هەوڵێكی ساختەكاری هەڵبژاردنەكانی عێراق پوچەڵكرایەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

دادگای‌ عیراق دەستگیرکردنی‌ گروپێکی‌ راگەیاند، کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەنجامدانی‌ ساختەکاریی‌ و گزیکردن لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی‌ عیراق.

ئەمرۆ پێنجشەممە 26ی ئابی 2021، ئاژانسی‌ هەواڵی‌ عیراق راگەیەندراوێکی‌ دادگای‌ عیراقیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە گروپێک دەستگیرکراوون کە لە خۆئامادەکردندا بوون بۆ ئەنجامدانی‌ ساختەکاریی‌ و گزیکردن و گۆڕینی‌ ئەنجامەکانی‌ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی‌ عیراق کە بڕیارە لە 10ی‌ تشرینی‌ یەکەمی‌ 2021 ئەنجام بدرێت.

بەگوێرەی‌ راگەیەندراوەکەی‌ دادگا گروپەکە دەیانویست بەو کارانەیان پشێوی‌ سیاسی‌ لە وڵات دروست بکەن و هەروەها یاریی‌ و گۆڕانکاریی‌ لە ئەنجامەکانی‌ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەدا بکەن.

هاوکات بەگوێرەی‌ راگەیەندراوەکەی‌ دادگا لە هەوڵی‌ ئەوەدا بوون سوکایەتی‌ بە کەسایەتییە سیاسیی‌ و کۆمەڵایەتییە دیارەکانی‌ عیراق بکەن.

دادگا لە راگەیەندراوەکەدا بەبێ ئەوەی‌ ناوی‌ بهێنێت ئاماژە بەوە دەکات یەکێک لە سیاسەتمەدارەکان لەگەڵ گروپەکە کۆبووەتەوە و پێشنیازی‌ ئەوەی‌ بۆ کردوون بۆ ئەنجامدانی‌ کارەکانیان چەند پەیج و ئەکاونتێکی‌ ساختە دروست بکەن.

ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەندامانی‌ گروپەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار