ئەمریکا هێرشی تۆڵەی لە تاریکی شەودا دەستپێکرد

2 كاتژمێر لەمەوپێش



واشنتن هەڕەشە دەکات و دەڵێت بەردەوام دەبین

ئامادەکردنی هاوڵاتی

کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی 20ـی 12ـی 2025ـە، چەند فڕۆکەیەکی ئێف-15، ئەی-10 و هەلیکۆپتەری ئەپاچی ئەمریکا بەرێدەکەون بەرەو سێ ناوچەی سوریا. لەماوەیەکی کەمدا بۆردومانێکی سەخت دەکەن و دەگەڕێنەوە پێگەکانی خۆیان. 

ئەمە ئەو ئۆپەراسیۆنە بوو ئەمریکا دژی موڵگەکانی داعش لە سوریا ئەنجامیدا و ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، بەهاوبەشی لەگەل ئوردن 70 پێگە و ژێرخانی داعشیان بەئامانجگرت. 

ئەو ناوچانەی بەئامانجگیران لەنزیکی شاری دێرەزوور، حومس و رەققە بوون. هێرشەکان لە تۆڵەی کوژرانی ئەو دوو سەربازە ئەمریکییە و وەرگێڕەکەی سوپای ئەمریکا بوو کە هەفتەی رابردوو بەدەستی چەکدارێکی داعش کوژران. 

پێشتر سوریا دانی بەوەدا نا ئەو چەکدارە لە ریزەکانی هێزەکانی ئاسایشی گشتیی سوریا بووە و ئاژانسی فرانس پرێسیش لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە گوتی، ئەو چەکدارە ماوەی 10 مانگە لە ریزەکانی ئاسایشی گشتیی سوریا دامەزراوە. 

هێرشەکەی ئەمریکا هێشتا تەواو نەبووبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیامێکی تووندی نارد و هەڕەشەی کرد. ترەمپ گوتی: لەئێستادا تۆڵەیەکی تووند لەوانە دەکەینەوە کە بەرپرسیارن بەرامبەر کوشتنی سەربازەکانمان، هەموو ئەو تیرۆریستانەی بوێری ئەوەیان هەیە هێرشبکەنە سەر ئەمریکا ئەم هۆشدارییەیان پێدەدەم: بەتووندتر لێتان دەدەین بەراورد بە هێرشەکانی پێشوومان ئەگەر بە هەرجۆرێک لە جۆرەکان هەڕەشە بکەن یان هێرشبکەنە سەر سەربازانی ئەمریکا.

ترەمپ ئەوەیشی گوت کە هێرشەکە بە ئاگاداری حکومەتی سوریا بووە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، پاڵپشتی تەواوی بۆردومانەکەی کردووە. پێگەی ئاکسیۆس ئاشکرایکرد، پێش بۆردومانەکە واشنتن ئیسرائیلی لە ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادارکردووەتەوە. 

پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکاش قسەی خۆی هەبوو. هێگسس لە راگەیاندراوێکدا گوتی، ئامانج لە بۆردومانەکە لەناوبردنی چەکدارانی داعش، ژێرخان و پێگەی چەکەکانی گرووپەکە بوون. وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی: ئەمە دەستپێکی جەنگ نییە، بەڵکو راگەیاندنی تۆڵەیە، ئەمڕۆ دوژمنەکانمان ڕاوکردن و بەشێکی زۆریان بەدەستی ئێمە کوژران، بەردەوامیش دەبین.

بەهۆی ئەوەی هێرشەکە لە بەشێک لە ناوچەکانی نزیک لە دەسەڵاتی هەسەدە ئەنجامدران، فەرماندەیی هەسەدە ستایشی ئۆپەراسیۆنەکەی کرد و لە راگەیاندراوێکدا گوتی: ئەم پشتگیرییە بەردەوامە ئاسمانییە هۆکارێکی یەكلاكەرەوەیە بۆ رێگریکردن لە داعش بۆ ئەوەی نەتوانێت دووبارە شانەكانی رێکبخاتەوە و چالاکییە تێکدەرەکانی دەستپێبکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار