فارس عیسا: پۆستی سەرۆککۆمار مافی پارتییە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
دوو رۆژە شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان لە بەغدایە. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، بەپێی شایستەی هەڵبژاردن، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق مافی پارتییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025، فارس عیسا، ئەندامی شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''دوو رۆژە زنجیرەیەک دیدارمان لەگەڵ سەرجەم برادەرانی شیعە، سوننە، بەڕێزان سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و هەروەها کەسایەتییەکانی دیاری گۆڕەپانی سیاسی کردووە.''
شاندی پارتی لە بەغدا لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، سەردانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسری، لە دوای کۆبوونەکە، سەرۆکی نۆینەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی: دەبێت حکوومەتی داهاتووی عێراق، حکوومەتی هەمووان بێت و جیاوازیی لە نێوان پێکهاتەکاندا نەکات.
چوارشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2025، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بۆ پێکهێنانی حکوومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، کێشەمان نییە، بەڵکوو ئەوە پرۆسەیەکی سیاسییە و دەبێ بەگوێرەی وادە دەستوورییەکان جێبەجێ بکرێت و هەمووان پابەندی بنەماکانی دەستوور بین.
عەبادی، گوتیشی: هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆ دەبێتەوە و هیوادارین سەرۆک و دوو جێگرەکەی هەڵبژێردرێن. پاشان سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت. دوای ئەوە کوتلە براوەکانی هەڵبژاردن کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیران پێشکەش بە پەرلەمان بکەن. چونکە لەم هەڵبژاردنەدا، هیچ کوتلەیەک زۆرینەی یەکلاکەرەوەی بۆ پێکهێانی حکوومەت وەدەست نەهێناوە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا عەبادی، بەرچاوترین کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق؟ سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، گوتی: من کاندیم، بەڵام ناتوانم بڵێم بەرچاوترینم. ئامادەم بۆ وەئەستۆ گرتنی ئەو ئەرکە، چونکە لە ماوەی سەرۆک وەزیرانیی پێشوومدا بەرەنگاری دۆخی خراپتر لە ئێستا بوومەوە. وەک شەڕی داعش و هەرزانبوونی نرخی نەوت.
عەبادی گوتیشی: بێگومان وڵاتان کاریگەرییان لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق هەیە. چونکە جیهان بچووک بووەتەوە و بەرژەوەندییەکان زۆر تێکەڵ بوونە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەموومان لە پێناو بەرژەوەندیی گەلی عێراق کار بکەین.
فارس عیسا، سەرۆکی نۆینەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی پارتیش گوتی: ئێمەش هاوڕای بۆچوونەکانی حەیدەر عەبادین. دەبێت هەموو لایەک پابەندی دەستوور بن. ئێمە ڕا و بۆچوونی خۆمان بە ڕاشکاوی گەیاندە عەبادی.
گوتیشی: حکوومەتی نوێی عێراق، دەبێت حکوومەتی هەمووان بێت و جیاوازیی لە نێوان پێکهاتەکاندا نەکات. ئێمە عێراقێکی سەقامگیرمان دەوێت، عێراقێک کە ڕێز لە مافی سەرجەم عێراقییەکان بگرێت.
