۆتایی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدو سەرچاوەی داهاتی ئەو وڵاتە کە ماددە هۆشبەرەکان گەورەترین سەرچاوەی داهاتیبووە.  عەبدولرەحمان راشید دەڵێت: دوای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات زۆرینەی کێڵگە نەوتییەکانی کۆنترۆڵ کرد بەشار هانای بۆ ئێران برد تا نەوت هەناردەی سووریا بکات.   دەشڵێت: دوای وشکببونی سەرچاوەی داهاتیش بەشار پشتی بە ماددەهۆشبەرەکان و تیرۆر دەبەست بۆ بەدەستهێنانی داهات و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.  هەر لە وتارەکەیدا عەبدولرەحمان راشید دەڵێت بەشار ئەسەد خۆشی هەرگیز نکۆڵی لەو جۆرە بازرگانییە نەکردووە و لە ناوەندە دیبلۆماتیەکان وەک کارتی فشار بەکاریدەهێنان.