مهلا بهختیار: گۆرانکاری ستونی تەنها لە سەرکردایەتی دا ناتوانێت دموکراسی بەدیبهێنێت
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مهلا بهختیار رایگهیاند، گۆڕانکاری ستوونی بە تەنھا له سهركردایهتیدا، ناتوانێ دەستەبەر بێ بۆ دیموکراسی و ناشتوانێ مافە کۆمەڵایەتی، پیشەیی، مەدەنییەکان بەدیبھێنێت و لەوانەش مەترسیدارتر ئەقڵییەتی باوکسالاری، چەوساندنەوەی ژن و جیاوازی رەگەزایەتی ھەر دەمێنێت.
ئەمڕۆ سێشهممه 10ی ئابی 2021، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان، لەگەڵ ژمارەیەک لە ھاوبیرانی فێمێنیزمی رۆشنگەری و دابڕان لە دەڤەری پشدەر کۆبوهوە و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کۆبونەوەی ئێوە و تێکۆشانتان لەدەڤەری پشدەر، بەڵگەی ئەوەیە کە نەک ھەر سلێمانی بەڵکو دەوروبەریشی لە گۆڕان و گەشەکردندایە و گۆڕانکارییەکەش کۆمەڵایەتییە.
لەدیدارێکیشدا، مهلا بهختیار، باوەڕی خۆی نیشاندا، کە گۆڕانکاری ستوونی بە تەنھا، واتە ھەر لەسەرەوەو لە سەرکردایەتیدا، ناتوانێ دەستەبەر بێ بۆ دیموکراسی و ناشتوانێ مافە کۆمەڵایەتی، پیشەیی، مەدەنییەکان بەدیبھێنێت و لەوانەش مەترسیدارتر ئەقڵییەتی باوکسالاری، چەوساندنەوەی ژن و جیاوازی رەگەزایەتی ھەر دەمێنێت.
وتیشی: "بەپێچەوانەشەوە ئەگەر گۆڕانکاری شۆڕ ببێتەوە بۆ خوارەوە، واتا گۆڕانکارییەکە لەستونییەوە ببێ بە ئاسۆیی و کۆمەڵ و ژیانی کۆمەڵایەتی بگرێتەوە، ئەوا ئەو گۆڕانکارییە وردە وردە رای گشتی، بزووتنەوەی مەدەنی و فێمێنیستی دروستدەکات و ھەموو مافەخوراوەکان بەدیدەھێنێت و ئەوکاتەش گەشەکردنەکە دەبێت بە گەشەکردنێکی بابەتی".
مەلا بەختیار، روونیکردەوە: یاساکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، بەھەردوو رەگەزەکەیەوە، یاسایەکی مێژوو کردن و بەپێی جوگرافیا و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی ترو بە پێی قۆناغ و کات دێتەدی، جا دوادەکەوێت یان پێشدەکەوێت.
راشیگەیاند: ھەر کۆمەڵێک بەپێی تایبەتمەندییەکانی خۆی، دەچێتە ناو یاساو گۆڕانکارییەکانەوەو ژیانی ئێستای کوردستانیش وەک رابردوو نییە، بەڵکو ژیانی بازاڕی ئازادە و ئەمەش وایکرد پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بگۆڕێت، لەپەیوەندی دەرەبەگایەتی و داگیرکارییەوە بۆ پەیوەندی سەرمایەداری، بازاڕی ئازادو سەرەتاکانی دیموکراسی، ئەگەرچی دەکرا لەمەی ئێستاش باشتربوایە.
جەختیشیکردەوە: "لەئێستادا ئێمە لە سەردەمی بونیادنانی بناغەکانی دەسەڵاتی کوردستان و لەسەردەمی بەڕێکردن و خەباتکردنین بۆ ئەوەی دیموکراسی و دەستکەوتەکانی بھێنینەدی".
