ئەردۆغان بەفەرمی بانگهێشتی عێراق دەكرێت
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مستەفا کازمی بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای کرد بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، فوئاد حسین، وەزیری دەرەوە سەردانی تورکیای کردوە و نامەیەکی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی رادەستی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کردوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی وڵاتانی دراوسێی عێراق.
بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە بەئامادەبونی سەرۆک و کەسی یەکەمی وڵاتانی دراوسێی عێراق، بەئامادەبونی بەرپرسانی باڵای قەتەر، ئیمارات و میسر کۆنگرەی وڵاتانی دراوسێی عێراق لەبەغدا بەڕێوەبچێت.
حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش کوبونەوەی لوتکەی عێراق، ئوردن و میسری لەبەغدا بەڕێوەبرد و لەسەر پرۆژەی شامی نوێ رێککەوتن، هەروەها کۆنگرەی وڵاتانی دراوسێی عێراقیش دەچێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی عەرەبی و هەرێمی.
